پێنج شه‌ممه‌ 14 ئازار 2024

ترسی کۆماری ئیسلامی ئێران لە حیزبە ڕۆژهەڵاتیەکان لە کوێوە دێت؟

ن: مەیسەم مورادی_خوێندکاری بواری خوێندنەوەی نێودەوڵەتی

کۆماری ئیسلامی ئێران، سەبارەت بە پڕۆژەی بەدەست هێنانی چەکی ناوەکی خێراییەکی زۆری گرتۆتە بەر. ئەم خێراییەی ئێران، دڵەڕاوکەیەکی بەرچاوی بۆ هەندێک لە وڵاتان درووست کردوە. وەک نموونە ئیسرائیل، کە خۆی بە دوژمنی سەرەکی کۆماری ئیسلامی پێناسە دەکات. ئیسرائیل هەمووکات ناڕەزایی خۆی دژی بەدەست هێنانی چەکی ناوەکی لە لایەن ئێرانەوە دەربڕیوە؛ و لەم ڕاستایەدا بە هێرشی سایبری، کوشتن و لەناوبردنی کەسانی شارەزای ئێرانی لە بواری ئەتۆمی و هەروەها بە یارمەتی سیخوڕ و کەسانی نزیکی خۆیان لە ناو داموودەزگاکانی کۆماری ئیسلامیدا، بەربەستیان بۆ بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ساز کردووە. دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، هەمووکات دانیان بەوەدا ناوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن ئێران دەستی بەو چەکە ڕابگات و هەردەم لەمپەر درووست دەکەن بۆ ئێران و چەند جارێکیش بەرپرسانی ئیسرائیل، باسیان لەوە کردووە کە ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران هەیە و ناهێڵن ئێران وەک کێشەیەکی ئەمنی هەڕەشە بێت بۆ سەر ئیسرائیل. لە ئەگەری ئەوەدا کە ئێران بیهەوێت لە داهاتوویەکی کورتدا دەستی بە چەکی ناوەکی یان ئەتۆمی ڕابگات، ئیسرائیل پێشی پێدەگرێت و ئەو مەجالە نادات بە ئێران بۆ دەست ڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، نەفتالی بێنێت، لە دوایین لێدوانەکانی دا سەبارەت بە ئێران و بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە، باسی لەوە کردبوو کە پلەنی هێرشی بۆ سەر ئێران، لەگەڵ کەسانی باڵای وڵاتەکەی خۆیدا تاوتوێ کردووە. دوای ئەوەی کە دانووستانە ناڕاستەوخۆکان نێوان ئێران، ئەمریکا و بە هاوکاری و مێوانداری یەکێتی ئەوروپا، سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، هیچ دەسکەوتێکی ئەوتۆیان بۆ ئەمریکا نەبوو، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، موحەممەد ئیسلامی، ڕایگەیاند کە پێویستە بە زووترین کات رێئەکتۆری ئاوی قورسی ئەراک بکەوێتەوە کار. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئێران، بەپێی ڕێکەوتنی پێشووی ئەتۆمی ناسراو بە ”برجام” بۆی نەبوو رێئەکتۆری ئەراک بە شێوەیەک دامەزرێنێ کە تێیدا ”پلۆتۆنیۆم” درووست بکرێ و کەڵکی لێ وەرگیرێ بۆ پڕۆژەکانی ئێران لەبابەت چەکی ئەتۆمی دا. هەروەها بەپێی دواترین ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئێران کامێراکانی رێئەکتۆری ئاوی قورسی ”ئەراک”ی لە کار خستووە. هەر بەو شێوەیە بەشێکی زۆری کامێراکانی پێگە ئەتۆمی شاری “کەرەج” لە ئیش کەوتوون و شایانی باسە لە پێگەی ئەتۆمی “کەرەج” دا سانتریفیوژ بەرهەم دێت و هەر بەو هۆیەوە بڕیار بوو ئەو ناوەندە بە کامێرای تایبەت لە ژێر چاوەدێری دا بێت؛ بەڵام ئێران، سەبارەت بەو گۆڕانکارییانە بەرپرسیاری وڵام دانەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی نییە.

