بۆ ئەو نەوەیەی لهسەرەتای ساڵانی شەستی سەدەی بیستەمدا لەدایکبونو لهههفتاکاندا خوێندنەوەی کتێب بو بەیەکێک لهخولیا سەرەکییەکەیان، کۆمەڵێک ناوو ڕێبازی فیکری ههبون کە ھیچ خوێنەرێک نەیدەتوانی بازیان بەسەردا بدات. گەنجان کە لهقۆناغی ناوەندییەوە دەستیاندەکرد بەخوێندنەوە ڕاستەوخۆ دەکەوتنە ناو مارکسیزمەوە، ناو لقە جیاوازەکانی مارکسیزم، لهلینینو ماوتسیتونگو ھۆشی منەوە بیگره، بۆ مارکسییە عەرەبو فارسەکان، بەتێپەڕین بەناو مارکسیزمی ھێربەرت مارکۆزەو فرانز فانۆنو ڕۆجێ گارودیدا. سەرەڕای جیاوازی گەورەی نێوان ئەم نووسەرانە، مارکسیزم نەک تەنها قوتابخانەی باڵادەستبوو، بەڵکو ههموو شتێکی دەرەوەی مارکسیزم، وەک فیکری ههڵەو ڕوانینی ههڵە دەنرخێنراو بەشایستەی خوێندنەوە نەدەزانرا.
بەڵام کایەی فیکرو ڕۆشنبیریی ساڵانی شەستو ههفتاکان تەنها کایەی مارکسیزم نەبوو، لەدەرەوەی مارکسیزمدا دوو ڕێبازی دیکە ههبوون کە خوێنەر دەیتوانی شتگەلێکیان لێوە فێرببێت جیاواز لەوەی مارکسیزم. ئەو دوو ڕێبازەش بریتیبوون لهفرۆیدو فرۆیدیەت، کە نەوەی ئێمە لهڕێگای وەرگێڕانەکانی جۆرج تەرابیشییەوە پێیان ئاشنابووین. دووههمیشیان برتیبوو لهڕێبازی بوونگەرایی، وجودیەت، کە پاڵەوانە سەرەکییەکانی جان پۆل سارتەرو ئەلبێر کامۆو کۆڵن وڵسن بوون.
یەکەمین کتێبێکی ئەلبێر کامۆ من خوێندبێتەمەوە ڕۆمانی ”غەریب“ یان ”نامۆ“ بوو، دوای ئەویش ڕۆمانی ”تاعون“و ئینجا شانۆگەری ”کالیگۆلا“و دوای ئەویش ”ئەفسانەی سیزێف“و لهکۆتایشدا کتێبی ”مرۆڤی یاخی“ بوو. لەنێوان خوێندنەوەی ڕۆمانی غەریب. خوێندنەوەی کتێبەکانی تری کامۆدا ساڵانێکی درێژ ههبوو. سەرەتای ههشتاکان، ساڵانی گەنجی ئێمەیه، گەرمەی شۆڕشی چەکداریی کوردستانو ڕۆژەکانی دوای شۆڕشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩و سەرەتای سەرکەوتنەکانی شۆڕشی نیکاراگواو گەرمەی شۆڕشی فەلەستینو ساتەوهختی کوشتنی سەرۆکی میسری ئەنوەر ساداتو شەڕی دژ بەسۆڤیەت لهئەفگانستان ھتد… بوو. لەم ”ژینگە شۆڕشگێڕ“ەدا زەحمەتبوو نووسەرێکی وەک ئەلبێر کامۆ، تەنانەت کەسێکی وەک سارتەریش، شوێنی ڕاستەقینەی خۆیان لای گەنجانی وەک ئێمە بکەنەوە. بەڵام ئەم شوێننەکردنەوهیه زۆری نەخایاندو