چوار شه‌ممه‌ 27 ئازار 2024

کورتە چیرۆکی هونەرمەندێکى برسى/ ن: فرانز کافکا؛ وەرگێڕان(لە دەقە ئینگلیزییەکەی یان جۆنستن’) :خەسرەو ئەڵماسی

لە دە ساڵى رابڕدوودا، حەزى خەڵک بۆ هونەرمەندی برسی بە رێژەیەکى بەرچاو دابەزیوە. لە کاتێکدا کە جارى جاران بەرهەمى باشى لەم بابەتە کە هونەرمەندەکە خۆى بەڕێوەى دەبرد، ببوە هۆى داهاتێکى باش، بەڵام ئێستا ئەو شتە بوونى نییە. ئەو رۆژگارەى جاران جیاواز بوو. ئەو کات هونەرمەندە برسییەکە سەرنجى هەموو شارەکەى بۆ لاى خۆى رادەکێشا. رۆژ لە دواى رۆژ بە درێژەکێشانى برسێتییەکەى، خەڵکێکى زیاتر بەشدار دەبوون. هەموو کەسێک دەیویست لانى کەم روژێ جارێک هونەرمەندە برسیەکە ببینێت. لە ماوەى رۆژانى کۆتاییدا خەڵکانێک هەبوون کە بە کڕینى بلیتى پشکدارى بە درێژایى رۆژ لە بەرامبەر قەفەسەکەدا کە بە میلى بچووک دروستکرابوو، دادەنیشتن.

تەنانەت شەوانەش خەڵک دەیانتوانى لە هێندێک کاتژمێرى دیاریکراودا بچن بۆ سەیرى هونەرمەندى برسى. ئەو کاتانە بە هۆى رووناکییەکەوە کاریگەرى هونەرەکە زیاتر بوو. لە رۆژانى خۆش و هەتاویشدا، قەفەسەکە دەهێنرایە دەرەوەو لە ناوچەیەکى کراوەدا دادەنراو دواتر هونەرمەندەکە نومایشت دەکرا بە تایبەت بۆ منداڵان. لە کاتێکدا هونەرمەندە برسییەکە زۆر کات بۆ گەورەکان تەنیا وەک نوکتەیەک وابوو وە تەنیا لەبەر ئەوەى شتێکى باو بوو، بەشدارییان تێدا دەکرد، بەڵام منداڵەکان بە سەرسووڕمانەوە لە سەیرکردن بەردەوام دەبوون؛ دەمیان لە حەپەساندا بەردەوام کرابۆوەو دەستى یەکتریشیان توند دەگرت بۆ زاڵ بوون بە سەر ترسەکەیاندا.

هونەرمەندەکەش لەوێ لە سەر کا بڵاوکراوەکە دادەنیشت – کورسى رەت دەکردەوە – و جلێکى تەسکى رەشى لەبەردا بوو: رەنگى زەرد هەڵگەڕابوو وە پەراسووەکانى بە شێوەیەکى بەرچاو دەرپەڕیبوون. هەندێک جار بە رێزەوە سەرێکى دەلەقاندو وەڵامى پرسیارەکانى تێکەڵ بە زەردەخەندەیەکى ناچارى دەکرد. تەنانەت قۆڵێکیشى لە نێوان میلەکانەوە رادەکێشایە دەرەوە بۆ ئەوەى خەڵکى هەست بە لاواز بوونەکەى بکەن، بەڵام پاشان بە تەواوەتى خۆى کۆ دەکردەوە بۆ ئەوەى هیچ شتێک سەرنجى رانەکێشێت، تەنانەت ئەو شتەش کە زۆر بۆى گرنگ بوو: ئەویش لێدانى میلى ئەو کاتژمێرە بوو کە تەنها کەلوپەلى ناو قەفەسەکەى بوو. بەو چاوانەى کە زۆر بۆى هەڵنەدەهات، تەنیا سەیرى بەردەمى خۆى دەکردو جاروباریش بۆ تەڕکردنى لێوەکانى قومێکى لە ئاوى پەرداخە بچووکەکە دەدا.

جگە لەو چین و توێژە جیاوازانەى بۆ بینینى هونەرمەندە برسییەکە سەردانیان دەکرد، کۆمەڵێک چاودێرى هەڵبژێردراوى خەڵک بەردەوام لەوێ بوون- سەیرەکە لەوەدابوو کە چاودێرەکان زۆر جار لە توێژى قەسابەکان بوون- کە هەموو کات سێ کەسیان بە شەو و رۆژ ئەرکى چاودێرى هونەرمەندە برسییەکەیان لە ئەستۆ بوو بۆ ئەوەى دڵنیا بن لەوەى کە بە دزییەوە هیچ خواردنێکى بە دەست ناگات. ئەگەرچى ئەو شتە شتێکى رۆتینى بوو بۆ دڵنیا بوونى جەماوەر لەبەر ئەوەی کە خەڵکی تێگەیشتوو زۆر چاک دەیانزانى کە هونەرمەندە برسییەکە لە ماوەى برسێتى دا لە هیچ دۆخێک و تەنانەت بە زۆرەملێش دەمى بۆ هیچ نەدەبرد. شەڕەفى هونەرەکەى رێگەى بەوە نەدەدا.

سروشتی بوو کە هیچ کەس لەوانەى بۆ سەیرى دەهاتن لەوە تێ نەگەیشتبان. جاروباریش کۆمەڵێک چاودێرى شەوانە هەبوون کە شەویان بە ئەنقەست لاى ئەو و بە دووریەکى کەم لەو رۆژ دەکردەوەو خۆیان بە یارى وەرەقەوە سەرقاڵ دەکرد. مەبەستی ئەو چاودێرانە بە روونى ئەوە بوو دەرفەتێک بۆ هونەرمەندە برسییەکە برەخسێنن خواردنێکى دەست بکەوێت کە بە خەیاڵی خۆیان پێیان وابوو لە سەرچاوەیەکى نهێنییەوە پێى دەگات. هیچ شتێک بە ئەندازەى ئەم جۆرە چاودێرانە ئازارى هونەرمەندەکەى نەدەدا؛ بێ هیوایان دەکردو برسێتیەکەیان زۆر لە سەرى قورستر دەکرد.

