وەڵامێكی كورت بۆ كاك جەلیل ئازادیخواز / فیروز مامۆیی

لەم رۆژانەی دواییدا و لە نزیك بوونەوە لە وەرزی پاییز و دابەزینی پلەی گەرما، نووسەر و ئەدیبێكی ئاڵۆز كە خۆی بە سیاسەتمەدار پێناسە دەكات، هەستی پەڵە هەوراوی پەڵەی داوە و لای وایە بەفر باریوە و لە هەوڵی ئەوەدایە جێگا پێی خۆی لەسەر سەراوی بەفرە وەهمینەكەی بەجێ بهێڵێت و ئاگادار نیە كە ئەو بەفر و سەهۆڵە رۆژێكی ژێر پێی خاڵی دەكات و دەخلیسكێت.
كاك جەلیل بە نازناو ئازادیخواز لە تۆبەنامەیەكدا كە لەم رۆژانەی دواییدا بۆ خۆ شیرین كردن و رژانە نێو چاییەكی داخ و دەم سووتێن و وەهماویدا ئامادە دەكات، هەندێ تۆمەت و تاوانی بێ ناوەرۆكی داوەتە پاڵ كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و رێكخراوی لاوانی پێشڕەو كە بە دوورن لە هەر راستی و حەقیقەتێك.
لێرەدا زۆرتر تیشك دەخەمە سەر ئەو بەشەی كە كاك جەلیل سەبارەت بە لاوانی پێشڕەو ئاماژەی پێداوە و ئیدعای كردووە كە رێكخراوی لاوانی پێشڕەو لە یەكەم كۆنفرانسی لاوانی رۆژهەڵات كە كۆتاییەكانی وەرزی پاییزی ساڵی رابردوو بە بەشداریی چەندین رێكخراوی دیكە و لەوانە كۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵاتیش تێیدا بەشدار بوون، بەڕێوەچوو و گوایە لاوانی پێشڕەو لەو كۆنفرانسەدا بێ رێزییان بە ئاڵای كوردستان و سروودی ئەی رەقیب كردووە و ئەمەش لە لایەن هاوڕێیانی رێبەریی كۆمەڵەوە پێیان راگەیەندراوە.
وێڕای ئەوەیكە ئەم بابەتە بە تەواوەتی بە چەواشەكارانە و بە دوور لە راستی دەزانم، پێویستە چەند روون كردنەوەیەكیش لە سەر ئەو كۆنفرانسە و تۆمەتەكانی كاك جەلیل باس بكەم و هەموو بەشداربووانی كۆنفرانسەكەش بە شایەتی شەرافەتمەندی قسەكانم بانگەشە دەكەم كە ئەگەر لە شوێنێكدا قسەكانی من جێگای سەرنج و تێبینیەكە، بە گرەو دانانی ویژدانی خەباتكارانەی خۆیان باسی بكەن.
یەكەم: من لە لایەن رێكخراوی لاوانی پێشڕەو و بەرپرسی كۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵات پێكەوە پێداگرییمان لەوە دەكرد كە باشتر وایە كۆنفرانسێكی لاوانە بە سروودێكی سیاسی و نەتەوایەتی تۆخەوە دەست پێ نەكات و باشتر وایە كە گۆرانیەكی شۆڕشگێڕانە لە دەستپێكی كۆنفرانسەكە بڵاو بكرێتەوە و هۆكارەكەشی ئەوە بوو كە كۆنفرانسەكە وێڕای لەبەرچاو گرتنی هەموو لایەنە سنفی و سیاسیەكانی با رەنگ و بۆنێكی لاوانەتری هەبێت و ئەوە دەتوانێ سەرنج و رای زۆرتری لاوان بۆ خۆی راكێشێت و دەنگ و رەنگی هەر لاوێكی بەئەمەگ و تێكۆشەری رۆژهەڵات لە دەوری خۆ كۆبكاتەوە و لە هەمان كاتیشدا سروودەكە یان گۆرانیە شۆڕشگێڕانەكە دەبێ جێگای پەسەندی هەمووان بێت و كاك ئەمین بەرپرسی “ك ل ر” لە من سوورتر بوو لە سەر ئەو بابەتە و كەرامەت و ویژدانی دەكەمە قازیی ئەم ئیدعایە و لە هەمان كاتدا رێكخراوێكی دیكەش بێ لایەنی خۆی لەوبارەوە دەربڕی و هەموو ئامادەكارانی كۆنفرانسەكە شایەتحاڵی ئەوە بوون كە ئێمە وێڕای مشت و مڕ كردن لەسەر ئەم مەسەلەیە، بێ رێزییەكمان بە هیچ سەنبول و هێمایەك نەكردووە.
