دوو شه‌ممه‌ 11 كانونی یه‌كه‌م 2017
ماڵەوە / كولتوور / “سەربانی هاوین”، له جوانترین 50 شیعری دنیا/ ئا: به‌ده‌‌سکاریه‌وه فه‌رهاد چۆمانی

“سەربانی هاوین”، له جوانترین 50 شیعری دنیا/ ئا: به‌ده‌‌سکاریه‌وه فه‌رهاد چۆمانی

شیعری “سەربانی هاوین” 11 ساڵ بەر لە ئێستا بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە و لە ساڵی 2004دا چاپکراوە. ئەمساڵیش لە ریزی شیعری شاعیرانی بەناوبانگی جیهاندا وەک نازم حیکمەت، تێد ھیوز، مارگارێت ئەتوود، ئەیدریەن میتچڵ و 45 شاعیری دیکە، هەڵبژێردرا. بڕیاری هەڵبژاردنی ئەم شیعرە لەلایەن دەزگای SouthBankdـ ەوە (ساوث بانک) دەرچوو، کە دەزگایەکی هونەرییە و تایبەتە بە مۆسیقا و شیعر و ھونەر. یەکێک لە گەورەترین فیستیڤاڵە نێونەتەوەییەکانی شیعر لە بەریتانیا لەم دەزگایە بەڕێوە دەچێت لە ژێر ناوی Poetry International Festival-دا، واتە فیستیڤاڵی شیعری نێونەتەوەیی. سایتی رۆژنامەی گاردیانی ئینگلیزی باسی لەوە کردووە کە “ئەم دەزگایە ماوەی ساڵێکە کار لەسەر خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو شیعرانە دەکەن کە لە ماوەی 50 ساڵی رابوردوودا نووسراون”.


هەموو شتێک لە خۆشەویستییەکی پەنھانەوە دەستپێدەکات، ئەو دەمەی کچێکی ھەرزەکار سەیری کوڕێکی دەکات کە لەسەربان جگەرە دەکێشێت. ئەم دوو کەسە لەنێو تاریکی شەودا دووراودوور سەیری یەکتر دەکەن، هەرگیز لەگەڵ یەکتر قسە ناکەن و هیچ پەیوەندییەکیش لەنێوانیاندا دروست نابێت. دوای چەندین ساڵ کچەکە چاوی بە کوڕەکە دەکەوێتەوە و دەبینێت کە پەنجەکانی قرتاون، ئیتر نە دەتوانێت فڵچەی نیگارکێشانەکەی هەڵبگرێت و نە چیتر سیگار بخاتە نێوان پەنجەکانییەوە. ئەو کچە ئێستا تەمەنی 40 ساڵە و خاتوونی شاعیر و نووسەری کورد چۆمان هەردییە.


ئەمە دووھەمین جارە شیعرەکانی چۆمان ھەردی لە وڵاتی بەریتانیا شوێنگەی تایبەتیان پێدەبەخشرێت. لە ساڵی ٢٠١٠دا، چوار لە شیعرە ئینگلیزییەکانی ھەردی چوونە پرۆگرامی خوێندنی ئەدەبی ئینگلیزییەوە و تائێستاش لە قۆناغی ئامادەیی جی سی ئێس ئی-دا (GCSE) بۆ تەمەنی ١٥ و ١٦ ساڵان دەخوێنرێن. بەمشێوەیەش بۆ یەکەمینجار شیعری شاعیرێکی کورد دەچێتە پرۆگرامی خوێندنی ئەدەبەوە لە وڵاتێکی ئەوروپیدا. لەم رێگایەشەوە قوتابیانی وڵاتی بەریتانیا لە دووتوێی شیعرەکانی ھەردییەوە تەنھا ئاشنای تەکنیک و فۆرم و ناوەرۆکی ھونەری شیعرەکانی نابن، بەڵکو بۆ تێگەیشتن لە شیعرەکانیش پێویستە ئاشنای مێژوو و دۆخی سیاسی و کولتووری کوردستان بن. 

