پێنج شه‌ممه‌ 25 نیسان 2024

«شوناسی کاتیی و داییمی»؟ یان تایبەتمەندی کولتووری لە بەرامبەر تایبەتمەندی مێژوویی بەسەرکردنەوەیەکی وتارەکانی بەختیار عەلی[1] / مەعرووف کەعبی

«لە باری شیکارییەوە تایبەتمەندی مێژوویی جیاوازە لە زات‌گەرێتی کوڵتووریی. تایبەتمەندی مێژوویی ئاماژە بەوەیە کە چلۆن بۆ هەر پێکهاتێکی کۆمەڵایەتیی، ژمارەیەک ڕووداوی هاوکاتی مێژوویی، هەرکامەیان بە شێوازەکانی پڕۆسە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکانی خۆیانەوە، ئەنجامەکەیان ئەبێتە تەرکیبێکی جیاواز. تایبەتمەندی کوڵتووری ئاماژەیە بە توخمە چالاکە کوڵتوورییەکان کە هەمیشەیین و بەمیرات گەیشتوون و لایەنگری ئەم یان ئەو [شێوازی] گەشەی کۆمەڵایەتی-سیاسیی ئەکەن». (سامی زوبەیدە: ئیسلام، خەڵک و دەسەڵات)

باس لە سەر شوناس و دیاریکردنی پێناسە بۆ گرووهی خۆیی کە پێشینەیەکی دوور و درێژی هەیە، باسێکی یەکجار گرینگ و پێویستە. ڕەخنە لە هەوڵەکان بۆ دیاریکردنی شوناسی گرووهی و دیاریکردنی سنوور بۆ جیاوازیی لە نێوان خەڵکەکان و کۆمەڵگاکان، هەوڵێکی جێگای پێزانینە. بەختیار عەلی بەدرووستی شوناس مانا دەکات: «مەبەستم لە شوناس ئاماژەیە بۆ جۆرە وێناکردنێک بۆ خود، نیگارێکی خەیاڵی کە گروپێکی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە خۆی هەیەتی». لەبەر ئەمە لام وایە نووسەرانی وەها باسگەلێک پێشوازی لە ڕەخنە و کردنەوەی باس لە سەر ئەم بابەتانە دەکەن. سەرەڕای هەوڵێکی وەها، خاڵە لاوازەکانی وتارەکانی بەختیار عەلی لە چەند جێگادا بەهێزترە و دانستە یان نەدانستە جەخت کردنە لە سەر جیاوازییەکی سیستەماتیک لە نێوان دوو دونیای «خۆرهەڵات» و «خۆراوا». ئەگەرچی نووسەر بە ئاشکرا ئاماژە بەو جیاوازییە ناکات، بەڵام جەختکردنی پەیتا پەیتا لە سەر چەمکی خۆرهەڵات لە پەناوە سەلماندنی ئەو جیاوازییەیە کە بنەمای مەکتەبی ڕۆژهەڵاتناسیی (ئۆریێنتالیزم) پێک ده‌هێنێت. خۆرهەڵات دەبێ لە بەرامبەر شتێکی دیکەدا بەراوەرد بکرێت دەنا باسێکی ناتەواو دەردەچێت. خۆرهەڵات «ئەوی دیکەی» خۆراوایە. باسەکەی ئەو جەختکردنه لە سەر زات‌گەرێتی کوڵتووریی و جەوهەرێکی گوایە نەگۆڕدراوی خەڵکانێکی دیاریکراو وەک کورد یان ئیسلامیی کە بوونەتە خاوەن شوناسی نەگۆڕدراو و وەک گشتێکی یەکجۆر (و نەک هەمەڕەنگ) دەبێ بناسرێن:

