سێ شه‌ممه‌ 23 نیسان 2024

“بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان دەبێ فکرێکی جیدی لەوە بکاتەوە بە شێوەیەکی نوێ خەباتی چەکداری بکات”

گرنگی رووداوەكانی ئەم دواییە‌و لەسێداردارەدانی زیندانیانی سیاسی كورد بەدەستی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی، هەروەها هەڵوێستی كۆمەڵگەگای نێودەوڵەتی بەرامبەر بەم پێشێلكارییانەی مافی مرۆڤ لەلایەن كۆماری ئیسلامی تەوەری گفتوگۆیەكی زاگرۆس پۆست لەگەڵ لوقمان هەژار ئەحمەدی، نوێنەری حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە ئەوروپایە.

زاگرۆس پۆست: دوای قۆناغێک له که‌مبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌یی ئیعدامی زیندانیانی سیاسی له کوردستان، شه‌پۆلێکی نوێی له‌سێداره‌دانی زیندانیانی سیاسیی کورد سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه. ئه‌وه له کاتێکدایه که له ماوه‌ی ڕابردوودا به چه‌ندین زیندانی سیاسی له تاران‌ ئازادکراون. هۆکاری ئه‌م دوالیزمه‌ له هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ زیندانییه سیاسییه‌کان له چیدا ده‌بینن؟

لوقمان هه‌ژار ئه‌حمه‌دی:  ئه‌گەر سرنج بدەین بە مێژوی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێ کە هەر جارێک کۆماری ئیسلامی لە حاڵەتی وتوێژ دا بێ لەگەڵ دونیای دەرەوە، بە تایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئاستی توندوتیژی بەرانبەر نه‌یارانی خۆی زیاد دەکا. بە پێی خوێندنەوەی کۆماری ئیسلامی، وڵاتانی ڕۆژئاوا ئامادە نین بەرژەوەندیە‌کانی خۆیان وەلابنێن بۆ فشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامی لەسەر پرسی مافی مرۆڤ. بۆ نموونە دوای ئەوە ڕەفسەنجانی بوو بە سەرۆک کۆمار، ئێران ڕوخساری خۆی بۆ دونیای دەرەوە گۆڕی و چەندین دەورەی وتوێژی لە نێوان ئێران و یەکیەتی ئەورووپا (بە پشتیوانی ئامریکا) هاتە ئاراوە. کۆماری ئیسلامی لەو ماوە نە تەنیا توندوتیژی لە ناوخۆی ئێران زیاد کرد بەڵکوو لە چەندین وڵاتی ئەورووپاییش زۆر بە ئاسانی چالاکانی ئۆپۆزیسیۆنی تیرۆر دەکرد، که د. سعید شەرەفکەندی نموونه‌یه‌کی ئه‌و کۆتاییانه‌ی ئه‌و تێرۆرانه بوو.

یەکێک لەم پرۆسەی وتوێژانە لە ژێر ناوی دیالۆگی ڕەخنەگرانە (Critical Dialouge) بەڕێوەدەچوو و لە کاتی ئەم وتوێژانەدا بازرگانی نێوان ئێران و وڵاتانی ئورووپا یەکجار زۆر زیادی کرد. ئەم پرۆسەیە لە وتوێژ و بازرگانی کۆتای پێنەهات تاکوو دادگای ئاڵمان هه‌ریه‌که له خامنەی، ڕەفسەنجانی و چەند کاربەدەستێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسیاری سەرەکی تیرۆری د. شەرەفکەندی ناسی. هەمان سیناریۆ لە کاتی هاتنە سەرکاری خاتەمی دوبارە بووەوە، کۆماری ئیسلامی خاتەمی وەکوو رێفورمیست بە دونیای دەرەوە دەناسی بەڵام لە نێوخۆی ئێران بە توندترین شێوە لەگەڵ نه‌یارانی خۆی هەڵسوکەوتی دەکرد، نمونەیەکی بەرچاو سەرکوتکردنی ڕاپه‌ڕینی خوێندکارانی ساڵی ١٩٩٩یە.

هاتنە سەرکاری ڕۆحانی و گۆڕینی ڕوخساری کۆماری ئیسلامی و هەنگاوە دیپلوماسیەکانی ئەم رژیمە دەبێ لەم چوارچێوە‌دا ببینین. کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ گەمارۆیە ئابووریەکان و ئەو فشارە لەسەری هەیە لە ڕێگای وتوێژکردن لەسەر بەرنامەی ناوەکی خۆی لابا. هەر بۆیە ئێران لەو باوەڕە دایە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە تایبەتی ئامریکا، ئامادەن چاوپۆشی لەسەر پرسی مافی مرۆڤ بکەن بۆ ئەوە بگەن بە ڕێکەوتنێک لەسەر بەرنامەی ناوەکی.