هەندێک جار بە سەر لاوازییەکەى دا زاڵ دەبوو وە لە کاتى چاودێرى کردنیدا، تا پێى دەکرا گۆرانى دەگووت بۆ ئەوەى بە خەڵکەکەى بسەلمێنێت کە شک و گومانەکانیان چەند نادروست و نادادپەروەرانە بوو. بەڵام ئەمەش زۆر سوودی نەبوو، لەبەر ئەوەى ئەوان لە ناو خۆیاندا بیریان لەو زیرەکییەى هونەرمەندەکە دەکردەوە کە تەنانەت لە کاتى گۆرانى گووتندا دەیتوانى شت بخوات. زیاتر ئەو چاودێرانە بەلایەوە پەسند بوون کە رێک پاڵیان بە میلەکانەوە نابوو وە لەبەر ئەوەى بە رووناکى کەمى ژوورەکەى پشتەوە رازى نەبوون، شوێنەکەى ئەویان بە چراقەوەکانیان رووناک دەکردەوە. ئەو رووناکییە زۆرە بە هیچ شێوەیەک ئازارى نەدەدا.

بە گشتى ئەو نەیدەتوانى هیچ بخەوێت و لە ژێر هەر رووناکییەکدا و لە هەر کاتێکى رۆژدا تەنانەت لە تەلارێکى قەرەباڵخ و پڕ ژاوەژاویشدا دەیتوانى سەرخەوێک بشکێنێت. بە هەبوونى چاودێرى لەو جۆرە بە خۆشحالییەکى زۆرەوە خۆى بۆ تێپەڕاندنى شەوێکى بێ خەو ئامادە دەکرد. زۆرى پێ خۆش بوو کاتەکان بە نوکتەى خۆش و گێڕانەوەى چیروکى ژیانى خۆى لە کاتى خێوەتنشینیدا و پاشان گوێگرتن لە چیرۆکەکانى ئەوان بە سەر بەرێت – هەموو ئەمانەى دەکرد بۆ ئەوەى ئەوان بەخەبەر بن و بە بەردەوامى ببینن کە هیچى بۆ خواردن نەبوو لە قەفەسەکەیدا و بە جۆرێک خۆى برسى رادەگرت کە ئەوان هیچیان نەیاندەتوانى.

لەگەڵ ئەوەشدا خۆشترین کاتەکەى ئەو کاتە بوو کە بەیانى دەهات و لە سەر حیسابى ئەو نانى بەیانییەکى زۆر خۆش بۆ چاودێرەکان دەهات و ئەوانیش بە ئیشتیاى کەسانێکى تەندروست کە شەوێکى پڕ ئیشى بێ خەویان تێپەڕاندبێت، لە نان خواردن دەگلان. راستە کە هێشتاش کەسانێک هەبوون کە لەو نانى بەیانییەدا جۆرێک کاریگەرى نادرووست دانانیان لە سەر چاودێرەکان دەبینى، بەڵام ئەوە زۆر دوور کەوتنەوە بوو لە راستى وە ئەگەر لە خۆیان داوا کرابا بە بێ نانى بەیانى و تەنیا لەبەر دڵنیا بوون، بەرپرسیارێتى چاودێرى شەوانە لە ئەستۆ بگرن، بە بیانوویەک رەتیان دەکردەوە. سەرەڕاى ئەوەش هەر بە گومان بوون.

بەڵام بە گشتى ئەوە بەشێک لە برسێتییەکە بوو کە ئەو گومانانەى لە ناو خۆیدا تەنى بوو. لەبەر ئەوەی لە راستیدا هیچ کەسێک لەو پێگەیەدا نەبوو کە بتوانێت شەو و رۆژ بخاتە سەر یەک و بێ وەستان چاودێرى هونەرمەندە برسییەکە بکات؛ کەواتە هیچ کەس لە سەر بنەماى چاودێرى خۆى نەیدەتوانى دڵنیا بێت لەوەی کە ئایا بەراستى ئەو برسێتى کێشانە بێ پچڕان و بێ کەمو کوڕى بووە. تەنیا هونەرمەندەکە خۆى دەیتوانى لەو راستییە دڵنیا بێت و لە هەمان کاتدا هەر خۆشى تەنیا سەیرکەرێک بوو کە دەکرا بە تەواوى لە برسێتى کێشانەکەى خۆى رازى بێت. بەڵام هۆکارى ئەوەى کە هەرگیز دڵخۆش نەبوو شتێکى تر بوو. لەوانەیە برسێتییەکە نەبووبێ کە ئەوندە ئەوى لاواز کردبێ کە بە هۆی ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە خەڵکێکى زۆر خۆیان بە دوور دەگرت لە نواندنەکەى لە بەر ئەوى کە تەنانەت تواناى سەیرکردنیان نەبوو – لە هەمان کاتدا داخیشیان بۆ دەخوارد.

لە راستیدا ئەو بە هۆى نارازى بوونى لە خۆى ئەوندە لاواز ببوو کە ئێسکەکانى دەر کەوتبوون وە تەنیا خۆى شتێکى دەزانى کە تەنانەت ئەوانەى تازە دەستیان بەو کارە دەکرد نەیاندەزانى – برسێتى کێشان چەندە ئاسان بوو. ئاسانترین شت بوو لەم جیهانەدا. لەو بارەوە هەرگیز بێ دەنگ نەبوو، بەڵام کەس باوەڕى پێ نەدەکرد. لە باشترین حاڵەتدا وایان دەزانى لەبەر ئەوەى کەسێکى خۆنەویست و خاکییە بۆیە وا دەڵێت. سەرەڕاى ئەوەش زۆربەى خەڵک باوەڕیان وابوو کە ئەو کەسێک بوو بە دواى ناو و ناوبانگ دا دەگەڕا یا کلاوچییەکى هێندە لێزان بوو کە لە هەموو حاڵەتێکدا برسێتى کێشانى بەلاوە ئاسان بوو لە بەر ئەوەى دەیزانى چۆنى بۆ خۆى ئاسان بکات و دواتر ئەو بوێریەشى هەبوو تا رادەیەک دانى پێدا بنێت. هیچ چارێکى نەبوو جگە لەوەى ئەوانە قبووڵ بکات. لە راستیدا لە ماوەى ئەو هەمووە ساڵەدا ئیتر خووى بەو شتانەوە گرتبوو.

بەڵام ئەم هەستى نارازى بوونە، بەردەوام دەروونى هونەرمەندەکەى دەخواردو هێشتا لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز لە سەر ویستى خۆى و لە دواى هیچ ماوەیەک برسێتى کێشان، قەفەسەکەى بەجێ نەدەهێشت – و ئەمەش ببووە هۆى شانازى بۆ ئەو.

رێکخەرى نومایشتەکە ئەوپەڕى ماوەى برسێتى کێشانەکەى بە چل رۆژ دانابوو – هەرگیز ئیزنى ئەوەى نەدەدا ماوەى برسێتیەکە لەوە زیاتر تێپەڕێت تەنانەت لە شارە گەورەکانیش. لە راستیدا بۆ ئەوەش هۆکارێکى باشى خۆى هەبوو: ئەزموون دەریخستبوو کە کەسێک تەنیا بۆ ماوەى چل رۆژ دەتوانێت سەرنج و حەزى شارێک بورووژێنێ و بە بەرزکردنەوەى هێدى هێدى رێژەى ئاگادارى خەڵک بەرەو هەڵکشانى بەرێت. بەڵام هەروەها ئەزموون ئەوەشى دەرخستبوو کە پاشان خەڵکەکە دەکشێنەوە – هەموو کەس دەتوانێت داکشانێکى بەرچاو لە رێژەى جەماوەردا ببینێت. سەبارەت بەو رێژەیە بە دڵنیاییەوە لە نێوان شار و وڵاتە جیاوازەکان، جیاوازى بچووک هەبوو، بەڵام وەک رێسایەک ئەوە دروست بوو کە نابێ ئەو نومایشتە لە چل رۆژ تێپەڕ بێت.

لەو سۆنگەوە پاشان لە رۆژى چلەمدا دەرگاى قەفەسەکە – کە گوڵرێژکرابوو – دەکرایەوە. جەماوەرێکى زۆر بە تامەزرۆى بینینى کۆتایى نومایشتەکە دەڕژانە تەلارەکەوە. دواتر تیپى سەربازى موسیقاى دەژاند. ئینجا دوو دکتۆر دەچوونە ناو قەفەسەکەوە بۆ گرتنى پێوانە پێویستەکانى هونەرمەندە برسییەکە و دەرەنجامەکان بە دەنگى بەرز بۆ ئامادەبووان رادەگەیاندرا. دواتر ئەو دوو ژنە گەنجە شادومانەى بە هۆى قورعەوە هەڵبژێردرابوون بە دڵخۆشیەوە دەهاتن بۆ ئەوەى رێنوێنى هونەرمەندە برسییەکە بکەن بۆ هاتنە خوارەوە لەو چەند قادرمەیەى دەرەوەى قەفەسەکە و ئینجا بۆ سەر ئەو مێزەى کە خواردنى لێ دانرابوو: خواردنەکە بە وریاییەوە لە لایەن لێژنەیەکى تەندروستیەوە ئامادەکرابوو.

لەو کاتەدا هونەرمەندە برسییەکە بەردەوام بەرپەرچى دەدانەوە. سەرەڕاى ئەوەش قۆڵە باریک و لاوازەکانى دەخستە ناو قۆڵى ژنەکان کە دەستیان بەرەو ئەو درێژ دەکردەوەو دەچەمینەوە بۆ یارمەتیدانى. بەڵام هونەرمەندەکە نەیدەویست هەستێتە سەر قاچەکانى. بۆ چى ئێستا و دواى چل رۆژ بوەستێ؟ دەیتوانى بۆ ماوەیەکى درێژترو تەنانەت بێ سنوور بەردەوام بێت. بۆ چى ئێستا بوەستێ لە کاتێکدا کە لە باشترین دۆخدا بوو وە لە راستیدا تازە کەوتبووە سەر دەورى برسێتى کێشان؟ بۆ چى خەڵک دەیانویست ناوبانگى ماوەیەکى درێژترى برسێتى لێ بستێنن؟ ئەوەش تەنیا لەبەر ئەوە نەبوو کە دەیتوانى ببێتە گەورەترین هونەرمەندى برسى لە مێژوودا، لەبەر ئەوەی کە رەنگە ئەو پێشتر گەیشتبێتە ئەو نازناوە، بەڵکوو لەبەر ئەوەش کە دەیتوانى ریکۆردی خۆشى بە شێوەیەک کە لە خەیاڵیشدا نەگونجێت، بشکێنێت وە هەروەها لە بەر ئەوی هەستى دەکرد هیچ سنوورێک بۆ تواناى برسێتى کێشانەکەى نییە.

بۆ چى ئەو خەڵکەى کە خۆیان وادەردەخست رێزى زۆریان بۆ خۆى و هونەرەکەى هەبوو ئەوەندە سەبریان کەم بوو لەگەڵى؟ ئەگەر ئەو بەردەوام بایە لە برسێتى کێشانەکەى، بۆ چى ئەوان تاقەتیان لێى نەدەما؟ جگە لەوانەش، ئەو زۆر ماندوو بوو وە پێى خۆش بوو لە سەر کاکەدا دانیشێت. بەڵام ئێستا دەبوو هەستابایە سەر قاچەکانى و راست و رێک راوەستابایە و بچووبایە نان بخوات؛ شتێک کە تەنانەت بە بیر لێکردنەوەشى خەریک بوو دەڕشایەوە. ئەگەر چى زۆریش قورس بوو بۆی، بەڵام تەنها بۆ رێزگرتن لە ژنەکان بە زەحمەتێکى زۆر خۆى لە گووتنى ئەم شتە دەبوارد. ئینجا سەرى بەرز دەکرەوەو دەیڕوانییە چاوى ژنەکان: روانینێکى بە رواڵەت هاوڕێیانە بەڵام لە راستیدا بێ رەحمانە. لەم کاتانەدا، سەرە لە رادەبەدەر قورسەکەى لە سەر ملە باریک و بێ تواناکەى بەم لاو ئەولادا دەکەوت.

بەڵام پاشان ئەو شتە رووى دەدا کە هەموو کات رووى دەدا.

رێکخەرەکە دەهات و بە بێ دەنگى – موسیقاکە رێگەى بە قسە کردن نەدەدا – دەستى رووەو ئاسمان بە سەر هونەرمەندە برسییەکەدا بەرز دەکردەوە، وەک بڵێى بیەوێت داوا لە ئاسمان بکات سەرنج بداتە ئەو کارەى خۆی لێرە لە سەر کاکە: ئەو بێ گیانە بێ بەختە. لەو کاتەدا هونەرمەندە برسییەکە بێ گیان بوو بەڵام بە واتایەکى جیاواز. پاشان دەورى کەمەرە باریکەکەى هونەرمەندەکەى دەگرت؛ لەو کارەیدا بە وریاییەکى زیادەرۆیانەوە دەیویست وا لە خەڵکەکە بگەیەنێـت کە هەڵسوکەوت لەگەڵ شتێکى ناسکدا دەکات. ئینجا بە نهێنییەوە هونەرمەندەکەى تۆزێک رادەوەشاند بۆ ئەوەى قاچەکانى و سەر و سنگى بێ ئەوەى بتوانێت زاڵ بێت بە سەریاندا بەم لاو ئەو لایا بکەون. دواتر رادەستى ژنەکانى دەکرد کە لەو دەمەیدا رەنگى زەردى مردوویان لێ نیشتبوو.

