چوار شه‌ممه‌ 17 نیسان 2024

ئایا شتێک ماوە لە ھەرێمدا ناوی ”مەسەلەی کورد“ بێت؟ / مەریوان وریا قانع

ساڵانێکی درێژە کوردستانی باشور بە دۆخی پارچەپارچەبوون و ھەلارھەلاربوونێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی ترسناکدا تێدەپەڕێت. بۆ چاوێک تاقەتی تەماشاکردنی ھەبێت، ئەو پڕوپاگەندە و قیڕە قیڕە ناسیۆنالیستییەی بەپێی موسم لە کوردستان دا فووی پیادەکرێت، نەتوانیویەتی و نەدەتوانێت ئەم دیمەنە پارچەپارچە و کلۆر و ڕزیوە بشارێتەوە. لە ھەرێمدا تاقە یەک دەزگا بوونی نییە کە سنووری تەماح و ویست و تەنانەت زەوقی تایبەتی ئەم یان ئەو حیزب و کەسایەتی سیاسیی تێپەڕاندبێت. نە سوپا، نە ماشێنە ئیداریی و بیرۆکراسییەکە، نە بەشێکی زۆری کۆمەڵگای مەدەنی، نە پەیوەندییەکانی ھەرێم بە دەوڵەتانی ناوچەکە و دونیای دەرەوە، نە پەیوەندییەکانی بەو جالییە کوردەییە گەورەیەوە کە لەدەرەوەی کوردستاندا ئامادەیە و نە بە کۆمەڵگای کوردی خۆشیەوە، ھیچیان لۆژیکی داخراو و تاریک و قانگدراویان بە تەماحی تایەبتی چەند خێزانێکی سیاسیی تایبەت و چەند کەسایەتییەکی سیاسیی کەم و ھەندێک ئەندامی ناو مەکتەب سیاسییەکانی، تێنەپەڕاندوە. ھەرێم بە کردەوە مقەبایەکی پارچەپارچە و دڕاوە کە سوچ و بەشە جیاوازەکانی بە زەمقێکی سیاسیی زۆر لاواز بەیەکترییەوە گرێدراوە، ھەموو ھەڕەشەیەکی داعشئاسا بەسە بۆئەوەی ئەو سوچ و کون و پارچانە ھەر یەکێکیان بەلایەکدا بای سیاسەت بیانبات و بیانخاتە باوەشی ھێزە ئیقلیمییە گەورکانەوە. ھەرێم بە کردەوە کۆمەڵێک دورگەی تایبەتی خێزانیی و بنەماڵەیی ژێر دەسەڵاتی کۆمەڵێک فیوداڵی سیاسییە، ئەم فیوداڵە سیاسییانەش بەشێکن لە تۆڕێکی سیاسیی و سەربازیی ھەرێمایەتیی ناکۆک کە تەماحێکی سیاسیی ئمپراتۆرییانە بەڕێوەیاندەبات.

ئەوەی لە سلێمانی لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی ھەڵبژاردنی پارێزگارەوە ڕووئەدات، ئەوەی پێشتر پارتی لە ھەمان بواردا لە دھۆک و ھەولێر ئەنجامیدا، دابەشکردنی پۆست و پلەکان لە بەغدا، ھەڵاتن و بەجێھێشتنی بڕێکی زۆر لە ناوچە کوردستانییەکان و بەرگرینکەردن لەو کەمایەتییە دینییانەی کە بوونە پارویەکی ئاسان لەبەردەم پەلاماری جینۆسایدیانەی داعشدا، ململانێیەکی ناشیرین و دوور لەھەموو ئەخلاقێکی سیاسیی و بیرکردنەوەیەکی ستراتیژییەوە لەسەر کەرکوک، کۆنترۆڵکردنێکی خێڵەکیی و بنەماڵەییانەی تەواوی ھەموو پەیوەندییەکانی کوردستان بە دونیای دەرەوەوە، شەڕ و ململانێی نێوان باڵە جیاوازەکانی ناو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و گۆڕانی خێرا و بەردەوامی ئەم ھێزە، لەسەر ھەمان مۆدێلی پارتی، بۆ پارتێکی بنەماڵەیی. پارچەپارچەبوونی ئۆپۆزیسیۆنی جاران و ڕێنەکەوتنیان لەسەر چەند پۆستێکی ئیداریی، عەقڵیەتی دابەشکردنی کایەی سیاسیی کوردستان بەسەر کەسی”سیاسی یەکەم“ و کەسی ”سیاسی دووھەم“ و کەسی ”سیاسی ھەزارەھەم“دا، ڕێخۆشکردنێکی ئیعلامیی و ڕەمزیی تەواو بۆ دروستکردنی دۆخی جەنگ و پێکدادانێکی ئایندەیی گەورە و خوێناوی لەنێوان پەکەکە و ھێزە سیاسیی و سەربازییەکانی کوردستانی سوریا لەلایەک، و لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشێک لە ”حکومەتی ھەرێم“دا، لەلایەکی ترەوە. ھەموو ئەمانە و زۆر شتی تریش ھێمان بۆئەوەی شتێک بەناوی ”کورد“ و ”مەسەلەی کورد“ەوە لە ھەرێمدا بوونی نییە، ئەوەی ھەیە و باڵادەستە کۆمەڵێک حیساباتی سیاسیی فیوداڵیی تایبەت و ھەندێک تەماحی شەخسیی و خێزانی و ھەندێک خەون و پرۆژەی سوڵتانییە، کە بەسەریەکەوە ھەرچییەکیان تێدابێت، نە کوردبوونیان بەمانا سیاسیی و نیشتیمانیی و دیموکراسیی و مافپەروەریەکەی تێدایە، نە پرۆژەیەکی سیاسییش سنووری ئەو تەماحە بچووکانە تێپەڕێنێت.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.