شه‌ممه‌ 16 كانونی یه‌كه‌م 2017
ماڵەوە / وتار / رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی ئەو سنوورانەی کە بە خەتکێش ( راستە ) کێشراون / محەمەد فەرهادزادە

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی ئەو سنوورانەی کە بە خەتکێش ( راستە ) کێشراون / محەمەد فەرهادزادە

رێککەوتن نامەی سایکس – پیکۆ چی بوو؟

ڕێککەوتن نامەی سایکس پیکۆ ڕێککەوتنێکی نهێنی نێوان بریتانیا و فەڕانسە بوو کە لە مانگی مەی ١٩١٦ لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانی و لەسەر رەزامەندیی روسیە بۆ دابەشکردنی ئێمپراتٶری عوسمانی پێک هات.

ئەو ڕێککەوتنە بووە هۆی دابەش بوونی سوریە، عێراق، لوبنان و فەلەستین لە نێوان فەڕانسە و بریتانیا،

ئەو ناوچانە بەر لەوە لەژێر دەسەڵاتی تورک دابووە و ئەو رێککەوتنە ناوی خۆی لە سەر (مارک سایکس)ی

بریتانی و ( ژۆرژ پیکۆ) ی فەرانسەوی وەر گرتووە.

 

ئەو خەریتەیەکە لە دەیەی دووهەمی سەدەی بیست بە پێنووس دیاری کرا پیلان گێڕی ١٠٠ ساڵ لەمەو بەری بەریتانیا و فەرانسە نیشان دەدا کە یەکێک لە هۆکارەکانی درووست بوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

بە هێڵێکی راست، دەکرێ سنوورێک بە بێ لار و لەوێری درووست بکرێ، هەر بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە کە هەر لەبەر ئەو هۆکارە بووبێ کە مارک سایکس ( نوێنەری بریتانیا ) و فرانسوا ژۆرژ پیکۆ ( نوێنەری فەرانسە )  لە ساڵی ١٩١٦ لەسەر خەریتەیەک بەهێڵی راست رێککەوتنیان کردبێ.

سایکس و پیکۆ هەر دووکیان لە سیاسەتوانانی دەورانی ئێمپراتۆری بوون، هەر دووکیان لە بنەماڵەی ئەشرافی بوون و پەروەردەی دام و دەزگای دەسەڵاتی زلهێزە ئەورووپیەکان بوون و لە هەمووی گرینگتر ئەوە بوو کەلەسەر ئەو باوەڕە بوون کە خەڵک و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی زلهێزەکانی ئەورووپی ژیانێکی باشتریان دەبێ و هەر دووکیان رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لە نزیکەوە بە باشی دەناسی و ئەو دوو کەسە لەکاتی ئاڵۆزیەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی لەسەر دابەش بوونی ئەو ناوچانە گەیشتنە ڕێککەوتن کە لەو نێوەندەدا پەلەی زۆری پێوە دیار بوو، بەڵام بناغەی ئەو ڕێککەوتنە تا ئەمڕۆ کاریگەری جۆراوجۆری بەسەر ناوچەکەوە بووە کە ئەم کاریگەریانە لەسەر خەڵکانی ناوچەکە و نەتەوەکانی ئەم ناوچەیە زۆر جیاواز بوو.

خەریتەی سایکس پیکۆ ئەو ناوچانەی کە لە سەرەتاکانی سەدەی شازدەهەم لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانی دا بوو، لەنێوان٢ وڵات دا دابەش کرد و ئەو ٢ روانگەسیاسیەی، بەسەر٢ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی تر بچووکترکردەوە:

١-عێڕاق، رۆژهەڵاتی ئۆردۆن و فەلەستین لەژێر دەسەڵاتی بریتانیا

٢-سوریە و لوبنانی ژێر دەسەڵاتی فەڕانسە

کێشانەوەی سنوورەکانی وڵاتانی عەرەبی باکووری ئەفریقا لەدەستوری کاری سایکس پیکۆدا نەبوو،بەڵام ئەو ناوچانەش بەسەر ٢ حەوزەی جیاوازدا دابەش ببوو، میسر لەژێر دەسەڵاتی بریتانیا و مەغریب( تۆنێس –ئەلجەزایر و مەراکێش) لە ژێر دەسەڵاتی فەرانسەدا بوو.

