پێنج شه‌ممه‌ 23 تشرینی دووه‌م 2017
ماڵەوە / مافی مرۆڤ / رۆژنامه‌نووسانی ئاڵمان مانگرتنی چالاکانی کوردیان بایکۆت کرد

رۆژنامه‌نووسانی ئاڵمان مانگرتنی چالاکانی کوردیان بایکۆت کرد

ئه‌مڕۆ هه‌ینی سێیه‌م ڕۆژی چالاکیی ناڕه‌ازیه‌تیی به شه‌پۆلی ئێعدامه‌کان له لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه له وڵاتی ئاڵمان کۆتایی پێهات.  ڕۆژی یه‌که‌می چالاکییه‌که به مانگرتن له خواردنی دوو چالاکی مەدەنی بە ناوەکانی مەسعود فەتحی‌و جەهانگیر عەبدوڵایی بۆ مەحکوم کردنی ئێعدامه‌کانی ئه‌م دواییه له ئێران‌و بێدەنگی رۆژنامە‌و میدیاکانی ئوروپا رێکخراو دواتریش کۆمه‌ڵێک چالاکی تری ڕۆژهه‌ڵاتی پشتیوانییان له مانگرتنه‌که کرد.
چالاکانی مانگرتوو دوێنێ دووەم رۆژی چالاکییه‌که لە بەردەم دەفتەری کۆمەڵێک لە رۆژنامەکانی ئاڵمان لە شاری فڕانکفۆرت کۆبوونه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ک باسیان کردووه پێشوازیی ڕۆژنامه‌نووسانی ئاڵمانی له‌و مانگرتنه ساردوسڕ بووه‌و ئه‌وان به شێوه‌یه‌کی پارێزگارانه له گه‌ڵیان جووڵاونه‌ته‌وه.
دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی دواڕۆژی چالاکییه‌که بووه‌و وه‌ک دوو ڕۆژ پێشتر کۆمه‌ڵێک چالاکی سیاسی‌و ڕۆژنامه‌نووسی ئاڵمانی سه‌ردانی مانگرتووانیان کردووه، به‌ڵام ئاماده نه‌بوون وتووێژ له‌گه‌ڵ مانگرتووان سازبکه‌ن‌.
مزه‌فه‌ر ئه‌حمه‌دی له  به‌شداربووانی چالاکییه‌که به زاگرۆس پۆستی ڕاگه‌یاند: ‘دوێنێ پێنجشه‌مه دوو رۆژنامه‌نووس سه‌ردانیان کردین‌و پێیان ڕاگه‌یاندین وتووێژتان له گه‌ڵ ناکه‌ین‌، چونکه ئێسته ئێران‌و گروپی 5+1 له وتووێژدان ‌‌و ئێمه ناتوانین به‌م هه‌واڵانه کاریگه‌ریی خراپ بخه‌ینه سه‌ر ڕێکه‌وتن له سه‌ر پرسی ئه‌تۆمی‌ ئێران’.
هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵێکی تر ڕۆژنامه‌نووس سه‌ردانی مانگرتووانیان کردووه‌و ڕایانگه‌یاندووه ناتوانن وتووێژیان له‌گه‌ڵ سازبکه‌ن، ته‌نانه‌ت هه‌واڵی چالاکییه‌که‌شیان بڵاو نه‌کردووه‌ته‌وه. ئه‌وه له حاڵێکدایه چالاکان پێیان وایه لانیکه‌م ده‌بوو ڕۆژنامه‌نووسه ئاڵمانییه‌کان پشتگریی مانگرتنه‌که‌یان بکردایه‌ت.
په‌راوێزخستنی چالاکی دژ به له‌سێداره‌دانه‌کان له ئێران له لایه‌ن رۆژنامه‌نووسانی ئاڵمانییه‌وه، مانگرتووای کوردی تووڕه‌و نیگه‌‌ران کردووه‌و ئه‌وان پێیان وایه رۆژنامه‌نووسان‌و چالاکانی مه‌ده‌نیی ئاڵمان به شێوه‌یه‌کی ناته‌ندروست‌و ته‌واو سیاسی سه‌یری ره‌وشی مافی مرۆڤ له ئێران ده‌که‌ن‌و پێشکه‌وتنی مه‌سه‌له‌ی ئه‌تۆمی ئه‌و وڵاته ده‌که‌نه بیانوو بۆ په‌رده‌‌پۆشکردنی تاوانه مرۆییه‌کانی کۆماری ئیسلامی‌و ئێعدامه‌کانی ئه‌م دوواییه.
وێنه: چالاکیی مانگرتن له فرانکفۆرت، ئه‌مڕۆ.

بابەتی هاوپۆل

سنە.. ناردنی ٢٠٠ کانێکس بۆ بوومەلەرزە لێدراوان

لە لایەن رێکخراوی نیزامی موھەندسی پارێزگای سنە، ژمارەیەکی بەرچاو کانێکس پێشکەشی خەڵکی بوومەلەرزە لێدراوی پارێزگای …