سێ شه‌ممه‌ 16 نیسان 2024

داعش‌و تێڕامانێکی سەرەتایی دەربارەی تەکنیکەکانی تەفسیرکردن‌و بەرگری/ به‌ختیار عه‌لی

سەرهەڵدانی داعش تا ئەندازەیەکی زۆر کۆتایی بەو خەون و خورافەتە لیبراڵییە درۆزنە هێنا کە قسە لە گۆڕانکاریی هێواش و لەسەرخۆ و قۆناغی گواستنەوە بۆ دیموکراسییەت لە خۆرهەڵات دەکات. گەشەی خێرا و دڕندانەی فاشیزم لە هەموو جێگایەکی خۆرهەڵاتدا، گەشتنی جەنگ و کوشتار و بێ ڕێزی بە ئینسان بە ترۆپکێکی نوێ، تەنیا بەشێکن لە نیشانەکانی بڵاوبوونەوەی فاشیزم، لە دەرکەوتەکانی تری ئەم پەلکوتانە گەورەیە، بڵاوبوونەوەی راسیزم و ناسیونالیزمێکی هیستیریی و پارانۆئییە، لە هەموو بەرەکاندا.

لێرەدا چیتر قسە لەسەر حەقیقەتی فاشیزم و هۆکارەکانی نییە، بەڵکو قسە لە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی فاشیزمە. چۆن دەتوانین بێئەوەی خۆمان ببین بە ماشێنێکی فاشیستی کە دینەکان و نەتەوەکان و ئایدیاکانی تر دەگۆڕن بۆ بوونی شەیتانی، بەرەنگاری ئەم سیستمە توندوتیژە  ببینەوە. کێشەی سەرەکی لە فاشیزمی خۆرهەڵاتیدا ئەوەیە کە بە پێچەوانەی فاشیزمی خۆرئاواوە، لە ئایدیایەک یان حیزبێک یان جۆرە ڕوانینێکی سیاسی و فەلسەفییەوە نایەت، تایبەت نییە بە دەوڵەتێک یان شوناسێکی نەتەوەیی و عیرقی، بەڵکو جۆرە هێز و پۆتنسیالیتەیتی وێرانکار و تێکشکێنە کە لە هەموو شوناسەکانەوە هەڵدەقوڵێت و لە هەموو پەیوەندییە نێوبەینییەکاندا دروستدەبێت. نەبوون بە فاشیست لە فەزایەکی فاشیستیدا کارێکی ئاسان نییە، فاشیزم دواجار لە ناو هاوکێشەکانی پەیوەندی هێزدا دەجوڵێتەوە، هەمیشە دەبێت دوو هێز و دوو بەرە و پەیوەندییەک هەبێت. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم ڕوانینەم، لێرەدا پەنا بۆ تێزێکی نیکلاس لومان دەبەم. لۆمان لە پێناسەی دەسەڵاتدا دەڵێت «دەسەڵات جۆرە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییە، کە لە هەر دوو بەرەکەیدا دەشێت بە جۆرێکی تریش ڕەفتار بکرێت».

چەمکی «بە جۆرێکی ـ تر ـ ڕەفتاربکرێت» لای لۆمان گرنگییەکی بێوێنەی لە هاوکێشەکانی دەسەڵاتدا هەیە. بۆ نمونە دوو هێز کە ڕازیدەبن لە سەر کێشانی هێڵێکی دیاریکراوی سنوور لە نێوانیاندا، هەمیشە ئەگەری ئەوە دەمێنێتەوە کە هەر یەک لەم دوو هێزە، گەرچی لە ئێستادا بەو سنوورە کێشراوە ڕازیبوون و پابەندن پێوەی بەڵام دەشێت لە داهاتوودا «بەجۆرێکی ـ تر ڕەفتار بکەن»، واتە بەوجۆرە ڕیزبەندییە ڕازی نەبن. لێرەوە دەسەڵات هەمیشە لەو پەیوەندییەدا دەخوێنرێتەوە، وەک ئەوەی هەم بەری باڵادەست و هەم بەری ژێردەست لە هەنگاوێکی تردا، لە وێستگەیەکی دیکەی داهاتوودا، بەجۆرێکی تر بجوڵێنەوە. بە کورتی لە ناو خودی دەسەڵاتدا هەمیشە هەڕەشەیەکی ناوەکی و نهێنی هەیە بۆ هەڵوەشاندەوەی ئەو پەیوەندیانەی کە دروست بوون. هەڵبەت لای لومان توندوتیژیی بەشێکی گرنگی دەسەڵاتە، خودی مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵاتیش لەلایەن دەوڵەتەوە مەرجێکی بنەڕەتی دروستبوونی کۆمەڵگا و دەزگا یاسایی و سیاسییەکەیەتی، بەڵام توندوتیژیی تا ئەو کاتە گوزارشت لە دەسەڵات دەکات کە بەکارنەهاتووە.