لەم قۆناخەدا هونەرمەندەکە ئەو شتانەی هەموو تەحەمول دەکرد. سەرى شۆڕ ببۆوە سەر سنگى – وەک بڵێى بە بێ هیچ هۆکارێک بە دەورى ملیدا خولى خواردبۆوەو دواتر لەو شوێنەدا گیرسابۆوە – و جسمى بە تەواوی کووڕ ببۆوەو قاچەکانى بۆ ئەوەى خۆیان بگرن لاى ئەژنۆکانیەوە بە یەکەوە نووسا بوون بەڵام هێندە خۆیان پێ نەگیرابوو وە بەملاو ئەولایا کەوتبوون، عەرزەکەیان رووشاندبوو؛ وەک بڵێى لە سەر عەرزى راستى نەبوون و بە دوایدا دەگەڕان. قورسایى تەواوى جسمى، کە بە دڵنییاییەوە زۆر بچووک بوو، خستبووە سەر یەکێک لە ژنەکان. ژنەکەش بە هەناسەیەکى سەرلێشێواوانەوە چاوەڕوانى یارمەتى دەکرد لە بەر ئەوەی کە بە بیریشیدا نەهاتبوو ئەو پۆستى شەڕەفەى پێى دەبڕێ، شتێکى لەم بابەتە بێت و پاشان ملى تا ئەو جێیەى بۆى دەکرا بە دوور دەگرت، بۆ ئەوەى بەر سەروچاوى هونەرمەنده برسییەکه نەکەوێت. بەڵام دواتر کاتێک کە نەیدەتوانى ئەوە بکات، ژنە هاوڕێ بەبەختترەکەشى نەدەهات بۆ یارمەتیدانی.

ژنەکەی تر به‌ڵام گیانی ده‌له‌رزی و بە گرتنى پەنجە بچووکەکانى دەستى هونەرمەنده‌که‌ لە پێشەوەى خۆى رازی و خۆشحاڵ بوو. ئینجا دەستى دەکرد بە گریان کە دەبووە هۆى پێکەنینى جەماوەر و لە لایەن بەشداربوویەکەوە کە لە ماوەیەک لەمەوبەرەوە ئامادە ببوو،دڵنه‌وایی دەکرا. پاشان خواردنەکە دەهات. رێکخەرەکە تۆزێک خواردنى دەکردە ده‌مى هونەرمەندەکەوە کە لەو کاتەدا نیوە بێهۆش بوو؛ وەک بڵێى خەریک بوو لە هۆش خۆى دەچوو. رێکخەرەکە بە بزەوە وڕێنەى دەکرد بۆ ئەوەى سەرنجى خەڵکەکە لە سەر دۆخى هونەرمەنده‌ برسییه‌که‌ دوور بخاتەوە. دواتر خواردنەوەیەک به‌ خۆشی خەڵکەکە دەخواردراوە کە دەبوو لە لایەن هونەرمەندەوە بە گوێى رێکخەرەکەدا بچرپێندرایە. دواتر ئۆرکیستراش بە ژەنینى شەیپوورێکى زۆر ناوازە هەموو شتەکانى پشتراست دەکردەوە. له‌ کۆتاییدا خەڵکەکە بڵاوەى لێ دەکرد. هپچ کەس مافى ئەوەى نەبوو بەو رووداوە دڵناخۆش بێت بێجگە لە هونەرمەنده برسییه‌که‌ – هەموو کات ئەو تەنیا کەسی دڵناخۆش بوو.

ئەوە شێوە ژیانى ئەو بوو بۆ چەندەها ساڵ و لەگەڵ ئەوشدا بە شێوەیەکى رێکوپێک پشووى کورتى وەردەگرت. بە رواڵەت لە ژێر رووناکى نومایشتەکەدا لە لایەن هەموو خەڵکى جیهانەوە رێزى لێ دەگیرا، بەڵام لەبەر هەمووى ئەوانە زۆربەى کاتەکان خەمبار بوو. رۆژ دواى رۆژ خەمبارتر دەردەکەوت، لەبەر ئەوەی کەس نەیدەزانى چۆن هونەرەکه‌ی به‌ جدی بگرێت. بەڵام چۆن دەیتوانى دڵخۆشییەک بۆ خۆى بدۆزێتەوە؟ چ شتێک مابوو لەم جیهانە ئارەزووى بکات؟ ئەگەر جاروبار کەسێک له‌ رووی میهره‌بانییه‌وه‌ داخى بۆ بخواردایەو بیویستبایە بۆى روون بکاتەوە کە هۆکارى خەمباریەکەى رەنگە ئەو برسێتى کێشانە بێت، لەوانەبوو هونەرمەندەکە بە رق و تووڕەییەکى زۆرەوە وەڵامى بدابایەتەوە و وەک ئاژەڵێکى وەحشى بۆ ترساندنى هەمووان دەستى دەکرد بە راوەشاندنى میلەکانى قەفەسەکە . بەڵام رێکخەرەکە بۆ ئەو کاتانە شێوەیەکى تایبەتى سزادانى هەبوو؛ شتێک کە زۆر پێى خۆش بوو بە کارى بێنێت: ئەو لە لایەن هونەرمەنده‌ برسییەکه‌وە داواى لێبوردنى لە جەماوەرى ئامادەبوو دەکرد، وەک دان پێدانانێک بەوەى ئەو تووڕەییە تەنیا ئەنجامى برسێتییەکەیەو هیچى تر. خەڵکى تێر و تەسەلیش باش لەو شتە تێدەگەیشتن و بێ هیچ روونکردنەوەیەکى زیاتر لەو هەڵسوکەوتەى هونەرمەنده‌ برسییه‌که‌ دەبووران و خۆش دەبوون.

