دوو شه‌ممه‌ 20 تشرینی دووه‌م 2017
ماڵەوە / دیمانە / کوردەکان، ‌سوریا و تورکیا لە وتوێژێکدا لە گەڵ عەباس وەلی

کوردەکان، ‌سوریا و تورکیا لە وتوێژێکدا لە گەڵ عەباس وەلی

ئەجە کۆچاک – بیانەت
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

لە گەڵ پڕۆفیسۆر دکتۆر عەبباس وەلی، مامۆستا لە بەشی سۆسیۆلۆژی زانکۆی بۆغازیچی، سەبارەت بە پرسی ‌سوریا کە لە رۆژەڤی سیاسەتی دونیا دایە، قسەمان کرد. دکتۆر وەلی ئاماژەی بە گەلێک بابەتی وەک رەوشی رۆژئاوا، بڕیاری دواخستنی دەستێوەردانی سەربازیی ئۆباما و بەکارهێنانی چەکی کیمایی لە لایەن ‌سوریاوە دا و پێی وایە تورکیا لە سیاسەتی دەرەکیدا لە مەڕ ‌سوریا سەرکەوتوو نەبووە.

عەبباس وەلی پێی وایە پێشگرتن لە دەستێوەردانێکی سەربازی هەمەلایەنە، پەیوەندیی بە دانوستانی کاریگەر لە گەڵ رووسیا و ئێرانەوە هەیە. ئەگەر هەموو لایەنەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانیاندا و بەر لە بڕیاری یەکلایی کۆنگرەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بگەنە ئەنجامێک، ئەوا دەستێوەردانی سەربازی برەوی نامێنێ و کێشەکە چارەسەر دەبێ.

کام بەشی کێشەکانی ‌سوریا لە بەر چاوی میدیای نێونەتەوەیی یاخود میدیای تورک ونە؟ دەبێ چ شتێک سەبارەت بە ‌سوریا بزانین کە لە میدیادا رەنگ ناداتەوە و نابینرێ؟
چەند هەفتە لەمەوپێش لە لەندەن بووم و بە سەرنجێکی زیاترەوە ئەو سەرچاوانەم شۆپاند کە دەتوانین وەک میدیای نێونەتەوەیی باسیان لێوە بکەین. خاڵی هەرە سەرنج راکێش بەلامەوە ئەوە بوو کە گرنگییەکی کەم بە کێشەی کورد لە ‌سوریا دەدەن. کێشەی ‌سوریا لە لایەن میدیای نێونەتەوەییەوە، وەک ململانێی نێوان هێزەکانی ئۆپۆزۆسیۆن و حکومەتی ئەسەد، سەیر کراوە. لە کاتێکدا ئۆپۆزۆسیۆن لە نێو خۆیدا، هەڵگری ناکۆکیی گەورەی سیاسی و ئایدیۆلۆژییە.

سەبارەت بە ویست و رێبازە گشتییەکانیش جیاوازی هەیە. هیچ مشتومڕێک لە سەر وردەکارییەکانی پەیوەندیی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ناوچە کوردییەکان لە ئارادا نییە. تەنانەت دوابەدوای یەکەمین شەپۆلی توندوتیژییەکانی [بەرەی] نوسرە دژ بە گەلی کورد، سەیری هەندێک رۆژنامەی وەک “گاردیەن”م کرد و ئەم رووداوە، رەنگدانەوەیەکی کەمی هەبوو. هەڵاواردنی ئەتنیکی لە ‌سوریا پشتگوێ دەخرێ؛ تەنیا داخوازی و کردەوەی سەلەفەییەکان، ئیخەوان موسلیمن و سوپای ئازادی ‌سوریا سەرنج رادەکێشن. ئەوەندەی تا ئێستا سەرنجم دابێ کوردەکان لە بازنە دانین.

ئەگەر ئاوڕ لە میدیای تورکیش بدەینەوە، مخابن دەبینین کە لە روانگەی دەوڵەتەوە، کێشەی کورد لە ‌سوریا شی دەکاتەوە. سنوورەکان و پارامێتری کێشەی کورد لە ‌سوریا، بە گوێرەی کێشەی کورد لە تورکیا وێنا دەکا. پێموایە ئەوە درێژەی ئەو سیاسەتەیە کە حکومەتی تورکیا بەم دواییانە گرتویەتیە بەر.

ئەگەڕ بڕواننە هەژدە مانگی دوایی، دەبینن سیاسەتی حکومەتی تورکیا، نەخاسمە لە کۆبوونەوەی جۆراوجۆر لە گەڵ لایەنە جیاوازەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی ‌سوریا بە سەرکردایەتی ئەحمەد داودئۆغڵو، پشتی بە دەرهاویشتنی ئۆپۆزۆسیۆنی کورد یاخود ماڕژیناڵیزە کردنی بەستووە. هەوڵێک هەبووە بۆ پێشگرتن لە دەستەبەرکردنی ستراتژی یاخود جێبەجێکردنی خۆسەریی لە لایەن کوردەکانەوە. ئەمە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بووە و پێموایە قازانجێکی ئەوتۆی نەبووە. تەنانەت بەم هۆیەش، پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)، رێگەی خۆی گرتە بەر و لە هەوڵدان بۆ ئاواکردنی ناوچەیەکی بەرینی مانۆڕدان سەرکەوتنی بەدەست هێنا. کاتێک حکومەتی تورکیا هەستی بەوە کرد سیاسەتەکانی دەرئەنجامی بەراوەژووی هەیە، سەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلمیان بە مەبەستی دانوستان بۆ تورکیا بانگهێشت کرد، بەڵام بە رای من، ئێستا ساڵح موسلیم لە چاو هەژدە مانگ لەوە پێش لە دۆخێکی زۆر بەهێزتر دایە.