«کاتێک قسە لەسەر شوناسی کوردی یان ئیسلامی دەکەین، واتە قسە لە شوناسێک دەکەین بۆ ئەبەد، باس لە جەوهەرێک دەکەین بۆ داهاتوو، بوونێکی دیاریکراو بۆ هەزاران ساڵی دی کە دێت لێرەوە بە پێچەوانەی بوونی هایدگەرییەوە، کە هەمیشە بوونێکە بۆ مردن، هەموو شوناسێک لە ڕاستیدا «شوناسە بۆ ئەبەدییەت»، بۆ مانەوە، واتە ڕاپەڕینە بە ڕووی مەرگدا، سیستمێکی تەکنکییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەوتان و لەناوچوون. شوناس بەم مانەیە، ئاماژەیە بۆ جەوهەرێکی نەگۆڕ، بۆ ناوکەیەکی ئەبەدی، بۆ شتێک کە هەمیشە دەمێنێتەوە و گۆڕان دەستی پێی ناگات. جەوهەری مانەوەی دینێک یان نەتەوەیەک یان هەر شوناسێکی دی بریتییە لەوەی کە بەجۆرێکی فەنتازی، وەک وێنەیەکی نەگۆڕ و دەست لێ نەدراو لە ڕەوتی مێژوودا بمێنێتەوە. لێرەوە گەر قووڵ بڕوانین «گووتاری مانەوە ــ گووتاری شوناسی ئەبەدی و هەمیشەیی» جەوهەرێکی میتافیزکی هەیە، لەسەر ئەو وێنە زیهنییە داڕێژراوە کە پێشوەخت شوناسێکی ئیدیال و ئەبەدیی هەیە کە  مێژوو نایگۆڕێت.»

باسەکانی سەر شوناس لە وتارەکانی ناوبراودا ئەگەرچی لەوانەیە نوێ و لە باری ڕەخنەوە قووڵ بێنە پێش چاو، بەڵام کۆن کەوتوون و بەداخەوە هەمان تێگەیشتنی زاڵی کۆمەڵگاکانی ئێمە لە جیهانی ئەمڕۆدا سەبارەت بە جیاوازیی سیستەماتیک و جەوهەریی لە نێوان خەڵک و کۆمەڵگا جۆربەجۆرەکان هێما ئەکات. هێژمۆنی واتە سەروەریی وەها تێگەیشتنێک لە سەروەری ئابووریی، سیاسیی، کولتووریی و چەکداریی ئورووپا و ئامریکا (واتە «خۆراوا») سەرچاوە دەگرێت و داییمە زیندوو دەبێتەوە. ئەگینا ئەو تێگەیشتنە لەبەرامبەر ڕەخنە ئاکادیمییەکان و دەسکەوتە نەزەرییەکان کە کەسانی وەک ئێدوارد سەعید، چۆمسکی و کەسانی دیکە وەک پێشەنگی دەناسرێن، بن کۆڵ و ڕەقیبێکی بەهێزی بۆ پەیدا بوە. هەروەها لە ئێستادا دەتوانین ئەمانەش بەو هەوڵە ئەکەدمییە زیاد بکەین: گەلێک ئاکادیمیسییەنی بوارە جۆربەجۆرەکان لەوانە سیاسەتی بەراوەردکاریی، مێژوو و ئابووری سیاسیی لە ناوەندە خوێندنەکانی ئامریکا و ئورووپا و قاڕەکانی دیکە، و ناوەندەکانی سەربەخۆی ئاکادیمیکیی(نەک تینک‌تانکەکان) بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. جێگای پرسیارە ئەم دەسکەوتە نەزەرییانە بۆچی لە وتارەکانی ناوبراودا ون دەکرێن؟

کاکڵەی باسەکەی بەختیار عەلی ئاماژە بەوەیە کە شوناسێکی ئەبەدیی جەوهەری شوناسی ئێمەیە وەک خۆرهەڵات و شوناسە کاتییەکان واتە بەکارهێنانی ماشێنەکان و پێشکەوتوویی و مۆدێرنیتە تەنها شوناسێکی کاتین. شوناسی ئێمە (واتە ئێمە وەک ناخۆراوایی) دابەش بوە بە شوناسێکی ڕووکەش کە بۆ خۆسازدان لەگەڵ مۆدێرنیتە بەکار دەهێندرێت و شوناسێکی ئەبەدیی کە نەگۆڕدراوە و لە مۆدێرنیتە ئەسڵەمێتەوە و ڕا ئەکات:

«پێش هاتنی مۆدێرنە بۆ خۆرهەڵات، قسەکردن لەسەر ڕوکەش و جەوهەر کارێکی واقعی و بنەمادار نییە، بەڵام لە ئێستادا دونیای ئێمە دابەشبۆتە سەر دوو هەرێم، لەناو هەموو شوناسەکاندا هەرێمێکمان هەیە کە بە هەموو جۆرێک دەبێت لە گۆڕان بپارێزێت، جەوهەرێک هەیە دەبێت مۆدێرنە دەستی بۆ نەبات، دەبێت گۆڕان نەیگاتێ، ئەوە جەوهەری شوناسەکانە، کە لە سەرییەوە دەمامکێکی ڕوکەش و گۆڕاو دەکاتە سەر و نمایشی خۆگونجان و کرانەوە دەکات. »

بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە شاری دوبەی بۆ نووسەری وتارەکان دەبێتە نموونەیەک بۆ شوناسی داییمیی و کاتیی:

«لێرەدا مۆدێرنە کورتدەبێتەوە بۆ کەرەستەیەک کە دەستکاری شاردەکات، بەڵام دەستکاری شارنشین ناکات، دەستکاری شێوەی ژیان دەکات، بێئەوەی دەستکاری فەلسەفە و ماناکانی بکات. شێوازی ژیان دەگۆڕێت، بەڵام ڕوانین هەر بەوجۆرە دروستدەکاتەوە کە هەبووە. واتە چاو شتێکی نوێ دەبینێت و لەش فەزای تازە تاقیدەکاتەوە، بەڵام عەقڵ بە هەمان نەزمی دێرین و بە هەمان نیگای پێشوو شتەکان تەفسیردەکات.»

گرفتی ئەم باسە لێرەدا چییە؟ دووبەی چ شتێک ڕچاو دەکات کە ڕووکەشێکی مۆدێرنی بەسەر عەقڵییەتی کۆنی خۆی کێشاوە؟ مەگەر زیاترە لە ڕچاو کردنی تیۆرییەکانی نوێسازی ڕۆژاوایی؟ مەگەر تێکنۆلۆژی ڕێک نەبوەتە کەرەسەی گەیاندنی «ئێمە»ی خۆرهەڵاتیی بە «ئەوان»ی خۆراوایی؟ بۆچی سەیارەی مۆنیکا ئەبێتە ئارەزووی لاوێکی هەولێر و سلێمانی؟ لێرەدایە کە مۆدێلەکانی «خۆراوایی» ئەبێتە سەرچاوەیەک بۆ ئەو ڕووکەشە و بۆ نەگۆڕانی فیکر و کۆمەڵگا لە بناغەوە. لە درێژەدا ئاماژە دەکەم بە بەرنامە نوێسازییەکانی حەمەڕەزا شا و کوڕەکەی لە ئێران، جەماڵ عەبدولناسر لە میسر و ڕژیمەکانی عێراق و هتد کە نەک تەنها نابنە هاندەری بەسکولارکردنی کۆمەڵگا، کەچی دەبنە سەرچاوەکانی هەڵگرسانی ئیسلامی سیاسیی و حکوومەتی ئیسلامیی! حکوومەتی ساوای هەرێم دەتوانێت چ دەرسێک لەم ئەزموونانە وەربگرێت و کام مۆدێل ڕچاو بکات؟

 

چەمکی خۆرهەڵات

هەروەک ئاماژەی پێ کرا کاکڵەی باسی «شوناسی داییمی و کاتی» قایل بوونی جیاوازییەکی سیستەماتیک لە نێوان دوو دونیای تاشراوی مەکتەبی ڕۆژهەڵاتناسییە (خۆرهەڵات و خۆراوا). بە هاتنی سەردەمی نوێ بۆ وڵاتانی «خۆرهەڵاتی ناوەڕاست» کە هاوکاتە لە گەڵ هاتن و گەشەپێدانی نفووزی وڵاتە زلهێزەکانی ئورووپا بۆ ناوچەکە بەدوای ١٨٠٠، گەلێک چەمک و بۆچوونی نوێش ڕووی لەم ناوچانە کرد. لەهەمان کاتدا گەشەی ئەم نفووزە کاردانەوەی بوو و هاوکات هێزە کۆمەڵایەتییەکان بۆ دابین‌کردنی خواستەکانیان گەشەیان سەند. لە نوێنەرانی ئەو بۆچوونانە دەتوانین بە کەسانی وەک ئەفغانی، عەبدە، ڕەشید ڕیدا و دواجار حەسەن‌البەنا ئاماژە بکەین کە هاوکات لە گەڵ کەسانی دیکە وەک تاگۆڕ لە هیند و یانگ لە چین داهاتێکی ئاسیاییان هێما ئەکرد.

