سێ شه‌ممه‌ 17 تشرینی یه‌كه‌م 2017
ماڵەوە / وتار / گوتاری ئێران و «مەترسیی» سەربەخۆیی کوردستان / مەعروف کەعبی

گوتاری ئێران و «مەترسیی» سەربەخۆیی کوردستان / مەعروف کەعبی

هێرشی داعەش بۆ عێراق و لە ئاکامدا لە‌یەک دابڕانی ئەو وڵاتە هەلێکی بێ‌وێنەی بۆ خەڵکی کورد لە عێراق بۆ وەدیهێنانی سەربەخۆیی ڕەخساندوە. ئەم ئاڵوگۆڕانە لە ناوچەکەدا هەم پێشتر و هەم ئێستاش داییمە کاریگەریی خۆیان لە سەر کوردانی دانیشتوی وڵاتانی هاوسێ بوە. لە لایەکەوە خەڵکی کورد لە ئێران ئەو ئاڵوگۆڕانەیان لە نزیکەوە شوێن گرتوە و لە لایەکی دیکەوە «گوتاری ئێران» خۆی بە ڕۆژنامە و میدیاکانەوە کوتاوە تا ئێرانێکی نەگۆڕدراوی چەند هەزار ساڵە وێنا بکات و ئەگەری «جیابوونەوە» پوچەڵ بکاتەوە. ئەو گوتارە هەم نامێژووییە و هەم قین ڕوێنە. داییمە لە بیری ئەچێت کە لە دوو قوناخی دیاریکراوی سەدەدی بیستەمدا کوردەکان لە ئێران (ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی کورت) بەڵام لە خودموختارییدا ژیان و نەک تەنها بۆ خەڵکانی دیکە مەترسیی نەبوون، بەڵکوو بوە ئامانجی سەردانی ئەوان و مەکۆی گەشەی سیاسیی و کولتووریی و پەرەپێدانی خۆشەویستیی لە نێوان خەڵکەکان.

 

مەبەست لە«گوتاری ئێران» کۆمەڵێک گریمانە‌ی زاڵه کە خاڵی دەسپێکەری بریتییە لە «ئێران» وەک داهاتێکی چەسپاو و نەگۆڕدراوی مێژوویی کە خاوەنی ڕاستەخەتێکە بۆ ٢٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. تا ئەو جێگای بە بابەتی کورد دەگەڕێتەوە گریمانە زاڵەکان بریتین لە: (١) کورد لە ئێراندا جێکەوتوە واتە تواوەتەوە و بوەتە ئێرانیی (٢) ئەوان، بە پێچەوانەی کوردەکان لە عێڕاق، خاوەنی پەیوەندی ڕەگەزیی و درێژخایەنی مێژوویی لە گەڵ ئێڕانییەکانن و کەوابوو بەشێکن لە ئێڕان (٣) ئەگەرچی هەڵاواردن بوونی هەیە و دەبێ سیاسەتی دوورلەناوەند بۆ نەهێشتنی هەڵاواردنەکان ڕچاو بکرێت، بەڵام ئەم گوتارە لای وایە ستەمی نەتەوایەتیی و زوڵم لە بەر کوردبوون ئیتر بوونی نییە (٤) کورد قەومە نەک میللەت. ئەمە لە پەناوە بەو مانایە کە کورد بەشێکە لە میللەتێکی گەورەتر واتە ئێرانیی و کەوابوو لە باری «زانستیی» بۆی نییە خاوەن دەوڵەوت بێت.

