دوو شه‌ممه‌ 18 ئازار 2024

لەسێدارەدان بەواتای هەبوونی ترس لەدوێنی، ئەمڕۆو داهاتووە!

    ئاریتما موحەممەدی

 کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو حوکوومەتانەی کە لەمێژووی ئەو وڵاتەدا دەسەڵاتیان بەسەر نەتەوەی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپاندووە، هەمیشە بەدوور لەهەر چەشنە لەبەر چاو گرتنێکی مافی مرۆڤایەتی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر نەتەوەی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زاڵ کردووەو بەهەموو شێوەیەک هەوڵیان داوە کە هێزو ورەی ئەو نەتەوەیە تێک بشکێنن و ڕێگا بۆ شۆردنەوەی ناسنامەو کولتووری نەتەوەیی ئەو نەتەوەیە خۆش بکەن.

بۆ بەجێگەیاندنی ئەو پڕۆژەیەش لەهەموو کەرەستەو سیاسەت و تاکتیکێکی سیاسی، سەربازی، ئابووری و کۆمەڵایەتی کەڵکیان وەرگرتووە.

دەیان ساڵ لەدژی ئەو نەتەوەیە جیهادیان ڕاگەیاندو هەموو چەکێکیان لەکوردستان بەسەر نەتەوەی کورددا تاقی کردووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەو دۆخە نالەبارو هەلومەرجە دژوارو پڕ لەهەورازو نشیوەشدا، کاریگەری نەرێنی لەسەر بزووتنەوەی نەتەوەیی و سەربەخۆییخوازی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان دانەناوە.

نەتەوەی کورد هەمیشە بەردەوام لەخەبات و تێکۆشاندا بووەو لەهیچ تەنگ و چەڵەمەیەکیش سڵی نەکردووەتەوە. بۆ گەییشتن بەئامانجی بەرزو نەتەوەیی ڕێگای خەبات و تێکۆشانی بۆ چرکە ساتێکیش بەرنەداوەو شل نەکردووە.

دووژمنانی نەتەوەی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەموو هەوڵێکی خۆیان خستووەتە گەڕ بۆ لاواز کردنی ئەو بزووتنە نەتەوەیی، کۆمەڵایەتیی و ئازادیخوازییە کە ئەمڕۆ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنگی بەکۆماری ئیسلامی ئێران هەڵچنیوە.

کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئەو پەڕی هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕو هاوکات دەخاتە گەڕ بۆ ئەوە کە ئەو بزووتنەوە نەتەوییە بەلاڕێدا ببات، لەڕێگای ساز کردنی گرووپە ئیسلامی و تیرۆرستییەکانەوە بگرە تاکوو لەسێدارەدان و ڕاپێچکردنی لاوان و کچان و کوڕانی گەلەکەمان بۆ بەندیخانە لەپێناو ملکەچ کردنیان بۆ سیاسەتەکانی “ڕژیم” و “وەلایەتی فەقی”.

بەڵام نەتەوەی کورد لەمێژووی پڕ لەهەورازو نشیوی خۆیدا سەلماندووێتی کە هیچکات لەهیچ دۆخ و هەلومەرجێکی تاییبەت و دژواردا ملکەچی سیاسەتەکانی ڕژیمە یەک لەدوای یەکەکانی زاڵ بەسەر نەتەوەی کورددا نابێت و درێژە بەخەبات و تێکۆشانی خۆی دەدات تاکوو ڕزگاری یەکجاری لەڕۆژهەڵاتی کوردستان مسۆگەر دەکات و ژیان و گوزەرانێکی گونجاو لەبار بۆ نەوەکانی داهاتووی دابین دەکات.

دەیان ساڵە ئەو ڕژیمە بەلە سێدارەدانی لاوانی ئەم نەتەوەیە دەیهەوێت تۆی ئاژاوەو دووبەرەکی و شین و زاری لەنێو ئەم خاکەدا بچێنێت، بەڵام ئەوەی لەبیر چووەتەوە کە هەر کات لاوێک لەسەر ئەو خاکە بەدەستی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕژیمە دواکەوتووەکانی زاڵ بەسەر کوردستاندا کوژرابێت یان خود لەدارو بەند کرابێت، ئەوە بووەتە ڕەمزی خەباتێکی نوێ و گشتگیر بۆ بەرپرچدانەوەی سیاسەتەکانی ڕژیم و هەوڵدان بۆ تێک شکاندنی بیرو هزری دواکەوتووانەی داگیرکەرانی کوردستان.

ڕۆڵ و تێکۆشانی کورد لەڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ پتر لە ١٢هەزار ساڵ پێش دەگەڕێتەوە، کە بەدەیان شێوەی زانستی لەبووارە جیاوازەکانی ژیان و شارستانییەت و حوکوومەتداری خزمەتی مەزنی بەگەلانی ئەو ناوچەیە کردووە، حاشاکردن لەکوردو لەڕۆڵ و تێکۆشانی لەگۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پاشەکشە کردنە لەو ڕابردوویە کە بووەتە بنەمای پێشکەوتن و ڕەواندنەوەی مێژووی پڕ لەهەورازو نشیوی ناوچەکە، کە بەڕۆڵی کورد پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

ئەگەر بەشێوازێکی دیکە چاو لەپرسی کوردو ئەو پڕۆسەیە بکەین، تاکوو کێشەکانی سیاسیی کورد لەناوچەکە چارەسەر نەکرێت و دەوڵەتی کوردی لەڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر بنەمای نەتەوەی ئازاد ساز نەکرێت، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست واتا گرینگترین ناوچەی دەوڵەمەند بەنەوت و زێرو ئاوو دەیان سەرمایەیی دیکەی ژێر زەوی، ئاشتی و ئارامی بەخۆیەوە نابینێت و ئیتر وڵاتە زلهێزەکانیش کە داگیرکەری بنەڕەتی کوردستان بوونە، ناتوانن ئەو ڕۆڵە لاوازو نەرێنییە لەپێوەندی بەپرسی کورد لەناوچەکە بگێڕن و هەنووکە بەلەمپەریش پێناسە ناکرێن.

ئەو هێزانەی کە لەناوچەکەو تەنانەت جیهانیش کە دەیانهەوێت وەک بلۆکێکی ئابووری و پیشەسازی دەربکەون بەبێ لەبەرچاو گرتنی ڕۆڵی کوردو خەبات و تێکۆشانی ئەو نەتەوەیە سەرکەوتوو نابن.

چونکوو هەر هێزێکی ئابووری و پیشەسازی ئەگەر بیهەوێت کە سەرکەوتن بۆ خۆی مسۆگەر بکات دەبێت پێگەیەکی بەهێزو گرینگی لەڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بچووکدا هەبێت یان خود بۆ خۆی دابین بکات. بۆ سەرکەوتنیش پێویستی بەو سەرمایە ئابوورییانە دەبێت کە لەو ناوچەیەدا هەیەو ئەوەش پێگەی هەر دوولا بەهێزتر دەکات. لەبەر ئەوە کوردستان بەشێکی گرینگ لەهێلکەی دەسەڵات لەجیهاندا پێک دێنێت، ئەو هێلکەش دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بچووک کە کوردستان و کەنداوی عەرەب و شاخەکانی قەفقاز لەخۆیدا کۆدەکاتەوە.

لەو پێناوە دایە کە پێویستی بەپشتیوانی و هاوکاری نەتەوەی کوردە، کە تاکوو ئیستا وەک تاکە نەتەوەیەک کە خوازیاری ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیی بووە لەڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕۆڵ دەبینێت.

کورد بەهۆی ئەو ڕابردووە کە لەناوچەکە هەیبووەو بەهۆی ئەو خزمەت و تێکۆشانەی کە بووەتە هۆی پێشکەوتن و بەرەوپێشەوەچوون و تێپەڕاندنی قۆناغە جیاوازو دژوارەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هاوکات بەهۆی ئەو ڕۆڵە گرینگەی کە ئەمڕۆ لەناوچەکە دەیبینێت، ناکرێت تێکۆشانی لەبەر چاو نەگرن و ڕۆڵی پاشگوێ بخرێت.

کورد ئەمڕۆ لەناوچەکە بووەتە ڕەمزی پێشکەوتن و بەرخۆدانی مەزن و بەچۆکدا هێنانی دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ڕژیمە دواکەوتووەکانیش دەیانهەوێت ئەو ڕۆڵە لەکورد بستێنن و درێژە بەگەندەڵی بدەن و تەمەنی دەسەڵاتیان درێژتر بکەنەوە. ئەوەش لەگەڵ بوونی کوردو فەلسەفەی بنەڕەتی و بنەمایی هێزو هزرو وزەی کورددا ناگونجێت.

