هه‌ینی 14 كانونی یه‌كه‌م 2018
ماڵەوە / وتار / سنوورە خوێناوییەکان: رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی باشتر چۆن دەردەکەوێت؟/ ن: راڵف پیترز؛ و. لە ئینگلیزییەوە: خەسرەو ئەڵماسی

سنوورە خوێناوییەکان: رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی باشتر چۆن دەردەکەوێت؟/ ن: راڵف پیترز؛ و. لە ئینگلیزییەوە: خەسرەو ئەڵماسی

سنوورە نێودەوڵەتییەکان هەرگیز بە دادپەروەری تەواوەوە دانەڕێژراون. بەڵام رێژەی ئەو نادادپەروەرییەی کە سەپێندراوە بە سەر ئەوانەی سنوورەکان بە زۆرەملێ بە یەکیەوە نووساندوون وە یا لێکی جیا کردوونەتەوە، جیاوازییەکی گەلێک گەورە دێنێتە ئاراوە- زۆر جار جیاوازییەکە لە نێوان ئازادی و سەرکوت، یەکتر قبووڵکردن و چەوساندنەوە، سەروەری یاساو تۆقاندن یا خود تەنانەت ئاشتی و شەڕە.
گەورەترین رێژەی شێواندن و سەقەتی و نادادپەروەری لە سنوورەکان لە سەر ئاستی جیهان، لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روویداوە. سنوورەکانی ئەفریقا لە لایەن ئەو وڵاتە ئەورووپیانەی بە دوای بەرژەوەندی خۆیانەوە بوون، داڕێژراوە ( ئەو وڵاتانە، تەنانەت لە داڕشتنی سنوورەکانی نێوان خۆیان هەموو کات کێشەیان هەبووە). ئەو سنوورانە، هۆکاری بەردەوامی مردنی میلیۆنان کەس لە دانیشتووانی خۆجێیین. بەڵام سنوورە نادروستەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست – بە ووتەی چەرچیڵ- کێشەی زێاتر لەوەی بۆ دانیشتووانەکەی درک بکرێت، دێنێتە ئاراوە.
لە کاتێکدا کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر لە سنوورە ناکاریگەرەکانی گەورترە -لە راوەستانی جووڵەی کولتوورییەوە بگرە هەتاوەکوو نایەکسانی پڕ لە شەرمەزاری و هەروەها تووندڕەوی ئایینی دەمارگرژانە- گەورەترین بڤە لە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە شکستی گشتی ناوچەکە، ئیسلام نییە، بەڵکوو ئەو سنوورە نێودەوڵەتییە خراپ و لە هەمان کاتدا زۆر پیرۆزەیە کە دیپڵۆماتەکانی خۆشمان، ئەیپەرەستن. 

بە دڵنیانییەوە، هیچ رێکخستنەوەیەک لە سنوورەکان، هەر چەندەش قورس و گەورە بێت، هەموو کەمینەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دڵخۆش ناکات. لە هەندێک شوێندا، گرووپە ئەتنی و ئایینییەکان بە تەواوی لەگەڵ یەکتر تێکهەڵكێش بوون و بە هۆی هاوسەرگیریەوە لەگەڵ یەکتر خزمایەتییان درووست کردووە. لە کۆمەڵێک شوێنی تر، یەکترگرتنەوە لە سەر بنەمای خوێن یا باوەڕ لەوانەیە بە ئەندازەی چاوەڕوانی لایەنگرانی ئێستاکەیان دڵخۆشکەر نەبێت. ئەو سنوورانەی لە نەخشەی هاوپێچ لەگەڵ ئەم وتارە داڕێژراون، قەرەبووی ئەو هەڵانە دەکاتەوە کە گەورەترین گەلانی “فێڵ لێکراو” ئازاریان بە هۆیانەوە بینیوە، وەک کورد و بەلووچ و عەرەبی شیعە، بەڵام هێشتاش بە رادەی پێویست مافی هەندێک گرووپی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەچاو ناکات لەوانەش کریستیانەکان و بەهائییەکان و ئیسماعیلییەکان و نەقشبەندییەکان و زۆر کەمینەی تر کە بە ژمارە کەمترن. هەڵەیەکی تریش هەیە کە هیچ کات لە بیر ناکرێت وهەرگیز بە خاک قەرەبوو ناکرێتەوە: ئەو جێنۆسایدەی بەرامبەر ئەرمەنەکان کرا لە لایەن ئیمپراتۆری عوسمانییەوە لە رۆژانی کۆتایی تەمەنیدا. 