گریمانەکان بە پێی بۆچوونە سیاسییەکان جۆراوجۆری بەخۆیانەوە دەبینن و بەمانەی سەرەوە بەرتەسک نابنەوە. کەچی خاڵی دەسپێکەریان زۆربەی کاتەکان هەمان خاڵە. ئەم گریمانانە لە ڕێگای فێرکردن و ڕاهێنان (آموزش و پرورش)، بنەماڵە، و لە ڕێگای دەسەڵاتەوە بەرهەم دێنەوە. بنەمای وشکەبیری «ئێران» سەرەڕای بۆچوونە سیاسییەکان و شارەزایی بوارەکان، ڕەوایەتێکی مێژوویی ڕۆژهەڵاتناسانە و ناسیۆنالیستە کە تێیدا کورد وەک بەشێکی جیانەکراو لە نیهادێکی یەکچووی مەزنتر دەست نیشان دەکرێت و نە وەک خەڵکێکی هەمەجۆر کە هەم گەلێک بواری هاوبەشی مێژووییان لە گەڵ خەڵکانی نزیکیان تێپەڕ کردوە و هەم بۆ خۆیشیان خاوەن ڕێگا و خاڵگەلێکی تایبەت بەخۆیانن. گوتاری ئێران زۆرجاران بە پێچەوانە هەڵوێست ئەگرێتەوە. پێگەی ژیردەستی خەڵکی کورد لە وڵاتێک کە کولتووری فارسیی بوەتە باڵادەست و سەروەر، بۆچوونی «کورد وەک بەشێکی جیانەکراوە» بەهێز ناکات، کەچی ئەوانی وەک «غەیرە» لێ کردوە. هەروەک بێهنام ئەمینی (٢٠١٢) کۆمەڵناسێکی کورد سەرنجی داوە، گوتاری ناسیۆنالیستی ئێڕرانیی لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانییەوە بە نهێنی شێوەکانی جۆربەجۆری توخمی گوتاری ڕۆژهەڵاتناسیی بۆ دیاریکردنی پێناسەی خەڵکەکان و لەوانە کورد وەک ژێڕدەستە و دواکەوتوو و لادێیی بەکارهێناوە.

لەمەزیاتر، «فرهنگ محلی» واتە کولتووری ناوچەیی کە وەک وشەیەک بەکارهێنراوە تا شێوه‌ی ژیانی خەڵکەکان دەست نیشان بکات، تەنها ئەو کاتە مانای خۆی دەدۆزێتەوە کە لە پەیوەندی لەگەڵ کولتوورێکی ناڕوونی ناوەند، واتە ئێرانیی، بەراوەرد بکرێت. هەروەها ئەو کاتەی وا پێویستیی بە پڕۆپاگاندا بە تایبەت لە لای دەسەڵات خۆی دەردەخات، داخوازییەکانی کورد بە پیلانی دەرەکیی لە دژی وڵاتێکی یاسایی گرێ دەدرێت و بەمجۆرە بەکارهێنانی زەخت و سەرکوت شەرعییەت وەردەگرێت.

 

ئەوەیکە لە بەرامبەر وەها گوتارێک دەبێ جەختی لە سەر بکرێت ئەوەیە کە مێژووی خەڵکی کورد لە ئێران چەند لایەنی هەیە. لە لایەک ئەو مێژووە بە خەباتێکی درێژخایەن بۆ وەدیهێنانی ماڤی سیاسیی لە بەستێنە جیاوازە مێژووییەکان پێناسە دەکرێت. لە لایەکی دیکە، کورد لە ئێران وەک خەڵکێکی هەمەڕەنگ (نەک وەک گشتێکی یەکجۆر یا متجانس) گۆڕانکارییەکی قوڵی ئابووریی-کۆمەڵایەتیی و سیاسییان لە نیو سەدەدا تاقی کردوەتەوە و ئەمە بە گوێرەی ئابراهامیان (٢٠٠٨) وەک مێژووزانێکی بەناوبانگی ئێران «مێژووێکی هاوبەش»ی خولقاندوە. که‌وابوو ئەمە حاشاهەڵنەگرە کە گۆڕانکارییە مەزنەکان پەیوەندی (لە زۆر جێگا پڕبایەخی) ئابووریی-کۆمەڵایەتیی و کولتوورییان خولقاندوە و ئەم ڕاستییە نابێ لە بەرچاو ون بکرێت. ئەم پەیوەندییانەن کە بایەخ وەردەگرن نەک پەیوەندی «ڕەگەزیی» کە ئەگەرچی بە ڕواڵەت پشت ئەستوورە بە بۆچوونی «زانستیی» بەڵام ڕەگەزپەرەستانە و لە باری مێژووییەوە بێ بایەخە. لە هەمان کاتدا و لەبەر تێکۆشانەکان و هۆکارە ئینسانییەکانی گۆڕان، خەڵکی کورد توانیویەتی خەباتی خۆی بۆ ماڤە سیاسییەکان لە ناخی زوڵم و دژوارییەکاندا درێژە پێ بدات.

