سەردانی ئامەد و پروسەی ئاشتی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست/محەمەد حەکیمی

مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی تورکیای کرد و کاتێ گەیشتە شاری ئامەد، لەلایەن مستەفا جاھید كراچ پارێزگاری ئامەد و هەروەها لەیلا زانا پێشوازیی لێ كرا. لەیلا زانا بە جل و بەرگی کوردییەوە بارزانی لە باوەش گرت، لە ئامێز گرتنێک کە نیشاندەدات پروسەی ئاشتی لە کوردستانی باکوور و هەروەها پارچەکەی دیکەی کوردستان زیاتر بەرەوپێش دەبات.

بارزانی لە ئامەد وتی وەک تاکێکی کورد دڵخوشم کە ئەم ڕۆژە دەبینم، هەروەها وتیشی ئەردۆغان زۆر بوێرانە ڕێگای ئاشتی هەڵبژارد و دەستی بۆ ئاشتی درێژكرد، داخوازی من ئەوەیە لە برا كوردەكانم پشتیوانیی لە  پرۆسەی ئاشتی بكەن. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە شەڕی ئاشتی شەڕێكی زەحمەتە، كەسێك بە جورئەت نەبێ ناتوانێت شەڕی ئاشتی بكات، چەند رێگای ئاشتی درێژبێت، باشترە لە ساعەتێکی شەڕ، بۆیە پێویستە هەموومان پشتگیریی لە پرۆسەی ئاشتی بكەین. هەروەها لە درێژەدا وتی 20 ساڵ لەمەو پێش زۆر زەحمەت بوو یان هەر نەدەکرا کە من بێمە ئامەد و لە خزمەت ئێوەدا بم  هەر بۆیە ئێستا باوەڕم بە ئازادیی و پروسەی ئاشتییە. لە کۆتاییدا چەند ڕستەیەکیشی بە تورکیش وت بارزانی دەیویست ئەمە نیشان بدات کە کورد نەتەوەیەکی ئاشتیخوازە و بۆ ئەوە خەباتی کردوە و دەیکات.

 بەڵام ئەم سەردانە کۆمەڵێک پرسی گرنگ وروژاند، چوونی بەرێزان بارزانی و ئەردوغان بۆ ئامەد کە بۆ کورد، شارێکی گرنگە و زیاترین پرسی سیاسی لە کوردستانی باکوور لە شاری ئامەد هاتوەتە کایەوە و هەروەها ئەم شارە خاوەن زیاترین زیندانی سیاسییە و هەمیشە دۆخی ناجێگیر بوە و رۆژانە خەڵکی ئامەد لەسەر شەقامەکان بوون و بە دژی نابەرابەری و ناعەداڵەتیەکان وەستاونەتەوە و هەرگیز شەقامەکانیان چۆڵ نەکردوە.

شتێک کە زۆر سەیرە، ئەوەیە کە ئەردوغان دوای یانزە ساڵ سەردانی شارەوانی ئامەدی کرد و ئەمە لە خۆیدا جێگەی پرسیارە کە بۆ ئەردوغان لەم کاتەدا کە لە وادەی هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە لەگەل بارزانی سەردانی شاری ئامەد و شارەوانی ئامەد دەکات؟ ئایا ئەم سەردانە تەنیا شانۆیەکە و بەس، ئایا بەراستی ئەردوغان بەو قەناعەتە گەیشتوە کە دەبێ کێشەی کورد لەڕێگەی  ئاشتییەوە چارەسەر بکات؟

چوونی بارزانی هەرای زۆری لە کوردستان و دەرەوە لێکەوتوەتەوە و زۆر لە پسپۆران لەسەر ئەو باوەڕەن کە چوونی بارزانی تەنیا بۆ دەنگۆی هەڵبژاردنی تورکیایە و هیچ دەستکەوتێکی دیکەی بۆ گەلی کورد نییە، هەندێکی دیکەش لەسەر ئەو باوەڕەن کە بە چوونی مەسعود بارزانی بۆ تورکیە و شاری ئامەد قۆناغی پروسەی ئاشتی هەنگاوێک بەرەوپێش دەچێت و ئەم چوونە دەتوانێت پروسەی ئاشتی، کە لە تورکیا وەڕێ کەوتوە بەرەو پێش ببات.

