چوار شه‌ممه‌ 17 نیسان 2024

بانێک و دوو هەوای ئەمریکا یان بانێک و چەند هەوای کورد؟ / عەلی جەوانمەردی

    هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانی و خۆڕاگری هێزەکانی یە پە گە ، لە ئەمریکا دەنگ دانەوەی زۆری هەبووه. بە جۆرێک کە یەکەم یان گرینگترین هەوالی میدیاکانی ئەمریکا تەرخان کراوە بۆ کۆبانی و داستانی هیرشی داعش و بەرخۆدانی کورد… لە هەل و مەرجێک دا کە ئەمریکا شەری دژی داعش راگەیاندووە و وێنەکانی سەڕ بڕینی ٢ هاووڵاتی ئەمریکا ، بیروڕای گشتی ئەم وڵاتەی هەژاندووە ، هەر هێزێک دژی داعش شەڕ بکا ، وەک دۆستی ئەمریکا دێتە بە چاو.
نەک هەر کۆبانی بەڵکوو بە گشتی هێرشی داعش بۆ سەر کوردستانی باشور و بە تایبەتی مەسەلەی شنگال ، کوردی بە شێوەیەکی بێ وێنە کردۆتە رۆژەڤی میدیاکانی ئەمریکا. هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوە کە باسی کورد و چۆنیەتی مامەڵەی ئەمریکا لەگەل هێزە کوردیەکان ، ببێتە یەکێک لە باسە سەرەکیەکانی تینک تانک یان ژوورە فکریەکانی واشنگتۆن. واتە ئەو ناوەندانەی کە کاریگەری زۆریان لە سەر سیاسەتی دەوڵەتی ئەمریکا هەیە.
لەو نێوەدا خاڵی هەرە گرینگ کە بۆتە پرسیاری نێو سیاسەتوانانی واشنگتۆن ئەوەیە کە : ئایا هەموو کوردەکان دۆستی ئەمریکان یان هێندێک لە حیزبە کوردیەکان دۆست و جێگای باوەڕن؟ ئایا بەرژەوەندی ئەمریکا لەوە دایە کە هاوکاری و یارمەتی هەموو کوردەکان بکا یان تەنیا یاریدە دەری دۆست و هاوپەیمانەکانی بێت؟
 ڕوانگەی دەوڵەتی ئەمریکا کە بە شێوەیەکی ڕاشکاو لە وتاری ژوورە فکریەکانی واشنگتۆن و لە کردەوەی حکومەتی ئەمریکا دا دەردەکەوێ ئەوەیە که: تا ئێستا سیاسەتوانانی ئەمریکا لەسەر چۆنیەتی مامەڵە لەگەل کوردستان ، یەک دەنگ و هاوڕا نین. بەشێک وەک جان کێری وەزیری دەرەوە پێیان وایە کە کوردەکانی باشوور بە تایبەتی پارتی دیمۆکراتی کوردستان ، دۆستی ئەمریکا بە حیساب دێن. بەڵام پارتی کرێکارانی کردستان لە باکوور و پە یە دە لە رۆژئاوا لە بەرەی سوریە ، ئێران و روسیە دان و جیگای باوەڕ نین و کوردەکانی رۆژهەڵاتیش هیزێکی کاریکەری ئەوتۆیان نیە. لە بەرامبەردا کەسانێکی وەک جۆ بایدێن جێگری سەرۆک ئۆباما پێیان وایە کە ئەمریکا دەبێ هەوڵ بدا پ ک ک و پ ی د لە ئێران و سوریە دوور بخاتەوە و سیاسەتی پێک هێنانی دەوڵەتی کورد لە باشور پەیرەو بکات.
ئێستا زۆر کەس لە کوردستان ئەو پرسیارەیان لا دروست بووە کە بۆچی ئەمریکا هەڵوێستی لەسەر کوردی باشوور جیاوازە لەگەل هەلوێستی بەرامبەر بە کوردی باکوور یا رۆژئاوا؟
لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەسڵێکی بنەڕەتی هەیە ، ئەویش : بەرژەوەندی گەلی ئەمریکا گرینگترین مەسەلەیە و سیاسەتی دەرەوە لەسەر ئەو بنەمایە دادەرێژرێت.  ئەمریکا بەرژەوەندی خۆی لەوەدا نابینێ کە یارمەتی هێزێک بکا کە دۆست و هاوپەیمانی دوژمنەکەیەتی!  لە ڕوانگەی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە، ئەوە هاتنە سەرهێڵی تەلێفۆن لە لایەن مەسعود بارزانی سەرۆکی هەڕیمی کوردستان و داواکاری پەیتا پەیتای ئەو  بووە هۆی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر داعش لە کۆبانی. ( وەک چۆن ئەمریکا لەبەرامبەر هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی نوری مالکی بێدەنگ بوو ، بەڵام لەسەر داوای سەرۆکی هەرێم هێرشی ئاسمانی دەست پێ کرد.)
