شه‌ممه‌ 21 ته‌مموز 2018
ماڵەوە / سیاسی / بۆ چی ئێران لە کوردستانێکی سەربەخۆ دەترسێت/ ن: ئاڵێکس ڤاتانکا بۆ ناشناڵ ئینترست؛ و: خەسرەو ئەڵماسی

بۆ چی ئێران لە کوردستانێکی سەربەخۆ دەترسێت/ ن: ئاڵێکس ڤاتانکا بۆ ناشناڵ ئینترست؛ و: خەسرەو ئەڵماسی

نیگەرانی و دڵەڕاوکێی تاران لەمەڕ هەوڵ و داوای لەوانەیی کوردی عێراق بۆ سەربەخۆیی، بەردەوام روو لە هەڵکشان دەکات. پێش هەموو شتێک، هەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی لە دراوسێیەتی ئێران، بە هۆی داڕشتنی نەریتێکی مەترسیدار بۆ ئەو وڵاتە فرە رەگەزە، دەتوانێت کەمایەتییە کوردەکەی ئەو وڵاتە خۆی هانبدات. پاشان، ئەو دوو وڵاتەی کە لەوانەیە زیاترین دەسەڵات و کارتێکەریان لە سەر کوردستانێکی سەربەخۆ هەبێت، تورکیا و ئیسرائیل واتە دوو ڕکابەرە ناوچەییەکەی دەبن. لە ڕوانگەی تارانەوە، دەبێ پێش بە تەقینەوەی پرسی کوردەکان لە ناوەوەی ئێران و سەرکەوتنی ژیۆپۆلێتیکی وڵاتانی تورکیا و ئیسرائیل لە سەر خەرجی ئێران، بگیرێت.

 خوێندنەوەی گەمەکەی بارزانی

ترسی ئێران لە ئامانجەکانی کوردەکانی عێراق، لە ترسگەلێکی قووڵتر لە ڕووخانی عێراق وەک دەوڵەت- نەتەوە سەرچاوە دەگرێت. لەم حەفتانەی دواییەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی، ئاستی گریمانە و بیری جیابوونەوەی خەڵکەکەی لە عێراق بەرز کردۆتەوە. بارزانی لە رۆژی ٣٠ مانگی حوزەیراندا ڕایگەیاند کە بەتەمایە لە “ماوەی چەند مانگی داهاتوو”دا ڕاپرسیەک بۆ سەربەخۆیی ساز بدات. لەو کاتەوە، بارزانی باسی لەوەش کردووە کە هەنگاوێکی لەو شیوەیە، تەنیا شتێکی فۆڕماڵیتەیە لە بەر ئەوەیکە لە ڕاستیدا عێراق پێش ئێستا، بۆ سێ ناوچەی شیعە، سوننە و کورد دابەش کراوە. لە هەمان کاتیشدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاستی پێشوازی و پشتگیریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ پلانەکانی هەڵسەنگاندووە.

لە تارانی پایتەختی ئێران، شوێنێک کە خوێندنەوەی شانسی کورد کەوتۆتە رۆژەڤەوە، بۆچوونەکان بە سەر دوو لایەندا دابەش بوون: لایەنی یەکەم ئەوانەن کە بارزانی وەک کەسێکی سەرقاڵ بە کارێکی مەترسیدار و کارەساتاوی دەبینن و لایەنی دووەم کەسانێکن کە وتەکانی وەک خۆی وەردەگرن. ئەوانەی بە شک و گومانەوە لە دۆخەکە دەڕوانن، کە لە کەمایەتیشدان، دەڵێن بارزانی سەرقاڵی یارییەکی سیاسییە لەگەڵ سەرۆک وەزیران نووری ئەلمالیکی، واتە پرسی سەربەخۆیی هێناوەتە ئاراوە بۆ مسۆگەر کردنی کۆمەڵێک دەسکەوتی ناوچەیی و سیاسی لە حکومەتێکی ناوەندی گەمارۆدراو لە بەغدا. بە واتایەکی تر ئەوانە پێیان وایە کە بارزانی لە بنەمادا کەسێکە کە بە دوای قۆستنەوەی دەرفەتەکاندا دەگەڕێت، نەک کەسێکی جیاییخواز بێت.