کۆماری ئیسلامی، پرۆگرامی ئەتۆمی وەک فاکتەرێکی گرنگ بۆ مانەوە لە دەسەڵاتداو هەروا لە ئێستادا وەک کارتێکی فشار بەرامبەر وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە کار دێنێت، بۆ کەم کردنی هەموو ئەو گوشارو ئابلۆقانە وا تووشی ئێران کراوە، ئێران، بەم شێوە دەیەوێت بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت خۆی دەرباز بکات و خوێنێکی تازە بکاتە دەمارەکانیەوە، بەڵام ئەوەی دیارە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەم فێڵەی ئێران بێگانە نیین و پێناچێت ئەو خواستانەی ئێران جێبەجێ بکەن، لەبەر ئەوەیکە بۆ زلهێزەکان ڕوونە کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەرەو ئەو ئاقارەدا ناڕوات کە بەرپرسانی ئێران پێشتر بەڵێنیان لە سەری دابوو، هەر بۆیە ئیسرائیلش ئەو پرۆگرامە وەک هەڕەشەی لەناوچوونی خۆی چاو لێدەکات.
مادام پلەن و پرۆگرامەکانی ئێران، بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دەکەنە ئامانج، لە ئەگەری گەیشتنی ئێران بە هەنگاوەکانی کۆتایی ساز کردنی چەکی ئەتۆمی، بێگومان ئیسرائیل کاردانەوەی دەبێت. جا ئەو کاردانەوەیە دەتوانێت هێرشی سەربازی ڕاستەوخۆ بێت یان لێدانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.
هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وادەکات دەستی زۆر وڵاتی تر بچێتە شەڕ و بە هاوکاری هاوپەیمانان ئێران بەرامبەری دۆخێکی ئەستەم دەکاتەوە. ئەو هێرشە دەتوانێت ببێتە هەلێکی مێژوویی بۆ کورد؛ بەو مەرجەی پەرتەوازەیی و بەربڵاوی لایەنە کوردەکانی بەردەوام نەبێت و حیزب و لایەنە کوردییەکان هەنگاوی جددی بەرەو یەکگرتنەوە هەڵێننەوە و لە ئەنجامدا بەرەیەکی نیشتمانی پێک بهێنن. دوای هاتنە سەردەسەڵاتی ئیبراهیم ڕەییسی وەک سەرۆک کۆماری ئێران، باس لە یەکدەست کردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی ئێران دەکرێت. هەروەها ڕەییسی وەک کەسێکی زۆر نزیکی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران و درێژەدەری سیاسەتەکانی خامنەیی پێناسە دەکرێت. هەڵسووکەوتی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دەسەڵاتی ڕەییسیەوە هێرشبەرانە بووە بەرانبەر بە هێز و لایەنە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی و بەگشتی هێزە ڕۆژهەڵاتیەکانی سەر سنووری باشوور و رۆژهەلاتی کوردستان. ئەم هێرش و هەڕەشانە هەم بە شێوەی شەڕی نەرمی میدیایی لە لایەن بەرپرسانی باڵای سپای پاسدارانەوە، هەم بە شێوەی هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات یان بەشێوەی تێرۆر کردنی کەسایەتییە سیاسییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بووە. ترس و دڵەڕاوکەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە هێزە کوردییەکان لە ئێستادا لەوەدایە کە لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بوونی هێزە کوردییەکان شەڕ بۆ ئێران لەگەڵ هەر وڵاتێکیتردا دوو جار قورس دەکات. بەو واتایە کە ئێران بەرگەی شەڕێکی چەن لایەنە ناگرێت و ئەمەش لەوە سەرچاوە دەگرێت کە چیتر خەڵکی ئێران بە گشتی هیچ باوەڕێکیان بەو ڕژیمە نەماوە و خۆیان بۆ ئەم دەسەڵاتدارانە کە بە گەندەڵی ئابووری، ژیانی خۆیان خۆش کردووە و خەڵکیش لە هەژاری دا دەژین، بە کوشت نادەن. پێویستە لەم قۆناغەدا کورد لە ڕۆژهەڵات ناو ماڵی خۆی بە تەواوی ڕێک بخات بەو واتایە کە هێزە کوردییەکان بە زووترین کات دەست بە یەکگرتنەوەی لایەنەکانی خۆیان بکەن و ئامادەی ئەوە بن کە گەر هەلێکی مێژوویی وەک باشووری کوردستان هاتە پێش، کورد لە ڕۆژهەڵات ئەم هەلە بە سوودی خۆی بە باشترین شێوە بگوازێتەوە. ساڵی ٢٠٠٣، دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام حسێن، دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کورد لە باشووری کوردستان ڕەخسا بۆ ئەوەی کورد لەو پارچەیەی کوردستان دەستی بە ڕەواترین مافی خۆی واتە سەربەخۆیی سیاسی ڕابگات؛ بەڵام لەوکاتەدا کورد هەوڵی نەدا ئەو دەرفەتە مێژووییە بە باشترین شێوە بقۆزێتەوە. بەپێی هەل و مەرجی ئەوکاتی عێراق، کورد دەیتوانی لانیکەم لەوەی کە ئێستا پشکی کەوتووە زۆرتری دەسکەوێت. ڕاستیەکە ئەوە بوو کە دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی کورد بەشدار بوون لە نووسینەوەی دەستوری عێراقیدا و بە بەهێز بوونی بەغدا، کورد دووبارە کەوتە بەر هێرش، هەڕەشە و گوشارەکانی دەسەڵاتی سیاسی عێراق. بۆیە پێویستە کە کورد لە ڕۆژهەڵات ئەو هەڵەیە دووبارە نەکاتەوە و هیچکات باوەڕ بە داگیرکەرانی خۆی لەکاتی لاواز بوونیاندا نەکات. لە هەر دەرفەتێکی بەهێز بوونی داگیرکەراندا، ئەوان کورد بە سەرەکیترین دووژمنی خۆیان پێناسە دەکەن و هێرش دەکەنە سەری.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …