سێ شه‌ممه‌ 16 نیسان 2024
عەلیڕەزا قادری

وڵاتی سێدارە …/عەڵیڕەزا قادری

پەتی ئێعدامی وڵاتم لەسەر یەک حەڵقە کرێ ،
لە خوداوەندی بیابان و سەما تێدەپەڕێ .

وڵاتی سێدارە …
دیلی تاریکییە لوتکە و کەل و یاڵ ،
ئێوارەیە سەر مەستی وروژانی خەیاڵ .
با کەسەر باوە ، نە زریان و شەماڵ،
هەلی ڕاسانە ، نە بەزم و گڕ و گاڵ .

شار چراخان لە هەزار ڕەنگ و فلۆر ،
بیری تاریک و تەسک ، وەک بنی گۆڕ .
پەنگی زەلکاوە لە جێی ئاوی زوڵاڵ ،
هزری گنخاوە ، لە ژێر حوسنی جەماڵ .

لە دڵی ئینسی سەنا بێژی جن و تارمایی ،
عەشق و دڵداریی بڤە ، دۆزەخە ڕوناکایی .

دوژمنی دینە ئەوین ، باسی سەرە ،
حوکمی نێرینەیە ، فتوای زەکەرە .

نیشتمان دیل و کەساس و کش و مات ،
بوتی بێگانە خودا و، حاکم و سالاری وڵات.
دیلی تاریکییە لوتکە و کەل و یاڵ ،
نوقمی سێدارەیە شار ، هەموو جێژوانێ بەتاڵ .

پەتی ئێعدامی وڵاتم لەسەر یەک حەڵقە کرێ ،
لە خوداوەندی بیابان و سەما تێدەپەڕێ .

شەو پەرستانی بەری دار و تەناف !
هەل پەرستانی گزە و لاف و گەزاف !
سەری گشت لاوی وڵات گەر بخەنە گۆڕ ،
بیری ئازادیی دەژی ، هاوتەمەنی خۆر .

وڵاتی سێدارە !
سەر، چیای سەربە تەم و ، شۆڕەبی یە پەیکری باڵا،
داسی داماوی مەرگ ، سوجدە بەرێ قامەتی ئاڵا.

عەڵیڕەزا قادری

ئۆسڵۆ

بابەتی هاوپۆل

امید و مقاومت همگانی با ضرورت تداوم انقلاب زن، زندگی، آزادی

بازداشت و سرکوب و اعدام های گسترده در طول یک سال گذشته تا کنون، همگی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.