بەڵام بەدەر لەڕۆڵی کوردو بەچۆکدا هێنانی ئەو دیکتاتۆرانە جیهانی ئەمڕۆش پێویستی بەئاشتی و ئارامی و حوکوومەت گەلێکی دیموکرات و لەسەرخۆ هەیە کە بتوانن پێکەوە لەسەر خستنی ئاشتی و ئارامی و ژیانێکی باشتر لەکۆمەڵگاکانیان دەوری گرینگ و کاریگەر بگێڕن و هەمیشە دراوسێ و وڵاتانی دیکە بەمەترسی بۆ سەر بوونی گەلەکەیان پێناسە نەکەن.

بەپێویستی دەزانم کە ئاماژە بەوە بکەم کە ئەو ڕۆڵە گرینگ و پڕ باییخەی کە کورد لەمێژووی خۆیدا بینیوێتی و ئەمڕۆش لەناوچەکەدا دەینوێنێت و ئەو قورساییە کە لەئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەدەستی هێناوە، بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی نەپساوەی سەدان ساڵەیە کە بەردەوام لەقۆناغەکانی جیاواز ئەنجامی داوە تاکوو بەئەمڕۆ گەییشتووە.

گرینگ ئەوەیە کە پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک پارچەکانی دیکە بتوانن تاییبەتمەندییەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بەکار بهێنن و وەک خاڵێکی گرینگ و وەرچەرخانێکی مەزن لەمێژووی خۆیاندا پێناسەی بکەن.

ئەو وەرچەرخانەش لەیەکێتی و یەکڕیزی نەتەوەیی و گوتاری سیاسیی هاوبەشەوە سەرچاوە دەگرێت، وەک ئەرکێکی نەتەوەیی پێویستە لەسەر هەموو پارت و ڕێکخراوێکی سیاسیی بەسیاسەت و ئامانج و ئیستراتیژیکی خۆیدا بچێتەوە، بەپلانێکی گشتگیری کوردستانی و دوور لەهەر چەشنە کولتوورێکی ئێرانیچێتی پلان بۆ داهاتووی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان دابڕێژن.

ئەو هۆکارەی کە ئەمڕۆ پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەکۆمەڵگای کوردستان دوور خستووەتەوەو ئەو درزەی کە کەوتووەتە نێوان خەڵک و ڕێکخراوی سیاسی، لەو خوێندنەوە هەڵە ئامێزانەوە سەرچاوە دەگرێت کە پارتی کوردی لەو بەشەی کوردستان تووشی بووە.

خوێندنەوەیەکی نوێی کوردی و نەتەوەیی دەتوانێت هەموو ئەو کێشە سیاسیی و پەرتەوازییە چارەسەر بکات و هێزو وزەی کورد لەو پارچەیە یەک بخات و کێشەی نێوان پارتی سیاسی و کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو چارەسەرێکی بنەڕەتی ببات.

بۆ نموونە، ئەگەر هەر ڕێکخراوێک دوور لەهەر چەشنە دەسەڵاتخوازی و بیری بەرتەسکی حیزبی سرنج بەکێشەکانی نەتەوەیی، سیاسیی، ئابووری و کۆمەڵایەتی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بدات، بەئەنجامێک دەگات، کە تاکە ڕێگا بۆ چارەسەری ئەو کێشانە لەیەکێتی و یەکڕیزی نەتەوەیی نێوان پارتەکانەوە بەدەست دێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە کە گوتارێکی سیاسیی، نەتەوەیی و هاوبەش ڕێکبخرێت و بەزووترین کات سەرەتاکانی دەستپێکی گرتنی کونگرەی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێبکات.

لەسێدارە دانی لاوانی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران بەمەبەستی ئەوە دێت کە درزی نێوان خەڵک و پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوڵتر بکاتەوەو کۆمەڵگاش لەئاست کارو تێکۆشانی ئەو پارتانە بێهیوا بکات و بۆ جاریکی دیکە دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێتە سەر کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لەکۆتایی ئەم کورتە وتارەدا بەپێویستی دەزانم کە ئاماژە بەوە بکەم کە نەتەوەی کورد دەبێت وەک هێزێکی نەتەوەیی و ڕزگاریخواز لەکایە سیاسییەکانی ناوچەکەدا بەشداری بکات و ئیتر ڕێگە نەدات کە وڵاتانی دیکە بەچارەنووسیەوە یاری بکەن، بەڵکوو دەبێت دەوری کایەکەرێکی گرینگ لەگۆڕەپانەکەدا بگێڕێت و بۆ جارێکی دیکە نەبێتە سووتەمەنی هێزەکانی دیکە. ئەوەش پلانی داگیرکەران پوچەڵ دەکاتەوە.

سەرچاوە: سپی نیوز

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.