ئینجا لە قسە کردن بەردەوام دەبوو و باسى لەو بانگەشەیەى هونەرمەنده‌ برسییه‌که‌ دەکرد کە دەتوانێت بۆ ماوەیەکى زۆر لەوە زیاتر هیچ نەخوات. تێگەیشتن لەوەش هەر بە هەمان شێوە بۆ ئامادەبووان قورس بوو. پاشان دەستى دەکرد بە پێداهەڵگووتن بەو هەوڵە بەرز و ویستە باش و خۆ نەویستییە جوانەى که‌ بێگومان لەو بانگەشەیەدا بەدى دەکرا. بەڵام دواتر هەوڵى دەدا شتێکى دژ بەو بانگەشەیە بخاتە روو؛ ئەوەش ته‌نیا بە دەرهێنانى ئەو وێنانەى کە بۆ فرۆش دانرابوون و تیایاندا هونەرمەنده برسییه‌که‌ لە چلەم رۆژى برسى بوونیدا دەردەکەوت کە لە جێدا کەوتبوو و بە هۆى مانووبوونى زۆرەوە له‌ نزیکەى گیانەڵڵادا بوو.

سەرەڕاى ئەوەى هونەرمەنده‌ برسییه‌که‌ باش لە بەلاڕێدابردنى ئەو راستییەى دەزانى، بەڵام ئەوەش دووبارە تووشى بێتاقەتى دەکرد و دەیزانى ئەوە بۆ ئەو زۆر لە رادەبه‌ده‌ر بوو. ئەو دەرەنجامە چى بوو کە هۆکارەکەى، وەک خەڵک ئێستا باسیان لێوە دەکرد، کۆتایى پێهێنانى پێش وادە بە برسێتى بوو! وا دیاربوو ئەگەرى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ لە دژى ئەم تێنه‌گەیشتنەو ئەم خراپ تێگەیشتنە لە ئارادا نەبوو. هەموو کات بە باوەڕێکى باشەوەو بە دڵخۆشییەکى زۆرەوە لە تەنیشت میلەکانى قەفەسەکەوە گوێى لە رێکخەر دەگرت، بەڵام هەر کە وێنەکان دەکەوتنە بەر دیدى ئامادەبووان، دەستى لە میلەکان بەردەداو بە ئاخ هەڵکێشانێکەوە رۆ دەچۆوە ناو کاکه‌ و جەماوەرى دووبارە دڵنیاکراو دەیانتوانى دووبارە بێنە سەرى و سەیرى بکەن.

کاتێک ئەو کەسانەى ئەو دیمەنانەیان پێشتر بینیبوو، دواى چەند ساڵێک دووبارە بیریان لێ دەکردەوە، زۆر جار لە خۆشیان تێنەدەگەیشتن. لەبەر ئەوەی لە هەمان کاتدا، ئەو ئاڵوگۆڕەى لە سەرەوە ئاماژەى پێدرا، ئەوەی دارشتبوو. ئەوەش زۆر کتوپڕ روویدا. لەوانەشە هۆکارگەلى زۆر قووڵتر لە پشتییەوە بووبن، بەڵام کێ ئەو زەحمەتەى بەر خۆى دەدا، بۆ ئەوەى ئەو هۆکارانە بدۆزێتەوە؟ رێژەکان هەر چۆنێک بان، رۆژێک دەهات کە ئەو هونەرمەندە برسییەى ئەو هەمووە نازیان هەڵدەگرت، ئیتر جێى سەرنجى ئەو خەڵکەى بە دواى چێژدا دەگەڕان نەدەما و دەچوون بە دواى شتى سەرنجراکێشى تردا دەگەڕان. رێکخەرەکە بۆ جارێکى تریش لەگەڵ هونەرمەندەکەدا، نیوەى ئەورووپا گەڕان بۆ ئەوەى بزانن دەتوانن دووبارە ئەو حەز و چێژە کۆنە لە هەندێک شوێن لێرەو لەوێ بدۆزنەوە. هەموو ئەو هەوڵانە بێ کەڵک و بێ سوود بوون. دەتوت گوایە لە هەموو ئەو شوێنانە، رێکەوتنێکى نهێنى پێشوەختە دژى هونەرو نومایشتەکانى برسێتى کرابوو.

سروشتییە کە ئەوانە نەدەکرا هەموو کتوپڕ روویان دابێت و خەڵک دواتر وردە وردە هەندێک شتیان بیر کەوتەوە کە لە رۆژانى سەرکەوتنى پڕ سەرخۆشیدا، گرنگى تەواویان پێنەدابوو. هەندێک لە ئاماژەکان بە تەواوى سەرکوت نەکرابوون؛ بەڵام ئیتر ئێستا ئەوندە درەنگ بووبوو کە نەدەتوانرا بۆ رووبەرووبوونەوەیان هیچ کارێک بکرێت. بە دڵنیاییەوە ئەوە شتێکى روون و حاشاهەڵنەگر بوو کە رۆژێک دێت دووبارە خەڵک روو دەکەنەوە هونەرى برسێتى، بەڵام بۆ ئەو کەسانەى ئێستا لە ژیاندا بوون، ئەوە دڵخۆش و دڵنەوایى نەدەکردن. ئێستا هونەرمەنده‌ برسییه‌که دەبوو چى بکات؟ مرۆڤێک کە کاتى خۆى هەزاران کەس پاڵپشتیان کردبوو، ئێستا تەنانەت نەیدەتوانى هونەرەکەى خۆى لە یەکیک لەو کیوسکانەی پێشانگا بچووکەکانی هونەرى سەرنجراکێش دەربخات. ئەوەش جگە لەوەى ئەو بەستزمانە ئیتر ئەوندە پیر بووبوو تازە نەیدەتوانى بچێتە سەر پیشەیەکى تر؛ زیاتر لە هەر شتێکى تر خۆى تەرخان کردبوو بۆ هونەری برسى بوون. بۆیە ماڵاوایى لە کابراى رێکخەر کە هاوڕێیەکى بێ وێنە بوو لە ژیانیدا، کرد و دەستى کرد بە ئیش کردن لە سێرکێکى گەورەدا. بۆ ئەوەى هەستەکانى بریندار نەبن، تەنانەت سەیرى مەرجەکانى رێکەوتنەکەشى نەکرد.

سێرکێکى گەورە بە ئەو هەموو خەڵک و ئاژەڵ و فێڵانەوە کە هونەرمەندەکانی بە بەردەوامى لە سەر کار دەردەکران و دووبارە شوێنیان بە خەڵکى نوێ پڕ دەکرایەوە، دەتوانێت کەسەکان لە هەر کات و زەمەنێکدا بەکاربێنێت تەنانەت هونەرمەندێکی برسیش. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوەش بە مەرجێک کە داواکارییەکانى لە ئاستێکى گونجاودا بن.