بەڵام کۆمەڵێکی دیکەش، بە تایبەتی حیزبە کوردییەکانی کوردستانی باکوور، گلەیی و گازندەی زۆریان لە بارزانی کردوە و دەڵێن کە بارزانی نەدەبوو بە دەعوەتی ئەردوغان بهاتبایەتە ئامەد، بەڵکوو دەبوو خۆیی یان بە بانگهێشتی حیزبە کوردییەکان سەردانی ئەو شارە مێژووییەی بکردایەت.

لەلاێکی دیکەشەوە ئەندامێکی یەکێتی ڕخنە لەسەردانەکەی بارزانی دەگرێت و دەڵێت ئەم سەردانە هێندە لە سەفەری بازرگانی دەچێت، هێندە بە عاقاری چارەسەری کێشەی کورد و دۆزی کورد ناچێت.

لە هەمان حاڵدا کۆمەڵێکی دیکە لە پسپۆران لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئه‌م سه‌ردانی بارزانی به‌ ده‌ستپێكیكی گرینگ له‌ په‌وه‌ندیه‌كانی نێوان توركیاو هه‌رێم له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.

بەهەرحاڵ ئەمە بیر و بۆچوونی کۆمەڵێک لە پسپۆران و شارەزایانی بواری سیاسەتی نێودەوڵەتیی و حیزبییە و هەر کام لەوانە لە جێگەی خۆیەوە و بە عەقلانیەتی خۆیەوە ئەم سەردانەیان شرۆڤە کردوە و ڕای خۆیان سەبارەت بەم پرسە دەربرێوە.

لەراستییدا چوونی بارزانی بۆ تورکیە قۆناغی دیپلوماسیەتی کوردی گواستەوە بۆ قۆناغێکی دیکە، کە دەکرێ بڵێم ئەم سەردانە کۆمەڵیک دەستکەوتی هەیە و لە هەمان حاڵیشدا کۆمەڵیک پەرچەکردار بەدوای خۆیدا دێنێت.

یەکێک لە وڵاتانەی بە دژی ئەم سەردانە بوە و پەرچەکرداریی دەبێت و هەیە، کۆماری ئیسلامی ئێرانە، جا ئەم پەرچەکردارە لە دواییدا بە روونی دەردەکەوێت و کۆماری ئیسلامی هەلوێست لە بەرانبەر ئەم کردەوەدا وەردەگرێت، چۆنکا کۆماری ئیسلامی خۆی کێشەیەکی هەیە بە ناو کێشەی کورد و نایەوێت بە شێوەی تورکیا ئەم کێشە چارەسەر بکات، بەڵکوو ئەوەی تا بە ئەمڕۆ ئێمە دەیبینین کۆماری ئیسلامی تەنیا و تەنیا بە کوشتاری سیستماتیکی گەلی کورد دەیەوێت کێشەی گەلی کورد لەو پارچە لە کوردستان چارەسەر بکات.

بەڵام لە پشتی پەردەی هەر ڕووداوێکی سیاسی بە دڵنیاییەوە شت گەلێکی زۆر حەشار دڕاوە کە دەبێ ئەو لایەنانە هەموو هاووڵاتێکی کورد پێی بزانێت، چۆنکا هەر هەنگاوێک کە لە تورکیا هەلبگیردرێت بۆ هەموو نەتەوەی کورد گرنگە و ئەگەر پروسەی ئاشتی لە تورکیا بە باشی بەرەوپێش بچێت ئەوا هەموو کوردستان قازانجی لێدەکەن، بە تایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی ترسی لێ نیشتوە و بە دڵنیاییەوە هەول دەدات کە پروسەی ئاشتی لە کوردستانی باکوور تووشی شکەست بکات و هەروەها گوشاریش دەخاتە سەر هەرێمی کوردستان و ڕەنگە زۆر شتی دیکەش وەکوو کاریی هەمیشەیی خۆیی ئەنجام بدات.

 

 

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.