شیعرەکانیش بریتین لە: ”لەسەر سنوور، ١٩٧٩“، ”داگیرکردن“، ”مووبەقەکەی دایکم“ و ”پەنەلۆپەکانی وڵاتی من“
ئەمساڵیش بۆ دووھەمین جار ھەردی دانپیانانێکی تری وەرگرت. شیعرەکەی چۆمان هەردی وەک یەکێک لە “پەنجا جوانترین شیعری خۆشەویستی” لە جیھاندا ھەڵبژێردرا. سەبارەت بەم نرخاندنە هەردی بە رووداوی گوت: “دیارە ئەم ھەڵبژاردنە بۆ منیش موفاجەئەیەکی زۆر خۆش بوو، چونکە ئاگاداری ئەم پرۆسەیە نەبووم. تیمی ھەڵبژاردنەکە بەبێ ئاگاداری شاعیرەکان بەم کارە ھەڵساون. تاکە مەرجێکش بۆ ھەڵبژاردن ئەوە بووە کە شیعرەکە لەسەر خۆشەویستی بێت و لە ماوەی پەنجا ساڵی رابوردوودا نووسرابێت. دیارە ستایلێکی دیارکراو لە هەڵبژاردنی شیعرەکاندا نەبووە، لە شێوازی (سۆنێت)ەوە تێیدایە (کە شکسپیر زۆر بەکاریهێناوە) تا شێوازی مۆدێرن و شیعری ئازاد”.

مانەوە و هەڵگرتنی یادگاری یەکەم ئەڤین لە تەمەنی سێزدە- چواردە ساڵی کچێکەوە، کە ئەڤینێکی دووراو و دوور بووە، لەسەربان و لە ژێر سایەی ئاسمانی پڕ ئەستێرەی شەواندا، بۆ من جێگەی پرسیار بوو، بە تایبەت لە دونیایەکدا کە ئیتر ئەڤین بەم مانایەی لای هەردی ماوەتەوە ئەستەمە رێکەوتی بکەین. چۆمان هەردی وەڵامی پرسیارەکەی دایەوە و گوتی: “نووسەرەکان لەسەر ئەو شتانە دەنووسن کە ئەزموونی مرۆڤەکانن بە گشتی. خۆشەویستی یەکێکە لەو تێمایانەی ھاوشان لەگەڵ لەدەستدان، مەرگی ئازیزان، جەنگ و ھەژاریدا لە ئەدەبیاتدا دووبارە دەبنەوە. ئەم ئەزموونانەش تایبەت نین بە نووسەرێک”.

کۆمەڵگا داخراوەکان بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕن لە نەریت و تابوو و سنووری گریمانەکراو لەنێو رەگەزەکاندا کە نزیکبوونەوە و خۆشەویستی سنووردار و هەندێکجاریش ئاستەنگ دەکەن، یەکەم ئەڤینی چۆمان هەردی بۆ ناوەڕاستی دەیەی هەشتاکان دەگەڕێتەوە، لەبارەی ساتە پڕ ئەڤینیەکانی خۆیەوە ئەو ژنە شاعیرە دەڵێت: “لە جیهانی ئێمەدا، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەسەکان یەکتریان خۆشدەوێ، بەڵام بەبۆنەی کۆمەڵێک هەلومەرجەوە ناتوانن ئەو پەیوەندییە بەواقیعی بکەن و قسەی لەسەر بکەن”.
هەردی نەیویست باسی ئەو کوڕەی سەربانمان بۆ بکات و بیناسێنێت، بەڵام گوتی: “کوڕێک بوو توانایەکی باشی وێنەکێشانی هەبوو“. یەکێکیش لەو شتانەی هەردی لەو (کوڕە)دا خۆشی ویستووە ئەو هونەرەی پەنجەکانی بووە، بەڵام کاتێک پاش چەندین ساڵ دەیبینێتەوە، دەبینێت کە پەنجەکانی قرتاون.

چۆمان هەردی، کە کچی شاعیری کورد ئەحمەد هەردییە، گوتی: “چیرۆکی ئەم شیعرە تەنیا خۆشەویستی نییە، بەڵکو گێڕانەوەی بەسەرهاتی جەنگیشە. ئەو کوڕە بەبۆنەی توندوتیژییەوە پەنجەکانی لەدەستدا و چیتر نەیتوانی وێنە بکێشێت. لە وڵاتانی ئێمەدا زۆربەی چیرۆکەکانی ژیانمان، بە چیرۆکی عەشق و خۆشەویستییەوە، ئالودەی تووندوتیژی بوون”.

نەک هەر چیرۆکی ئەڤیندارییەکەی چۆمان، بگرە ژیانی خێزانەکەیشیان هاوشێوەی زۆربەی ماڵباتەکانی دیکەی کورد دوور نەبووە لە کۆچ و ڕەو و پەڕیوە بوون بۆ وڵاتانی دیکە. لەساڵی ١٩٧٥دا و لەدوای رێککەوتنی جەزائیر خێزانەکەی ئاوارەی ئێران بوون و لە ساڵی ١٩٧٩دا گەڕاونەتەوە باشووری کوردستان. بەڵام بەھۆی کارەساتی ئەنفالەوە لەساڵی ١٩٨٨دا دوبارە چوونەتەوە ئێران. چۆمان ھەردی لە ساڵی ١٩٩٣ەوە بۆتە پەنابەر لە بەریتانیا و ھەرلەوێش بۆتە خوێندکاری بەشی فەلسەفە و دەرونناسی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و دواتر لە زانکۆی لەندەن ماستەری لە فەسلەفەدا ھێناوە. ھاوکات چۆمان ھەردی دوکتۆرای (PhD) ھەر لە بەریتانیا لە زانکۆی کێنت ھێناوەتەوە.

