سێ شه‌ممه‌ 23 نیسان 2024
عەلیڕەزا قادری

ژیانەوە / عەلیڕەزا قادری

چ شیرینە بزەی سەر لێوی ئاڵت ،
چ پڕژینە نیگا و چاوی کەژاڵت
هەناسەت چیژی ئازادیی دەبەخشێ
چ خۆشە ، پێگەیی بێستانی کالت .

خوای جوانیی بە باڵای تۆ بڕاوە
گووڵ و حۆری لە شێوەی تۆ کراوە
چ هەست بزوێنە قەوسی بەژن و باڵات
نەمامێکە بە باران ئاودراوە .

لە سرتەی نیوەشەو ، نازی بەیانیی ،
شەو و مانگ داگەڕێن بۆ ژوانی کانی
کە ڕۆژێک پێم نەبەخشێ تیشکی چاوی،
ڕووح و گیان نەسرەوێ ، شێت بێ لە ژانی .

چ پاساوێک بدەم تاسەم لەبڕ بێ،
دڵم بێخورپە بێ ، سەر کاس و کڕ بێ
بزەی شیرینی سەرلێوت لە کەس بێ ،
تەمەن سووتمانی ئاگردان و گڕ بێ .

دەرۆنم گڕ مەدە ، ڕوو وەرمەگێڕە ،
منیش گیرۆدەتم ، چاوێک بگێڕە
بەڵێنی بێ ئەگەر جارێک وەفا کەیت،
فیدا کەم گیان و دڵ ، سەد جار لێرە .

چ هەتوانێ هەیە بۆ دەردی دووریی ،
لە کێ فێربم گووڵم وانەی سەبووریی
پەنا بۆ خۆم بەرم تەنیا ، بسووتێم ،
نە مەیخانە دەکا چارم ، نە حۆری .

لەپاش مردن دڵ و گیانم بە گڵ بێ ،
گڵم تێکەڵ بە باران بێ ، بە گووڵ بێ
گووڵێک بۆ باغی سینە و پەرچەمی تۆ،
بەرامەی عەتری تۆ ، نێزیک لە دڵ بێ .

هەلێکم پێ ببەخشە گیانی گیانم ،
نەکا دەرفەت نەدا گڵ بۆ ڕوانم
بە ئیمایەک نەبوونم ، بێنە هەربوون ،
بەبێ تۆ وەک یەکە ، مان و نەمانم .

22.05.2014
ئۆسلۆ .

بابەتی هاوپۆل

امید و مقاومت همگانی با ضرورت تداوم انقلاب زن، زندگی، آزادی

بازداشت و سرکوب و اعدام های گسترده در طول یک سال گذشته تا کنون، همگی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.