جگە لەوەش لەم حاڵەتە تایبەتەدا، هونەرمەنده‌ برسییه‌که‌ تەنیا وەک تاکە کەسێک نەدەچووە ئیشەکەوە؛ بەڵکوو ناو و ناوبانگە لەمێژینەکەشى لەگەڵ خۆیدا دەبرد. لە راستیدا بە لەبەرچاو گرتنى سروشتى تایبەتى هونەرەکەى، که به تێپه‌ڕینی ته‌مه‌ن هیچ له بایه‌خه‌که‌ی که‌م نه‌ده‌بۆوه، کەس نەیدەتوانى بانگەشەی ئەوە بکات کە ئه‌و هونەرمەندێکى پیر و ماندوو و په‌ککەوتوو بوو کە چى تر لە لووتکەى تواناییه‌که‌یدا نەمابوو وه دەیویست رابکاتە قوژبنێکەوە لە سێرکەکەدا. بە پێچەوانەوە، هونەرمەندە برسییه‌که‌ رایگەیاند کە دەتوانێت وەک رۆژانى سەرەتا بە باشى هونەرى برسێتى بنوێنێت – شتێک کە بە تەواوى جێى باوەڕ بوو.

لە راستیدا، تەنانەت سووربوو لە سەر ئەوەى کە بە مەرجێک خەڵک رێگەیان پێدابایە بۆ ئەوەى ئەو شتەى خۆى دەیویست بیکات – کە گفتى ئەوەى بە بێ دەنگى پێدرابوو – دەیتوانى بەڕاستى بۆ یەکەم جار و بە شێوەیەکى دروست و گونجاو خەڵک سەرسام بکات. بەڵام ئەو سووربوون و جەختکردنەوەیە بە رەچاوکردنى دۆخى ساتەوەختەکە کە هونەرمەنده برسییه‌که بە ئاسانى به‌ هۆی دڵه‌ڕاوکێی خۆیه‌وه‌ چاوپۆشى لێ کردبوو، تەنیا بووە هۆى بزەى سه‌رلێوی شارەزاکانى بوارەکە.

سەرەڕاى ئەوەش هونەرمەنده برسییه‌که‌ تێگەیشتنى بۆ شێوازى نوێى ئیشەکەى لە یاد نەکردبوو وە ئەو راستییەش تەواو لاى روون بوو کە خەڵک خۆى و قەفەسەکەى وەک ئەستێرەیەکى هونەرى سەرنجراکێش لە ناوەڕاستى شوێنەکە دانانێن، بەڵکوو دەیبەنە دەرەوە و لە شوێنێکى نیزیکى شوێنی حه‌وانه‌وه‌ى ئاژەڵەکان دایدەنێن کە بە ئاسانى دەستیان پێى رابگات. دەور تا دەورى قەفەسەکە بەو هێما قەبارە گەورانە رازاندرابۆوە کە بە جوانى بۆیاخ کرابوون و ئاماژەیان بەوە دەدا بەوەى کە لەوێدا دەتوانن سەیرى چ نواندنێک بکەن. لە ماوەى پشووى نێوان نومایشتە سەرەکییەکان، کاتێک کۆمەڵانى خەڵک دەردەچوونە دەرەوە و دەرۆیشتن بەرەو بەشى ئاژەڵەکان بۆ سەیرکردنیان، بە سەختى دەیانتوانى پێش بەوە بگرن کە بە تەنیشت هونەرمەنده‌ برسییه‌کەدا تێپەڕن و بۆ ماوەیەکى کورت راوەستن.

ئەوانەی کە لە پشتەوە لە سەڕه‌که‌دا بوون، نه‌یانده‌زانی هۆکاری ئه‌و راوەستانە لە سەر رێگەیان بۆ بینینى بەشى ئاژەڵان چی بوو. له‌وانه‌یه‌ ئەگەر ئەوانەى پشتەوەی سەڕەکە، پاڵیان بەوانەى پێشەوە نه‌نایه‌و به‌و شێوه‌یه دەرفەتى سەیرکردنێکى پترى بێ کێشەیان بۆ ئەوانەى پێشەوە رەخساندبا، خەڵکەکە کاتێکى زیاتر لای ئەو مابایه‌نەوە. هەر ئەمەش ببووە هۆى ئەوەى کە هونەرمەنده برسییه‌كه لە ساتى ئەو سەردانانەدا، دەلەرزى. لە کاتێکدا جاران وەک ئامانجى سەرەکى ژیانى ئارەزووى ئەو ساتانەى دەکرد. لە رۆژانى دەستپێکدا، چاوەڕێکردن بۆ کاتى پشووەکان زۆر قورس بوو بۆى. بە دڵێکى زۆر خۆشەوە چاوەڕوانى حەشامەتەکەى ده‌کرد کە بڕژێنە سەر سەرى. بەڵام هەر زۆر زوو بۆى دەرکەوت کە زۆرینەى ئەو خەڵکە، بە هەڵسەنگاندنى مەبەستەکانیان، بێ هیچ جیاوازییەک تەنیا بۆ سەیرکردنى بەشى ئاژەڵان دەهاتن – وە تەنانەت نەدەکرا لە رووى کەللەڕەقى و بە ئەنقەست خۆ فریو دانیشەوە حاشا لەو راستییە بکرێت.

ئەم دیمەنە لە دوورەوە هێشتا جوانترین سات بوو بۆ ئەو. لە بەر ئەوەى کە کاتێک دەگەیشتنە سەر ئەو، بە گوێى خۆى ئەو هاتو هاوارانەى دەبیست لە دوو کۆمەڵە خەڵک کە رۆژ بە رۆژیش ژماره‌یان زیادی دەکرد؛ کۆمەڵێکیان دەیانویست کە کاتێکى زیاتر بۆ هونەرمەنده برسییه‌که تەرخان بکەن، ئەوەش نەک لە رووى تێگەیشتنیان لە هونەرەکەی بەڵکوو وەک حەزێکى کتووپڕ یا تەنیا بە مەبەستى سەرپێچى کارییه‌ک لە داواکه‌ى ئەوانى تر کە پاڵیان پێوە دەنان – کە بینینى ئەمانە بۆ هونەرمەند پڕئازارتر بوو. وە گرووپى دووەم کە تەنیا داوایان ئەوە بوو کە یەکسەر بڕۆنە بەشى ئاژەڵان.