دەسەڵات جۆرێکە لە جۆرەکانی پەیوەندی«کۆمۆنیکەیشتن»، ئەم پەیوەندییە تا ئەو جێگایە بەرقەرارە کە «سزا» وەک ئەگەرێک و هەڕەشەیەکی ناڕاستەوخۆ بمێنێتەوە، دەمێک توندوتیژیی بەزەقی هاتە مەیدان مانای دەسەڵات نوشوستی هێناوە. خودی توندوتیژیی نیشانەیەکی زەقی بێتوانایی دەسەڵاتە لەوەی بگاتە جێگرییەک، بگاتە شوێنێک سەردەست و ژێردەست هاوسەنگییەک ڕابگرن و ئەو هەڕەشە ناوەکییە کە دەڵێت «دەشێت ـ بەجۆرێکی ـ تر ـ ڕەفتاربکەم» نەکەن بە ڕاست.

لێرەدا مەبەستم نییە تیورەکەی لومان لەسەر دەسەڵات باسبکەم، بەڵکو دەمەوێت بڵێم فاشیزم لە خۆرهەڵات ئاماژە نییە تەنیا بۆ دروستبوونی دەوڵەت «هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نییە، کە دەوڵەت لە خۆرهەڵات بوونی نییە، بەڵکو بەو مانایەیە کە دەوڵەت ناتوانێت وەزیفەی دەوڵەت ببینێت، هەمیشە پارادۆکسی دەوڵەت و دەرە دەوڵەت وەک بزوێنی سەرەکی کۆمەڵگا و سیاسەت دەمێنێتەوە و ئەم پارادۆکسە مێژووی سەد ساڵی پێشینی ڕەسمکردوە»، بەڵکو ئاماژەیە بۆ نوشوستی دەسەڵات لەوەی توندوتیژیی بگێڕێتەوە بۆ دواوە، بیگۆڕێت بۆ کۆدێکی نهێنی، بۆ هەڕەشەیەکی ناوەکی، بۆ ئەگەرێک لە ئەگەرەکان. واتە دەوڵەت ناتوانێت توندوتیژیی بگۆڕێت بۆ توندوتیژییەکی ناڕاستەوخۆی دەمامکدار، بەوەش خۆی وەک ئۆرگانێک کە دەبێت توندوتیژیی قۆرغ و مۆنۆپۆلبکات نوشوست دەهێنێت.