سەرباری ئەزموونی سیاسیی بەرفراونی حکومەتی تورکیا لە مەڕ پەیوەندی لە گەڵ کوردستانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و داواکارییەکانی حکومەتی هەرێم، سیاسەتەکانی دەوڵەت سەبارەت بە دانوستانی نێوان کوردستانی عێراق و تورکیا، بەردەوام لە چوارچێوەی پەیوەندیی دەوڵەت لە گەڵ پەکەکەدا پێشکەوتوون. ئەم هەڵەیە لە ‌سوریاش رووی دایەوە و پێموایە ئەحمەد داودئۆغڵو هەستی بەوە کرد کە هەڵەیەکی گەورەیە. وەک دەرئەنجام ئێستا حکومەت تاسەباری مەسەلەی دەستێوەردانی سەربازییە. دەتوانم بڵێم میدیای تورکیش تا ئێستە، لە سەر ئەم رێبازە هەواڵی داڕشتووە. زۆر لە سەر پەیوەندیی نێوان پەیەدە و پەکەکە رۆیشتن. لە پاڵ ئەمەدا، بایەخێکی کەمیان بە پێکهاتەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی عەڕەبی دژ بە ‌سوریا دا. بۆی هەیە ئیخەوان ئەلموسلمین رۆڵێکی بەرچاوی لە پێشبینییە سیاسییەکانی تورک و روانگەیان بۆ ‌سوریا هەبووبێ و لەم روەوە کاریگەریی دانابێ. میدیا گرنگی بە چی دابێ یان هەوڵی پەراوێزخستن و مارژیناڵ کردنی هەر شتێکی دابێ، پەیوەندیەکی چڕی بەو داهاتووەوە هەبوو کە بۆ ‌سوریا وێنا کرابوو. بە رای من ئیتر ئەو وێناکردنە دەبێ بگۆڕدرێ، بگرە لەوانەیە گۆڕدرابێ. هێز و رەوشی نوێ دێنە ئاراوە کە بمانەوێ و نەمانەوێ سەرنجمان رادەکێشن.

وەک دوا خاڵ پێویستە ئەوەش بڵێم کە بە ئیرادەی دەوڵەت، تا ئێستا کێشەی ‌سوریا، بەردەوام بە پرسگەلی مرۆڤدۆستانە بەستراوەتەوە و نیشان دراوە. ئەگەر لە پشت ئەم کێشەیە، بە پەیوەندیی هێزە سیاسیەکانیشەوە، گفتوگۆی ژیرانە، هاوسەنگ و پێواندار بەڕێوە چووبان، هەرگیز کوڕەو و قەتڵوعامی هۆڤانە نەدەبوونە سەرباسی میدیاکان.

لە وڵامەکەتاندا باسی ئەوەتان کرد کە کێشەی کورد لە بەر چاو نەگیراوە. ئەم پرسیارەم لەم چوارچێوەیەدا، پەیوەندی بە کوردستانی ‌سوریا واتە رۆژئاواوە هەیە. لە سەرچاوەکانی میدیای ئاڵتەرناتیڤی تورکیا، هەواڵی ئەنجامدانی قەتڵوعامی سامناک لە رۆژئاوا بڵاو بۆوە. رۆژئاوا چۆن هاتە ئەو قۆناغەی ئێستا؟ بایەخی مێژوویی رۆژئاوا لە چوارچێوەی ‌سوریادا بە چ شێوەیەکە و چۆن دەڕواننە پەیوەندی رۆژئاوا لە گەڵ ناوچەکانی تری ‌سوریا؟ لە هەمووی گرنگتر، چۆن ئایندەیەک بۆ رۆژئاوا دێننە بەرچاو؟ ئاخۆ هەلومەرجی ئێستا ئیزن دەدا رۆژئاوا ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، چۆن ستاتوسێکی دەبێ و چارەنووسی رۆژئاوا، چ کاریگەرییەکی لە سەر دانیشتوانی کوردی تورکیا دەبێ؟

ئەگەر بمانەوێ بە زمانێکی سیاسی بدوێین، بە رای من رۆژئاوا شانسی دەستەبەرکردنی قەوارەیەکی سەربەخۆ و دەسەڵاتداری نییە. ئەو شانسەی نییە و هەروەها بە رای من مەبەستیشی ئەوە نییە ئەو رێگەیە بگرێتە بەر؛ ئەگەر سەیری سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بکەین کە پەیەدەش پارچەیەکە لەو، دەبینین باسێک لە چوارچێوەی سەربەخۆییدا نەهاتۆتە ئاراوە. بەڵام ئەگەرێکی زۆر بە هێزە لە رۆژئاواش ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی وەک کوردستانی عێراق دابمەزرێ.

فاکتۆرگەلی سیاسیی گرنگ هەن کە پێویستە لە بەر چاو بگیرێن. یەکێک لەوانە ئەوەیە کە لە ئەنجامی قەیرانی ‌سوریادا، رژێمی ئەسەد چی بە سەر دێ و ئەم ئەنجامانە بە گشتی بۆ ‌سوریا چ واتایەکی دەبێ؟ ئاخۆ ‌سوریا بە سەر ناوچەی جیا جیادا دابەش دەبێ؟ ئەگەر هێزەکانی حزبوڵا، ئێران، برایانی موسڵمان و سعودیە ناوچەی گرێدراوی خۆیان رابگەیەنن، لەوانەیە کوردیش شنەی ئەم ئاڵوگۆڕانەی بەر کەوێ.