 

ڕێککەوتنی نهێنی

وەزعی جێئۆ پۆلێتیکی پێکهاتوو لە ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ ٣ بەربەستی پێک هێنا کە بریتی بوون لە :

ئەو ڕێککەوتن نامەیە بەنهێنی و بە بێ ئاگاداری عەرەبەکان درووست ببوو و بەڵێنەکانی بریتانیا کە لە ساڵی ١٩١٥ بە عەرەبەکانی دابوو لەبەر چاو نەدەگیرا، ئەو بەڵێنانە کە بە عەرەبەکان درابوو ئەوە بوو کە ئەگەر عەرەب بەرامبەر عوسمانییەکان شۆڕش بەرپا بکەن، بە لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی بریتانیا پشتیوانیان لێ دەکا کە سەربەخۆ بن.

بەڵێنی سەربەخۆیی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی نەگەیشتە ئەنجام و زلهێزەکانی ئورووپا لە دەیەکانی

( ١٩٢٠- ١٩٣٠- ١٩٤٠ )  دەستیان زیاتر بەسەر وڵاتانی عەرەبی دا گرت و میحوەری سیاسەت لە وڵاتانی عەرەبی  کە پێک هاتبوو لە ( باکووری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی دەریای مەدیتەرانە) بەرە بەرە و بە هێمنی لە پێک هێنانی حکوومەتی مەشرووتەی فیدراڵی وەک ( میسر و سوریە و عێڕاق کە پێشتر لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیستەم دیبوویان و تاقی کرابۆوە ) بەرەو نەتەوە خوازی بێ ئەملاو ئەولا ڕێگای خۆیان گۆڕی.

ئامانجی ئەو نەتەوە خوازیە وەدەرنانی داگیرکەران و لەناو بردنی دەسەڵاتەکانی ژێر فەرمانی داگیرکەران بوو کە ئەوەش خۆی یەکێک لە هۆکارەکانی بەکار بردنی دەسەڵاتی سەربازی بوو کە لە دەیەی ١٩٥٠ هەتا سەر هەڵدانەکانی ٢٠١١ لە لایەن حکوومەتەکانەوە درێژەی هەبوو.

هێڵی فیرقەیی و ئایینی

سایکس و پیکۆ دەیان ویست ناوچەی شام بە پێی تێبینیە فیرقەیی و ئایینیەکان دابەش بکەن:

١-لوبنان لەسەرەتاوە بەڵێن بوو کە ببێتە ناوچەیەکی ئەمن و ئارام بۆ مەسیحیەکان و بەتایبەت بۆ مارۆنیەکان.

٢-فەلەستین ببێتە ناوچەیەک کە بە ڕێژەیەکی بەرچاو یەهوودی لە خۆ بگرێ.

٣-دەڕەی بقاع لەسەر سنووری نێوان لوبنان و فەلەستین بدرێ بە موسوڵمانانی شیعە.

٤-سووریەش زۆرترین رێژەی سوننەکانی ناوچەکە لە خۆ بگرێت.

جوغرافیای ناوچەکەش فریایان کەوت ، لەکاتی تەواو بوونی شەڕی سەلیبی تا کرانەوەی جێی پێی زلهێزەکانی ئورووپا لە سەدەی نۆزدەهەم، بە بوونی کلتوور و پێشینەی ئابووری و بازرگانی و زیندوویی ئەو ناوچانە، لایەنە جیاوازە عەشیرەییەکان جیا لەیەک دەژیان ، بەڵام فکریەتی پشتی ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ سەری نەگرت و ئەو سنوورە تازانە لەگەڵ جیاوازی فیرقەیی وعەشیرەیی و قەومی کە لە ناوچەکە بوو نەدەهاتەوە، ئەو جیاوازیانە سەرەتا لەلای عەرەبەکان بوو بە بیرۆکەیەک بۆ وەدەرنانی زلهێزە ئەورووپیەکان کە دواتر شەپۆلی بەهێزی نەتەوە خوازی عەرەبی ئەو زلهێزانەی خستە پەڕاوێزەوە.