لە دۆخی ئاساییدا دوو بەرە و دوو لایەن کە دەچنە ناو پەیوەندییەکی دەسەڵاتەوە، لەگەڵ دروستبوونی هەر کێشەیەکدا بە لۆژیکی «دەکرێت ـ بەجۆرێکی ـ تر ـ ڕەفتاربکەم» ئیشدەکەن. لە لای لۆمان دەسەڵات تەنیا کاتێک دەسەڵاتە کە دەگاتە جێگایەک و دەوەستێت، لە پنتێکدا چیتر توندوتیژیی ڕاستەوخۆ بەکارناهێنێت و وەردەگەڕێت بۆ زمانێکی ڕەمزی، سزا تەنیا وەک کۆدێک و ئازاردانی فیزیکی تەنیا وەک ئەگەرێک دەمێنێتەوە. بەڵام فاشیزم هەرەسی دەسەڵاتە، دەسەڵات هەمیشە بەوە دروستدەبێت کە لایەنی بەهێز لە پنتێکدا بوەستێت و بڵێت من لێرە زیاتر نایەم و لێرە بەدواوە یاساکانی من قسەدەکەن و ئەگەر تۆش بەم دۆخە ڕازی بیت ئەوا بەرقەرارییەک دێتە پێش و ئەگەر نا «دەکرێت ـ بەجۆرێکی ـ تر ـ ڕەفتاربکەم». لە فاشیزمدا ئەم هێڵە دەڕوخێت، هەموو هێزێک «بەجۆرێکی تر» ڕەفتاردەکات. لێرەدا سنوورێک نییە تێیدا هێزەکان بوەستن، شەڕێکی هەمیشەیی هەیە… فاشیزم ئامانجی ئەوەیە تا کۆتایی ڕەها، تا وێرانکردنی موتڵەق بڕوات، بەوەدا ئەوەش مەحاڵە، بەوەدا گەیشتن بە سڕینەوەی تەواوەتی ئەویدی نامومکینە، بەوەدا هەمیشە لە جەستەی دوژمن شتێکی زیندوو دەمێنێتەوە کە نامرێت، ئەوە وادەکات فاشیزم نەگاتە ئامانج، وزەیەک بێت بەپێی هەلومەرج و تێکچوون و بەرقەراری نوێی هێزەکان بتەقێتەوە، یاسای بۆ دانەنرێت و ئەگەرێکی هەمیشە کراوە و ئامادەبێت.

فاشیزم بریتییە لە توندوتیژییەک کە هەرگیز ناگاتە ئامانج، هەرگیز ناتوانێت پەیامی خۆی بەتەواوەتی جێبەجێبکات، شەڕێکە هەمیشە دەبێت لە شەڕێکی دیکەدا خۆی تەواوبکات. ئەم نەگەیشتنە بە ئامانج وادەکات، هێزگەلێک بێنە مەیدان کە لە شەڕێکی هەمیشەییدا دەژین، لە جەنگێکەوە دەچن بۆ جەنگێک. تەنیا لەم ڕوانگەیەشەوە تێدەگەین بۆ هێزگەلێکی وەک بەعس و داعش دێنە مەیدان کە ناتوانن نەجەنگن، ناتوانن بوەستن، ناتوانن لە وێرانکارییەکەوە نەچن بۆ وێرانکارییەکی دیکە.

3

بە گەڕانەوە بۆ لاکان تێدەگەین کە «سیستمی ڕەمزی» لەسەر دروستکردنی تۆڕێک لە «حەرام» و تێرنەکردنی ئارەزوو دروستدەبێت. بەبێ سەرکوتی ئارەزوو و چەپاندن، دامەزراندنی سیستمی ڕەمزی کاری نەکردەیە. ئەم حەرامانەی لاکان نزیکییەکیان لەگەڵ تێزەکەی لوماندا هەیە. لای لۆمان دەسەڵات دەبێت حەرامێک بۆ خۆی بهێڵێتەوە، سنوورێک بۆ خۆی دابنێت، بەربەستێکی سوور بخاتە بەردەمی خۆی. دەسەڵات ئارەزووە تێرنەبووەکەی هەمیشە بەوە جڵەودەکات کە بڵێت « ها … دەشێت ـ بەجۆرێکی ـ تریش ـ ڕەفتاربکەم». واتە لە بنەڕەتدا ئارەزوویەک هەیە تێری ناکەم و خواستێک هەیە هەڵیدەگرم بۆ دواهەمین جار. بەڵام لە هەمانکاتدا زمانحاڵیشی دەڵێت «دەشێت تەواوی ئەو خواستە شاردراوەیەم بۆ تێکشکاندن بهێنمەوە دەرەوە و سنووری ئەو حەرام و قەدەغەیە بشکێنم کە بۆ خۆمم داناوە». لەگەڵ فاشیزمدا، سوبێکتی فاشیستی چیتر بە لۆژیکی دەسەڵات ئیش ناکات، چیتر ناڵێت «دەشێت ـ بە جۆرێکی ـ تر ـ ڕەفتاربکەم». بەڵکو ئەو هەڕەشە ناوەکییە جێبەجێدەکات. «ئێستا ـ بەجۆرێکی ـ تر ـ ڕەفتاردەکەم» ئەوە بزوێنی سەرەکی چرکەساتی فاشیزمە. ئەو حەرام و قەدەغەیە کە سەرەتا نەزمێکی دیاریکراو ڕادەگرێت، دەشکێت… ئیتر هیچ یاسا و عورف و ڕێنماییەک نییە هێزەکان پەیڕەویبکەن.

