سێ شه‌ممه‌ 16 نیسان 2024

ژنان یەكگرتووانە رۆژی 25ی نوامبریان بەڕێوەبرد

رۆژی شەممە 2ی سەرماوەزی 1392 سمینارێك بە هاوبەشی حەوت رێكخراوی ژنان بە بۆنەی 25ی نوامبر رۆژی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە هۆڵی ئازادیی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

 لەم سمینارەدا كە چەندین ژنی چالاك لە بواری مافەكانی ژنان كورتە باسێكیان پێشكەشی ئامادەبووان كرد، ئاماژە بە رۆڵی پەروەردە‌و میدیا‌و راگەیاند‌و هاوكات كاریگەریی داب‌ونەریتەكان كرد كە چەندە رۆڵ دەگێڕن لەسەر پرسی یەكسانیخوازیی نێوان ژنان‌و پیاوان‌و پێچەوانەكەشی پەراوێزخستنی ئەم توێژە لە ئاستی كۆمەڵگە.

وتووێژێكی تایبەتی زاگرۆس پۆست لەگەڵ چەند ژنی چالاك‌و بەشدار لە سمیناری تایبەت بە 25ی نوامبر رۆژی رووبەڕوبونەوەی توندوتیژی بەرانبەر ژنان.

زاگرۆس پۆست: بە بڕوای ئێوە چ سیستەمێك لە ئێران‌و كوردستان دەتوانێت كۆمەڵگەیەك بەرهەم بهێنێت كە تێیدا ژنان‌و پیاوان بە شێوەی یەكسان تێیدا بەشدار بن؟

فەریبا محەمەدی: بە بڕوای من سیستەمێكی سێكۆلار كە تێیدا ئایین باڵادەست نەبێت‌و یاساكان بە پێی بنەماكانی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ داڕێژرابێت دەتوانێ یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئەو كۆمەڵگە دوور بێت لە توندوتیژیی‌و بەمشێوە مافی مرۆڤ بە گشتیی‌و مافەكانی ژنان بە تایبەتیی تێیدا پارێزراو بێت. هاوكات كە باس لە بوونی سیستەمێكی سێكۆلار دەكەین مەبەستمان هەموو بوارەكانی یاسا، پەروەردە‌ومیدیا‌و راگەیاندنە بە جۆرێكە بیرێكی مرۆڤانە‌و دوور لە ئایین، بە بێ هیچ جۆرە جیاوازیەكی رەگەزی، ئایینی‌و نەتەوەیی سیستەمێك دابمەزرێت كە لەسەر بنەما ئینسانیەكان ئەوەیكە لە جاڕنامە مافی مرۆڤ تەئكیدی لەسەركراوە خۆی پێناسە بكات.

زاگرۆس پۆست: ئایا چالاكان‌و بواری ژنان‌و بە گشتیی بزوتنەوەی ژنان توانیویانە پاشەكشە بە كلتووری توندوتیژیی نواندن بەرانبەر ژنان بكەن؟

لەیلا دیوبەند: بەڵێ تا رادەیەك توانیویانە، بەڵام وەك بڵێی ژنانی كوردستان بارودۆخێكی جیاوازیان هەیە لە بەراورد لەگەڵ ژنانی وڵاتانی دیكە. هەرچەند توندوتیژیی دیاردەیەكە بە شێوەی بەردەوام لە هەموو جیهان رووبەڕووی هەموو ژنێك دەبێتەوە. بەڵام دۆخی ژنانی كوردستان جیاوازی هەیە، بە داخەوە بە هۆی ئەو هێژمونیەی كە داگیركەران لەسەر كوردستان هەیانە‌و بە هۆی ئەو بارودۆخە سیاسیەی كە بوونی هەیە‌و پرسێكی بنەڕەتیە لەم بارەوە نەیانتوانیوە بە گشتیی چارەسەری بكەن. بەڵام ئەگەر بمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی رابردوو تا رادەیەك دیاردەی توندوتیژیی بەرانبەر ژنان كەمتر بوەتەوە. چالاكانی بواری ژنان لە باشوور‌و باكووری كوردستان توانیوانە تا رادەیەك گوشارێك بن بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژیی، بەڵام لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئەگەرچی ژنانی ئەو بەشە چالاكن، بەڵام بەو رادەی كە پێویستە‌و ئەویش بە هۆی بارودۆخی سیاسیی‌و یاسایی لەو وڵاتە، نەیانتوانیوە لەو بوارەدا زۆر هەڵسووڕ بن.

