سێ شه‌ممه‌ 12 كانونی یه‌كه‌م 2017
ماڵەوە / کوردستان / کۆمه‌ڵه ده‌ستێوه‌ردانی ئێران‌ی له باشوور مه‌حکوم‌ کردو داواکاریشیی له خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵات هه‌یه

کۆمه‌ڵه ده‌ستێوه‌ردانی ئێران‌ی له باشوور مه‌حکوم‌ کردو داواکاریشیی له خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵات هه‌یه

له درێژه‌ی ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌و به‌ڵێنی کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به پێشگرتن به سه‌ربه‌خۆیی باشوری کوردستان، نوێنه‌ری شاری ورمێ، که به نه‌ته‌وه‌ کوردو سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی سونیه‌کانی ئێرانیشه رایگه‌یاندووه رێگه‌ نادات ده‌وڵه‌تی کوردی دروست بێت. دوابه‌دوای ئه‌وه ناڕه‌زایه‌تییه‌ک سایته کوردیه‌کانی گرته‌وه‌و کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان‌یش راگه‌یاندنێکی بڵاو کردووه‌ته‌وه‌و تێیدا سه‌ره‌ڕای مه‌حکومکردنی ده‌ستێوه‌ردانی کۆماری ئیسلامی، چه‌ند داواکارییه‌کیشی له خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵات کردووه.

راگەیاندنی کۆمەڵە سەبارەت بە هەڕەشە و لێدوانی دوژمنکارانەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دژ بە مافی چارەنوسی کوردی باشور:

دوای هێرشەکانی داعش بۆ سەر بەشێکی بەرچاوی خاکی عێڕاق و هەرەسهێنانی سوپای عێراق لە لایەکەوەو، لە لایەکی دیکەوە بەرگریی هێزی پێشمەرگە لە ناوچە کوردیەکانی دەرەوەی هەرێم و، بەرپەرچدانەوە و بەرگرتنی داعش، دۆخێکی نوێ لە عێڕاق هاتۆتە ئاراوە کە هەلی مێژویی بۆ خەباتی رزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان گونجاندوە.

هێزە سیاسیەکانی باشوری کوردستان نیشانیاندا کە دەتوانن بە یەکگرتویی بەرەوڕوی پێشهاتەکان بنەوە و لەسەر بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستان، سەرەڕای جیاوازیی بیروڕا، یەکگرتویی وەدیبێنن.

گومان نیە لەوەی ئەم هەلومەرجە نوێیەی وا لە عێڕاق رەخساوە، کۆماری ئیسلامی ئێران تێیدا زیانمەند بووە و بە تایبەتی لە پێشوەچونەکانی کورد ترس کەوتۆتە گیانی. بۆیە کاربەدەستانی ئەم رژێمە هەر لە گەورە و بچوکەوە، لە بەرپرسانی باڵای لەشکری و سیاسی تا قوڵە بەرپرس و پارلەمانتارە کوردە بێ دەسەڵاتە خەڵک فرۆشەکان، دەستیان کردوە بە دژایەتیکردنی داخوازییەکانی گەلی کورد لە عێڕاق و هەڕەشە کردن لێیان.

هاوکات مالیکی دوڕاو بەرانبەر بە داعش و سوپا بەزیوەکەشی، پتر لەوەی خۆیان دژ بە داعش تەیار بکەن، چنگ و ددانیان بۆ کورد تیژ کردوە و تا زۆرتر دەدۆڕێن، توندتر دژ بە کورد دەدوێن.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە هەمیشە داکۆکی لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد کردوە، بە پێویستی دەزانێ لەم داخوازیەی گەلی کورد و هێزە سیاسیەکانی لە باشور تا پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی بەرگری بکات. ئێمە وەک پڕەنسیپ، گەڕانەوە بۆ رای گشتی و دەنگی خەڵکی کوردستان، بە مافێکی رەوا و ئاسایی و دێمۆکراتیک دەزانین و دەیبینین. لە هەمانکاتدا پێویستە لە بەرانبەر ئەم هەڕەشە و دوژمنکاریەی داگیرکەرانی کۆماری ئیسلامی، گەلی کورد و تێکۆشەرانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاردانەوەیان هەبێ. بۆیە داوا لە هەموو خەڵکی کوردستانی ناو ئێران، بە تایبەتی رووناکبیران و چالاکانی مەدەنی و سیاسی دەکەین کە:

١. دژ بەم لێدوان و هەڕەشانەی کاربەدەستانی رژێم، لە ناو جەماوەر و خەڵکدا، لە هەموو کۆڕ و کۆمەڵێک بەرگری لە مافی رەوای خەڵکی کوردستانی باشور بۆ مافی چارەی خۆنوسین و گەڕانەوە بۆ رای خەڵک و رێفڕاندۆم، بکەن. ئێمە لەو هەلومەرجەدا دەتوانین ئەم بیر و داخوازییە بە قوڵی بەرینە ناو خەڵک.

٢. بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێ ئاژیتاسیۆنی گەرموگوڕ دژ بەو کەسانە وەرێبخەن کە بە ناوی کوردی ناو ئێران، دژایەتی ئەم مافە رەوایانە دەکەن، لێیان لە قاو بدەن تا لە ناو خەڵکدا ریسوا بن و بیر لە دوارۆژی خۆیان بکەنەوە.

٣. داوا لە لاوانی کوردستانی ناو ئێران دەکەین کە لە زانکۆ و خوێندنگا و شار و دێ، ریزەکانی رێکخستنی کۆمەڵە و پێشمەرگایەتی بەهێز بکەن و ئامادەگی دەرونی و سیاسی بەرنەسەر بۆ وەگەرخستنی کۆڕ و کۆمەڵی مەدەنی بۆ گوشارخستنە سەر رژیم لەم بوارانەدا.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە هەموو توانی خۆی لەم قۆناغەدا دیفاع لە یەکڕیزی و داخوازییەکانی گەلی کوردمان لە باشور بە ئەرکی خۆی دەزانێ و حەولی بۆ دەدات.

 

 

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

١٠/٧/٢٠١٤ زایینی یان ١٩ی پوشپەڕی ١٣٩٣

بابەتی هاوپۆل

کاسبکارێکی کورد بە هۆی دەستڕێژی ھیزەکانی رژیم بریندار بوو

کاسبکارێکی دیکەی کوردی خەڵکی شاری سنە لە لایەن ھێزەکانی رژیمەوە بریندار و رەوانەی بەشی ئای …