سەرەڕای هەموو ئەو نادادپەروەریەی چاوپۆشی لێ کراوە لەم سنوورانەی لێرەدا دووبارە دارێژراونەتەوە، بە بێ پێداچوونەوەیەکی سەرەکی بە داڕشتنەوەی سنوورەکاندا، هەرگیز چاومان بە رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی پڕ ئاشتی ناکەوێت. 

تەنانەت ئەوانەش کە رەقیان لە بابەتی گۆڕانکاری لە سنوورەکاندا هەیە، ئەو شەرەفە گەورەیان پێدەبڕێت لە کردەیەکدا بەشداری بکەن کە هەوڵ دەدات چاکسازییەکی دادپەروەرانەتر، ئەگەرچی هێشتاش ناتەواو، لە سنوورە نەتەوەییەکانی نێوان بۆسپۆروس و ئیندۆز بخاتە مێشکەوە. قەبووڵ کردنی ئەو راستییە کە پرۆسەی دەوڵەتداری لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هیچ کات ئامێرگەلی کاریگەری- کەمتر لە شەڕ- پێش نەخستووە بۆ دووبارە پێداچوونەوە بەو سنوورە هەڵانەدا، هەوڵدان و بیرکردنەوە بۆ تێگەیشتن لە سنوورە “ئۆرگانیکەکان”ی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یارمەتیمان دەدات لە درک پێکردنی رێژەی قورساییەکان و کێشەکانی کە بەردەوام رووبەڕوویان دەبینەوە. لە راستیدا، ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک لە سەقەتییە زەبەلاحەکانی دەستکردی مرۆڤ، هەڵسوکەوت دەکەین کە لە بەرهەمهێنانی رق و دەمارگرژی راناوەستن تا ئەو کاتەی راست نەکرێنەوە. 

سەبارەت بەو کەسانەش کە رەتی دەکەنەوە “بیر لە شتێکی لە بیردا نەگونجاو بکەنەوە” و دەڵێن سنوورەکان نابێت بگۆڕدرێن و هەر ئەوەیە کە هەیە، باشە وەبیری خۆمانی بێنینەوە کە سنوورەکان لە سەدەکانی رابردوودا هەرگیز لە گۆڕانکاری نەوەستاون. سنوورەکان هەرگیز بە شێوەیەکی وەستاو نەماونەتەوەو زۆر لە سنوورەکان، لە کۆنگۆوه بگرە تا کۆسۆڤۆ و قەفقاز، تەنانەت ئێستاش لە گۆڕاندان (کاتێک کە باڵوێزەکان و نوێنەرانی وڵاتان چاویان وەردەگێڕن لە خوێندنەوە، لێکۆڵینەوەی هۆکارەکان). 

