کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و پوختەی ئەرک/ جەلیل ئازادیخواز

باس و خواسەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، دوای کۆیەک هەڵکشان و داکشان وا دیارە کە دیسان دەکەوێتەوە ڕۆژەڤ. هێزەکانی کورد لە بارودۆخێکدا سەرەقاڵی بەستنی ئەم کۆنگرەن کە پرسی کورد لە هەردوو بەستێنی ناوخۆ و دەرەوەدا دووچاری زۆر ئالۆزی شیاوی لەسەر وەستان بووە. گرفتەکانی ناوخۆیی ئێستای کورد، لە چەند رووبەری دیاریکراودا، کە دەتوانین سەرەکی ترینیان لەم خاڵانەی خوارەوەدا کۆبەند بکەین، بە بەرجەستەیی خۆیان نیشان داوە:

١_ ئالۆزی بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان و روانینی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەم دەڤەرە، هەڵسوکەوتی پەیەدە و پەیوەندی ئەم هێزە و دەسەڵاتی سووریا، روانگەی تورکیا بۆ ئەم هەل و مەرج و گۆرانکاریانە، جۆری پەیوەندیەکانی حکومەتی باشوور و تورکیا و رۆلی هێزی بەناو ئۆپۆزیسوینی سووریا و هەڵوێستی هێزەکانی رۆژئاوا و ناوچە لە سەر ئەم پارچە بەتایبەتی و سووریا بە گشتی، هەندێک لەو ئالۆزیانەن کە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد رووبەڕووی بۆتەوە. دیارە روانگە و هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانی و شرۆڤە و هەڵوێستی بۆ ئەم پارچە و دیاردەکانی زۆر گرنگە بەڵام هاوسنووری پارتی و تێوەگلانی راستەوخۆی لەم دۆخە، پێگە و رۆڵی پارتی بەرچاوتر دەکات.

٢_ پەیوەندی پەکەکە و ئێران و رۆڵی پەژاک لەم پارچە و روانگەی هێزەکانی رۆژهەلات و هەرێمی باشوور ورۆلی گرنگی یەکیتیی نیشتمانی لەم دەڤەرەدا یەکێکی دیکەی ئەو ئاڵۆزیانەن کە کۆنگرە رووبەڕووی دەبێتەوە

٣_ نەبوونی دانووستانی پێشتر و هەرا و و زۆر رەهەند لە سەر بابەتەکانی کۆنگرە و نادیاربوونی هەڵوێست و روانگەی بزوتنەوەی گۆران لە سەرکۆی ئەم دیاردە و بابەتانە و هەوڵی هێژمۆنی سەپاندنی چەند لایەن بەسەر ئەم کۆنگرەیەدا، ئالۆزیەکی دیکەی ئەم چرکەساتەیە کە گۆنگرە رووبەڕووی بۆتەوە.

٤_ پەیوەندی و هەڵوێستی هێزە کوردستانیەکان لەگەل دەوڵەتانی دراوسێ و دەسەڵاتی باشوور ومامەڵەی ئەم حکوومەتە یەکێ تر لە ئاڵۆزیەکانی ئێستای بەردەم کۆنگرەی نەتەوەیی کوردە.

سەرەرای ئەم بارودۆخە، ئەو خاڵانەی کە باسکران، کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە راستیدا خۆی سەرقاڵی هەندێ بابەت و باس کردووە کە نەکاری کۆنگرەیە و نە لەم چرکەسات و هەلومەجەشدا دەتوانرێ بە هاسانی چارەسەر بکرێن. کۆنگرە دەبێ بزانی نە حیزبە و نە دەوڵەتی نەتەوەیی کورد و زۆر بە راشکاوی و هۆشیاری دەبێ خۆی لە هەردوو ئەم بابەتە دوور بخاتەوە. پرۆژەی راگەیاندنی کوردی و ئەو هەموو کۆمیسیۆنەی کە بۆ خۆی سازی کردوون، لە راستیدا زیادین و وزە و کاتی کۆنگرە دەگرن و رەنگە گرفتی ناهەمواری بۆ ساز بکەن. بۆیە بۆ دوورکەوتنەوە لە مانە و گەڵاڵەکردنی ئەرک و چاوەروانییەکانی کۆنگرە، دەخوازرێ کە کۆنگرە بە شێوەیەکی کۆنگرێت خۆی تەرخانی ئەم کۆ خالە هەرە گرنگ و ستراتێژیانە بکات کە رێک ئەرک و کاری کۆنگرەی نەتەوەیین:

١_ کۆنگرە سەرەتا و پیش هەموو شتێک دەبێ دواکارییەک پێشکەشکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بکات بۆ ئەوەی لەم رێکخراوە جیهانییەدا کورسی چاودێر بدرێتە نەتەوەی کورد و لێژنەیەک تەرخانی ئەم کار و ئەرکە گرینگە بکات.

٢_ کۆنگرە لەم هەل و مەرجە ناسک و پڕ مەترسییەدا کە گەلی کوردی پیدا تێدەپەرێت، دەبێ داوکارییەک ئاڕاستەی شۆڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات و خوازیاری دابینکردنی کورسی چاودێر بیت بۆ کورد و مافی مرۆڤی کورد لەم ڕیکخراوە جیهانیەدا

٣_ کۆنگرە دەبێ زۆر کۆنکرێت و بەرجەستە پێناسەی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی بکات و هەموو هێزە کوردیەکان بە پەیمان و پرێنسیپ رەچاوی ئەم پێناسە و پرێنسیپە بنەڕەتییە بکەن

٤_ کۆنگرە دەبێ راشکاو و کۆنکرێت، پێناسەی ئاسایشی نەتەوەیی بکات و کۆمیکانیزمی بۆ دابین بکات تا هەمووان پارێزەری ئاسایشی نەتەوەیی بن

٥_ کۆنگرە دەبێ شەیی کورد و کورد و ناوخۆ بە هێلێ سوور بزانێت و بە پرێنسیپ و پەیمان هەمووان رەچاوی ئەم حەرامە نەتەوەییە بکەن

٦_ کۆنگرە دەبێ بە روونی و راشکاوی ئەم بریارە بکاتە پرێنسیپی گشتی کە نابێت هیچ پارچەیەکی کوردستان لەسەر حساب و بە زیانی پارچەیەکی دیکەی کوردستان هاوکاریی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بکات

٧_کۆنگرە دەبێ ئەم واقع و راستییە بسەلمێنێ کە هیچ هێز و لایەنێکی تری پارچەکانی کوردستان، دەستێوەردانی راستەوخۆی پارچەیەکی دیکەی کوردستان نەکات

٨_ کۆنگرە دەبێ بۆ زمانی پێوەر و پاشاگەردانی زمانی کوردی بڕیار بدات و هەموو رەچاوی ئەم بڕیارە بکەن

٩_ کۆنگرە دەبێ لە مەنشوورێکی کراوەی مۆدێرنی دێموکراتیکدا، ئاوڕ لە کێشەی ژنانی کورد بداتەوە و کۆیەک پرێنسیپی گشتی بسەلمێنێ لە بەرژەوەندی ژنان و لەگەڵ یاسا و رێسا و ژیانی مۆدێرنی ئەمڕۆیانە بێتەوە

دیارە زۆر خاڵ و بابەتی دیکەش هەن کە کۆنگرە دەتوانێ ئاوڕیان لێ بداتەوە و بە شێوەیەکی کۆنکرێت بچێتە سەریان، بەڵام وادەزانم ئەم کۆخاڵە لەو خاڵە سەرەکییانەن کە کۆنگرە دەبێت و پێویستە بە وردی و گونجاوی لەسەریان راوەستێت.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.