زاگرۆس پۆست: چەندە پێویستە ژنان لە كۆمەڵگای كوردستان خاوەنی گوتارێكی هاوبەش بن؟

سوهەیلا قادری: من ناڵێم ژنان گوتاری هاوبەش پێك بهێنن، چونكە ژنان بۆ خۆیان خاوەنی گوتارێكی هاوبەش هەن ئەگەر هەوڵی بۆ بدەن. چونكە چاو لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانە دەكەیت كێشەی ژن یەك كێشەیە، ئەویش كێشەی جیاوازی دانان‌و هەڵاواردنە. هەر بۆیە ئەمڕۆ كە من لەم گردبوونەوەی ژناندا بەشدارم زۆر خۆشحاڵم چونكە یەكێك لە خەونەكانی منە بەدیهاتووە. هیوادارم ژنانی كورد كارێك بكەن كە گوتارێكی هاوبەشیان هەبێت لە بابەت پرسی ژن لە كوردستان بە تایبەتیی. لە لایەكی دیكەشەوە ئەوە بڵێم چالاكیەكانی ژنان نەگەیشتوەتە ئەو ئاستەی كە بتوانن بە شێوەی سەربەخۆ كار بكەن، چونكە هەر رێكخراوەو سەر بە حیزبێكی سیاسیە، حیزبە سیاسیەكانیش بمانەوێ‌و نەمانەوێت سیاسەتیان پیاوانە داڕشتووە. ئێستا بە خۆشیەوە هەندێك ژن هاتوونەتە ئاستی سەركردایەتیی حیزبەكانەوە بەڵام هێشتا رێژەكەی كەمە‌و هێشتاكە زۆری ماوە. بۆیە بە بڕوای من ئەم توندوتیژیانە نەك كەم نەبوونەتەوە بەڵكوو لە جێی خۆیان ماونەتەوە، كە هیوادارم لە داهاتوودا رێكخراوەكانی ژنان سەربەخۆتر چالاكی بكەن، وەك ئەمڕۆ كە دەبینین ژنان بە دوور لە هەر ئایدۆلۆژیایەك بە شێوەی سەربەخۆ لێرە كۆبوونەتەوە‌و سمینارێكی هاوبەش بەڕێوە دەبەن.

زاگرۆس پۆست: لە كۆمەڵگەیەكی وەك رۆژهەڵاتی كوردستان ئەركی ژنانی چالاك بۆ وەستان دژی توندوتیژی بەرانبەر ژنان دەتوانێت بە چ شێوازێك بێت؟

فاتمە عوسمانی: من پێموایە كۆمەڵگەی ئێمە بە هۆی ئەوەیكە كۆمەڵگەیەكی داخراوە‌و بە هۆی ئەوەیكە كۆمەڵگەیەكی پیاوسالارە‌و ئەوەش حاشای لێ ناكرێ، هەموو ئەركەكە بە شێوەیەكی گشتیی هەڵدەگەڕێتەوە سەر هەڵسووكەوتی ئێمە ژنان. هەروەها ئەوانەی لە دەرەوەی كوردستان‌و ئێمە‌و ئەوانەشی كە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستانن‌و چالاكی دەكەن، پێموایە ئێمە دەبێ بە شێوەی كردەوە ئەو توندڕەویەی كە ئێستا بزوتنەوەی ژنی كورد خەریكی بواری لێوەردەگرێت كەمێك وەدوای بخەین، وە لە ئاستێكدا دەبێ بە شێوەیەكی گشتیی دەبێ هەندێك نەرمی لە خۆمان بنوێنین‌و ئەوەش بە ئاكارمانەوە دیار بێت، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو توێژە تایبەتەی كە پێمانوایە سەرچاوەی توندوتیژیی بەرانبەر ئێمەن، هاوكارمان بن بۆ ئەوەی بتوانین بەرانبەر بەو داب‌ونەریتەی لە كۆمەڵگەی ئێمە تا ئێستاش سەرچاوەی توندوتیژیە كار بكەین. هیوا ئەوەیە درێژكردنەوەی دەستی یارمەتیی لە لایەن ئێمە ژنانەوە بێت، ئێمە دەبێ داوایان لێبكەین هاوكار بن لەبەر ئەوەی پیاوان كێشەیان نیە‌و ناچاریش نین لەگەڵ ئێمە كار بكەن، ئێمە دەبێ یارمەتیدەریان بین لە بابەت لابردنی ئەو توندوتیژیانە. وە بۆ خۆشمان دەبێ لە كردەوە‌و باوەڕماندا لەگەڵ لابردنی ئەو توندوتیژیانە بین كە لە كۆمەڵگەی ئێمە لەسەر ژنان قورسایی دەكات، كە بە داخەوە زۆربەی ژنانی ئێمە لە رێكخراوەكان، چ چالاكانی بواری ژنان نەیانتوانیوە ئەو باوەڕە لە نێو خۆیاندا پێك بهێنن، بۆیە بوارەكەمان كەمتر بەرەو پێش دەڕوات.

زاگرۆس پۆست: لەمپەرەكانی بەردەم بزوتنەوەی ژنان لە رۆژهەڵاتی كوردستان چیە؟

سەرگوڵ میرزایی: بە بڕوای من گەورەترین كێشە‌و لەمپەری بەردەم چالاكی ژنان لە رۆژهەڵاتی كوردستان یاساكانی كۆماری ئیسلامیە. چونكە یاساكانی كۆماری ئیسلامیی لەسەر بنەمای ئایین داڕێژراوە‌و بۆیە ئایین لە رێگەی یاساوە رێگە بە ژنان نادات كە لە كۆمەڵگەدا یەكسان بن‌و بۆخۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن. ئەم یاسا داڕێژراوە بوارێكی گەورەی بۆ پیاوان رەخساندووە كە هەم مافێكی زیاتریان لە ژنان هەیە‌و هەم بواریان بۆ رەخساوە مافەكانی ژنان پێشێل بكەن بە بێ ئەوەی هیچ هەڵسووكەوتێكی یاسایی بەرانبەریان ئەنجام بدرێت. بچووكترین داواكاریی ژنان لە كۆمەڵگەی ئێمەدا بێ وڵامە‌و بە بڕوای من یاسا گەورەترین لەمپەری بەردەم مافەكانی ژنان‌و بزوتنەوەكەیەتی. بەو واتای هەر كاتێك ژنێك لە كۆمەڵگەی ئێمە بیەوێت كارێك ئەنجام بدات یان پرۆژەیەكی هەبێت، بە دڵنیاییەوە یاساكانی كۆماری ئیسلامیی بە جۆرێك داڕێژراوە كە رێگەی پێنادات‌و دەرگاكان بۆ ژنان داخراوە بۆ ئەوەی بە ماف‌و ئاواتەكانی بگات.

jnan2

jnan 3

jnan1

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.