ئینجا! یەک نهێنی بچووکی ناخۆشی دیکە لە ٥٠٠٠ ساڵی مێژوو: ئەو کارانەی بۆ سڕینەوەی گەلان کراون.
با دەست بکەین بە قسە کردن لە سەر ئەو بابەتە سنووریەی زۆرترین هەستیاری لای خوێنەرە ئەمریکییەکان دروست دەکات: بۆ ئەوەی ئیسرائیل بتوانێت هیوای ئەوەی هەبێ بە ئاشتەوایی لەگەڵ دراوسێکانی بژی، پێویستە بگەڕێتەوە بۆ سنوورەکانی پێش ساڵی ١٩٦٧ – لەگەڵ هەندێک چاکسازی پێویستی ناوچەیی بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییە ئەمنییە راستەقینەکانی ئەو وڵاتە. بەڵام کێشەی خاک و دەسەڵاتی زاڵ لە ناوچەکانی دەوروبەری ئۆرشەلیم، ئەو شارەی پەڵەی هەزاران ساڵ خوێنرشتنی پێوە دیارە، لەوانەیە لە ماوەی ژیانی ئێمە چارەسەر نەکرێت و زیاتر بخایەنێت. لەم شوێنە کە هەموو لایەنەکان خواکەیان گۆڕیوەتەوە بۆ گەورە بازرگانێکی زەوی وزار، ئەو شەڕانەی بە مانای تەواوی ووشەکە لە سەر خاک دەکرێن سەختی و قورسیەکیان هەیە کە چاوتێبڕینێکی تەنیا بۆ سامانی نەوت و ململانێ ئەتنییەکان، دەرەقەتی نایەن. کەواتە با ئەم بابەتە کە لە رادەبەدەریش توێژینەوەی لە سەر کراوە، لێرەدا وەلا بنێین و روو بکەینە ئەوانەی کە لە لێکۆڵینەوەکاندا، چاوپۆشی و نکۆڵیان لێکراوە.

بەرچاوترین نادادپەروەری لە وڵاتەکانی هەڵکەوتوو لە نێوان چیاکانی باڵکان و هیمالایا کە بەوپەڕی رسواییەوە ناڕەوایی پەیڕەو دەکەن، نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردییە. دەوروبەری ٢٧ میلیۆن بۆ ٣٦ میلیۆن کورد لە ناوچە هاوسنوورەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژین (ئەو ژمارانە لەوانەیە بە تەواوی دروست نەبن لە بەر ئەوەی کە هیچ دەوڵەتێک هەرگیز رێی بە سەرژمێرییەکی راستگۆیانە نەداوە). تەنانەت ئەگەر ژمارە کەمەکەشیان بە دروست وەربگرین، هێشتا لە ژمارەی دانیشتووانی عێراقی ئەمڕۆکە گەورەترەو دەبێتە گەورەترین گرووپی ئەتنیکی لە سەر ئاستی جیهان کە دەوڵەتی خۆی نییە. لەوەش خراپتر ئەوەیە کە کوردەکان لە لایەن هەموو ئەو حکومەتانەوە چەوسێندراونەتەوە کە کۆنترۆڵی ئەو گرد و چیایانەیان کردووە کە کوردەکان لە سەردەمی زینۆفۆنەوە تێیاندا ژیاون.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دەرفەتێکی زێڕینیان بۆ راستکردنەوەی ئەم ناڕاستییە لە دوای داڕمانی بە‌‌غداد لە دەست خۆیان دا. عێراق، کە دروست کردنەکەی بە دوورینی چەند بەشێکی نەگونجاو لەگەڵ یەکتر زیاتر لە دێوەکەی فرانکێنستاین دەچێت، دەبوو دەستبەجێ بۆ سێ وڵاتی بچووکتر دابەش بکرابایە. بە هۆی ترسنۆکی و نەبوونی بەرچاوڕوونی ئەمەمان نەکردو بە زۆری پاڵمان بە کوردەکانی عێراقەوە نا کە پشتگیری لە حکوومەتە نوێکەی عێراق بکەن- کە لە بەرامبەر ویستی باشی ئێمە، بە نابەدڵیەوە خەریکن ئەو کارە دەکەن. بەڵام ئەگەر راپرسییەکی ئازادانە بکرایە، هەڵە مەکەن: نیزیکەی سەتا سەتی کوردەکانی عێراق دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دەدا. 