بەڵام لە هەمان کاتدا هێزگەلێکی دیکەی کۆمەڵایەتی وەک ناسیۆنالیست و «سکولار» وردە وردە شکڵ و قەوارە دەگرن و دێنە مەیدانی سیاسیی وڵاتانی ئەم ناوچەیە. دەوڵەت-میللەتی نوێ هەر وەک سامی زوبەیدە(٢٠٠٩)، توێژەری بواری مێژوو، ئاماژەی پێ دەکات مەیدانێکی سیاسی نوێ پێک دەهێنێت. گرفتە کۆمەڵایەتییەکان هەمەجۆرن بۆیە بۆچوونی هەمەجۆر خۆی دەنوێنێت و زۆرجاریش حیزبێک دەبێتە خاوەن چەندین درووشمی وەک سەربەخۆیی نەتەوەیی و سوسیالیزم لە هەمان کاتدا. ئەمە بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی بەختیار عەلی لە «زەڵاتەی ئایدیۆلۆژی» کورت ناکرێتەوە. بیرۆکە نوێکان وەک خەڵک (نەک ئومەت)، حیزب و کۆمار و هتد لە بۆچوونەکانی کەسێکی وەک خومەینی ئاماژەیە بە بەستێنێکی نوێی هاوچەرخ (زوبەیدە ٢٠٠٩). دەوڵەت-میللەتانی نوێ دەسیان دایە نوێسازیی و «مۆدێڕن» کردنی کۆمەڵگاکەیان. ئاکامەکانی نوێسازییەکان و سیاسەتەکانی دەوڵەتانی سەردەمی هاوچەرخ لە گەلێک ڕووداوی گەورەدا خۆیان نواند. بڕواننە ئێران و میسر. یەکەمیان بۆ هاتنی کۆمارێکی ئیسلامیی و دووهەمیان بۆ گەشەسەندن و بەهێزبوونی ئەخوانەکان. ئەم دەوڵەتانە نوێسازییەکی سەرکوتگەرانە و سکولاریزمێکی لەسەرەوەیان ڕچاو کرد. ئێمە بە هێچ جۆرێک ناتوانین ئەم پڕوسە مێژووییانە لە بەرچاو ون بکەین و تەنها قەناعەت بە چەند چەمکێک وەک «مۆدێڕنیتە» بهێنین و کۆمەڵگاکان لە ڕووی عەقڵییەتەوە هەڵسەنگێنین و جیاوازییەکی سیستەماتیک لە نێوانیان پێک بهێنین. هاتنی سەردەمی هاوچەرخ (مۆدێڕن) لەگەڵ خۆی چەمکگەلێکی نوێی پەرە پێداوە: سکولاریزم، دیمۆکراسیی، لیبراڵیسم و هتد. بەڵام خاڵی لاوازی تێگەیشتنی زاڵ بەسەر کۆمەڵگاکاندا بە گشتیی و بەسەر وتارەکانی بەختیار عەلی بەتایبەت ئەوەیە کە هەموو ئەو جۆرە چەمکانە بە فەرز دەگیرێن و بە ڕاست و ڕەوا دەقەمڵێن. ئێمە لە کامە «مۆدێرنیتە» قسە ئەکەین؟ مەبەستمان لە «سکولاریزم» چییە؟ بۆیە هەموو ئەم چەمکانە و لە سەروویاندا «خۆرهەڵات» باس لە بۆچوونێک دەکەن و لە خۆیاندا نە ڕاستییەک هێما ئەکەن و نەک ئێمە دەبێ وەک ڕاستیی بیانسەلمێنین (کەعبی ٢٠١٤).

سنوورەکانی «خۆرهەڵات» لە کوێوە دەست پێدەکەن و لە کوێ تەواو ئەبن؟ ئایا کۆمەڵگاکانی ئامریکای لاتین «خۆرهەڵات»ن یان «خۆراوا»یین؟ لە بۆچوونی ڕۆژهەڵاتناسانەدا بەدڵنیاییەوە لە خۆرهەڵات هەڵکەوتوون. کەوابوو «خۆرهەڵات» ئاماژه بە جۆگرافیا نییە. ئاماژەیە بە سەروەریی «خۆراوا» و جیاوازییەکی بنەڕەتیی لە گەڵ بەشەکانی دیکەی دونیا. بەمجۆره گلەیی نووسەر لە ژمارەیەک ڕووناکبیر کە خۆرهەڵات وەک ئەفسانە ناو دەبن، لە جێی خۆیدا نییە.