ئەگەر بڕوانینە ئەو کێشانەی لە چاوەڕوانی پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی کورد لە ناوچەکە دان، دەبینین گرنگترینیان دەوڵەتی تورکە کە بە سوپایەکی گەورەوە لە سەر سنوور چاوەڕێ دەکا و بیر لە رووداوەکانی مارسی ٢٠٠٣ی عێراق دەکاتەوە. ئەگەر بێت و رەوشێکی هاوشێوە بێتە ئاراوە، تورکیا نایەوێ هەڵەی دەستێوەرنەدانی ئەودیو سنوور دووبارە بکاتەوە. پێموایە هەڵەی ٢٠٠٣ زۆر قورس لە سەریان کەوت. هەرچەند بڕیارێک بە دڵی چالاکانی دژی شەڕ و مرۆڤە ئاشتیخوازەکانیش بووبێ، بەڵام لە روانگەی واقعی سیاسییەوە بە زیانی تورکیا تەواو بوو و نایەوێ ئەمە دووپات بێتەوە.

ئەگەر تورکیا بکەوێتە ‌سوریاوە، یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی، ئاستەنگ نانەوە بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی خۆسەر لە رۆژئاوا دەبێ. هەڵبەت دیارە تورکیا لە پێناو نەهێشتنی ئەم ئەگەرە، رێگەی جۆراوجۆر تاقی دەکاتەوە. تورکیا لە گەڵ بەڕیوەبەرایەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی هەیە و لە هەمووی گرنگتر، تورکیا، هەرێمی کوردستان لە ‌سوریا وەک هێزی وەکیل بە کار دێنێ. بە بۆچوونی من، بەکارهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک هێزی وەکیل، بەر لە دەستێوەردانێکی سەربازی، مەیدان بۆ چالاکیی سیاسی خۆش دەکا و لەو مەیدانەدا پەیەدە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەونە ململانێیەوە. تاکوو ئێستا پەیەدە زاڵە و رێگەی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەداوە ببێتە هێزێکی ململانێ.

لەم رووەوە، ئیتر زۆر شت پەیوەندیی بە وێناکردن و نەکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە وەک هێزی وەکیل. لە مەڕ ناوچەی کورد لە ‌سوریا، فاکتۆرێکی سیاسی تر دێتە گۆڕێ کە کارتێکەری گرنگی دەبێ. پێشهاتی نوێ کە لە سیاسەتی کوردیدا زۆریش شاراوە نییە و تا دێ بەرچاوتر دەبێ، ململانێی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکەیە. ئەم ململانێیە، ئەنجامی زۆر گرنگی بۆ ناوچەکە دەبێ. ئێستا تورکیا هەموو شتێک لە پێناو پاوانخوازی خۆیدا بە کار دێنێ، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆیە وەک هێزی وەکیل بە کار دێنێ تاکوو پێش بەوە بگرێ پەیەدە بەڕێوەبەرایەتی هەموو ناوچەکە بگرێتە دەست و هەروەها لە داهاتووی ‌سوریادا باندۆڕی هەبێ.

کێشەکە لایەنێکی ئابووریشی هەیە. ئەگەر لە کێشەی نێوان [بەرەی] نوسرا و پەیەدە ورد بینەوە، دەبینین کە ئەم کێشەیە لە سەر کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە نەوتییەکان چڕ بۆتەوە. پەیەدە بە شێوەیەکی جدیتر هەوڵی دەست بە سەر داگرتن و بەڕێوەبردنی کانە نەوتییەکان دەدا؛ ئەگەر ئەمە بێتە دێ، بۆ ستراتژییەکانی لایەنی تورک دەبێتە مۆتەکە. ئەو ناوچانەی چاوگەی ئابووری پێویستیان بۆ دامەزراندنی خۆسەری هەبێ، دەبنە خاوەنی پۆزۆسیۆنێکی زۆر پتەو. ئەگەر هێزی پێویستی ئابووریت نەبێ، ئەوا وابەستەی لایەنەکانی دەوروبەر دەبی. پێموایە پەیەدە تا ئێستا ئەگەر هەموو ئەو مەیدانانەشی نەگرتبێتە دەست، توانیویەتی بەشێکی زۆریان بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە.

ئەگەر جەنگ دەست پێ بکا و ئەمریکییەکان، نموونەی باڵکان دووبارە بکەنەوە و بە مەبەستی لاوازکردن ئەسەد ‘بکوتن’، ئەوا هێزی سەربازی ئەسەد زەبری وێ دەکەوێ و بۆی هەیە رژێم بڕووخێ. لەم دۆخەدا، پەیەدە هێزەکانی خورت تر و سەقامگیر تر دەکا. حکومەتی ئاکەپە لە بەر ئەم هۆکارە مەیلێکی زۆری بۆ دەستێوەردانی سەربازی هەیە.

لەم روانگەوە، لەوانەیە زۆربەی قسەکانم سپۆکۆلاتیڤ بن، چونکە تا ئەم ساتەش نازانین ستراتژییە سیاسی و سەربازییەکانی ئەمریکا بە چ شێوەیەک دەبێ.

کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، عێراقی داگیر کرد، پەکەکە زۆر قازانجی لەم داگیرکردنە بینی. چونکە وەک دەڵێن لە ژێر سایەی داگیرکردنی عێراقدا، لە سەر سنووری تورکیا – عێراق، ئاسانتر دەستی بە چەک و هێزی مرۆیی و ئاڵوگۆڕپێکردنیان راگەیشت. ئەوەندەی من تێگەیشتنم، ئەگەر دەستێوەردانی سەربازی لە ‌سوریا بکرێ، پێتان وایە بە هۆی رۆژئاواوە هەمان ئاکام دێنە دی. ئایسەل توغڵوک، هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیک و نوێنەر پەرلەمانی وان-یش، لە وتاری رۆژی یەکی سێپتامبریدا، ئاماژەی بەوە کرد سەرۆک وەزیر ئەردۆغان دەیەوێ رۆژئاوا داگیر بکا و بەم هۆیە، پشتیوانیی لە دەستێوەردانی سەربازی ئەمریکا دەکا. ئێوە لە گەڵ ئەم نەرینەدا هاوڕان؟
مەسەلە هاوڕا بوون یان هاوڕا نەبوون نییە؛ بە بۆچوونی من، لە روانگەی تورکیاوە ئەمە وەک ستراتژی زۆر ژیرانەیە. سیاسەتمەدار و ستراتژیستەکانی تورک ئەمە بە مەترسییەکی گەورە دەزانن. گومان لەوەدا نییە کە تورکیا دەیەوێ لەوێ کاریگەری هەبێ.

دەستێوەردانی سەربازی تورکیا لە ‌سوریا، دەتوانێ چ بەرژەوەندی تری بۆ کێشەی کورد هەبێ؟
من پێموایە سیاسەتەکانی تورکیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست – هەر بە تەنیا من وا ناڵێم، بەڵکوو ئەمە بۆچوونی رۆژنامەکانیشتانە – بە جۆرێک لە جۆرەکان زۆر ناسەرکەوتوو بووە. نموونەی ئەم سەرنەکەوتنەمان لە میسر و فەلەستین بینی. بینیمان دانوستانەکانی ئاشتی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل رادیکاڵ تر بوون و رووبەڕووی نسکۆیەکی مەزن بوونەوە. ئیسرائیلییەکان ناسازشکارانە هەڵسوکەوتیان کرد؛ حەماس و گرووپە رادیکاڵەکانی دی وە جموجوڵ کەوتن. لە هەلومەرجی ئێستادا، ئەم گرووپانە مەیلەو ئێرانن. یانی رووکردنی ئەم گرووپانە لە ئێران، دێتە ئەو واتایەی کە هیواکانی تورکیا لە مەڕ فەلەستین بە هەڵپەسێردراوی مانەوە. ئیسرائیل هیچ هاوکارییەکی نەکرد، بیناسازی لە فەلەستین رانەگرت و ئەمەش بوو بە کۆسپێکی گەورە لە بەردەم ئاشتی.

لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر تەنانەت چاوپۆشی لە کێشەی کوردیش بکەین، تورکیا دەیەوێ لە سەر شێوازی حکومەتی داهاتووی ‌سوریا خاوەن قسە بێ. پێش بینی کردنی ئەوەی تورکیا چی گەرەکە، زۆر ئەستەم نییە؛ رژێمێک کە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان و سوپا و برایانی موسڵمان بەڕێوەی بەرن و لە گەڵ عەرەبستانی سعوودیش پێک بێ بۆ ئەوەی عەلەوییەکانی ‌سوریا مارژیناڵ بکا.

ئێستا فیکری هاوبەشی تورکیا و عەرەبستانی سعوودی ئەوەیە کە سوریا نەبێتە عێراقی دووهەم. فاکتۆرێکی تر کە تورکیا و عەرەبستانی سعودی لێک گرێداوە، ئەوەیە هەر دوو لا خوازیاری پێکهاتنن لە سەر رێککەوتنێک کە رۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا لاواز و کەمڕەنگ بکاتەوە. تورکیا، عەرەبستانی سعوودی و ئۆردۆن، ئاواتەخوازی ئەوەن ئێران کاریگەریی کەم ببێتەوە. لە وەها رەوشێکدا، دیاردەی ‌سوریا سەر لە نوێ شانسێکی تر بە وە گەڕ کەوتنەوەی سیاسەتەکانی تورکیا دەدا. ئەمڕۆکە بۆ وڵاتانی وەک تورکیا، عەرەبستانی سعوودی، میسر و ئۆردۆن هەلی بەرژوەندییەکی مەزن لە ئارا دایە بۆ ئەوەی لە سەر خاڵێکی دیاریکراو یەک بگرن. ئەم هەلومەرجە لەوانەیە سیاسەتە لاوازە دەرەکییەکانی تورکیا ببوژێنێتەوە.

پێموایە لە هیچ کەس شاراوە نییە کە لاساری تورکیا لە مەڕ پێشهاتەکانی میسر و داننەنان بە ئاکامەکانی ئەم پێشهاتانە، هەرچەند وەک هەڵوێستێکی ئەخلاقی جێگەی پەسند سەیر کرابێ، بە لە بەرچاوگرتنی رووداوەکانی ناوچەکە، سیاسەتێکی خراپ بوو. ئەوەندەی من بزانم رۆژنامەنووسە ناسراوەکانتان، پێشنیاریان بە حکومەتی تورک کرد سنوورێک بۆ شێوازی شەڕەنگێزانە و رەخنە قورسەکانی بەرامبەر بە سووپا دابنێ. بەمجۆرە ئەگەر تورکیا بە هەندێک لەو ئامانجانە بگا کە بۆ ‌سوریا دایناون ئەگەرچی ئەوە شتێک نییە لە چاوتروکانێکدا بێتە دی، بە مەبەستی گۆڕینی هەڵوێستی سیاسی خۆی، هەلێکی لەباری رەخساندوە.