کوردەکانی تورکیاش کە بە درێژایی مێژوو ئازاریان بینیوەو بۆ دەیان ساڵ سەرکوتکردنی نیزامی پڕ دەمارگرژیان بە گیان کڕیوەو لە هەنگاوێک بۆ بنبڕکردنی ناسنامەکەیان و بچووک کردنەوەیان بە “تورکی كێوی” ناسێندراون، بە هەمان شێوە دەنگیان دەدا. لە کاتێکدا کە كێشەی کورد لە سەر دەستی ئانکارا لە دە ساڵی رابردوودا، تۆزێک دامرکاوەتەوە، بەڵام لەم دواییانەدا سەرکوتکردنی کوردەکان دووبارە دەستی پێکردۆتەوەو بەشی پێنجەمی رۆژهەڵاتی تورکیا دەبێت وەک خاکی داگیرکراو سەیر بکرێت.
 سەبارەت بە کوردەکانی سووریاو ئێرانیش؛ ئەوانیش بە هەمان شێوە بە خێرایی، خۆیان دەخستە سەر کوردستانێکی سەربەخۆ ئەگەر ئەو دەرفەتەیان هەبایە. ئەوەی کە وڵاتە دیموکراتیکە راستەقینەکانی جیهان بەرگری و پشتیوانی لە سەربەخۆیی کورد ناکەن، گوناح و هەڵەیەکی بێبەشکردنە لە مافەکانی مرۆڤ و زۆر خراپترە لەو گوناحە بچووک و هەڵە لاوەکییانەی پێ ئەسپاردن کە بە شیوەیەکی رۆتینی، میدیاکانمان دەشڵەژێنن. خراپ نییە، ئەوەش بزانین: کوردستانێکی سەربەخۆ، کە لە دیاربەکرەوە درێژ دەبێتەوە تا تەورێز، دەوڵەتێک دەبێت کە زیاتر لە هەموو وڵاتەکانی دیکەی هەڵکەوتوو لە نێوان بولغاریاو ژاپۆن، لایەنگری رۆژئاوا دەبێت.  

باڵانسێکی دادپەروەرانەو دروست لە ناوچەکە، دابڕینی دەوڵەتێکی لێ دەکەوێتەوە کە لە سێ پارێزگا سوونەکەی عێراق پێکهاتووەو رەنگە لە پاشەڕۆژدا بڕیار بدەن لەگەڵ‌ سووریایەک یەکبگرن کە کەناراوەکانی بە لوبنانێکی گەورەتری رووەو مەدیتەرانە دەدۆڕێنێ: فینیقیە دووبارە لە دایک دەبێتەوە. شیعەکانی باشووری عێراقی کۆن، بەردی بناغەی دەوڵەتێکی شیعەی عەرەبی دادەنێن کە دەوروبەری بەشێکی زۆری کەنداوی فارس لەخۆ دەگڕێت. ئۆردن هەمان ئەو خاکەی ئێستای وەردەگرێتەوە لەگەڵ تۆزێک بەرفراوان بوون بەرەوە باشووری وڵاتەکەی لە سەر حیسابی سعوودیا. لای خۆشیەوە، دەوڵەتی ناسرووشتی سعوودیای عەرەبی بە هەمان قەبارەی پاکستان، بە رێژەیەکی زۆر لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە. 

هۆکارێکی بنەڕەتی بۆ نەبوونی جووڵە لە جیهانی ئیسلامدا دەگەڕێتەوە بۆ جۆری هەڵسووکەوتی بنەماڵەی شاهانەی سعوودیا لەگەڵ شارەکانی مەککەو مەدینە کە خۆیان بە خاوەنی میراتگریان دەزانن. لە کاتێکدا کە پیرۆزترین مەرقەدەکانی ئیسلام لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتێکی پۆلیسی لە یەکێک لە دواکەوتووترین و پڕ زەبروزەنگترین رێژیمەکانی جیهاندایە- رێژیمێک کە فەرمانڕەوایی سامانێکی فراوانی نەوت دەکات کە بە رەنجی شانی بە دەستی نەهێناوە- سعوودیەکان توانیویانە روانینی وەهابیانەیان بۆ ئایینێک کە پڕێتی لە بەقورس گرتنی بیروباوەڕەکانیان و هەڵنەکردن لەگەڵ روانینە جیاوازەکانی تر بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان بنێرن. هەڵکشانی سعوودیەکان لە باری ئابووریەوە، وە لە دەرەنجامی ئەوەشدا رێژەی دەسترۆیشتووییان، بە گشتی خراپترین شتە کە لەوەتەی کاتی” نێردراوی خوا”وە لە جیهانی ئیسلامدا روویداوە، وە خراپترین شتە کە لەوەتەی سەرکەوتنی عووسمانییەکان، ئەگەر نەڵێین مۆغۆلەکان، بەسەر عەرەبەکان هاتووە.