داعش لەم نێوەندەدا نوێنەری ئەو لۆژیکەیە: لۆژیکی «ئێستا جۆرە ڕەفتارێکی دی لە دایک دەبێت، جەنگ جۆرە یاسایەکی دیکە و ژیان جۆرە نەزمێکی تر تاقیدەکاتەوە»، ئێستا شتێکی نوێ ڕوودەدات کە نەتانبینیوە، گورزێکی دی دەبینن کە چاوەڕوانتان نەکردوە. ئێستا هەر چی ئەو شتانەی پێشتر حەرامبووە پێچەوانە دەکرێنەوە، ئێستا نەزمێکی نوێ دێت کە لە لۆژیکی پێشینەی بەگەڕخستنی دەسەڵات و چەپاندن و لەزەتدا نەبووە. فاشیزم تەنیا ئاوەژووکردنەوەی لۆژیکی دەسەڵات نییە، بەڵکو ئاوەژووکردنەوەی لۆژیکی چەپاندن و لەزەتیشە. داعش درێژکردنەوەی دین یان ناسیونالیزمی عەرەبی نییە بەشێوەیەکی تەقلیدی، بەڵکو وەستاندنی لۆژیکی دێرینەی هەموو ئەوجۆرە ئایدیایانەیە، لە کارخستنیانە بۆ جۆرە ڕەفتارێکی نوێ.

داعش لەگەڵ خۆیدا تەنیا دڕندەیی و سەری بڕاو ناهێنێت، بەڵکو جۆرە کولتوورێکی دیکەی دینی و جنسی و ئابووریش دەهێنێت. لەگەڵ داعشدا تەنیا نەزمی سیاسی هەڵناوەشێت، بەڵکو تەواوی نەزمی کۆمەڵایەتی و جنسی و کولتووری هەڵدەتەکێت و جۆرە ڕەفتارێکی تر دێتە سەرەوە. لۆژیکی «ئێستا بەجۆرێکی تر ڕەفتاردەکەم». تەنیا لە جەنگدا، لە جینۆساید و قڕانکردندا دەرناکەوێتەوە، بەڵکو ئاوەژووکردنەوەی لۆژیکی گشتییە، دروستکردنی ئیسلامێکی ترە لە ئیسلام، دروستکردنی خودایەکی دیکەیە لە خودا، دروستکردنی عیبادەتێکی دیکەیە لە عیبادەت، دروستکردنی جۆرە مۆراڵێکی جنسی ترە جیاواز لە مۆراڵی باو، دروستکردنی نەزمێکی یاسایی ترە جیاواز لە نەزمی باڵادەست، دروستکردنی جۆرێکی دیکەیە لە ئەویدی جیاواز لە وێنە و وەزیفەی ئەویدی لە ناو هەموو شوناسێکدا… هتد.