 تا ئێستا ئەو هێرشانەی ئەمریکا چەکی قورس و تانکەکانی داعشی لە کۆبانی پەک خستووە و به کردەوە بەرگری لە شکانی یەپەگە و لە دەست چوونی کۆبانی کردووە. بەرپرسانی پایەبەرزی یە پە گە کە لە رۆژانی رابردوودا زانیاری ئەو شوێنانەی داعش لە کۆبانی کە پێویستە بۆردومان بکڕیت ، لە ڕێگای هەولێرەوە داوە بە ئەمریکا ، ناتوانن نکۆڵی لەو راستیە بکەن. هەر چەند کچان و کوڕانی کۆبانی بەرخۆدانی کەم وێنەیان تۆمار کرد ، بەڵام هاتنی تانک و تۆپخانەی داعش یە پە گە ی لە دەیان گوندی کوردان ڕاونا و بگرە پێشرەوی لە ناو شاری کۆبانیش تا کاتی هێرشی ئاسمانی نەوەستاند.
ئەمریکا سیاسەتی دەرەوەی خۆی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی کورد یا هیچ نەتەوەیەکی دیکە دانارێژێت ! بەڵام ئێستا هەل و مەرجێک بۆ کورد هاتۆتە پێش کە بەرژەوەندی هابەشی لەگەڵ ئەمریکا هەیە. حکومەتی حیزبی داد و گەشە پێدانی تورکیە ، سیاسەتوانانی ئەمریکای بێ هیوا کردووە. لە واشنگتۆن ژمارەی ئەو کەسانەی کە پێیان وایە پێویستە بە سیاسەتی خۆیان لەگەڵ تورکیە دا بچنەوە رۆژ لەگەڵ رۆژ لە زیاد بوون دایە. تورکیە لە ٢٠٠٣ وە کەوتۆتە مەسیرێکی جیا لە بەرژەوەندی ئەمریکا. تورکیە نە تەنیا لە هیچ پلانێکی سەربازیی ئەمریکا دا بەشداریی نەکردووە بەڵکوو لەگەڵ هاوپەیمانی سەرەکی واشنگتۆن ، واتە ئیسرائیل کێشە ی ساز کردووە و بە ڕاشکاوی بە پێچەوانەی سیاسەتی ئەمریکا پشتیوانی ئیخوانیەکان لە میسر و حەماس لە فەلەستینی کردووە. لە لایەکی دیکەوە پ ک ک کە لە لیستی سەرەکی تیرۆری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دایە ، ئێستا بە شەر لە دژی داعش ، کەش و هەوایەکی باشی لە واشنگتۆن بە نیسبەتی خۆی خولقاندووە. بەڵام وێدەچێ ئەوە بەس نەبێ بۆ دەرکەوتنی پ ک ک لە لیستی ڕەشی وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا و ئیزن پێدانی چالاکی دوبارە لە ئەمریکا. بە گوێرەی قسەکانی هێنری کیسینجێر وەزیری دەرەی پێشووی ئەمریکا لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن ، لە ڕوانگەی ئەمریکاوە پ ک ک و یە پە گە پێویستە لە بەرەی ئێران ، سوریە و روسیە دەرکەوەن بۆ ئەوەی ئەمریکا ناچار بکەن بە سیاسەتی خۆی بەسەر کوردەکانی باکوور و رۆژئاوا دا بچێتەوە.
لەو هەل و مەرجە دا پرسیار ئەوەیە کە کورد چەندە پێویستی بە ئەمریکا هەیە و ئایا دەتوانێ لەو بەرژەوەندیە هاوبەشانەی لە ئارادایە بە قازانجی خۆی کەلک وەربگرێ یا نا؟! بە تایبەتی لە هەل و مەرجێکی ئەستەم دا کە زۆربەی سیاسەتوانانی ئەمریکا پێیان وایە سنوورەکانی دیاری کراو لە پەیمانی سایکس پیکۆ پێویستە سەر لە نوێ دارێژنەوە.
*رۆژنامە نووس لە واشنگتۆن/ ئەمریکا.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.