چۆمان هەردی شیعری (سەربانی ھاوین – Summer Roof)ی بە زمانی ئینگلیزی نووسیوە و دەڵێت: “رەنگە ئەگەر ئەم شیعرەم بە کوردی بنووسیایە، بەم شێوەی ئێستا شوێنی خۆی نەکردایەتەوە.” بە بۆچوونی ئەو پرۆسەی وەرگێڕان کاریگەری دەبێت لەسەر ماهییەت و مۆسیقای دەقێک کە هەر زمانە و ریتم و شێوازێکی مۆسیقی تایبەت بەخۆی هەیە و ئەگەر وەربگێڕدرێتە سەر زمانێکی دیکە بەشێکی زۆری ئەم ریتم و مۆسیقایە لەدەستدەدات. هاوکات پێیوایە هەندێکجار لە زمانێکدا، بۆ نموونە ئینگلیزی، هەندێک شت ناگوترێت، بەڵام لە رێگەی ستراکتور و بونیادی زمانەکەوە ھێمای پێ کراوە و خوێنەری ھوشیار تێیاندەگات، ئەگەر هەمان دەق وەربگێڕدرێتە سەر کوردی مرۆڤ ناچار دەبێت هەموو نەگوتراوەکان روون بکاتەوە، ئەمەش وادەکات وێنە شیعرییەکان لە زمانی کوردیدا وێنەی ئەبستراکت بن.

لەبارەی ناساندی ئەدەبی کوردی و پرۆسەی وەرگێڕانی دەقە ئەدەبییەکان بۆ سەر زمانی گەلانی دیکە چۆمان هەردی دوو هۆکار دەخاتەڕوو. یەکەم، پێیوایە بەبۆنەی ھەلومەرجی سیاسییەوە کورد میللەتێکی دابڕاو بووە و نەیتوانیوە جێگەی خۆی بکاتەوە و زمانە ئەوروپییەکان فێر ببێت و بەو زمانانە بنووسێت. دووەم هۆکار ئەوەیە کە ئەدەبی کوردی وەرنەگێڕدراوەتە سەر زمانانی دیکە بۆ ئەوەی بخوێندرێتەوە، ئەگەر نا ئەدەبی کوردی لەچاو ئەدەبی گەلانی دیکە ئەدەبێکی لاواز نییە.

دانپیانانەکان بە بەرهەمە ئەدەدبییەکانی چۆمان هەردیدا:
• لە ساڵی ٢٠٠٢دا نۆ شاعیری گەنج لەلایەن رێکخراوی جێروود-ئارڤۆن-ەوە ھەڵبژێردران تا سێ شاعیری بە ئەزموون و ناودار شیعرەکانیان بخوێننەوە و پێکەوە کار لەسەر پرۆسەی ئێدیتکردنی تێکستەکانی شاعیرە گەنجەکان بکەن. چۆمان ھەردی یەکێک بوو لەم ٩ شاعیرە گەنجەی ھەڵبژێردرا و لە ئەزموونی شاعیری بەناوبانگ جۆرج سێرتیز (کە خاوەنی خەڵاتی ئیلیۆت-ە)، سوودمەند بوو. 

• ساڵی ٢٠٠٤ کتێبی شیعرەکەی بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن چاپخانەی بڵەدئاکسەوە چاپ بوو کە یەکێکە لە باشترین چاپخانەکانی شیعر لە بەریتانیا. کتێبەکە ناوی ”ژیانی ئێمە“ بوو، Life for us و پاش ١٨ مانگ دوبارە چاپ کرایەوە. 
• ساڵی ٢٠٠٦ شیعری ”منداڵەکانم“، My children, لەلایەن دەزگای ”شیعر لە قیتارەکاندا“، Poems on the Underground, ھەڵبژێردرا و بۆ ماوەی وەرزێک پۆستەری ئەم شیعرە لەگەڵ بەرھەمی شاعیرانی جیاوازدا لە فارگۆنی قیتارەکانی لەندەندا نمایشکران. بەم شێوەیەش چۆمان ھەردی یەکێک بوو لە گەنجترین شاعیرەکان کە شیعری لەم پرۆژەیەدا نمایشکرا.
• ساڵی ٢٠١٠، چوار لە شیعرە ئینگلیزییەکانی ھەردی خرانە مەنھەجی ئەدەبی ئینگلیزییەوە لە بەشی ئامادەیی قۆناغی جی سی ئێس ئی (GCSE) و لە دوو مەنھەجی جیاوازدا (واتە: ئەی کیو ئەی AQA و ئێدێکسێل Edexcel) دەخوێنرێن. شیعرەکانیش ئەمانە بوون: ”لەسەر سنوور، ١٩٧٩“، ”داگیرکردن“، ”مووبەقەکەی دایکم“ و ”پەنەلۆپەکانی وڵاتی