لە کاتێکدا ناموسووڵمانان ناتوانن هیچ گۆڕانکارییەک لە بە دەستەوەگرتن و کۆنترۆڵی شارە پیرۆزەکانی ئیسلام بکەن، ئەوە بهێننە بەرچاوی خۆتان کە جیهانی ئیسلام دەکرا چەند زیاتر تەندرووست بایە ئەگەر فەرمانڕەوایی مەککەو مەدینە لە دەستی شۆڕایەکی خولاودا بایە کە نوێنەرایەتی هەموو قوتابخانەو بزووتنەوە سەرەکییەکانی موسووڵمانانی سەرانسەری جیهانی لە “دەوڵەتێکی پیرۆزی ئیسلامی” بکردایە – شتێکی وەک ڤاتیکانێکی بەرزتر بۆ موسووڵمانان- کە تێیدا دەکرا داهاتووی ئەو ئایینە گەورەیە بکەوتبایەتە بەرباس و لێکۆڵینەوە نەک بڕیاری تاکلایەنە. لە دادپەروەریەکی راستەقینەدا – کە رەنگە ئێمە زۆر بە دڵیشمان نەبێت- کێڵگە نەوتییە کەناراوییەکانی سعوودیای عەرەبی دەدرا بەو عەرەبە شیعانەی کە دانیشتووی ئەو ناوچۆکەن و چارەکەکەی باشووری رۆژهەڵاتیش بەر وڵاتی یەمەن دەکەوت. دیوەخانی سعوود، کە لەو کاتەدا لە چوارچێوەی ناوچەیەکی بەرزی دەوروبەری ریاز سنووردار دەکرێت و دەکرێت ناوی “ناوچەی سەربەخۆی نیشتمانی سعوودیا”ی لێ بنرێت، تواناییەکانی بۆ خەسارگەیاندن بە ئیسلام و جیهان زۆر کەمتر دەبۆوە. 

ئێران، وەک دەوڵەتێک کە سنوورەکانی سەرەڕۆیانە دانراوە، بەشێکی زۆری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەدۆڕاند بە ئازەربایجانی یەکگرتوو و کوردستانی ئازاد و دەوڵەتی شیعەی عەرەبی و بەلووچستانی ئازاد، بەڵام پارێزگاکانی دەوروبەری هیرات لە ئەفغانستانی ئەمڕۆکەی بەردەکەوت – ناوچەیەک کە نیزیکایەتی و وێکچوونی مێژوویی و زمانەوانی زۆری لەگەڵ پێرشیا[فارس] هەیە. لە راستیدا، ئێران دەبۆوە بە دەوڵەتێکی ئەتنیکی فارسی، کە لێرەشدا قورسترین پرسیار ئەوە دەبوو کە ئایا بەندەر عەباسی وەردەگرتەوە یا خود رادەستی دەوڵەتی شیعەی عەرەبی دەکرد.
ئەوەی ئەفغانستان لە بەری رۆژئاواکەی لە دەستی دەدا، لە بەری رۆژهەڵاتەکەی وەدەستی دەکەوتەوە لەبەر ئەوەی کە خێڵەکانی نیشتەجێی سنوورەکانی باکووری رۆژئاوای پاکستان لەگەڵ برا ئەفغانییەکانیان دووبارە یەکیان دەگرتەوە (لە راستیدا، ئەم کارە بۆ ئەوە نییە کە بە دڵی خۆمان نەخشەکان دابڕێژینەوە، بەڵکوو بەو شێوەی کە خەڵکە خۆجێیەکە بەلایانەوە پەسندە). پاکستانیش، وەک وڵاتێکی ناسروشتی دیکە، ناوچە بەلووچەکانی بە بەلووچستانی ئازاد، دەدۆڕاند. ئەو پاکستانە “سرووشتییە”ی لە پاشان دەماوە، بە تەواوەتی دەکەوتە رۆژ‌هەڵاتی رووباری ئیندۆز، جگە لە بستە خاکێکی رووەو رۆژئاوا لە نیزیکی کەراچی. 