بە گشتی دەگوترێ سیاسەتی دەرەکی، بە شێوەیەک لە شێوەکان درێژەدەری ناوەڕۆک و چییەتی سیاسەتی نێوخۆییە، ئەمە تا رادەیەک راستە. لە تورکیادا ئەمە دەبینین. بە رای من هۆکاری چەق بەستوویی و ناسەرکەوتوویی سیاسەتی دەرەکیی حکومەتی تورکیا لە رۆژی ئەمڕۆدا، ئۆپۆزۆسیۆنی لاوازی نێوخۆیە. ئۆپۆزۆسیۆنی نێو مەجلیس و سەرجەم پارتەکانی تری دەرەوەی ئاکەپە، بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو بێ کاریگەر ماونەتەوە. حکومەتیان بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانی بانگهێشت نەکرد، گوشاریان بۆ نەهێنا، لە سیاسەتەکانیاندا نەیانتوانی سەر لە نوێ هاوسەنگی و پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوخۆی وڵات دابڕێژنەوە. لە پێڤاژۆی سیاسی – دیموکراتیکدا، ئۆپۆزۆسیۆنی لاواز بۆ سیاسەتی دەرەکی باش نییە.

ئەگەر رژێمی ئەسەد بڕووخێ، جا چ بە دەستێوەردانی سەربازی بێ یان بە شێوەی تر، لە ‌سوریا شاهیدی چۆن رژێمێک دەبین؟ چۆن کەشوهەوایەکی سیاسی دەبێ؟ ئاخۆ ‌سوریا وەکوو میسر لە ناو ناسەقامگیرییەکی سیاسیدا دەچەقێ؟

بێگومان دواخستنی بڕیاری دەستێوەردانی سیاسیی لە لایەن ئۆباما و چاوەڕێکردنی بڕیاری کۆنگرە، بۆ سیاسەتی نێوخۆیی ئەمریکاش گرنگ بوو، بەڵام شکی تێدا نییە کە هۆکارگەلی تریش هەن.

پێموایە ئەم بڕیارەی ئۆباما دەرفەتێکی زەمەنی بۆ دانوستانی هەستیاریی نێوان حکومەتەکان و ئەو هێزانەی نەیار رەخساند کە سەبارەت بە داهاتووی ‌سوریا قسەیان پێیە. پێش بینی دەکەم ئێستا وتوێژی گرنگ لە گەڵ ئێران ئەنجام دەدرێن. لەوانەیە فەڕەنسییەکان لایەنێک و هەندێک دامودەزگای یەکێتی ئەوروپا لایەنی تر بن. گومان لەوەدا نییە کە ئەمریکییەکان لایەنێکی ئەم مەسەلەیەن. بیرۆکەی سەرەکی ئەوەیە بەر لە هەر چەشنە موداخلەیەکی سەربازی رووسەکان و ئێرانییەکان بەوە قایل بکرێن کە ئەسەد دەبێ بڕوا. ئامانجی ئەم دیپلۆماسییە شاراوەیە بێگومان هەر ئەمەیە. فەڕەنسییەکان زۆر راشکاوانە باسی دەکەن، کەچی هەڵوێستی ئەمریکییەکان هەندێک جیاوازە. بەڵام ئاخۆ پێویست بە دەستێوەردان و زەبری سەربازی دەکا ئەگەر بێت و تەنانەت ئەسەدیش بڕوا؟ دواجار گۆیا دەزگای هەواڵگری ئاڵمانیا تۆمارێکی دەنگی باڵوێزێکی ئێرانی و ئەندامێکی حزبوڵای دەست کەوتووە. لەم گفتوگۆیەدا، باس لەوە دەکرێ کە ئەسەد ئەقڵی لە دەست داوە، بۆیە فەرمانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی داوە و ئەم فەرمانە هەڵەیەکی گەورە بوو. ئەمڕۆ لە هەواڵەکاندا ئەوەم خوێندەوە. ئەگەر ئەمە راست بێ و ئەگەر رەفسەنجانی یەکێک لە کارەکتەرە گرنگەکانی رژێمی ئێران راشکاوانە باسی ئەوەی بکا ئەسەد چەکی کیمیایی بەکار هێناوە، ئەوا نیشان دەدا ئێران سەبارەت بە ‌سوریا، تێڕوانینێکی یەکدەست و تایبەتی نییە.

کۆنگرەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ١٠-١١ی سێپتامبر گفتوگۆ لە سەر ئەم مژارە دەکا. تا ئەوکات هەفتەیەکمان لە بەر دەمە و بە پێی سیاسەت بێ، هەفتەیەک ماوەیەکی زۆرە. ئەگەر لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، رووسەکان و ئیرانییەکان لە چوارچێوەیەکی سیاسیدا قایل بکرێن، بۆی هەیە دەستێوەردانی سەربازی ئاڕاستەکەی بگۆڕدرێ و ئەم بژاردەیە وە لاوە بنرێ. لەوانەیە بێ بوونی ئەسەد، رژێمێکی ئەڵتەرناتیف بە بەڕێوەبەرایەتی ئەو بەشە لە سوپا و هێزە ئەمنییەکان دابمەزرێ کە ‘پاکژ ماونەتەوە’.