زاگرۆس پۆست: به‌ڕای ئێوه بێده‌نگی‌و بێهه‌ڵوێستیی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر به په‌ره‌سه‌ندنی ئیعدامه‌کان له کوردستان سه‌رچاوه له چییه‌وه ئه‌‌گرێت؟ پێتانوایه ده‌وڵه‌تی ناسراو به ‘چاره‌سه‌ری’ی ڕۆحانی توانیبێتی سه‌رنجی پۆزه‌تیڤی رۆژاواییه‌کان بۆ مه‌سه‌له‌ی ئێران ڕابکێشێت؟

لوقمان هه‌ژار ئه‌حمه‌دی: کۆمەڵگای نێونەتەوەی، بە تایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا، گرینگی زیاتر بە بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەدەن تاکوو پرسی مافی مرۆڤ. هیچ وڵاتێکی دونیا نیە کە ئامادە بێ بەرژەوەندیەکانی خۆی وەلابنێ بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ لە وڵاتێکی دیکە. وەکوو لە وڵامی پێشووم دا ئاماژه‌م پێ کرد، کۆماری ئیسلامی دەزانێ کە وڵاتانی ڕۆژئاوا گرینگی زیاتر بە چارەسەری پرسی بەرنامەی ناوەکی دەدەن و ئامادە نین گرینگی بە پرسی مافی مرۆف لە ئێران بدەن لە ترسی ئەوە کە هەڵویست گرتن لەم بوارەوە دەتوانێ لەمپەر دروست بکا بۆ ڕێکەوتنێک لەسەر بەرنامەی ناوەکی ئێران.

زاگرۆس پۆست: به‌رکه‌وتووانی شه‌پۆلی نوێی ئیعدامه‌کان له ئێران به‌زۆری سێ نه‌ته‌وه‌ی کوردو عه‌ره‌ب‌و به‌لووچی گرتۆته‌وه. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه تا چه‌ند له ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه توانیویه‌تی هاوده‌نگی له نێوان هێزه سیاسییه‌کانی ئه‌و گه‌لانه دروستبکات‌و له‌و پێناوه‌دا ئه‌رکی کورد وه‌ک لایه‌نی دیاری ناو به‌رهه‌ڵستکارانی کۆماری ئیسلامی له چیدا ده‌بینن؟

لوقمان هه‌ژار ئه‌حمه‌دی:  چەندین ساڵە هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان ئەم نەتەوەانە‌دا هەیە. بۆ نموونە چەندین حیزب و لایەنی نەتەوەکانی ئێران، بێجگە لە فارسەکان، پێکەوە لە چوارچێوەی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ هاوکاری یەکتر دەکەن. بەرژەوەندی و چارەنوسی پرسی ئەم نەتەوانە لە ئێران پێکەوە گرێدراوە، هەر بۆیە پێویستە ئەم نەتەوانە زۆر زیاتر هاوکاری یەکتر بکەن. ئەرکی کوردیش بە پێی ئەوە کە ئه‌زموونی ڕێکخستنی و سیاسی لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە، پێویستە لە خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی پێشڕەو بێ و لە هەمانکاتدا دەرفەت بە نەتەوەکانی دیکە بدا کە کەڵک لە ئەزموون و تواناکانی کورد وەربگرن.

زاگرۆس پۆست: به‌ڕای ئێوه گرنگترین ئه‌رکی لایه‌نه کوردستانییه‌‌کانی ڕۆژهه‌ڵات له ئێستادا بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌و شه‌پۆله نوێیه له ئیعدامه‌کان له کوردستان چییه؟ هه‌ندێک که‌س باس له پێویستیی خۆڕاگریی چه‌کداری ده‌که‌ن‌و هه‌ندێک که‌سیش ڕێگه‌چاره‌ی مانگرتن‌و خۆپیشاندان‌ ده‌خه‌نه ڕوو. به له‌به‌رچاوگرتنی شێوازی هه‌ڵسوکه‌وتی کۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ کاردانه‌وه‌ مه‌ده‌نییه‌کان، ئێوه پێتان وایه باشترین کاردانه‌وه له ئێسته‌دا چییه؟

لوقمان هه‌ژار ئه‌حمه‌دی: بزوتنەوەیەکی ئازادیخواز دەبێ کەڵک لە هەموو شێوە خەباتێک وەربگرێ بۆ ئەوە ئامانجەکانی وەدیبێن. کۆماری ئیسلامی ئێران بە هیچ شێوە دەرفەت نادا بە دەربڕینی ناڕەزایەتی مەدەنیانە و هەر بۆیە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان دەبێ فکرێکی جیدی لەوە بکاتەوە کە بە شێوەیەکی نوێ و گونجاو هەم خەباتی چەکداری بکا و هەم کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان سازمەندەی بکا بۆ خۆڕاگری بەرانبەر بە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.