 

فاشیزم وەک داهاتێکی «خۆراوایی»

فاشیزم چەمکێکە بەختیار عەلی داییمە بەکاری دەهێنێت. بەڵام بێ ئەوەی سەرچاوەی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە دەست نیشان بکات. لە وتارێکی پێشتریدا سەبارەت بە داهاتی داعەش کە بە بڕوای ئەو

« ئەو ماشێنە فاشیستییەیە کە خۆرهەڵات لە سەد ساڵی رابوردوودا وەک مۆتەکەیەکی ترسناک جارێک بانگهێشتیدەکات و جارێک لە خۆی دووردەخاتەوە، ناوەکەی دەگۆڕێت، دەیچەپێنێت، مەکیاجی دەکات، پەڕۆپاتاڵی مارکسی و ناسیونالیستی و دینی و لیبراڵی لێ دەئاڵێنێت، بەڵام بەردەوام وەک خەوێکی تاریک دەگەڕێتەوە، هەر جارەی بەرگێکی لەبەردایە و هەر جارەی نوێنەرایەتیی شوناسێک و ئایدیایەک دەکات (جەخت لە منەوە)»[2] چەمکی فاشیزم داییمە دووپات دەبێتەوە. فاشیزم یانی سەرکوتی هەرچەشنە ئازادییەک و داسەپاندنی دەسەڵاتێکی تۆتالیتەر. فاشیزم بزووتنەوەیەک بوو لە ئیتالیا سەری هەڵدا و دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت. نازیزم لە ئاڵمان شێوەیەکی دیکەی فاشیزم بە تایبەتمەندییەکانی خۆیەوە بوو. لێرەدا ئاماژە بە دوو خاڵ پێویستە. یەکەم، ئەوەیکە بەهەڵە ئیدیعا دەکرێت کە لە «خۆرهەڵات» ئەوەی هەبوە داییمە فاشیزم بوە لە ڕواڵەتی جۆربەجۆردا، بە جێگای خۆی. بەڵام لێرەدا گرفت ئەوەیە ئێمە ئاگادار ناکرێین کە فاشیزم (و هەروەها نازیزم) داهاتی چ دونیایەکە و لە چ بەستێنێکی مێژووییدا هەڵقوڵییەوە. مەگەر داهاتی «خۆراوا» نەبوون؟ لە بۆچوونی عەلی‌دا بە ئەفسانە ناساندنی چەمکی «خۆرهەڵات» هەڵەیە، بەڵام کە فاشیزم وەک داهاتی ڕۆژاو و مۆدێرنیتە (کە مۆدێڕنیزم وەک بزووتنەوەی ئەدەبیی سەدەی بیستەم لێی بەدەنگ هات) بناسرێت، ڕەنگە ئەمجارە «خۆراوا» بێت کە بە ئەفسانە دەربچێت!

سەرەڕای ئاماژە بە مانەوەی پەیوەندی ئاغا و کۆیلە [ئاماژە بە دیالێکتیکی هێگل]، لە باسی خۆرهەڵاتدا دیالێکتیکێکی یەک لایەنە پێشکەش ئەکرێت. لە دیالێکتیکی ئەودا تەنها یەک لایەن واتە «خۆرهەڵات» بوونی هەیە و لایەنەکەی دیکە دیار نییە! لە لای هێگل دیالێکتیک (واتە دوو توخمی دژبەیەک) و خۆ-وشیاریی دەبێ خاوەن دوو لایەن بن، ئەگینا چۆن دەگاتە سێنتێزی خۆی؟