بەڵام زۆرینەی بەرپرسانی ئێرانی لەو باوەڕەدان کە بارزانی زۆر وەفادار و پابەندە بە سەربەخۆیی کورد، وە پێیان وایە بارزانی خەریکی جموجۆڵ و مانۆڕدانە بۆ ئەوەی بە مەبەستی وەگەڕخستنی ئەو داوایە، سوود لەم دۆخە شڵەژاوەی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرێت. حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری عەڕەب و ئەفریقا، تەنانەت بە پێویستی زانی بە ئاشکرایی هۆشداری بدات کە “هەموو لایەنە عێراقییەکان دەبێ ڕێز لە دەستووری عێراق بگرن … بۆ پێشگرتن بە دابەشبوونی وڵات.”  بە پێی وتەکانی عەبدوڵاهیان، کوردەکانی عێڕاق پێویستە “ڕاستیەکە ڕەچاو بکەن”. لەم بارەدا، ڕەچاوکردنی ڕاستییەکە بە واتای قبووڵکردنی  ئەوە دێت کە تاران بە هەموو توانایەوە کار دەکات بۆ پێشگرتن بە داتاشینی کوردستانێکی سەربەخۆ لە باکووری عێراق.

بۆ چی لە کوردستان دەترسێت؟

لە ناو دڵی نیگەرانییەکانی تاران، ترسێکی دەیان ساڵە خۆی حەشار داوە: ترس لە تەشەنەسەندنی بزووتنەوەی دیاریکردنی چارەنووسی کورد و بوونی کوردستانێکی سەربەخۆ و سێکۆلار بە سەرئێشەیەکی ژیۆپۆلێتیکی و ئیدئۆلۆژیکی بۆ ئێران.

لە ڕابردوودا، کوردە چەکدارەکانی ئێرانلە دەوروبەری شەڕەکانی جیهانی یەکەم و دووەم، کاتێک کە دەسەڵاتی ناوەندی لە تاران ئەوندە ڵاواز ببوو کە بە هیچ شێوەیەک نەیدەتوانی بەرگری بکات، ناوچەی سەربەخۆیان دامەزراند. هێزی چەکداری کورد لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی شادا، بەردەوام بە گەرموگوڕی مایەوە، وە دەسبەجێ دوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا، لە دژی تاران دەستیان دایە چەک. ئەمە بوو بە یاخیبوون و سەرپێچیەکی تەواو کە چەندین ساڵی خایاند بۆ ئەوەی کۆتایی پێبهێندرێت.

شەڕی چەکداری ئێستاش لە ناو هەندێک لە کوردەکانی ئێران زیندووە، کە بەرچاوترینیان پێوەندی بە پژاک (پارتی ژیانی ئازادی کوردستان)ەوە هەیە کە لقێکی پ.ک.ک ( پارتی کرێکارانی کوردستان)ە. لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، هێرشەکانی پژاک دژی دەوڵەتی ئێران لە ئاستی ناوچەیی و بچووکدا قەتیس هێشتراوەتەوە. تاران دەیەوێت بەو شێوەیە ڕایبگرێت، وە دەترسێت لەوەی کە ئەگەر کوردەکانی عێراق، سەربەخۆییان وەدەست بێنایە، چ دەرەنجامێکی لێ دەکەوتەوە.