دەوڵەت- شارەکانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی چارەنووسێکی تێکەڵەیان دەبوو- هەروەک چۆن رەنگە لە راستیشدا، رووبەڕووی هەمان دۆخ ببنەوە. هەندێکیان لەوانەیە تێکەڵ بە دەوڵەتی شیعەی عەرەبی ببان کە دەوری زۆربەی کەنداوی فارس دەگرێت( دەوڵەتێکی شیعی کە زیاتر ئەگەری ئەوەی هەیە وەک دژەباڵانسێک بەرامبەر ئێرانی فارسی دەرکەوێت نەک وەک هاوپەیمانی). لەبەر ئەوەی کە هەموو کولتوورە توندڕەوەکان، لە ناخدا دوڕوون، دووبەی وەک پێویستییەک رێگەی پێدەدرا کە هەمان ئەو دۆخی یاریگایەی خۆی بۆ دەوڵەمەندە خۆشگوزەرانەکان وەربگرێتەوە. کوەیت لە ناو هەمان ئەم سنوورانەی ئێستاکەیدا دەماوەو هەروەها عومانیش. 

لە هەر حاڵەتێکدا، ئەم دووبارە داڕشتنەوەی سنوورەکان بە شێوەیەکی گریمانەیی، رەنگدانەوەیە بۆ نیزیکایەتی ئەتنیکی و هاوبەشی ئایینی – وە لە هەندێک حاڵەتدا بۆ هەر دووکیان. بە دڵنیاییەوە، ئەگەر بمانتوانیبایە گۆچانێکی جادوویی هەڵسووڕێنین و چاکسازی لەم سنوورانەی ئاماژەمان پێداون بکەین، بێ دوودڵی حەزمان دەکرد، سنوورەکان بەو شێوەیە بژار بکەین. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر ئەم نەخشە چاککراوە باش بخەینە ژێر لێکۆڵینەوەو بەراوردێکی بکەین بەو نەخشەیەی سنوورەکانی ئێستا دەخاتە روو، ئەو هەڵە گەورانەمان بۆ دەردەکەوێت کە سنوورە دارێژراوەکانی فەڕەنسی و ئینگلیزەکان لە سەدەی بیستەم دا، بەرامبەر ئەم ناوچەیە کردوویانە؛ ناوچەیەک کە لەو کاتەدا، هەوڵی دەدا لەو هەموو سەرشۆڕی و شکستانەی سەدەی نۆزدەیەمدا، خۆی دەربخات. 

لەوانەیە ئەگەری راستکردنەوەی سنوورەکان بۆ ئەوەی دەرخەری ویست و داخوازەکانی خەڵکەکە بێت، بوونی نەبێت. هەڵبەت لە ئێستادا. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات – وە ئەو خوێنرشتنەی بوونی هەیەو پێشیشی ناگیڕێت – سنوورە تازەو سرووشتییەکان هێدی هێدی دەردەکەون. [ لە بیرتان نەچێت] بابیلۆن زیاتر لە جارێک رووخاوە.