هەڵبەت لەوانەیە ئەم رێگەچارەیە دوابەدوای دەستێوەردانی سەربازیش بێتە گۆڕێ. پێموایە سەرکەوتنی چالاکییە سیاسییەکانی حەماس، بەر لە بڕیاری کۆنگرە، دەتوانێ هۆکارێکی گرنگ بێ. لە داهاتوودا روون دەبێتەوە. بە رای من تورکیا ئێستا نایەوێ وەها پێشهاتێک بێتە ئاراوە، چونکە تورکیا دەیەوێ دەستێوەردانێکی سەربازی بکرێ.

ئاماژەتان بە تۆمارێکی دەنگی کرد کە گۆیا گوتراوە ئەسەد ئەقڵی لە دەست داوە ئەگینا فەرمانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نەدەدا. دەمەوێ بیروبۆچوونی ئێوە سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بزانم. ئاخۆ بڕواتان وایە رژێمی ئەسەد چەکی کۆمەڵکوژی کیمیایی دژ بە خەڵکی سڤیل بەکار هێنابێ؟ ئاخۆ کەشوهەوای سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستای ‌سوریا لە رەوشێکی وا دایە وەها بڕیارێک بدا؟

بڕوانن، بەکارهێنانی چەکە کیمیاییەکان بابەتێکە کە لە نێو کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا لە مێژە بە توندی شەرمەزار کراوە. بەکارهێنانی پێشێلکردنی یاسایە. بەکارهێنانی بەرچاوی ئەم چەکانە تەنانەت لە کاتی شەڕدا، ئەنجامی حیسابی هەڵەی جددیە. لە گەڵ ئەمەشدا، بۆی هەیە سیاسەتمەدارن لە هەلومەرجی سامناکدا بڕیارگەلی سامناک بدەن.

سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کێمیایی، نموونەی هەرە بەرچاو عێراقە. بۆ یەکەمجار هاوکات لە گەڵ پێشڤەچوونی سوپای ئێران و پاشەکشەی سوپای عێراق بۆ ناو سنووری عێراق، ئەم چەکەی دژ بە سوپای ئیران بەکار هێنا. من پێموایە رۆژئاوا دەیزانی حکومەتی سەددام لە هەندێک ناوچەی دیاریکراو، چەکی کیمیایی بە کار هێناوە، بەڵام پشتگوێیان دەخست. ئەمجارەیان دۆخەکە زۆر جیاوازە؛ گەڕەکێک لە گەڕەکەکانی شام لە گەڵ مەیدانی جەنگی خاکی ئێران یان عێراق جیاوازی هەیە.

من لەو روانگەوە سەیری ئەم بابەتە ناکەم کە “ئەسەد دەتوانێ یاخود ناتوانێ ئەم کارە بکا”. سەیری لایەنی مرۆیی ئەسەدیش ناکەم. بەڵکو وەک رووخسارێکی سیاسی لێی دەڕوانم کە بە شێوەیەکی زۆر جدی تەنگاو بووە و بۆ رزگارکردنی رژێمی ئەسەد پێداگرە و بۆ ئەم مەبەستە، تاقیکردنەوەی هەموو رێگایەک رەوایە. بە بۆچوونی من، چەکی کیمیاییش دەکرێ یەکێک لەم رێگایانە بووبێ.

من ناڵێم حەتمەن وایە، بێگومان بەڵگەی سەلمێنراوم نییە. وەک بەڵگە تەنیا دەتوانم متمانە بەو نووسراوانە بکەم کە لە میدیاکاندا دەیانخوێنمەوە. پسپۆڕە ئاڵمانییەکان دەڵێن ئۆپۆزۆسیۆنی ‌سوریا، تەکنیکی پێویستیان بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نییە، ئەمە شتێکە دەکرێ لە بەر چاو بگیرێ. فەڕەنسییەکانیش دەڵێن بەڵگەی سەلمێنراویان لە بەر دەست دایە کە ئەسەد چەکی کیمیایی بەکار هێناوە.

بۆ یەکەمجار دەبینین لە ئێرانیش جیاوازی بیروڕا هەیە. سەرۆک کۆماری تازە هەڵبژێردراوی ئێران بە کارهێنانی چەکی کیمیایی مەحکووم دەکا، بەڵام لێدوانێکی روون نادا سەبارەت بەوەی کێ ئەنجامی داوە. کارەکتەرێکی گرنگی وەک رەفسەنجانیش – لە دامەزرێنەرانی رژێمی ئیسلامی، هەڵبژێردراوی دوو خولی سەرۆک کۆماری، کەسێکی کارتێکەر کە هەر لە کۆنەوە تا ئێستا پۆستی گرنگی هەبووە- راشکاوانە رادەگەیەنێ ئەسەد چەکی کیمیایی بە کار هێناوە. دواتر کە ئەم لێدوانە رەت کرایەوە، تازە کاریگەری سیاسیی خۆی دانابوو.

