مێژوی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی، وه‌ك هه‌ر یه‌کێك له کۆمه‌ڵگه‌کانی دیکه‌ی جیهانی ئیسلامی (من گوزارشتی جیهانی ئیسلامی وه‌ك چه‌مکێکی ڕاڤه‌کار به‌کارناهێنم، چونکه ده‌زانم ناوه‌ڕۆکێکی دامه‌زراوی نیه، به‌ڵام ته‌نها ده‌سته‌واژه‌یه‌که بۆ ئاماژه‌کردن به پانتاییه‌کی جوگرافی که ڕه‌نگه یارمه‌تی خوێنه‌ر بدات بۆ تێگه‌شتن له‌وه‌ی که باسیده‌که‌م)، له‌نێو ئایندا دروستبوه و له‌نێو ئایندا ده‌جوڵێته‌وه و به‌بێ وه‌رگرتنی ئاین وه‌ك مه‌یدانی توێژینه‌وه زۆر ئه‌سته‌مه ئێمه له “فاکته کۆمه‌ڵگه‌ییه‌کان” تێبگه‌ین.
ئاین (کاتێك باس له ئاین ده‌که‌ین بێگومان مه‌به‌ستمان له ئاینی هه‌ژمونداره، واته ئیسلام) وه‌ك ده‌رکه‌وته‌یه‌ك له‌نێو « ترانسانداس/فه‌وقیه‌ت “له ئاسمانه‌وه بۆ زه‌وی، له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه، له خواوه بۆ مرۆڤایه‌تی” » ده‌کرێت مه‌یدانێکی گرنگی تیۆلۆژیا یاخود فه‌لسه‌فه بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه گرنگه، ئه‌وه‌ی پرسیاری ئێمه‌یه ڕه‌هه‌ندی “ترانسانداس/فه‌وقی” ئاین نیه، به‌ڵکو چۆنیه‌تی ده‌قگرتنێکی له‌نێو مێژوی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا وه‌ك ده‌زگا؛ واته خۆله‌چاپدانه‌وه‌یه‌تی وه‌ك کتێبێکی ده‌زگایی، خۆوه‌رگێرانیه‌تی بۆ ده‌زگایه‌كی مێژویی که له‌نێو هه‌زار ساڵی ڕابوردودا، وه‌ك سیستمێك له جه‌بری ده‌سته‌جه‌معی، به‌سه‌ر ته‌واوی کێڵگه‌کاندا کشاوه و هه‌ژمونی خۆی فه‌رزکردوه.
له‌نێو ئه‌م سیستمه جه‌برگه‌راییه‌دا، بست به بستی لاشه‌ی ژن، ژنی لاشه، ژن وه‌ك لاشه، به چه‌ندین نۆرم، یاسا، گره‌و، ستراتیژ، حه‌رام، حه‌ڵاڵ، جائیز، مه‌کروهو موباح ڕێکخراوه. سه‌ر، قژ، چاو، لوت، لێو، چه‌ناکه، مل، سنگ، سک، ڕان، پێ، پێشه‌وه، پاشه‌وه، شان، پشت، پێکه‌وه له‌نێو ڕێکخستنێکی هارمۆنیدان، وه‌ك “ئیقاعێکی” مۆسیقی ڕێکخراوان، له‌سه‌ر یه‌ك ئاهه‌نگی تایبه‌ت ده‌جوڵێنه‌وه.
له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانیدان، پێش له‌دایکبونی هه‌ر ژنێك، ئاین جیهانی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ئاماده‌کردوه، جیهانی کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ك هه‌ر بۆ ده‌رکه‌وتنه‌کانی وه‌ك یه‌که‌یه‌کی “یه‌کگرتوی یه‌کگرتوکراوی یه‌کگرتوکار” له پانتاییه گشتی و تایبه‌ته‌کاندا، به‌ڵکو بۆ هه‌ر “پارچه‌یه‌ك” له لاشه سیستمیه‌که‌یشی.
لێره‌وه ئه‌م ستراکتۆره ده‌زگاییه، جه‌برگه‌رایه، مێژوییه، پارچه‌کانی لاشه‌ی ژن، له‌سه‌ره‌وه تا پێ، ده‌خاته به‌رده‌م تاکه گریمانه‌یه‌که‌وه که بریتیه له “ئیندیماج”؛ واته چۆنیه‌تی تێکه‌ڵبون، توانانه‌وه، ئاوێزانبون، چونه‌نێو چوارچێوه ئاماده‌کراوه‌کانه‌وه. واته لاشه‌ی ژن لێره نیه بۆئه‌وه‌ی که ببێت به مه‌یدانی به‌دیهێنانی خواست، خه‌ون، ئاره‌زو، به‌رژه‌وه‌ندی و ستراتیژیه “فه‌ردیه‌کانی” ژن وه‌ك خودێکی سه‌ربه‌خۆی “ئازادی ئازادکراوی ئازادکار”، به‌ڵکو لاشه‌ی ژن لێره‌یه بۆئه‌وه‌ی به باشترین شێوه خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و نۆرم و جه‌بره کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌دا ڕابێنێت که ئه‌م ماکرۆ ستراکتۆره ده‌زگاییه له‌نێو مێژویه‌کی کۆمه‌ڵگه‌یی هه‌زار ساڵه‌دا دروستیکردون و جیهانی کۆمه‌ڵایه‌تی پێڕێکخستون.