لەگەڵ گواستنەوەدا لە لۆژیکی «دەشێت ـ بەجۆرێکی ـ تر ـ ڕەفتاربکەم» بەرەو لۆژیکی «ئێستا ـ بەجۆرێکی ـ تر ـ ڕەفتاردەکەم»، تەنیا سروشتی جەنگ ناگۆڕێت، بەڵکو تەواوی کایەی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی ناو کایە بچوکەکانی دەسەڵاتیش دەگۆڕدرێن، توندوتیژی لە هەڕەشە و کەرەستەیەکی ناڕاستەوخۆوە دەبێتە کەرەستەی ڕاستەوخۆ و ئەداتی ناو هەموو پەیوەندییە نێو بەینییەکان، لە پەیوەندی نێوان دەوڵەت و شوناسەکانەوە تا دەگات بە پەیوەندی نێوان ژن و پیاو، مامۆستا و قوتابی، منداڵ و گەورە … هتد. بە کورتی کۆی ئەو قسانەی دەکرێت سەبارەت بەوەی داعش یەکسانە بە عەرەب، داعش یەکسانە بە حەقیقەتی ئیسلام، هەموو ئەو جۆرە تێزانە هیچ نین جگە لە جۆرێک لە لیبرالیزمی بازاڕیی کە بە هەندێک کلێشەی سواو و  پوچەوە ڕووبەڕووی کۆی دیاردەکان دەبنەوە. داعش لە کارخستنی تەواوی سیستمە سیاسی و جنسی و ئەخلاقییەکانی پێشترە، بۆ دروستکردنی دۆخێکی نوێ.

4

بەرگرتن بە داعش تەنیا لەو ڕێگایەوە نابێت کە بڵێین داعش زادەی ناو فیکری ئیسلامییە، هەر کاتێک ئێمە ئیسلامی نەبووین ئیدی مەترسی وەرگەڕان و بوون بە داعش لەسەرمان نامێنێت و راستەوخۆ دەبین بە ئەنتی فاشیزم و ئەنتی داعش. بەرامبەر مۆدێلی ئیسلامی داعش، مۆدێلی ناسیونالیستی و لیبراڵ و عەلمانیانەی داعشیشمان هەیە. ئەوەی هێزەکان هەر زوو حەرامە ڕەمزییەکانی خۆیان دەشکێنن، ئەوەی کۆی شوناسەکان ئامادەگییەکی ڕوون و ترسناکیان بۆ توندوتیژیی فیزیکی و جەستەیی تێدایە، تەنیا سیفەتی داعش نییە، بەڵکو سیفەتێکی بونیادی دەسەڵاتە لە خۆرهەڵاتدا کە لە پەنجا ساڵی رابوردوودا، هەموو جۆرەکانی جەنگ وئەشکەنجە و جینۆسایدی بەخۆیەوە بینیوە. داعش لە شەپۆلە پێشووەکانی فاشیزم،  توندوتیژتر نییە ، بەڵکو تەنیا فۆرمێکی دیکەی فاشیزمە کە هەمان ئەو میکانیزمانەی پێشوو دوبارە دەکاتەوە، داعش تەنیا زادەی ئیسلام نییە، بەڵکو شێوەیەکی دیکەی بەعس، تۆرانییەت، ولایەتی فەقیە، فاشیزمی خەوتووی ناو کەمایەتی و مەزهەبەکانە. خوێنخۆریی و دڕندەیی داعش زیاتر نییە لە خوێنخۆری و دڕندەیی بەعس یان لە خوێنخۆریی مەزهەبگەرا شیعەکان کە سەدان هەزار گەنجیان بۆ مردن بەردەدایە ناو کێڵگەکانی مین و بە گیانی دەیان هەزار گەنج ڕێیان بۆ تانک و زرێپۆشەکان پاکدەکردەوە پەلاماربدات.

5

بەرەنگاربوونەوەی داعش تەنیا لە بەرەکانی جەنگدا ناکرێت. بەڵکو تەنیا کاتێک دەکرێت کە لە کۆی بیرکردنەوە و تێڕوانینی فاشیستی بێینە دەرێ کە لەسەر خۆنوساندن بە شوناسی دینی وئەتنی و مەزهەبییەوە ئیشدەکات. ئەمە بەو مانایە نییە مرۆڤ دەستبەرداری شوناس بێت، وەک پڕوپاگەندە فاشیستییەکان بانگی بۆ هەڵدەدەن، بەڵکو بەو مانایەیە کە ئەویدییەکی نامۆ لە هیچ شوناسێکی دینی و نەتەوەیی دروست نەکرێت. جەنگ لەگەڵ داعشدا تەنیا جەنگی سەنگەر نییە، بەڵکو جەنگێکە شۆڕدەبێتەوە بۆ ساتی دروستبوونی سوبێکتی ئینسانیمان لە ژێر ڕەحمەتی بانگەوازە ئایدۆلۆژییەکاندا. بۆ ئەو ساتانەی کە تێیدا «من» ـی سوبێکتەکان لە «ئەویدی»، لە «غەریبەکان» جیادەبێتەوە، بۆ ئەو ساتەی تێیدا شوناسی فەردیمان لەگەڵ شوناسی جەمعیدا دەکەوێتە دیالۆگەوە.