دووهەم: رێكخراوی لاوانی پێشڕەو بە هیچ جۆرێك دژایەتی ئاڵای كوردستانی نەكردووە و چ لە كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و چ لە رێكخراوەكانی نزیك لەو حیزبە، ئاڵای هەموو وڵاتان و لە سەرەوەی هەمووشیانەوە ئاڵای كوردستان رێزیی لێ دەگیردرێت و لە هەموو بنكە و بارگاكانماندا ئاڵای كوردستان لە تەنیشت ئاڵای كۆمەڵەوە بەرچاو دەكەوێت. بەڵام ئێمە بڕیارماندا لەو كۆنفرانسەدا تەنیا دوو ئاڵای كوردستان و ئەویش لە پشت تریبۆنەكەوە بێت و تەنانەت من خۆم وەكوو یەكەم كەسەكان كە لە هۆڵی كۆنفرانسەكەدا ئامادە بووم، بە پێشنیاری یەكێك لە بەشداربووانی كۆنفرانسەكە، ئاڵایەكی كوردستانم بە یارمەتی ئەو هاوڕێیە لە پێشەوەی تریبۆنەكە ئاڵاند و ئەوەمان بە كارێكی گونجاو زانی. پاشان ئێمە كێشەمان لەسەر ئەو بابەتە بوو كە لە سەر هەر كورسیەك ئاڵایەك دانڕا بوو و دوایش ئەو ئاڵاگەلە لە لایەن ئەندامانی كۆنفرانسەكەوە بە كەمتەرخەمیەوە لێی دەنەوێندرا و هەر بەو هۆیەوە چەند ئاڵایەك كە كورسیەكانیشیان خاڵی بوو لە سەر عەرزەكە داكەوت و لە ژێر پێی بەشدابوواندا پێشێل كرا و هەر بەو هۆیەشەوە لە سەر ماڵپەڕە ئینترنتیەكان هەرایەك سازكرا و بە بێ هیچ ئاماژە و تۆمەتێكی تابەت لە كەس و رێكخراوێك، باس لەوە كرا كە ئاڵای كوردستان لە بەر پێی ئەندامانی كۆنفرانسەكەدایە و ئێمەش بەرانبەر بەو بێ رێزییە هەڵوێستمان گرت  و وتمان ئەوەیكە ئاڵایەكی زۆرتان رژاندووەتە نێو دەست و پێی بەشداربووان و بێ رێزیی پێ دەكرێ كارێكی جوان نیە. پاشان ئێمە بە دەر لەو كۆنفرانسە و هەمیشە و ئێستاشی لەگەڵ بێت تێبینی و پێشنیارمان ئەوەیە كە رۆژهەڵاتی كوردستان باشتر وایە كە هێما و سەنبولی خۆی و ئاڵا و سروودی تایبەت بە خۆی هەبێ.
سێهەم: رێكخراوی لاوانی پێشڕەو لە بواری هزر و بیرەوە رێكخراوێكی بە تەواوەتی سەربەخۆیە و تەنانەت تاقە یەك ئەندامی رێبەریی كۆمەڵە دەستێوەردان و كاریگەریەكیان لەسەر كار و ئەرك و چالاكی و پێڕە و پرۆگرامی ئەم رێكخراوەیە نەبووە و تەنیا لە بواری مالیەوە پشتیوانی لێ دەكرێت و هەموو بڕیارێكی ئەم رێكخراوەیە لە لایەن كەس و ئەندامانی رێكخراوەكە و لە كۆنگرە و كۆبوونەوە تایبەتەكانی خۆیدا دیاریی دەكرێت و تا ئێستا رێبەریی كۆمەڵە چكۆلەترین كاریگەریی و دەستێوەردانی چالاكی رێكخراوەكەیان نەكردووە و هەر كەسێك ئەوە نەزانێت كاك جەلیل خۆی باش ئاگادارە.