ئەمە ڕاست ئەو بەستێنەیە کە هێزە چەپ و دیمۆکراتییەکان خوازییاری ماڤی چارەنووس لە چوارچێوە و نەک لە دەرەوەی ئێران‌دا بوون و دروشمەکانیان ڕەنگدانەوەی ئەو پەیوەندییە مادییانەیە لە کۆمەڵگادا پێک هاتوون.

 

لێرەدا وەک کۆبەندیی تەنها کورتەیەک لەو باسە کە لە جێگای دیکەدا شیی کردنەوەی زۆرتری بۆ کراوە، بۆ دەوڵەمەند کردنی باسەکان لەم پەیوەندییەدا پێشکەش دەکرێت. ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیی و سیاسییانە دەکرێ بۆ جەخت کردنە سەر ئەو پێویستییە کەڵکی لێ وەربگیرێت کە: کوردستانێکی دیمۆکرات و ئازاد، لەو شێوە و چوارچێوەی کە بە گشتپرسیی دیاری دەکرێت و ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکان و بۆ سڕینەوەی زوڵم و سەرکوتە، دەسکەوتێکی بەنرخە بۆ دیمۆکراسیی لە ناوچەکە و لە هەموو جیهان.

مێژووی کوردستان خاوەن دوو خاڵی وەرچەرخانی سیاسییە: کۆماری کوردستان لە مەهاباد (١٣٢٤) و ڕاپەڕینی گەڵانی ئێران (١٣٥٧) لە هەر دوو ئەو ڕووداوانەدا هەلی دەسخستنی دەسەڵاتی خۆیی ڕەخساوە. ئەمە دیارە بە بەرتەسکییەکانی خۆیەوە و لە ژێر ناوی خودموختاریی. لە نێوان ئەو دوو خاڵەدا کۆمەڵگای کوردستان و کۆمەڵگاکانی دیکە لە ئێران گۆڕانکارییەکی مەزنی ئابووریی-کۆمەڵایەتیی و سیاسییان تاقی کردەوە کە ئاکامی زۆر گرینگی لێ کەوتوەتەوە. کوردستان لە نوێسازییەکانی ژێر دەسەڵاتی پەهلەوییەکان لاوازترین ئاڵقە بوە. جیاوازیی بنەڕەتی دێ و شار، کرێکاری وەرزیی، «حەماڵ» و کرێکاری و فەعلای هەرزان و بێ‌زەوی و هتد، هیچ نەبوون جیا لە داهات و بەشێک لە ئاکامەکانی چاکسازییەکان. بۆ لایەنە «باشەکان»ی چاکسازیی لێرەدا یەکجار گرینگە هۆکارەکانی گۆڕان دەست نیشان بکرێن و سەرکەوتنەکان بۆ خانەی شا نەگۆزرێنەوە، ئەگەرچی دەوڵەت‌یش یەکێک لەو هۆکارانە بوە لە پەنای بزووتنەوەی ژنان بۆ چاککردنی پلەی ژن لە کۆمەڵگا و بنەماڵە، نووسەران و خوێندەواران وەک گەشەپێدەری سەواد و زانیاریی.

بەمانە بەدڵنیاییەوە گەڵێک بابەتی دیکە دەبێ بگونجێت. گرینگ لێرەدا پیش لە شیی کردنەوەیەکی خەس و بەجێ، زەق‌کردنەوەی خاڵی دەسپێکردن و گونجاندنی لایەنە جۆربەجۆرەکانە بۆ گەیشتن بە جواب و تێگەیشتنێکی هەمەلایەنەتر لە بارودۆخی ئێستا.