ساتی شەڕ لەگەڵ فاشیزمدا، بەر لە هەر شت ساتی ئیشکردنە لەسەر پەیوەندی فەرد لەگەڵ شوناسە ئایدۆلۆژییە دەستەجەمعییەکەیدا. ئەوە تەنیا شوناسی ئیسلامبوون نییە کە دەتوانێت کەسی فاشیست بەرهەمبهێنێت، بەڵکو شوناسی عەرەببوون، فارسبوون، کوردبوون، تورکبوون، شیعەبوون، پیاوبوون، کوردبوون، عەلمانیبوون … هتد. هەموو دەتوانن جۆرە جەبرێک دروستبکەن سوبێکتەکان بگۆڕن بۆ ماشێنێکی کوێر و توندوتیژ و  فاشیستی.

6

هەر جوڵانەوەیەک دژی داعش لە جەوهەردا تەنیا کاتێک کاریگەری قووڵی هەیە کە ڕاوەستان بێت دژ بە  فاشیزم بە گشتی. ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵات لە هەر کات زیاتر دروستکردنی بەرەیەک دژ بە فاشیزم پێویستە، بزاوتێک دژ بە شوناسە داخراوەکان، دژ بە هەموو ئەو بنەما ئایدۆلۆژیانەی کە توندوتیژی دروستدەکەن، لە دۆگماتیزمی دینییەوە  بگرە تا شۆڤێنیزم و ڕاسیزم کە بەجۆرێکی ترسناک لە هەموو کوچە و کۆڵانێکی خۆرهەڵاتدا بڵاوبۆتەوە. بۆئەوەی فاشیزم بوەستێنین دەبێت تیرۆری شوناس لەسەر فەردەکان بوەستێنین، تیرۆری شوناسی دینی و ناسیونالیستی و ژەندەری، دەبێت ئەم داوایە لە داوایەکی لیبرالانەی گەمژەوە بۆ هاوسەنگی نێوان شوناسەکان و دیاریکردنی بەهێزەکەیان لە رێگای هەڵبژاردنەوە، بگۆڕێت بۆ ڕەخنە لە تەواوی سیستمی هەنوکەی خۆرهەڵات و بنەماکانی ئیشکردنی کە بریتییە لە پلیشانەوەی فەرد لە ژێر جەبری شوناسەکاندا.

وێرانبوونی ئینسانییەتی ئیسلامەکان لە ژێر جەبری شوناسی ئیسلامبووندا، وێرانبوونی ئینسانییەتی تورکەکان لە ژێر جەبری تورکبوون و وەرگەڕانی خودی عەرەببوون بۆ کەرەستەیەکی تێکشکێن بۆ لایەنە ئینسانییەکەی ناو سوبێکتی عەرەبی. ئێستا سیستمی ئینتیما لای مرۆڤەکان لە خۆرهەڵات وەرگەڕاوە بۆ سیستمێکی تیرۆری کوشندە. ئەنتی فاشیزم لەوەوە دەست پێدەکات کە مرۆڤەکان بەجۆرێکی دی ئینتیما و شوناسی خۆیان پێناسەبکەنەوە. هەر بەرەنگاربوونەوەیەکی فاشیزم، دەبێت لەوێوە دەست پێبکات کە شوناسی پیرۆز، پەیامی پیرۆز، جەنگی پیرۆز بوونی نییە.