باسکردن لەم ترسانە تەنیا لە وتەکانی بەرپرسانی سەربازی و هەواڵگری ئێرانی نابیسترێت، بەڵکوو پێدەچیت بە شێوەیەکی بەربڵاوتر لە ناو هەموو کۆمەڵگای ئێراندا هەستی پێ بکرێت. رۆژنامەی مەردوم سالاری، کە رۆژنامەیەکی سەرەکی نیزیک لە ریفۆڕمیست و چاکسازیخوازەکانە، لەم رۆژانەی دواییەدا هەستی بە پێویستی دەربڕینی ئەو هۆشدارییە کرد کە “بە لەبەر چاوگرتنی بڵاوبوونەوەی گەلی کورد لە چوار وڵاتی تورکیا، عێراق، سوریا و ئێران، سەربەخۆیی کوردستان دەرەنجامگەلێکی سیاسیی (ناوچەیی) و کۆمەڵێک هەڕەشەی ئاسایشیی، لێ دەکەوێتەوە.”  ئەو ڕاستییەی کە ئێران وڵاتێکی فرە-نەتەوەییە، ترسی تارانی لە مەڕ ئەوەی کە جیاخوازیی کورد ورە بداتە کەمەنەتەوایەتییەکانی دیکە، زێدەتر کردووە.

 

دەوڵەتێکی بەستراوەوە؟

لە لایەکی ترەوە، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە دەوڵەتی ئێران لێواولێون لەو قسە و قسەڵۆکانەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان وڵاتانی رۆژئاوا خەریکی داڕشتنی بەرنامە و نەخشەیەکن بۆ دابەشکردنی عێراق. ئەوان ئاماژە بە سەردانەکانی کۆتایی مانگی حوزەیرانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جان کێری، و وەزیری کاروباری دەرەوەی بەڕیتانیا، ویلیام هەیگ، بۆ هەولێر دەکەن وەک هێما سەرەکییەکانی پشتگیرییان بۆ پلانەکانی بارزانی بۆ سەربەخۆیی.  ئەوەی کە هەر دوو وەزیرەکە پێداگری و داوایان لە بارزانی کرد کە هەوڵی یەکەمی کارکردن بێت بۆ بنیاتنانی حکومەتێکی ناوەندی گشتگیر لە بەغدا بە بەشداری هەموو پێکهاتە سیاسییەکان، بە ئەنقەست پشتگوێ دەخڕێت.

تاران، لە نێوان ڕکابەرە نیزیکەکانی، زیاتر و بە شێوەیەکی سەرەکی نیگەرانی تورکیا و ئیسرائیلە. پێوەندییە سیاسی و ئابوورییە نیزیکەکانی بارزانی و تورکیا، چیتر شتێکی شاراوە نییە. سەرەڕای ئەوەی کە تورکیا ئێستاش بە فەرمی دژی سەربەخۆیی کوردەکانی عێراقە – وە بە گوێرەی ڕاپۆرتەهەواڵەکان، ئەم ڕاستییە لە سەردانی حەفتەی ڕابردووی بارزانی بۆ ئەنقەرە پێی وتراوە –عەقڵی دەسەڵاتدار لە تاران وای بۆ دەچێت کە سیاسەتی تورکیا سەبارەت بەم پرسە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەچێتە ژێر کاریگەری حەز و ویستی تورکیا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە و دژایەتیی تەماو ئارەزووەکانی تاران لە ناوچەکەدا. بەرپرسانی ئێرانی لەو بڕوایەدان کە تورکەکان جیا بوونەوەی کوردەکانی عێراقیان پێ باشترە لە مانەوەیان لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدڕاڵ کە حکومەتەکەی لە بەغدا لە ژێر ڕکێفی شیعەدا بێت و لە لایەن تارانەوە پشتگیری بکرێت.

ئینجا پرسێکی دیکەش دێتە گۆڕێ: ئەویش پرسی پێوەندیی مێژوویی نیزیکی ئیسرائیلە لەگەڵ کوردەکانی عێراق. جاڕدانی پشتگیری لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لە لایەن بێنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە، لە رۆژی ٣٠ی مانگی حوزەیڕاندا بەرپرسانی ئێرانی هەراسان کرد و بێگومان دەبێتە هۆی لێدوانی زۆر توند دژی بارزانی لە تارانەوە. قودس، لە چاپەمەنییە توندڕەوەکان، بارزانیی لە بەر “خەیانەت و دەرفەت قواستنەوەی” سەرزەنشت کرد و پلانەکەی بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی لە سەر سەربەخۆیی، بە بەشێک لە “گەمەی ئیسرائیڵ” بۆ دۆزینەوەی جێ پێیەک لە بەر دەرکەی ئێران ناوزەد کرد.