کاتێک کە قەەرەباڵخیەکە نەده‌ما، ئینجا ئەوانە دەهاتن کە وەدرەنگى کەوتبوون و لەگەڵ ئەوەشدا کە هیچ بەربەستێک نەبوو لە بەرامبەریاندا بۆ ئەوەى تا هەر کاتێک بیانویستبا لای ئه‌و بمێننەوە، به‌ڵام بە هەنگاوى گەورەو بە پەلەپەل بە لایدا تێدەپەڕین بۆ ئەوەى لە کاتى خۆیدا بگەنە بەشى ئاژەڵان؛ بۆیە تەنانەت کەم وابوو ئاوڕێکیشى لێ بدەنه‌وه‌.

له‌ باشترین حاڵه‌تدا ئه‌گه‌ر تۆزێک به‌خت یاری بایه‌، زۆر بە دەگمەن روویده‌دا کە باوکێک لەگەڵ منداڵەکانى ده‌هاتنە لاى و باوکه‌که‌ پەنجەى ئاماژەى بۆ هونەرمەنده برسییه‌که رادەکێشاو روونکردنەوەیەکى بە وردەکارى تەواوەوە بە منداڵەکان دەدا سەبارەت بەوەى چى لێرەدا رووى دەداو باسى ساڵانى پێشترى بۆیان دەکرد کە لە نومایشتگەلى هاوشێوەى ئەوە، بەڵام بە رادەیەکى زۆر گەورەتر کە بەراورد ناکرێت، ئامادە ببوو. ئینجا منداڵەکانیش لەبەر ئەوەى نە لە قوتابخانە و نە لە ماڵەوە بۆ ئەو جۆرە نومایشتانە بە رێژەى پێویست رانەهێنرابوون، بەردەوام بێ جووڵە دەوەستان و لە هیچ تێنەدەگەیشتن. هیچ نەخواردن بۆ ئەوان چ واتایەکى هەبوو؟ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، رووناکى تێڕامان لەو چاوانەى بە دواى شتدا دەگەڕان، مژدەى هاتنى کاتگەلێکى نوێ و جوانترى پێ بوو.

لەوانەیە هەندێک جار هونەرمەنده برسییه‌که‌ بە خۆى گوتبێت کە ئەگەر شوێنەکەى هێندە نیزیکى بەشى ئاژەڵان نەبوایە، دۆخەکە تۆزێک باشتر دەبوو. بەو شێوەیە هەڵبژاردن بۆ خەڵکەکە ئاسانتر دەبوو؛ لەو راستییەش گەڕێ کە زۆر شتی تر دەبوونە هۆی بێ تاقەتی و خەمۆکی بەردەوامی هونەرمەندەکە لەوانەش: بۆنى ناخۆشى ئاخووڕەکان و ژاوەژاوى ئاژەڵەکان لە شەودا و ئەو پارچە گۆشتە نەکوڵاوانەى بە بەردەمى ئەودا دەبران بۆ ئاژەڵە گۆشتخۆرەکان و هەروەها باڕەباڕی ئاژەڵەکان لە کاتى خواردن. بەڵام نەیدەوێرا لەو بارەیەوە نیزیکى بەشى کارگێڕى سێرکەکە بێته‌وه‌و گله‌یی خۆیان پێ رابگه‌یه‌نێت. بە پێچەوانەوە، دەبوو سوپاسگوزارى ئەو ئاژەڵانە بێت له‌ بەرامبه‌ر ئەوی که له‌و حەشامەتەى سەردانى بەشى ئەوانى دەکرد، جاروبار لێرەو لەوێ کەسَیکێش دەبووە قسمەتى ئەو. مه‌گه‌ر خوا خۆی بزانێت لە چ کون و قوژبنێکدا دەیانشاردەوە ئەگەر بیویستبا خۆى وەبیریان بێنێتەوە وە هاوکات لەگەڵ ئەوەش ئەو راستییەیان بیر بخاتەوە کە ئەو تەنیا بەربەستێک بوو لەسەر رێى چوونە بەشى ئاژەڵان.

بەربەستێکى بچووک کە بە بەردەوامى به‌ره‌و لاوازی ده‌ڕۆیشت. خەڵک ئیتر خوویان بەو بۆچوونە سەیرەوە گرتبوو کە لەو کاتانەدا کێ دەیەوێت سەرنج بداتە هونەرمەندێکى برسى وە لەگەڵ ئەو وشیارییە خووئامێزانەیەش، راو بۆچوونى خۆیان لە سەرى دەردەبڕى. لەوانەیە بیتوانیبا وەک جاران خۆی برسی بکات – وە هەر واش بوو – بەڵام ئیتر هیچ شتێک نەیدەتوانى رزگارى بکات. خەڵک رێک بە بەردەمى ئەودا دەڕۆیشتن و بەجێیان دەهێشت. هەوڵ بدەیت هونەرى برسی بوون بۆ کێ روون بکەیتەوە! ئەگەر کەسێک خۆی هەستى پێ نەکات، ناکرێ زۆرى لێ بکەیت لێى تێبگات. هێما جوانەکان ئێستا پیس ببوون و نەدەخوێندرانەوە. خەڵک دڕاندبوونیان و کەس بیرى لە دووبارە دانانەوەیان نەدەکردەوە. ئەو مێزە بچووکەى کە ژمارەى رۆژه‌کانی بەردەوام بوونى برسێتى لە سەر تۆمار دەکراو لە رۆژانى سەرەتادا هەموو رۆژێک بە رێکووپێکى و بە جوانى نوێ دەکرایەوە، لە مێژ بوو بە بێ هیچ گۆڕانکارییەک مابۆوە، لە بەر ئەوەى دواى چەند حه‌فته‌ى یەکەم، ستافەکە تەنانەت تاقەتى ئەو کارە بچووکەشیان نەمابوو.

کەواتە هونەرمەنده برسییه‌که‌ بە بەردەوامى خۆى لە خواردن دەبوارد؛ هەروەک چۆن لە رۆژانى سەرەتادا خەونى به‌وه‌وه بینیبوو. هیچ کێشەیەکى نەبوو لە وەدیهێنانى ئەو شتەى کە پێشتر پێشبینى کردبوو. بەڵام هیچ کەس ئیتر رۆژەکانى نەدەژمارد – هیچ کەس و تەنانەت هونەرمەنده برسییه‌که‌ خۆشى نەیدەزانى کە ئەو دەسکەوتە تا ئەو قۆناخەش چەندە بە نرخ بوو وه ئه‌و شته له‌ سه‌ر دڵى ببووە گرێ. جاروباریش کەسێک لە کاتى پیاسە کردندا، لاى ئەو رادەوەستاو بەو ژمارە کۆنە رایدەبواردو باسى لە کڵاوچێتى هونەرمەندەکە دەکرد. ئەوەش بە واتایەک لە درۆی مرۆڤێکی زۆر گەمژە دەچوو کە دەرەنجامى بێ مەیلى و ناخێکی پیس بوو؛ لە بەر ئەوەیکە هونەرمەنده برسییه‌که هەرگیز خەریکى فریودانى خەڵکى نەبوو – بە راستگوییەوە ئیشى خۆى دەکرد –بەڵام ئەوە ئەو جیهانەو خەڵکەکەى بوون کە بۆ ئەوەى خەڵاتى نەکەن، فێلیان لێ دەکرد.