7

بەشی هەرە زۆری هێزە فاشیستییەکانی خۆرهەڵات هێزگەلێکن بێ پاشخانی تیوریی. فاشیزم لە خۆرهەڵات جۆرە فیکرێکی سیاسی نییە، بەڵکو کۆمەڵێک هەڵوێستی ئیجرایی و تاکتیکییە، کۆمەڵێک پلانی جەنگ و پڕۆژەی وێرانکردن و داگیرکردن و سڕینەوە و لادانە. لە چەند ساڵی ڕابوردوودا فیکری سیاسی بەجۆرێکی ترسناک لە کۆی ژیانی سیاسی پاشەکشەیکردوە، سیاسەت کورت بۆتەوە بۆ دیوە پراکتیکییە ڕووتەکەی. مرۆڤ ناتوانێت هیچ کات جیهانێک بگۆڕێت کە تێیناگات. شەڕکردن لەگەڵ فاشیزمدا پابەندی تێگەیشتنە لە فاشیزم. لێرەوە هەر بزاوتێک دژ بە فاشیزم ناتوانێت بزاوتێکی ئەنتی فاشیستی بێت گەر بەجۆرێکی بەربڵاو لە فیکرێکی نوێوە نەیەتە دەرێ کە توانای خوێندنەوەی تەواوی دیمەنەکەی هەبێت. هیچ بزاوتێکی ئەنتی فاشیزم، ناتوانێت بێ تیورەیەکی ڕۆشنی ئەنتی فاشیزم بژی، لێرەوەیە کە بەبێ فیکرێکی تیوریی، سەرهەڵدانی بزوتنەوەیەکی ئەنتی فاشیستی نامومکینە.

8

هەر بزاوتێکی جەماوەری دژ بە داعش و هێزگەلی لەو جۆرە، بەبێ شوناسێکی ئاشکرا، بەبێ ئەوەی شوناسێکی ڕوونی ئەنتی فاشیستی هەبێت، بەبێ ئەوەی بە ڕۆشنی دژ بە هەموو فاشیزمێک بێت، نرخی نییە. بزاوتێکی لەوجۆرە گەر هات و ڕۆژێک لە ڕۆژان لەدایک بوو، شتێکی جیاواز دەبێت لە بزاوتەکانی مافی مرۆڤ و چالاکییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی. هەموو بزاوتێکی ئەنتی فاشیزم دەبێت جوڵاندنەوەیەک بێت لە دەرەوەی ڕیتۆریک و بەلاغەتی لیبرالییانەی ساختەکار دەربارەی پاراستنی کەمایەتییەکان و ڕێگرتن لە جینۆساید. بزاوتێک، دەبێت ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حەقیقەتی فاشیزمدا بکات وەک ئەگەرێک کە لێرەیە و لێرەبووە.

ئەنتی فاشیست لە بنەڕەتدا لەسەر هیچ تێزێکی بەلاغی و خورافی ئیش ناکات، چونکە فاشیزم حەقیقەتێکی ڕۆژانە و کۆنکرێتە، پێویستی بە هەڵوێستگیریی ڕوون هەیە لە دەرەوەی ئەوجۆرە هەڵوێستگیرییە لیبرالییە ساختەکارە کە هەڵوێستی ئاوقای بەلاغەتێکی دووبارە و زمانێکی مردو و کڵێشەیی کردوە. هەڵوێست چیتر دەبێت بەرامبەر کۆی کایەی سیاسی بێت، هەڵوێستێک بێت لەسەر سیاسەتەکانی شوناس کە لە تەواوی خۆرهەڵاتدا توندڕەویی و سەربڕین دەخاتەوە، لەسەر دەرهێنانی گروپەکان بێت لەترسی مان و نەمان، لەسەر وەزیفە و شێوازی ئیشکردنی ئایدۆلۆژیا بێت لە ئێستادا، لەسەر ترازانی سوبێکت بێت لە جەبری کۆنتێکستە کۆمەڵایەتییەکان، لەسەر تێپەڕاندنی سوبێکتی ملکەچ و کۆیلەئاسا بێت کە وەک ئامێرد دوای فەرمانی ماشێنە ئایدۆلۆژییەکان دەکەوێت. لەسەر ئەخلاقیاتی دەسەڵات و ڕەفتارکردن بێت لەگەڵ ئەویدیدا، لەسەر سروشتی کەپیتال و ڕۆڵی سەرەکی لە خولقاندنی فاشیزمدا، لەسەر چۆنێتی داماڵینی قودسییەت لە توندوتیژیی، لەسەر پێناسەکردنەوەی پەیوەندی دین و مۆدێرنە دوور لە کڵێشە سواوەکانی لیبرالییەت، کە بەردەوام ئەم دوو دیاردەیە وەک نەیار و ناکۆک پیشاندەدەنەوە. لەسەر تێکشکاندنی ئەو ئەفسانە پوچە بێت کە پێیوایە گەر سیاسییەکان دەستیان لە بازاڕ کێشایەوە ئەوا کەپیتال دەبێتە کەپیتالێکی مرۆڤدۆست و تەندروست و داهێنەر.