هەولێر هەستی بەوە کردووە کە ناچارە دژی ئەو گوفتارەی ئێران، هەڵوێستێکی دژکردەوانەی توند وەربگرێت. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کە بزوتنەوەیەکی گشتگیرەو دەوروبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تەنیوەتەوە، لە رۆژی ١٢ی تەمووز، بە ڕاشکاوی ڕوانگەو هەڵوێستی ئێرانی لە مەڕ سەربەخۆیی کوردستان دایە بەر ڕەخنە. ڕاگەیاندراوەکەی ک.ن.ک. تارانی بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵ دەدات کەلێن بخاتە یەکڕیزی ناو ماڵی کوردەوە بۆ ئەوەی تەوژمی بزوتنەوەی سەربەخۆیی ڕابگرێت. هێماکانی ستراتیژێکی لەو بابەتە بە ڕوونی لە لێدوانە گشتییەکانی ئێراندا دەبینرێت کە تێدەکۆشن ئەو وێنەیە بدەنە جەماوەر کە ڕێبەرەکانی دیکەی کورد دژی هەوڵەکانی بارزانی بۆ سەربەخۆیین.

تەنیا کەسێکی کە بەرپرسانی ئێرانی زیاترین جەختیان خستۆتە سەر، جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری [پێشووی] نەخۆشکەوتووی عێراقە کە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستانی عێراقدا ڕکابەری سیاسی بارزانی بووە. پارتەکەی تاڵەبانی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بە تەواوی خۆی لە دەرەوەی مشتومڕەکانی ئەم دواییانە لە سەر پرسی جیابوونەوە هێشتۆتەوە و لە جیاتی ئەوە خۆی سەرقاڵ کردووە بە هەڵسەنگاندنی ئەندامە باڵاکانی بۆ ئەو پۆستە بەرزەی بە پێی دەستووری عێراقی بەر کورد دەکەوێت: پۆستی سەرۆک کۆمار. بە واتایەکی تر، هەڵوێست و سیاسەتی ی.ن.ک،دەنگدانەوەی هیواکانی تارانە بۆ وەک خۆی مانەوەی دەوڵەتی عێراق.

بە گەڕانەوەی تاڵەبانی بۆ عێراق لە رۆژی ١٩ی حوزەیران دوای هەژدە مانگ جێهێشتی وڵات بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، لەوانەیە تاران ڕادەی پشتگیرییەکەی بۆ ی.ن.ک و ئەو قەوارە کوردییە عێراقیانەی تر کە دژی بانگەوازەکەی بارزانی بۆ سەربەخۆیین، زیاتر بکات. سەرەڕای ئەمانە، لە کاتێکدا کە تاران خەریکی تاوتوێکرنی بژارەکانی بەردەمی و بەرپرسیارێتییە ناوچەییەکانی ترێتی، زەحمەتە کە بتوانێت ستراتیژێکی ڕاشکاوانەی پەلاماردەرانە بگرێتە بەر. سیاسەتێکی دارێژراو بۆ هاندانی پێکنەهاتن و رێکنەکەوتنی ناوخۆیی لە نێوان کوردەکانی عێراق، لەوانەیە ئەو فیشەکە سیحڕاوییە بێت کە ئێران بە دوایدا دەگەڕیت بۆ بەلاڕێدابردنی ئەو خەوە ناخۆشەی تاران بە سەربەخۆیی کوردەوە دەیبینێت.

 

سەرچاوە: ناشناڵ ئینتەرست

http://nationalinterest.org/feature/why-iran-fears-independent-kurdistan-10950

 

 

بابەتی هاوپۆل

رهبرانی کە بذر انسان دوستی کاشتند ! / رشاد – مصطفی سلطانی

وصیت نامەی تاریخی اسکندر مقدونی* : اسکندر مقدونی پیش از مرگ و زمانیکە بە لحظات …