جەنایەت و بێڕەحمی

لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٥٠ تا کۆتایی دەیەی١٩٧٠ بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی جەمال عەبدولناسر لە میسر ( لە کۆتایی گرژیەکانی سۆئێز لە ساڵی ١٩٥٦ تا کۆتایی ١٩٦٠) نەتەوە خوازی عەرەبی بووە هۆکاری بەهێز بوونی ئەو بیرۆکەیە کە کۆدەنگی دنیای عەرەب دەتوانێ جیاوازی و کێشەی کۆمەڵایەتی لە نێوان خەڵکی ئەو ناوچانە وەلا بنێ، لە دەیەی ١٩٨٠ و ١٩٩٠ دەسەڵاتدارە بە هێزەکانی دنیای عەرەب وەک حافز ئەسەد و سەدام حسێن لە شام و مەعەمەر قەزافی لە باکووری ئەفریقا ئەو ناکۆکیانەیان کۆنترۆڵ دەکرد  و ئەو کۆنترۆڵ کردنانە بە بێڕەحمی و توند و تیژی و جەنایەتی زۆرەوە دەکرا، بەڵام توند و تیژی نەیتوانی ئەو داخوازیانە لە ئاست جیاوازیەکان لە ناو ببات یا داخوازیەکان کەمڕەنگ بکات.

بە کۆتایی هاتنی کاری دەسەڵاتە ئەورووپیەکان زۆربەی وڵاتانی عەرەبی بوون بە دەسەڵاتێکی بنەماڵەیی دەستاو دەست و لەژێر کۆنترۆڵی گرووپێکی بچووک بوون کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ئابووری ئەو وڵاتە دامەزرابوون.

سەرهەڵدانەکانی ساڵی ٢٠١١ ( بەهاری عەرەبی ) “کە من پێموا نییە بەهاری عەرەبەکان بووبێ “توانی بەشێک لەو دەسەڵاتانە لەناو ببات و ئەو هۆکارانە بوون بەوەی کە کەلێنێک لەو وڵاتانەدا درووست بێ و کێشە و ناکۆکییە کۆنەکان و هیوای ئەو چەند دەیەیە کە سەرکوت کرابوو سەر هەڵبداتەوە.

گەڕان بەدوای شوناس

گرفتی سێهەم ئەوە بوو کە نیزامێکی حکوومەتی کە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی درووست ببوو،لاوازی عەرەبەکانی لەسەر دوو ڕێیانێک دەگەیاند کە لە بەرەو پێش چوونی دەورەیەکی گرینگ کە ئەوان لە ١٥٠ ساڵی ڕابردوو گیرۆدەی بوون  تووشی بەربەستی زیاتر دەکرد،گەڕان بەدوای شوناس و نەتەوە خوازی و سێکۆلاریزم لەلایەک و لەلایەکی ترەوە ئیسلامگەرایی و جار و بار بیرۆکەی بونیاد گەرایی مەسیحی .

دامەزرێنەرانی دەورەی لیبراڵی دنیای عەرەب ( کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم تا دەیەی١٩٤٠ )دەزگا و دامەزراوەیەکی حکوومەتیان درووست کرد بۆ نموونە ( قانوونی ئەساسی تونێس لە ساڵی ١٨٦١ و دەسپێکی لیبراڵ دێمۆکراسی لە میسر لە نێوان ٢ شەڕی جیهانی ) و بیرۆکە و دیالۆگێکیان پەرە پێدا کە لە لایەن زۆربەی رێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت چینی مام ناوەندی کۆمەڵگا پشتیوانی لێوە دەکرا، بەڵام لەسەر پێوەندیدانی بیری موحافەزەکاری و چوار چێوەی ئایینی ئەو کۆمەڵگایانە لەگەڵ بەرنامەکانی مۆدێڕنی کۆمەڵایەتی کە دەیانویست نەیان توانی دەسکەوت بەدەست بهێنن.