بۆ جارێکى تریش رۆژەکان هاتن و رۆیشتن و ئەوه‌ش گەیشتە کۆتایى.

لە کۆتاییدا، قەفەسەکە سەرنجى چاودێرێکى بۆ لاى خۆى راکێشا کە لە بەرپرسەکەى پرسى بۆ ئەو قەفەسە باش و بەکەڵکەیان لەو ناوه‌دا پڕ لە کاى گەنیو و بێ سوود جێ هێشتبوو. کەس نەیدەزانى بۆ؟ هه‌تاکو پیاوێک بە بینینی ئەو مێزەى ژمارەکەى لە سەر بوو، هونەرمەنده برسییه‌که‌ی بیر کەوتەوە. بە دارێک کاکەیان ئەملاو ئەولا پێکرد و هونەرمەنده برسییه‌که‌یان لە ناویدا دۆزیەوە. چاودێرەکە پرسى: ” ئەوە تۆ هێشتا لە سەر برسێتى بەردەوامى؟ کەى بە نیازیت بە تەواوى دەست هەڵگریت؟” هونەرمەنده‌ برسییه‌که بە چرپەچرپ وتى: ” بۆ هەموو شتێک بمبوورە.” تەنها چاودێرەکە کە گوێى بە قەفەسەکەو نووساندبوو، لێى تێدەگەیشت. لە کاتێکدا کە بە پەنجه‌کانى دەیکێشا بە ناوچاوانیدا بۆ ئەوەى ئەوانەى دەورووبەری بزانن هونەرمەندەکە لە چ دۆخێکی مه‌ترسیداردایە، وتى: ” بە دڵنییاییەوە. ئێمە لێت دەبوورین.” ئینجا هونەرمەنده برسییه‌که وتى: “من هەمیشە ویستوومە تۆ شانازى بە برسێتى کێشانى منەوە بکەیت.” چاودێره‌که‌ش بە میهرەبانییەوە وتى: “بە دڵنیاییەوە ئێمە شانازیت پێوە دەکەین.” هونەرمەنده برسییه‌که‌ وتى: “بەڵام نابێ شانازیم پێوە بکەن.” چاودێره‌که وتى:” دەى باشە، کەواتە شانازیت پێوە ناکەین. بەڵام بۆ دەبێ شانازىت پێوە نەکەین؟” هونەرمەنده برسییه‌که وتى: ” لەبەر ئەوەی کە من له‌ رووی ناچارییه‌وه‌ برسێتیم کێشاوه. من ناتوانم هیچ شتێکی تر بکەم.” چاودێرەکە وتى: “سەیرێکى خۆت بکە. بۆ ناتوانى هیچى تر بکەیت؟” هونەرمەنده برسییه‌که سەرى تۆزێک بەرز کردەوە. لێوەکانى وەک بۆ کاتى ماچ خڕ کردبۆوه‌و رێک سەرى بردە بن گوێى چاودێرەکە بۆ ئەوەى هەموو قسەکانى ببیستێت و هیچى لە دەست نەچێت. ئینجا وتى: “لەبەر، لەبەر ئەوەی کە نەمتوانى خواردنێک بدۆزمەوە کە چێژى لێ وەرگرم. ئەگەر بمدۆزیبایەوە، باوەڕ بکە، خۆم نەدەکردە هەوێنى نومایشت بۆ خەڵک و بە دڵى خۆم وەک تۆ و ئەو خەڵکە تێروپڕ نانم دەخوارد.” ئەمانە ئاخرین ووشەکانى بوون، بەڵام لە نیگاکانیدا باوەرَێکى پتەو، ئەگەر ئیتر جێى شانازیش نەبوو، دیار بوو کە دەیگووت لە نەخواردن بەردەوام دەبێت.

چاودێره‌که وتى: “زۆر چاکە. ئەم شوێنە بە تەواوی خاوێن کەنەوە.” هونەرمەنده برسییه‌که‌یان لەگەڵ کاکەدا ناشت. پاشان پڵینگێکى رەشى گەنجیان لە قەفەسەکەى ئەودا دانا. تەنانەت بۆ کەسێکى گه‌مژه‌ی نه‌زانیش بینینى ئەو ئاژەڵە دڕندەیە کە لە ناو قەفەسەکەدا خۆى بەملاوئەولادا دەدا، شتێکى تازەو بەچێژ بوو. ئەویش ئەو قەفەسەى کە بۆ ماوەیەکى دوور و درێژ ببووه‌ هۆی خەمباری جه‌ماوه‌ر. ئێستا هیچ شتێک نەبوو نەیبێت بۆ راکێشانی سه‌رنجی خه‌ڵک. زۆری پێ نەچوو پاسەوانەکان خواردنى ئاژەڵەکەیان هێنا. ئاژەڵەکەش تامى خواردنەکەى پێ خۆش بوو وە هەرگیز پێ نەدەچوو بیرى ئازادى بکات. ئەو جسمە پڕشکۆیە، کە هەموو شتێکى پێویستی تا رادەیەکی زۆر بۆ دابین کرابوو، وا دەردەکەوت کە ئازادییەکەى لەگەڵ خۆى دەسووڕاندەوە. ئەوەش پێدەچێت لە شوێنێک لە ددانەکانیدا خۆی حەشار دابێت و چێژى ژیان بە تامەزرۆییەکى هێندە بەهێزەوە لە ناو قورگییەوە دەهات کە بەردەوام بوون لە سەیر کرن بۆ جەماوەر زۆر ئاسان نەبوو. بەڵام زاڵ دەبوون بە سەر خۆیان داو بە پاڵەپەستۆى زۆرەوە جێی خۆیان لە دەوروبەری قەفەسەکە دەکردەوەو هیچ حەزیان لێ نەبوو شوێنەکە جێ بهێڵن بەرەو شوێنێکی تر.

بابەتی هاوپۆل

امید و مقاومت همگانی با ضرورت تداوم انقلاب زن، زندگی، آزادی

بازداشت و سرکوب و اعدام های گسترده در طول یک سال گذشته تا کنون، همگی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.