من“.http://www.bbc.co.uk/schools/gcsebitesize/english_literature/poetryconflict/attheborder1.shtml
• ساڵی ٢٠١١ پاش چاپبوونی کتێبی پۆست-دکتۆراکەی ھەردی لەسەر ژنانی دەربازبووی ئەنفال: ”ئەزموونە جێندەرییەکان و جینۆساید: دەربازبووانی ئەنفال لە کوردستان- عێراق“، ئەم کتێبە لەلایەن دەزگای یانکی بوک پێدلەر-ەوە ھەڵبژێردرا بە یەکێک لە باشترین کتێبە ئەکادیمییەکانی بواری زانستە مرۆڤایەتییەکان لە بەریتانیا (Yankee Book Peddler, UK Core Title). لەم لینکەی خوارەوەدا و لەژێر ناوی ببینی UK CORE TITLE 2011-دا کتێبەکە ببینن: http://www.ybp.com/acad/ukcorecover.htm

• ساڵی ٢٠١٤ شیعری ”سەربانی ھاوین“ لەلایەن تیمێکی تایبەت بە شیعرەوە لە دەزگای ساوث بانکی لەندەن، ھەڵبژێردرا بە یەکێک لە جوانترین ٥٠ شیعری خۆشەویستی لە ٥٠ ساڵی رابوردوودا. ھەواڵەکە لە سایتی رۆژنامەی گاردیەندا بڵاوکرایەوە. بڕیارە شیعرە ھەڵبژێردراوەکان لە ٢٠-٧-٢٠١٤ لە ناوەندی ساوث بانک لە کۆڕێکدا بخوێنرێنەوە و ئەم کۆڕەش بەشێکە لە فیستیڤاڵی عەشق لە شاری لەندەن.


شیعری سەربانی ھاوین

گشت شەوێکی ئەو ھاوینە 
کە دەچووینە ناو جێگاوە لەسەر سەربان 
من بێدار بووم، بە تاسەوە
دەمڕوانییە سەربانەکەی بەرامبەرمان،
دەمڕوانییە تارمایی ئەو.
پەیتا پەیتا، لەگەڵ مژی جگەرەکەی،
رووناکییەکی بچکۆلە دادەگیرسا.

رۆژێک تابلۆکانی ئەویان پێ نیشاندام 
کە گەیشتمەوە ژوورەکەی خۆم 
لە دووتوێی پەڕتووکەکانما
یەک لە دوای یەک، ناوی ئەوم نووسییەوە.

ھەر خەیاڵی ئەوەم دەکرد کە ئاخۆ چیم پێ بڵێت و 
چۆن وەڵامی بدەمەوە.
وێنام دەکرد ھاوسەریم و 
کە نەخۆش کەوت خەمی دەخۆم، 
خواردنی بۆ دروستدەکەم، قژی دەشۆم. 
خەیاڵم دەکرد لەگەڵ ئەو لەسەر ھەمان سەربان دەنووم.

ساڵێکی تەواو تێپەڕی و یەک وشەمان نەگۆڕییەوە. 
لەپڕێکدا بەرامبەرمان ماڵێکی چۆڵ، 
بانێکی چۆڵ، کەس سەیری نەدەکردمەوە. 
ئەوەی بۆ منیش مایەوە بێخەوی بوو.

چەند ساڵ دواتر دوبارە یەکمان دییەوە 
ھەر ھەمان پیاو، چەند پەنجەیەکی قرتابوو، 
تاڵ و تووڕە، نەیدەتوانی فڵچە بگرێت.

ئێمە ھەرگیز پێکەوە قسەمان نەکرد،
ھەر یەکەمان لەسەر بانی خۆی مایەوە.

بابەتی هاوپۆل

کاسبکارێکی کورد بە هۆی دەستڕێژی ھیزەکانی رژیم بریندار بوو

کاسبکارێکی دیکەی کوردی خەڵکی شاری سنە لە لایەن ھێزەکانی رژیمەوە بریندار و رەوانەی بەشی ئای …