ئەگەر سەتاسەت دڵنیاش نەبین کە رژێمی ئەسەد چەکی کیمیایی بە کار هێناوە، ئەوا هۆکار و بەڵگەی پێویست هەن. گرنگ نییە ئەم زانیارییانە راستن یان نا، گرنگ ئەوەیە ئامانجی سیاسی ئەم زانیارییانە چ دەبێ و ئەم ئامانجانە خزمەت بە کێ دەکەن. ئەوەی راستی بێ، ئێستا رۆژئاوا، سەبارەت بە چەکی کیمیایی لە ‌سوریا، خاوەن بناغەیەکی ئەمن ترە لە چاو ئەوەی لە عێراق رووی دا. بەڵگەکانی عێراق، زۆر لاواز بوون، بەڵام ئەمریکا و بریتانیا لە مێژ بوو بڕیاری شەڕیان دابوو، تەنیا بە دووی پاساوێکدا دەگەڕان. ئێستا وەزعەکە زۆر جیاوازە.

تەنیا دەتوانم بڵێم هۆکار گەلێک زیاترە بۆ ئەوەی بڵێی رژێم چەکی کیمیایی بە کار هێناوە تا ئەوەی بانگەشە بکەی بە کاری نەهێناوە. نابێ تەنیا لە روانگەی مرۆییەوە سەیری کەسانی وەک ئەسەد بکرێ. باسی سیاسەت و بەکارهێنانی هێزە لە پێناو بەرژەوەندی سیاسیدا.

ئێستاکە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر لە ‌سوریا رادەکەن و پەنا بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین دەبەن. زۆربەیان بۆ تورکیا، لوبنان و ئوردۆن رادەکەن. جموجوڵی حەشیمەتی ‌سوریا، لە درێژخایەندا چ ئەنجامێکی دەبێ؟ ناسنامەی ئەتنیکی و ئایینی پەنابەران، تا چەند کاریگەریی لە سەر ئەم کۆچانە دەبێ؟ بۆ نموونە هەواڵێک بڵاو بۆوە گۆیا بە هۆی ئەوەی نەیانویستوە کۆچبەرە عەلەوییەکان لە کەمپەکانی تورکیا بمێننەوە، ئەوان ناچار بوون لە دەرەوە بخەون.

پێموایە حەشیمەتی پەنابەران بە پێکهاتەی ئەتنیکی و ئایینیەوە، دوای ئەوەی بڕیاری دا بچێتە کوێ، کاریگەری وەردەگرێ. کوردەکان دەیانەوێ بچنە کوردستانی عێراق، عەلەوییەکان دێنە تورکیا، لەوانەشە هەندێک دەستە و گرووپ بچنە لوبنان یان ئۆردۆن. بە کورتی، دیارە ئەمە گرنگە، بەڵام من هیوادارم ئەم جێگوڕکێ کردنە کاتی بێ، چونکە هیچکام لەم وڵاتانە، نە تورکیا، نە کوردستانی عێراق، مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی نادەن بەو پەنابەرانە و ئەو هەستە بەوان نابەخشن کە لە ماڵی خۆیانن. ژیانیان هەرگیز وەک هی مەملەکەتی خۆیان نابێ.

ئەگەر سەبارەت بە ‌سوریا رێککەوتنێک بێتە ئاراوە، بێگومان پەنابەران دەگەڕێنەوە. ماڵ و حاڵی خۆیان لە چ دۆخێکدا دەبیننەوە، ئەوەیان مژارێکی ترە. ئەگەرچی سەبارەت بە پەنابەرانی کورد زۆر دڵنیا نیم. دوای ئەگەری دەستێوەردانی سەربازی لە لایەن تورکیاوە، دیار نییە لە رۆژئاوا چ روو دەدا و لە درێژخایەندا رەوشی ئەوان بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە.

هەرکات توندوتیژییەکی هەمەلایەنە بێتە رۆژەڤەوە، چاوەڕوانی ئەوە دروست دەبێ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کاردانەوەی هەبێ و شەرمەزاری بکا. ئەم شەڕ و پێکدادانە، بە بێ دەستێوەردانی سەربازی چۆن چارەسەر دەکرێ؟ نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام بەوە تاوانبار دەکرێ کە خۆی دوورەپەرێز دەگرێ. بەڕای ئێوە جموجوڵی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەبێ بە چ شێوەیەک بێ؟
کە دەڵێین نەتەوە یەکگرتووکان، لە راستیدا باسی پێنج زلهێز دەکەین. لە چوارچێوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، چین و رووسیا لە راستای حیساب و بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەجووڵێنەوە. لە هەلومەرجی دیپلۆماتیکی ئێستادا، پێموایە سەر لە نوێ چاو بەم بەرژەوەندییانەدا دەخشێنرێتەوە. رووسەکان دوودڵن لەوەی چۆن کاردانەوەیەک نیشان بدەن؛ بەڵام پێموایە قایلکردنی چینەکان ئاسانترە.