لە نیهایەتدا دەبێ باس لەوە بكەین كە بەڕێز كاك جەلیل و هاو قافڵەكانی وێڕای ئەوەیكە چكۆلەترین هەستی هاوڕێیەتی و كەرامەتی مرۆیی كەسەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانیان نەپاراست و وێڕای ئەوەیكە خۆی و هاوڕێیانی تۆمەت و تاوانی زۆر شتیان لەسەر بوو و زۆر جار هەوڵیان دەدا تاكوو كۆمەڵە لە هەڵە و كردەوە هەڵەكانیان خۆشبێت و بیانبەخشێت و مەجالی دیكەیان پێ بدات، بەڵام لە لایەن هاوڕێیانی كۆمەڵەوە بە ئەوپەڕی رێز و حورمەت و پاراستنی كەرامەتەوە لەگەڵیان هەڵسوكەوت كرا و بە هەموو شێوازێك كەرامەت و كەسایەتییان پارێزراو بوو.
بەڵام بەڕێزانی ك.ش دەبێ ئەوە بزانن كە بەڕێز كاك جەلیل و هاوڕێیانی كە لە كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانەوە رێزیان لێ گیار و پلە و پایەی تایبەتیان پێ درا  و هەوڵ درا جێگە و پێگەیەكی شیاویان بۆ دەستەبەر بكرێت، بەو چەشنە وەڵامی كۆمەڵەیان دایەوە، ئیتر چۆ بەقایان بۆ ئێوە دەبێت و رێز و پێزانینیان بۆ ئێوە دەبێ؟!!!
ئەگەر ئەو قسە و باسانە كە لە كۆبوونەوەكاندا لە لایەن ئەو بەڕێزانەوە دەكرا و ئەو پارە و بودجەیە كە لە لایەن كاك جەلیلی بە نازناو ئازادیخواز و هاوڕێیەكانیەوە دەستی بەسەرداگیرا و ئەو بێ پرەنسیپی و لادانانەی كە لە لایەن بەڕێزیانەوە ئەنجامدرا و كۆمەڵە هەوڵیدا مەجالی قەرەبوو كردنەوەی پێ ببەخشێت، باس بكرێت، بێ گومان هەویرێكی وشكە و ئاوی زۆر دەخواتەوە.
كاك جەلیل كەسێكە كە خۆی ئەولاتر لە هەر كەسێكی چەپ و پێشكەوتنخواز پێناسە دەكات، بەڵام چەپ و سۆسیالیست بوونی بەلاوە نزم و نەزۆكەوە و بەقەد و باڵای مۆنتەزێری و … بە هەڵوێستی شۆڕشگێرانە دەزانێت و وێڕای ئەوەیكە بە شانازییەوە باس لە سەروەت و سامانەكەی دەكات و خۆی بە سەرمایەدارێكی مەزن پێناسە دەكات، بە چنگ و ددان پەلەقاژێی بۆ بەدەستەوە گرتنی حیزبێكی چەپ و سۆسیالیست و پارێزەری مافی خەڵكی هەژار و زەحمەتكێش دەكات و تا كۆمەڵە تووشی كێشەی ماڵی هات، دوگمەی بەرژوەندیەكانی خۆی لە یەخەی كۆمەڵە كردەوە و پەلاماری خۆ هەڵواسین بە “ك.ش”ی خستەگەڕ.
بە هەر حاڵ كۆمەڵە پارێزەری رەمز و رازی زۆر كەسە و خراپكارییەكانی هەر كەسێك كە هەڵەشی كردبێ، لا پارێزراو دەمێنێتەوە و هەمیشە و ئێستاشی لەگەڵ بێت و وێڕای ئەوەیكە بە ئەوپەڕی شانازی و سەرفەرازیشەوە خۆی بە چەپ و سۆسیالیست پێناسە دەكات، دەرخستنی نهێنی هاوڕێیانە و تۆبە كردن و تەوابسازیی هیچ جێگایەكی لە نێو كۆمەڵەدا نیە و ئەوە تەنیا لە قامووسی ئەو كەسانە دەگونجێت كە لە هەوڵی خۆ تەسلیم كردنی كۆمەڵەن و لە پرۆسەی یەكگرتنەوە بە تەسلیم كردن و خۆبەدەستەوەدان و تۆبە كردنی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان پێناسە دەكەن.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.