له‌نێو ئه‌م ده‌زگایه‌دا سه‌ری ژن فێری ئه‌وه‌ده‌کرێت که که‌ی، چۆن، له‌کوێدا خۆیداپۆشێت یان خۆی ده‌ربخات. ده‌می ژن فێری ئه‌وه‌ده‌کرێت که که‌ی، چۆن، له کوێدا خۆی بکاته‌وه یان خۆی دابخات، چاوی ژن فێری ئه‌وه‌ده‌کرێت که که‌ی، چۆن، له‌کوێدا خۆی کزبکات و بۆ به‌رده‌می خۆی بڕوانێت یان به‌ته‌واوی خۆی بکاته‌وه و ڕاسته‌وڕاست بروانێت، …، هه‌ر ئۆرگانێك له ئۆرگانه‌كان، به‌مشێوه‌یه له‌نێو سیستمێك له نۆرمدان و ڕوبه‌ری “نۆرماڵیزه‌کراویان” بۆ ئاماده‌کراوه.
ماکرۆ ستراکتۆری ئاینی، وه‌ك هه‌ر ده‌زگایه‌کی کۆمه‌ڵگه‌یی، له‌په‌نای هه‌ر نۆرمێکدا (نۆرم بریتیه له چوارچێوه‌یه‌ك، هه‌ر چوارچێوه‌یه‌کی ئه‌خلاقی، کولتوری، یاسایی، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی،…، که دواتر ده‌بێت به‌و پێوه‌ره‌ی که ئاستی نۆرماڵبونی “ئاسایبونی” هه‌ر کرده‌یه‌ك ده‌پێوێت) چوارچێوه‌یه‌ك له سزایشی هه‌یه.
تا ئه‌و کاته‌ی که لاشه‌ی ژن له‌نێو ڕوبه‌ری نۆرمه پشێنیارکراوه‌کاندایه، ئیدی وه‌ك کائینێکی پاك، بێگه‌رد، ته‌ندروست، خاوێن، وه‌ك برغویه‌کی کارا له‌نێو ماشینه گه‌وره‌که‌دا، وه‌ك کۆپله‌یه‌ك له شیعرێکی وه‌زن و قافیه‌دار، وه‌ك نۆتێك له ئاوازێکی مۆسیقی ده‌خرێته سه‌ر شانۆ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان.
له دۆخێی ئاوادا، لاشه‌ی نۆرماڵیزه‌کراوی ژن ده‌بێت به جێگای شانازی ئه‌وانیتر، ده‌بێت به گرانبه‌هاترین کاڵای فرۆشتن و کڕین، ئه‌و نرخه‌ی که ده‌خرێته سه‌ر هه‌ر ئۆرگانێکی لاشه ماڵایکراوه‌که‌ی زۆرتره له نرخی هه‌مو شته‌کانی دیکه. ئه‌م لاشه‌یه ئیتر به‌ته‌نها ژنێکی تیادا ناژی، به‌ڵکو شه‌ره‌فی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کیشی تیادا ده‌ژی!
هه‌ر لادانێك، هه‌ر هاتنه ده‌ره‌وه‌یه‌ك، هه‌ر یاخیبونێك، هه‌ر پرسیارکردنێك له‌م نۆرمه مێژوییه کۆمه‌ڵگه‌ییانه، له‌لایه‌ن ئه‌کته‌ره کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به‌گشتی و ژنان به‌تایبه‌تیه‌وه، وه‌ك سنورشکاندن، هه‌تککردن، دورکه‌وتنه‌وه له شه‌ره‌ف، پیسبون ده‌خرێته سه‌ر شانۆ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان. ئاین وه‌ك ماکرۆ ستراکتۆری ده‌زگایی، کۆمه‌ڵگه‌یی، لۆکالیزه‌کراو، نه‌ك وه‌ك دیارده‌یه‌کی یونیڤێرسالی بێ زه‌مانی، بێ مه‌کانی، بێ کولتور، دێت و نه‌فره‌تێكی هه‌میشه‌یی، نه‌فره‌تێکی ڕه‌شی بینراو له هه‌مو لایه‌که‌وه، ده‌خاته سه‌ر هه‌مو ئه‌و که‌سانه‌ی که به‌جۆرێك له جۆره‌کان، له ئاستێك له ئاسته‌کاندا، گومان له‌سه‌ر جه‌بره ده‌ره‌کیه پشترئاماده‌کراوه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان دروستده‌که‌ن و به‌دوای خۆیاندا، خۆیان وه‌ك مرۆڤی ئازاد‌دا ده‌گه‌ڕێن.
به‌ڵام ئایا ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه که ژنی کوردستانی، له‌م جه‌نگه توندوتیژه‌دا، هه‌مو چه‌که‌کانی “ته‌سلیم”کردوه و بۆ هه‌میشه‌یی کڕنوشی بۆ جه‌بره‌کان بردوه و پشتیکردوه‌ته هه‌مو فۆرمه‌کانی به‌ره‌نگاریبونه‌وه ؟