چوار شه‌ممه‌ 17 نیسان 2024

من ” کۆبانی ” م

عەلیڕەزا قادری
 

خۆرەتاوی پڕ تین و تاوی کوردانم ،
گەر ” خوا ” ش واقی ووڕ مابێ ،
ئەمجارەیان ،
لە ڕۆژئاوای مەڵبەندی بەرخودانەوە دەردەکەوم ،
بە پانتایی وڵاتی ماد ،
تروسکەی هیوا دەنێرم ،
لە ئاسۆوە سەردەکەوم .

من کۆبانی م !
بوڕکانێک لە گڕ و تینم ،
هەتاوێکی پڕ لە ژینم ،
کیژانی بسک زێڕینی سەربزێوم خرۆشاون ،
موژدە موژدە :
هیچ ژنێکی چەوساوەی کورد لەمەوبەدوا تەنیا نیە .
کیژی شەنگاڵ چاوەڕێ بە ،
با کیژانی دیل کراوی دەستی ” خودا ” چاوەڕێ بن ،
بە پانتایی وڵاتی ماد ،
ورشەی ڕوناکیی لەڕێیە .
کیژانی بسک زێڕینی سەربزێوم ،
باوەش باوەش ،
چەپکە نێرگز و وەنەوشە ،
باڵا باڵا،
هێمای ڕزگارییان پێیە .

من کۆبانی م !
زیاتر لە هەموو پاییزێک ،
دەریای ڕەنگم .
بەرینایی هەموو هەتاو ،
ئاڵای سوور و سپیی و سەوزم .
نەک سەردەمێک ، چەند سەدەیە ،
پاییزی ژینم تووڕ داوە ،
پەفری زستانم گڕ داوە .
پاییز نیە ،
بەهارێکە و لای من جەژنە ،
لە ناو شار و هەر کۆڵانێکم گۆڤەندە ،
جەژنی نەورۆزی ” سنە ” یە ،
ماڕشێک ڕەشبەڵەک گیراوە ،
بۆسەرکەوتن زەماوەندە .

من کۆبانی م .
خەباتم سنووربەزێنە .
هەموو سنووری دەستکردی کوردستانم لە ژێر پێە .
ئەمڕۆ هەموو مناڵێکی کورد ئەمناسێت .
بۆ مناڵانی کوردستان لایە لایەم ،
ناو و ئاوازەم ئاهەنگە .
من کۆبانی م .
بانگەوازم .
کوردستان سەرانسەر دەنگە .

من کۆبانی م !
من داستانی خۆڕاگریی قەلای سەردەم ئەنووسمەوە .
خولیای هەتوانی زامێکم ،
شارەزوری شەهید کردم .
من کۆبانی ی دیاربەکر و مەهاباد و کرماشان و سلێمانی م .
موژدە موژدە :
کوڕانی تۆڵە ئەستێنم خرۆشاون .
دوا سوێندی هەر گەریلایەک ، پێشمەرگەیەک ،
یان سەرکەوتن یان نەمانە .
گەلۆ ڕابن .
ئەمڕۆ بەرخودان ژیانە .

09.09.2014

بابەتی هاوپۆل

امید و مقاومت همگانی با ضرورت تداوم انقلاب زن، زندگی، آزادی

بازداشت و سرکوب و اعدام های گسترده در طول یک سال گذشته تا کنون، همگی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.