سیفەتی سەرەکی هەڵوێست لە ئێستادا ئەوەیە کورتبۆتەوە بۆ چەند گوزارشتێکی زمانەوانی و فەیسبوکی نزم بەرامبەر ئیسلام و دڕندەیی داعش. فاشیزم لەگەڵ خۆیدا پێداویستییەکی گەورە دەهێنێت بۆ پێداچوونەوەی چەمکی هەڵوێستیش. کێشەکە تەنیا ئەوە نییە ئێستا و لێرەدا دژی داعش بین، بەڵکو دەبێت دژی کۆی ئەو زەمینە و هەلومەرجە کاربکەین کە بەجۆرێکی بەردەوام فاشیزم بەرهەمدەهێنێت. زیهنییەتی لیبراڵی، شەڕی داعش وەک شەڕێکی ڕادیکال دژ بە فاشیزم وێناناکات، بەڵکو وەک شەڕی نێوان گووتاری دینی توندڕەو و دینی میانەڕەو وێنایدەکات، وەک پێک هەڵپژانی نێوان نەتەوەیەک و کۆمەڵێک گروپی لادەر و نەخۆش و توندڕەو، وەک شەڕی نێوان مۆدێرنە و دین، وەک دۆخێک کە هەندێک سیاسی نابەرپرس و فاسید دروستیانکردوە… هتد. بۆ خۆدزینەوە لەو ڕاستییەی کە داعش و بەعس و هەموو ماشێنە فاشیستییەکانی تر زادەی کەپیتالیزمی خۆرهەڵاتین. وە هەموو ئەم وێناکردنانەش بە نیازی خۆدزینەوەیە لەو ڕاستییەی کە شەڕی فاشیزم کورت ناکرێتەوە بۆ شەڕی داعش، بەڵکو شەڕێکە دەبێت لە هەموو ئاستەکانی تێڕوانین و ژیان و بیرکردنەوەدا ئەنجامبدرێت.

9

بە کورتی دروستبوونی بزاوتێکی ئەنتی فاشیسستی کارێکی مومکینە، بە مەرجێ کە جۆرێک لە شکاندنی شێوازە کۆنەکانی شۆڕش و مقاوەمەت بێت. دەبێت ئەنتی فاشیستەکان، هەمان ساتەوەختی ڕادیکالی خۆیان هەبێت تێیدا بڵێن «ئێستا ـ دەشێت ـ بەجۆرێکی تر ـ ڕەفتاربکەین». بەڵام بەجۆرێکی تر ڕەفتارکردن لای ئەنتی فاشیستێک هەمیشە مەحکومە بە بوونی وێنەیەکی ڕۆشن لەو دونیایەی کە فاشیزمی دروستکردوە. ئێستا ـ دەبێت ـ بەجۆرێکی تر ـ رەفتاربکەین مانای ئێستا ـ دەبێت ـ بەجۆرێکی تر ـ بیربکەینەوە. مانای ئێستا ـ دەبێت ـ بەجۆرێکی تر ـ پێناسەی خۆمان بکەین لەدەرەوەی جەبری شوناسە گەورەکان . مانای ئێستا ـ دەبێت ـ بەجۆرێکی تر ـ بدوێین و ببینین. بە بڕوای من سەرەتای هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ فاشیزمدا لەوەوە دێت بە وردی لەسەر «جۆرێکی تر لە ڕەفتار» و ئەگەرەکانی ناوی ئیشبکەین.

 

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.