پێنج شه‌ممه‌ 23 تشرینی دووه‌م 2017
ماڵەوە / جیهان / فه‌رانسه ڕوو له کۆماری ئیسلامی: قبوڵی ناکه‌ین

فه‌رانسه ڕوو له کۆماری ئیسلامی: قبوڵی ناکه‌ین

هاوکات له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی وتوێژی ژنێڤ له سه‌ر که‌یسی ئه‌تۆمیی ئێران، ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه خامنه‌یی بۆ جارێکی تر هێرشی کردووه‌ته سه‌ر ئیسراییل‌و ڕایگه‌یاندووه بنه‌مای ئه‌و وڵاته تێک چوو‌ه‌و مه‌حکوومه به له‌ناوچوون.

سه‌ره‌تای دانیشتنی ٥+١ که نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ده‌ستیپێکرد له که‌شوهه‌وایه‌کی ئاڵۆزتر له کۆبوونه‌وه‌ی پێشوو به‌ڕێوه‌چوو. قسه‌کانی خامنه‌یی له سه‌ر ئیسراییل‌و کاردانه‌وه‌ی فه‌رانسه وه‌ک ئه‌ندامێکی کاریگه‌ری وتووێژه‌کان هۆکاری ئه‌و گرژییه بوون. ئه‌وه یه‌که‌مجاره که هه‌ڵوێستی فه‌رانسه ئه‌چێته پاڵ هه‌ڵوێستی ئیسراییله‌وه هه‌ردوو پێداگرانه داوایان کردووه له‌م خوله‌ی وتووێژ‌ه‌کاندا سنووری چالاکییه‌ ئه‌تۆمییه‌کانی کۆماری ئیسلامی دیاری بکرێت.

له لایه‌کی تره‌وه ویڵیام هیگ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا ئه‌م دانیشتنانه‌ی به هه‌لێکی مێژوویی ناوزه‌د کردووه. پێشتریش میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ڕایانگه‌یاندووه ڕۆحانی له پێوه‌ندیی ته‌له‌فوونی له گه‌ڵ هاوتا ئوروپاییه‌کانیدا پێداگرانه پاشه‌کشێ نه‌کردنی کۆماری ئیسلامی له‌و شته ڕاگه‌یاندووه که خۆی به مافی بێ ئه‌ملاولای ئه‌تۆمیی کۆماری ئیسلامی زانیوه.

به پێی هه‌واڵده‌ری بی‌بی‌سی له به‌شی یه‌که‌می
وتووێژه‌کاندا نوێنه‌ره‌کانی هه‌ریه‌که له چین، ڕوسیه، ئامریکا، بریتانیا، ئاڵمان، فه‌رانسه‌و ئێران ئاماده‌بوون.

هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه بێنیامین نێتانیاهو سه‌رۆک کۆماری ئیسراییل گه‌یشته ڕوسیه‌و له‌گه‌ڵ ڤلادێمیر پووتین دوایین ئاڵوگۆڕه‌کانی پێوه‌ندیدار به ئێرانی تاوتوێ کرد. هه‌ڵسه‌نگاندنی نێتانیاهو له پلانی ژنێڤ، پلانێکی نزم‌و سازشکارانه‌یه له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی، شایانی باسه ناوبراو یه‌کشه‌مه‌ی ڕابردووش له ئیسراییل پێشوازیی له فرانسوا ئۆلاند سه‌رکۆماری فه‌رانسه کردو توانی ڕێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ دروست بکات سه‌باره‌ت به پرسی ئه‌تۆمیی کۆماری ئیسلامی.

له ناوخۆی ئێرانیشه‌وه هه‌واڵه‌کان باس له ناکۆکی له سه‌ر دانیشتنی ژنێڤ‌و ئاستی داخوازییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ده‌که‌ن، ئه‌گه‌رچی پێشتر محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ڕایگه‌یاندبوو ئه‌وان باس له پرۆسه‌ی دانیشتن‌و هاوکارییه‌که ده‌که‌ن نه‌ک بابه‌تی دانووستانه‌که‌و هیچ ده‌قێکیان ئاماده نه‌کردووه بۆ وتووێژه‌کان، به‌ڵام چه‌ند به‌رپرسی نزیک له ڕۆحانی هۆشیارییان داوه له سه‌ر ده‌ستێوه‌ردانی لایه‌نه توندڕه‌وه‌کان له وتووێژه‌‌کان‌و تێکدانی.

وێنه: ئینتێرنێت

بابەتی هاوپۆل

چی چاوەڕوانی ناوچەكە دەكات؟

ئێستە ناوچەكەمان لە بێواری جەنگ وەستاوە، بۆیە پێویستە خۆمان بە وردەكارییە بچووكەكان سەرقاڵ نەكەین وەك …