لە هەمان کاتدا، پیاوان و ژنانی ئێمە لە بەرگی سەربازیدا بەردەوام دەبن لە شەڕی دژی تیرۆریزم بۆ دابین کردنی ئاسایش و بۆ بنەماکانی دیموکڕاسی و بۆ دەستگەیشتن بە سەرچاوەکانی نەوت لە ناوچەیەک کە خۆی چارەنووسی بە شەڕەوە گرێ دراوە. ئەگەر ئەو دابەشبوونە مرۆییانەی ئێستاکەو یەكێتییە زۆرەملێیانەی لە ئانکاراوە تا کەراچی بوونیان هەیەو هەروەها ئەو چارەرەشییانەی خۆیان بەسەر خۆیاندا سەپاندوویانە لەبەرچاو بگرین، ئەم فاکتەرانە دۆخێکی زۆر لەبارو باش دەخوڵقێنن بۆ لە دایکبوون و زاوزێی توندڕەوی ئایینی و کولتووری سەرزەنشت کردن و کۆ کردنەوەی تیرۆریستان. مرۆڤەکان لە هەر کوێیەک بە هەناسەساردییەوە لە سەقەتی و شێواوی سنوورەکانیان بڕوانن، بە دڵگەرمیەوە بە دوای دۆژمنەکاندا دەگەڕێن. 

بە لەبەرچاو گرتنی ژمارەی لەڕادەبەدەری تیرۆریستان و کەمبوونەوەی وزە لە ئاستی جیهان، دۆخی ئەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەی ئێستا بەو هەموو سەقەتیانەوە، بەرەو خراپتربوون دەڕوات نەک باشتربوون. لە ناوچەیەک کە خراپترین سیماکانی ناسیۆنالیزمی لە مێژوودا لە خۆ گرتووەو کە بێ بنەماترین سیماکانی ئایین، هەڕەشەی بەدەستەوە گرتنی باوەڕێکی هیوابڕاو دەکەن، وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی و لە سەرووی هەمووشیانەوە هێزە چەکدارەکانمان تەنیا دەتوانن چاوەڕێی قەیرانە لە بن نەهاتووەکان بکەن. لە کاتێکدا کە عێراق لەوانەیە نموونەیەکی پڕ لە هیواو دژی ئەم بۆچوونە پێشکەش بکات – ئەوەش بە مەرجێک کە پێشتر لە وادەی خۆی خاکەکەی بەجێ نەهێڵین – کێشەکان لە نیزیکەی تەواوی بەشەکانی تری ئەم ناوچە پان و بەرینە، بەردەوام بەرەو خراپتربوون دەڕۆن. 

ئەگەر نەتوانرێت سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە بە شێوەیەک چاک بکرێنەوە کە پێوەندییە سرووشتییەکانی گەلان لە سەر بنەمای خوێن و ئایین رەچاو بکات، دەشێت بگەینە ئەو باوەڕە کە بەشێک لەو خوێنڕشتنەی ناوچەکە، بە بەردەوامی و لە داهاتووشدا، ئێمەش دەگرێتەوە.

کێ دەیباتەوەو کێ دەیدۆڕێنێت؟
براوەکان – ئەفغانستان، دەوڵەتی شیعەی عەرەبی، ئەرمەنستان، ئازەربایجان، بەلووچستانی ئازاد، کوردستانی ئازاد، ئێران، دەوڵەتی پیرۆزی ئیسلامی، ئوردن، لوبنان، یەمەن.
دۆڕاوەکان – ئەفغانستان، ئێران، عێراق، ئیسرائیڵ، کوەیت، پاکستان، قەتەڕ، سعوودیای عەرەبی، سووریا، تورکیا، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، کەناری رۆژئاوا.
سەرچاوە: http://www.armedforcesjournal.com/blood-borders/

بابەتی هاوپۆل

زنانِ میدان انقلاب، “زنان کارگر” / آناهیتا اردوان

  “رزمندگان طبقۀ کارگر”     اعتصاب کارگران صنعت نیشکر هفت تپه در عینیتی انکارناپذیر ثابت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.