دووهەم خاڵ گەڕان بەدوای ئەم پرسیارەیە کە بۆچی لە وڵاتی ئاڵمان کە پێشكەوتووترین وڵاتی سەنعەتی ئورووپا بوو، نازیزم سەرهەڵدەدات؟ لە وڵاتێک کە لەدوای ١٩٠٠ وە زیاتر لە سی پسپۆڕی ئاڵمانی خەڵاتی نۆبێلیان لە زانستدا پێ بەخشرا بوو؟ بۆچی لە ئیتالیا فاشیزم گەشە دەکات؟ گرفتەکانی کۆمەڵگاکانی ئورووپا («خۆراوا») لەو سەردەمەدا چی بوون؟ ئایا لێرەدا دەبێ بۆ عەقڵییەتێکی خۆراوایی و ئاڵمانیی بگەڕێین و سەدان ساڵ مەسێحییەت و سرشت و جەوهەری «داییمی» و نەک «کاتیی» ئاڵمانییەکان بخەینە ڕوو؟ شوناسی نەتەوایەتیی ئاڵمانیی چۆن دیاری دەکرێت؟ ئایا بەگوێرەی بۆچوونی پارێزکاریی (کۆنزێرڤاتیسمی) بریتانیایی ئەو شوناسە داییمە نەگۆڕدڕاو و بێ موناقشە ماوەتەوە؟ یان بە درێژایی مێژوو چەندین شوناسی دیکەش (وەک کولتووریی لە لایەن بێتهۆوێن، بڕێشت، بزووتنەوەی کرێکاریی و هونەریی، مەکتەبی فڕانکفۆرت، و لەم چەشنە کە دەیانویست شوناسێکی دیکە کە سەرکوتگەر و ڕەگەزپەرەست نییە جێ بخەن) داییمە بۆ دیاریکردنی شوناسی ئاڵمانی لە موناقشەدا بوون؟ لە کۆتایی ١٨٠٠دا سێ بیرۆکە و شێوازی کۆنفیدراڵ (شازادەکان)، سیستەمێکی فێدراڵ (لیبڕالەکان)، و کۆمارێکی دێمۆکراتیک (ڕادیکاڵەکان) کەوتنە ململانێ. ئەنجامی گۆڕانکارییەکانی دواتر و شەڕی یەکەم کە زۆر شتی تێکدا، بوە سەرکەوتنی ڕەگەزپەرەستیی و ڕایشی ئاڵمان. شێوازی جۆربەجۆری ئاڵای ئاڵمان نموونەیەکی دیکەیە بۆ هەبوونی شوناسەکان لە ململانێدا.

توێژەری جیددی و ڕەخنەگەر بەدوای پڕوسە و هۆ مێژووییەکان دەگەڕێت و جوابەکان لەناو ئەوانەدا و نەک لە جەوهەرێکی داییمی دەدۆزێتەوه. وتارەکانی جێگای باسی ئێمە‌ بەجۆرێکی سەرسووڕهێنەر لەم ورە بەتاڵە.

لێرەدا دەگەینە خاڵێکی لاواز و گرینگی دیکە سەبارەت بە ئایدیۆلۆژییەکان لە وتارەکانی ناوبراودا. جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە بزووتنەوەکان و هێزە سیاسییەکان تەنها ڕووکەشیان بۆ شاردنەوەی شوناسی داییمی بەکار نەهێناوە. هەر کامەیان وەکوو «مارکسی، دینی، لیبڕاڵ، ناسیۆنالیست» بەگشتی ڕەنگدانەوەی گۆڕانکاریی ڕاستەقینە و نەک هاکەزاییەکانی کۆمەڵگا و هەموو دونیای ئێمە وەک مرۆڤ بوە. ڕووداوگەلێک وەک شەڕە جیهانییەکان، شەڕی سارد، ڕاپەڕینەکان، شۆڕشەکان، داگیرکارییەکان، بەرنامە سیاسیی و ئابوورییەکان، دەسکەوتە فیکریی و نەزەرییەکان و هتد شکڵ و قەوارەی بە دونیای هاوچەرخی ئێمە (وەک ڕەگەزی ئینسان) بەخشیوە. بۆ ناساندنی کۆمەڵگای کوردستانیش ئیمە دەبێ بڕوانینە پڕوسە سیاسیی، ئابووریی، کۆمەڵایەتییەکان؛ ئەو شتانەی لە پێش ئێستادا هاتوون و ئەو شتانەی ئێستا لە ئارا دان. لەم پڕوسەدا دەبێ هەروەها هەوڵی گەلێک هێزی سیاسیی و ئینسانی تێگەیشتوو وەک بەختیار عەلی بسەلمێنین بۆ وریا کردنەوە و بردنەسەرەوەی تێگەیشتنی کۆمەڵگاکەمان. ئەگینا کۆمەگایەک کە تەنها ڕووکەشی کاتیی بۆ ڕاگرتن و مانەوەی شوناسی ئەبەدیی بەکار دەهێنێت، چۆن دەتوانێت کەسانی بەوجۆرە ڕەخنەگر پەروەردە بکات؟ ئێمە چۆن دەتوانین تێبگەین لە هێسۆید و هۆمەر، هێرۆدۆتووس و تاسیدایدس، بن قوڕرە، بوعەلی سینا، ئیبنەخەلدوون، حافز و سەعدی، پسپۆڕانی سەردەمی ڕاپەڕینی زانستیی و ڕۆشەنگەریی، مارکس، نیچە، پڕۆست و کاڤکا، لووکاچ، گرامشی، بیرمەندانی تیۆری ڕەخنەگرانە، سارتر، فانۆن، فوکۆ، تۆنی مۆڕیسۆن و سپیواک و ڕوشدیی، شاملوو و بێ‌کەس، نەقیب مەحفووز، سەعید و هتد. ئەمانە بۆچی هەن؟ بۆچی بەختیار عەلی ڕۆماننووس هەیە؟

