سەلەفیە توندڕەوەكانی شاری ڤووپرتاڵ لە وڵاتی ئاڵمان شەوانە لە سەر شەقام و كۆڵانەكاندا دەگەڕێن و زەخت دەخەنە سەر لاوان بۆ لەبەرچاو گرتنی بنەماكانی شەریعەتی ئیسلام.
سەلەفیەكان بۆ ئەم مەبەستەش جلیقە بە رەنگی نارنجی لەبەر دەكەن و خۆیان وەكوو پۆلیس بە خەڵك دەناسێنن و ئەمەش بووەتە هۆی تووڕەیی كاربەدەستانی ئەو وڵاتە.
دەوترێ لەسەر جلیقەی سەلەفیەكان نووسراوە “پۆلیسی شەریعەت”. دەوترێ وێڕای ئەوەیكە بەسەر شەقام و كۆڵانەكانی شاری ڤووپرتاڵ دا دەگەڕێن و هوشدار دەدەن خەڵك كە بنەما ئیسلامیەكان بپارێزن، دەڕۆنە نێو دووكانی شارۆمەندان و هوشدار دەدەنە سەلەفیەكان كە دەبێ ببنە سەلەفی و بنەما شەرعیەكان بپارێزن.
پۆلیسی ئەو شارە داوا لە هاوڵاتیان كردووە كە لە ئەگەری بینینی هەر بابەتێكی لەو چەشنە ئەوان ئاگادار كەنەوە و تا ئێستا ئەو سەلەفیانە كە تەمەنیان لە نێوان 19 بۆ 33 ساڵدایە دەستبەسەر نەكراون.
توماس د مزیە، وەزیری ناوخۆی ئاڵمان لەمبارەوە دژكردەوەی دەربڕیوە و رایگەیاندووە كە، شەریعەت لە خاكی ئاڵمان قبوڵ ناكرێت و هیچ كەسێك بۆی نیە لە نێوی پۆلیسی ئاڵمان بە خراپە كەڵك وەربگرێت. هایكو ماس، وەزری دادی ئاڵمانیش وتوویەتی، لە وڵاتی ئاڵمان حكومەتێك لە سەر بنەمای یاسا دەسەڵاتی هەیە و جێبەجێ كردنی یاسا تەنیا لە بەرپرسیاریەتی دەوڵەت دایە، نە گرووپێك كە خۆی بە پۆلیس پێناسە دەكات.
شایانی باسە نزیك بە 6 هەزار سەلەفی توندڕە و كەسی جیهادی لە ئاڵماندا بوونی هەیە و تەنیا لە پارێزگای نورد_راین وستفالن نزیك بە 1800 سەلەفی توندڕەو هەیە كە پێڕەوی لە ئیسلامیەكانی شاری لەندەن لە وڵاتی ئێنگلیس دەكەن كە ساڵی رابردوو لە سەر شەقامەكانی ئەو شارە مانۆڕیان دابوو.