سەرەڕای بەرەو پێش چوونی بەرچاوی ئەو وڵاتانە لە بواری پیشەسازی،ناعەدالەتی زۆر لە لایەن چینی باڵا دەست لەگەڵ مام ناوەند و زۆرینەی خەڵک درێژەی هەبوو، سیما ناسراو و بەهێزە نەتەوە خوازەکان بە پشتیوانیەکی زۆر لە گوتارێکی جیاواز بەرگرییان دەکرد( گوتاری سۆسیالیستی و زۆرجارمیلیتاریستی )، بەڵام ئەو بەرگرییە بووە هۆی لەناو چوونی ئازادی سیاسی و مەدەنی. دنیای عەرەب لە چوار دەیەی رابردوودا هیچ جۆرە پرۆژەیەکی نەتەوەیی نەبوو و یا لانیکەم هیچ جۆرە حەولێکی نەدابوو بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو جیاوازیانە وا لە ناو کۆمەڵگاکەیاندا هەبوو.

نەوەی نوێ

پێکهاتە و رواڵەتی حکوومەت ئامادەی هەڵچوون و لێک بڵاو بوون بوو، رێژەی حەشیمەتی ئەم ناوچەیە  سەرەتای ئەو سەرهەڵدانە بوو، لە چوار  دەیەی ڕابردوو حەشیمەتی دنیای عەرەب ٢ قات زیادی کردبوو واتە ببو بە ٣٣٠ ملیۆن کەس کە لەو رێژەیە ٢ لەسەر ٣ ی ئەو حەشیمەتە تەمەنیان لە خوار ٣٥ ساڵدا بوو. ئەو نەوەیە کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی زۆری لەلایەن باوک و باپیرانەوە بە میرات پێ گەیشتبوو و سەرەڕای ئەوەی کە هیچ دەور و ڕۆڵێکی لە خولقانی ئەو کێشانەدا نەبوو بەڵام بەناچاری دەبێ لەگەڵ کێشەی پەروەردە و بار هێنان-ئیش و کاری پڕۆژەیداهاتووی ئابووری و هیوا بەداهاتوو ژیان بکات. شەپۆلی شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی عەرەبی لە ساڵی ٢٠١١ لە هەناوی خۆیدا حەول و تێکۆشانی ئەو نەوەیە بوو بۆ گۆڕانی ئەو حکوومەتانە وا لەدوای شەڕی یەکەمی جیهانیەوە درووست ببون.

ئەو گۆڕانکاریانەی ئێستا مژدە هێنەری گەیشتنی ئەو نەوەیەیە کە داهاتوویەکی گەشی دەوێ، بەڵام لەهەمانکاتیشدا مەترسی پەرە سەندنی شەپۆلێکی ناکۆکی و گرژی و ئاڵۆزی هەیە کە دەتوانێ ناوچەکە بۆ ساڵیانێک لە نێو خۆیدا نوقم بکات.هەر وەک ئێستا دەی بینین کە شەپۆلی ناڕەزایەتی لە حکوومەتی عێڕاق بۆتە هۆی ئەوە کە لەم وڵاتە بکەوێتە مەترسیەوە بە هۆی کەم تەرخەمی دەسەڵات و هەروەها شەڕی مەزهەبی نێوان شیعە و سوننە کە خەریکە ناوچەکە بە ئاقارێکی خراپدا ببات، بەڵام لە روویەکی ترەوە کورد توانیویەتی ببێت بە بەشێک لەو نەوە نوێیە کە داهاتوویەکی گەشی دەوێ کە بە سەربەخۆیی بوون دەتوانە بە بەشێکی زۆر لە خواستەکانی بگات.

محەممەد فەرهادزادە

سەرچاوە:

١- دنیای عەرەب

٢-درووست بوونی دنیای عەرەبی مۆدێڕن

٣-نووسراوەکانی تارق عوسمان

٤-چەند مەقالەیەک لەسەر جەمال عەبدولناسر بە بێ ناوی نووسەر

 

 

 

 

 

 

 

بابەتی هاوپۆل

کبوترهای صلح ! / رشاد – مصطفی سلطانی

پیام کبوتران صلح :  بعد از مرگمان بدنبال قبر ما نگردید ، آرامگاە ما در …