لەپڕێکدا ئەو ژینگە شۆڕشگێڕییە بەشێوەیەکی ڕیشەیی گۆڕاو دۆخێک دروستبوو تیایدا ئەلبێر کامۆ وەک”فریادڕەسێک“ دەرکەوت. وێرانبوونی شۆڕشی ئێرانی، ساڵە درێژەکانی جەنگی ئێرانو عێراق، گۆڕانی سیستمە سیاسییەکەی سەدام حوسەین بۆ سیستمێکی تۆتالیتاری هاروهاج، ڕاونانی فەلەستینییەکان لهبەیروتەوە بۆ تونس، کێشە گەورەکانی خەباتی چەکداری لهکوردستانداو هاتنی ئەنفال، دروستبوونی موجاھیدە ڕیشدارەکانی ئەفگانستانو درێژکراوەیان لەناوچەکەدا، ههموو ئەمانە دۆخێکیان دروستکرد تەواو دژ بەو ژینگە شۆڕشگێڕییەی ساڵەکانی پێشتر. خوێندنەوەی کامۆ لەم ژینگە نوێیەدا پەناگایەکی دەرونیو فیکریی گەورەبوو، ڕهخنەکردنی کامۆ بۆ ”شۆڕش“و بۆ ڕۆڵی توندوتیژیی لهژیانی سیاسیدا، بەڵام بەبێ لەدەستدانی ڕۆحی یاخیبوونو بەبێ باوەڕنەمان بەتوانای مرۆڤ لەسەر کارکردن لەسەر دونیا، نیشاندانی ئاسۆیەکی نوێ بوو.
کامۆ وێستگەیەکی گرنگ بوو بۆ تیمارکردنی برینە گەورەکانی ساڵانی ههشتا، ساڵانی مردنی شۆڕشەکانو بەرپابوونی جەنگە گەورەکان. کامۆ ئەم نووسەرە بوو کە نکوڵی لهنائومێدییو ڕەشبینییو ناماقوڵیی ژیان نەدەکرد، ههموویانی بەوردی نیشانئەداینو قوڵاییە ڕۆحییەکانی بەرجەستە دەکرد، بەڵام هاوکات حەزێکی گەورە بۆ ژیانو تێگەیشتنێکی قووڵی بۆ مرۆڤبوون لەناوماندا دەچاند. بۆ من لەو ساڵانەدا، ئەلبێر کامۆ یەکێک بوو لەو نووسەرانەی پێی لەسەرنائومێدییو ناماقوڵیی ژیان دادەگرت، بەبێ ئەوەی ئەم پێداگرتنە وزەی یاخیبوونمان تێدا بسڕێتەوە. ”سیزێف“ی کامۆ ئەو پاڵەوانە بوو کە زۆر لهئێمە دەچوو، لهپاڵەوانی ناو چیرۆکەکانی شێرزاد حەسەن دەچوو. ئێمەش بەردی مێژوویەکی سەختو بریندارمان تلئەدا، بەبێ ئەوەی لەبەردەکە یان لەو مێژووەی ئەو بەردەی دروستکردوە ڕزگارمانببێت. وەک سیزێف ژیانێکی تەواو بێماناو ناماقوڵ دەژیاین. بەڵام ”ناماقوڵ” یانی چی؟ ”ناماقووڵ“ چەمکی سەرەکیی ناو فیکرو ئەدەبیاتی ئەلبێر کامۆیە، ئەو چەمکەیە کە کامۆ بەھۆیەوە تێگەیشتنی بۆ مرۆڤ وبۆ ژیان نیشانئەدات. بەباوەڕی ئەم نووسەرە ژیانو بوونی مرۆڤ ھیچ مانایەکی تایبەتی نییە، ههردووکیان دوو دیاردەی تەواو ناماقوڵن. ئەو ڕێکەوتەی وا دەکات مرۆڤ لهساتێکی دیاریکراوداو لهشوێنێکی دیاریکراودا