 

کۆتایی

لەمپەرێکی مەزن لە بەرامبەر تێگەیشتنی خەڵکەکان لە مێژوو و گرفتەکانی ئەمڕۆ لە ئێران ئەو گوتارەیە لێرەدا بە ناوی «ئێران» ناوی دەبەم. گوتارێک کە بە پێی بەرژەوەندیی خۆی جارێک کورد دەکاتە ئێرانیی (کە ڕەوایەت و ناوێکی لێڵ و ناڕوونە) و لە سەر خۆی دادەنێت، جارێک داهاتە مێژووییەکان زەوت دەکات و لە ڕەوایەتە مێژووییەکاندا کورد دەسڕێتەوە. نموونەکان بۆ یەکەمیان بارودۆخی ئێستایە و «مەترسیی» سەربەخۆیی و کاریگەرییەکەی لە سەر خەڵکی کورد لە ئێرانه. بڕواننە بەرنامەی « بە عبارت دیگر» لە ڕۆژی ١٥ جولای کە وتووێژێکی ٢٥ سال لەمەوپیشی عەبدولرەحمان قاسملو بڵاو دەکاتەوە. لە جێگایەکدا قاسملوو ئاماژە بە ئێرانی بوونی کورد دەکات. وا پێ دەچێت هۆی ئەوەیکە ئەو وتووێژە ئەمڕۆ (دووبارە یان بۆ یەکەمجار؟) بڵاو دەبێتەوە، زۆرتر لە بەر «مەترسیی» سەربەخۆیی و کەمتر لە بەر چۆنییەتی تیرۆری ئەو کەسایەتییەیە. نموونە بۆ خوێندنەوی دووهەم شەڕ لە سەر پێکهاتی ئیمپراتوریی ماد و داهاتگەلێکی بەوجورەیە.

«گوتاری ئێران» و گریمانەکانی لە سەرچاوەی ڕەوشت و بۆچوون و هەڵوێستەکان جێگای گرتوە. تێنەگەیشتن و لە ئاکامدا ناکۆکیی و توندوتیژییش پەرەپێدەدات. (بڕواننە خۆپیشاندانی ژمارەیەک لە ئێرانییەکان لە ستۆکهۆڵم لە دژی «تجزیە‌طلبی» یا جیاخوازیی). لە گۆتاری ئێراندا خواستی سیاسیی وەک ئەوەی خەڵکی کورد بەرامبەرە لە گەڵ جیاخوازیی و جیابوونەوە لە گشتێکی شەرعیی و یاسایی بە سنووری دیاریکراوەوە.

لە بەرامبەردا هەرجۆرە جیابوونەوە یا سەربەخۆییەکی سیاسیی-ئیداریی (لە هەر شکڵێکدا کە خەڵک دیاری دەکات) هیچ دابڕانێکی «نایاسایی» یا «ناشەرعیی» پێناسە ناکات. ئەوەی دەبێ جەخت بکرێتە سەری گەشەی دیمۆکراسیی و باشبژیی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی هەموو خەڵکەکانە. لەمەدا مەترسییەک بەدی ناکرێت. هەربەوجۆرەی خودموختارییەکانی ١٣٢٤ و ٥٨-١٣٥٧ مەترسییەکیان بۆ ئەو بایەخە کۆمەڵایەتیی و ئینسانییانە نەخولقاند.

٢٥ پووشپەڕ ١٣٩٣

 

یادداشت

وتووێژ لە گەڵ بێهنام ئەمینی، رادیۆ زەمانه‌ ٤/١/١٣٩١:

www.radozamanaeh.com/society/humanrights/2012/03/23/12352سەردانی سایت: ٢٤ مارچ ٢٠١٢.

ئابراهامیان، ئ. (٢٠٠٨) مێژووییەکی ئێرانی هاوچەرخ (ئینگلیزی). کامبریج: چاپی کامبریج.

بۆ شیی کردنەوەیەکی زۆرتری «گوتاری ئێڕان» و باسەکانی گۆڕانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە کوردستان لە ئێران بڕواننە: «کردستان در بطن مدرنیزاسیون و انقلاب» لە ماڵپەڕەکانی هەڵوێست، زاگرۆس پۆست، عصر نو.

 

بابەتی هاوپۆل

پاسخ کوتاه‌ يک “ناسيوناليست کرد” به‌ ” حقيقت هاي تاريخي ضربدر ناسيوناليسم کرد ” آقاي ايرج فرزاد

کامران امين آوه‌