 

سرووشتی شوناسی کاتیی لە سیاسەتدا

«سروشتی ئەم شوناسە کاتییە، لە ئاستی سیاسەتدا پتر دەردەکەوێت. شوناسی کاتی لێرەدا زوو زوو دەتوانێت ماسکەکانی سەری خۆی بگۆرێت، لە مارکسیزمەوە بۆ ئیسلامیزم، لە ناسیونالیزمەوە بۆ لیبرالیزم، بێئەوەی هیچ یەکێک لەوانە قووڵ بتوانێت لابەلابوونەوەی رادیکال لە خۆپێناسەکردنی شوناسدا بهێنێتەدی. ئایدۆلۆژیای سیاسی هەرچییەک و هەر چۆنێک بێت، سوبێکتەکان بێ گوێدانە ئەو ناوەڕۆکە ئایدۆلۆژییە، هەمیشە خۆیان بە نۆرم و ئەخلاق و سروشتێکی نەگۆر پێناسەدەکەن. هەر بەو هۆیەشەوە، عەقڵییەتی مەلایەک و فیمینیستێک، عەقڵییەتی پان ناسیونالیستێک و مەزهەبگەرایەک، مارکسیستێک و لیبرالیستێک لە جەوهەردا زۆر لە یەکدی دوورناکەونەوە. لێرەدا شوناسی سیاسی ناتوانێت هیچی ئەوتۆ گرنگ لە سیستمی بیرکردنەوە و هەستکردن و پەرچدانەوەکان بگۆڕێت… سیاسەت لە خۆرهەڵات بووە بە مەیدانی بەستنەوەی هەتاهەتایی سوبێکت بە شوناسێکی ئەبەدییەوە.»

پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە ئەم ڕەخنە لە سەر کێ دەکەوێت؟ چ کەسانێک و چ هێزگەلێک بەمجۆرە هەڵسووکەوتیان کردوە؟ وتنی ئەوەیکە سۆبێکتەکان (سابجێکت، زەین، تاک) گوێ نادەنە ناوەڕۆکی ئایدیۆلۆژیی و بە نۆڕم و ئەخلاق و سرووشتێکی نەگۆڕ خۆیان پێناسە دەکەن، مەبەست کێیە؟ ئەو ڕوانگانەی سەرەوە لە چیدا لە یەک جیا ناکرێنەوە؟ لە کوێدا سنوورەکانیان تێکەڵ دەبێت؟ ئایا ئەمە دیسان تەنها لە «خۆرهەڵات» بەمجۆرەیە؟ پێناسەکردنی ئەو ڕوانگا و جیهان‌بینییانە بە گشتێک و نەک جێگیر کردنیان لە ناخی پڕۆسە و بەستێنە مێژووییەکان ئایا یارمەتی تێگەیشتنی کێ دەکات؟