لەدایکبێتو دواتریش بمرێتو ئاسەواری نەمێنێت، مەسەلەیەکی تەواو ناماقوڵو بێمانایە. ههم لەدایکبوونی مرۆڤو هاتنی بۆ دونیا ڕووداوێکی بێماناو ناماقوڵەو ههم مردنو نەمانیشی. ئەم ناماقوڵییە، لهدیدی کامۆدا، دۆخێکی ھێجگار جەوههریی بوونی مرۆڤە، مرۆڤ ناتوانێت دەسکاری لهدایکبوونو مردنی خۆی بکات، ناتوانێت بیانگۆڕێت، ناشتوانێت لێیاندەربازببێت. بۆیە باشترین شتێک بکرێت مرۆڤ لەبەردەم ئەم ناماقوڵییە جەوههرییەدا ئەنجامیبدات، ئەوەیە فێرببێت لەگەڵیدا بژی. فێرببێت لەگەڵ ئەو ڕاستییەدا بژی کە مرۆڤ بێھۆ لەدایکدەبێت، بێھۆ گەورەدەبێتو بێھۆش دەمرێت. لەم ڕوانگەیەوە فیکری کامۆ ههوڵدانێکی ئیستاتیکیو ھونەریو فیکرییە بۆ ئاشتکردنەوەی مرۆڤ لەگەڵ ناماقوڵبوونی ژیاندا.
بەڵام قبووڵکردنی ناماقوڵبونی ژیان مانای ئەوە نییە مرۆڤ تەسلیم بەبێھیواییو نائومێدییو ڕەشبینیی ببێت، مانای ئەوه نییە وەک بوونەوەرێکی ئیفلیج بەناو ژیانو مێژوودا تێبپەڕێتو لەدۆخی بێتواناییو بێئیرادەییەوە لهخۆیو دونیاو دەوربەری ڕابمێنێت. مانای ئەوەش نییە ژیان لەژێر ڕەحمەتی قەدەرێکی دینیی یان نادینییدایەو مرۆڤ گەمەی دەستی ئەو قەدەرە کوێرانەیە. بەباوەڕی کامۆ مرۆڤ دهتوانێت لەناو ئەم ناماقوڵییە جەوههرییەدا بکەرێکی چالاک بێت، بوونەوەرێکی یاخیو ناڕازی بێت، تەنانەت پاڵەوان بێت، “پاڵەوانێکی ناماقوڵ” مرۆڤ دەتوانێت ببێت بەبوونەوەرێک، گەرچی دەزانێت ھیچ مەعقولیەتێک لهژیاندا بوونی نییە، بەڵام ژیان وەک ژیانو وەک پێدراوێکی گرنگ ببینێت. ژیان وەک ههلێک بۆ ژیان ببینێت، وەک شتێک قابیلی ئەوەیە مرۆڤ بەقووڵیو بەچڕی ههموو ساتەکانی بژیو یەک بەیەکی کەوتنو ههستانەوەکانی لەئامێزبگرێت. مرۆڤی کامۆیی بوونەوەری ”دوای ههستکردن بەناماقوڵی شتەکان“ە، ئەو کەسەیە گەرچی دەرکی تەواوی بەناماقوڵییەکانی ژیان کردوە بەڵام تا دواههناسە دەژیو دەجەنگێو دەدوێ. مرۆڤ لێرەدا بۆئەوەی ببێت بەمرۆڤ پێویستە یان ببێت بەسیزێف یان لەناو دۆخە سیزێفییەکەوە باوەش بەژیاندا بکات. ئەوەی کامۆ بەئێمەی دەڵێت ئەمەیە: لەگەڵ سیزێفەکەی ناوتا بژی، ژیانێک بەبێ ئومێدی گەورە بەڵام پڕ لهیاخیبوونو چێژ.
(ئەم نووسینە بەشێکە لهنووسێکی درێژ لەسەر ئەلبێر کامۆ)
سەرچاوە: ئاوێنە