جیهان‌بینییەکان و ڕوانگاکان ئاکامی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتیی و مێژوویین. داعەش، هەروەک بەختیار عەلی ئاماژەی پێدەکات، بۆیە داهاتێکی سەیر نییە، نەک لە بەر ئەوەی لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە خۆرهەڵات داییمە بانگهێشت دەکرێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەیه که لە بەستێنی مێژوویی و لە گرفتگەلێک کە دونیا لە چەند دەیەی ڕابردوودا ئاوقەوی ئێمەی کردوەتەوە داییمە چاوەڕوانی هەڵسان و گەشەی وەها هێزێکیش دەکرێت. دونیا لە چەند دەیەی ڕابردوودا، وەک یەکێک لە هۆیە گرینگەکان، پەیتا پەیتا هێزی چەپ و پێشکەوتنخواز و سکولار (بە مانای جیایی دین لە دەوڵەت) لە کۆمەڵگاکانی «خۆرهەڵات»ی سەرکوت کردوە. بڕواننە عێراق، ئێران، میسر، ئەفغانیستان، پاکستان، تورکیا. ئەگینا «خۆرهەڵات» ئەم هێزەشی گەلێک جار بانگهێشت کردوە. دۆزینەوەی جوابی جیدی تر و هەمەلایەنەتر لەم بەستێنانەدا و نەک لە ناخی عەقڵییەتی خەڵکەکانی «خۆرهەڵات» مسۆگەر ئەبێت.

لە کۆتاییدا

میشل فوکۆ بە جەخت کردنە سەر پەیوەندی زانیاریی و دەسەڵات، خزمەتێکی کەم وێنەی بە تێگەیشتن و وشیاری ئێمە کرد. سەرەڕای ئەمە، ڕەخنەی ئەو لە دەسەڵات واتە ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە نهێنینانەی وا هەڵسەکەوتی مرۆڤەکان دیاری دەکەن، هەر لەوێدا کۆتایی هات (سەعید ٢٠٠٠:٢٣٩). بەگژدا چوونی ئەو دەسەڵاتە و گوتارە زاڵەکان، باسی نوێنەرایەتیی، و گەڕان بۆ دۆزینەوەی جوابی زۆرتر بۆ گرفتەکان کەوتە سەرشانی کەسانێکی دیکە کە بە گژ مەکتەبێکی وەک ڕۆژهەڵاتناسیی و تیۆرییەکانی مۆدێڕنیزاسیۆن واتە نوێسازیی چوونەوە کە تێگەیشتنێکی دیاریکراو و زاڵ لە داهاتەکانی دەورووبەرمان بەخێو ئەکەن و مۆدێلەکانی ناسراوی خۆیان وەک ڕێگاچارە پیشکەش ئەکەن.

تاکەکان و کۆمەڵگاکان ئاکامی پڕۆسە مێژووییەکانن. باسەکانی بەختیار عەلی زۆرتر بە باری زات‌گەرێتی کوڵتووریدا دەشکێنەوە.

 

سەرچاوەکان:

Said, E. (2000) Reflection on Exile. UK: Granta Publication.

(بەسەرکردنەوەی دوورخراویی وتارەکانی ئێدوارد سەعید لە خۆ دەگرێت)

Zubaida, S. (2009) Islam, the People and the State: Political Ideas and Movements in the Middle East. London: I.B. Tauris.

(کتێبێکە سەبارەت بە بیرە سیاسییەکان و بزووتنەوەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست)

کعبی، م. (٢٠١٤) مفاهیم عصر جدید و اندیشە سیاسی بەشی یەکەمی کتێبی کردستان در بطن مدرنیزاسیون و انقلاب. کتێبی ئێنتێرنێتی. بۆ داگرتن بڕوانە ماڵپەڕی هەڵوێست یا ماڵپەڕی زاگرۆسپۆست

 

لەم وتارەدا شیی کردنەوەیەکی زیاتر لە سەر بابەتەکانی ئەم وتارە کراوە:

وتاری ئێمە و ئەوان لە نامیلکەی پێکدادانی پێناسەکان. بۆ داگرتن: ماڵپەڕی هەڵوێست.

[1] بەختیار عەلی: شوناسی ئەبەدی, شوناسی کاتی. ماڵپەڕی باس‌نیوز:

http://basnews.com/so/Article/Details/mod/1124 سەردانی ماڵپەڕ 14/08/2014

[2] http://basnews.com/so/Article/Details/mod/915

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.