ئەگەرچی بۆچوونی رووسەکان سەبارەت بە ‌سوریا، وشک و توند دێنە بەر چاو، بەڵام ناکرێ باس لە بەرژەوەندیی راستەوخۆی سەربازی یاخود ستراتژی بۆ رووسەکان بکرێ. زۆر کەس دەڵێن ‌سوریا بنکەیەکی سەربازییە بۆ رووسەکان، لە کاتێکدا ئەم بنکە دەریاییە، مردوو و بێ بایەخە. بە رای من، رووسیا وەک کارتێک ‌سوریا بە کار دێنێ. لە لایەکی ترەوە تا ئێستا روون نییە ئەم کارتە بە چ ئامانجێک بە کار دێنێ. ئاخۆ داخوازییەکانی، قازانجێکی مادی زیاترە لەوەی سعودییەکان قەبوڵیان کردوە بیدەن یاخود شتی ترە؟

من ئاوا بیر دەکەمەوە؛ ئەگەر رووسەکان سەبارەت بە ‌سوریا رێککەوتنێکیان پێکهێنابێ، ئەمە بۆ ئەو دانوستانە ناوکییانەی لە گەڵ ئێرانیش بەڕێوە دەچن، هەلێکی نوێ دەرەخسێنێ. بۆی هەیە رووسەکان بڵێن شتێکی ئاوایان گەرەکە، بەڵام دیار نییە ئەمریکییەکان ئامادەی رۆیشتن تا ئەو خاڵە هەن یان نا. سەبارەت بە ئێرانیش، هەڵوێستی ئەمریکا یان لە واتا گشتییەکەیدا رۆژئاوا و بە تایبەتی یەکێتی ئەوروپا بەرامبەر بە ئێران دەگۆڕێ و نەرمتری دەکا. کۆدەنگییەک لە سەر مەسەلەی نزیکایەتییەکی نوێ لە هەمبەر پرسی ناوەکیی ئێران، شتێکە کە ئێران ئارەزووی دەکا. پێموایە رووسیاش ئەمەی گەرەکە. ئەم بابەتە لەوانەیە بەشێک لە دانوستانەکان و رۆژەڤی سیاسیی ئێستا پێک بێنێ و لەوانەشە نا. رووسیا، ‌سوریا لە بەرژەوەندیی ستراتژییەکی درێژخایەن زیاتر، وەک کارتێک بۆ سات و سەودای گەورەکردنی هێزی خۆی بەکاری دێنێ. بەڵام نازانم بۆچی دەیەوێ سات و سەودا بکا.

هەروەک گوتم، کاتێک دەڵێین نەتەوە یەکگرتووەکان، لە راستیدا باس لە دەستەی ئاسایش دەکەین. سات و سەودا لەوێش بەردەوام دەبێ بەڵام پێموانییە ئەمریکییەکان چاوەڕێی ئەو ساتەوەختە بکەن. ئەگەر مۆڵەت لە کۆنگرە وەربگرن -هەڵبەت نابێ لە بڕیارێکی ئەرێنیدا سەرمان سووڕ بمێنێ – لەم حاڵەتەدا، پێویستە بە دوو شێوە لە دەستێوەردانی سەربازی بڕوانین؛ ئەم دەستێوەردانە یان سزادان دەبێ یان ئیفلیجکەر. ئەگەر لە پشت پەردە سیاسەتێکی کاریگەر نەبێ، دەستێوەردانی سەربازی تا هیچ کوێ بڕ ناکا، هەروەک چۆن لە شەڕی کەنداودا بینیمان.

من گومانێکی ئەوتۆم نییە سەبارەت بە وەرگرتنی بڕیارێک لە کۆنگرە چونکە کۆماریخوازانی ئەمریکا لە مێژ بوو داخوازییەکی وەهایان لەم کۆنگرەیەدا هەبوو. سێناتۆر مەککین دوێنێ شەو لە سەر ئەم بابەتە قسەی کرد و لە سەر ئەوە نەدوا تا چەند لە دەستێوەردانی سەربازی رازییە یان بە پێچەوانەوە بەڵکو گرنگیی ئەوەی هێنایە گۆڕێ دەبێ گورزی گەورە لە ‌سوریا بوەشێنرێ.

ئەگەر دەستێوەردان لە ‌سوریا، پشتیوانێکی سەربازی نەبێ و زیاتر و زیاتر یارمەتی چەک و چۆڵ پێشکەش بە نەیارەکانی ‌سوریا بکرێ، ئەمە کاریگەرییەکی بەو شێوەیەی نابێ. ئەگەر سەرنج لە قسەی سیاسەتمەدارانی ئەمریکا بۆ میدیاکانی ئەو وڵاتە پاش دیداری دوێنێ شەویان لە گەڵ ئۆباما بدەین، هەموویان ئاشکرایان کرد کە دەستێوەردان دەکرێ و ئۆپۆزۆسیۆنیش بە شێوەیەکی راستەوخۆتر یارمەتیی دەدرێ.

کێشەی ‌سوریا لەمێژە رواڵەتی کێشەیەکی نێونەتەوەیی بە خۆوە گرتووە. هێزەکانی ناوچەکە نەیانتوانی کێشەکە بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە و سنوورە نەتەوەیی و ناوچەییەکانی تێپەڕاندوە. هێزە نێونەتەوەییەکانیش نەیانویست راستەوخۆ ببن بە پارچەیەک لەو کێشەیە، بەڵام پێموایە هێرشی کیمیایی لە پێناو کاردانەوەیەکی بەرینی نێونەتەوەیی، بناغەیەکی پتەو دروست دەکا.

ئەگەر دەستێوەردانی سەربازی بکرێ، ئەنجامەکانی ئەم دەستێوەردانە چی دەبن؟ گەلۆ دەستێوەردان شتێک چارەسەر دەکا یاخود چاکی دەکاتەوە؟
دەستێوەردانی سەربازی تەنیا ئامرازێکە. ئەگەر دەستێوەردانی سەربازی پشت ئەستوور نەبێ بە سیاسەتێکی کارا، هەرگیز بە ئامانجی خۆی ناگا. ئەمە خاڵی سەرەکییە.

بە پێچەوانەوە، بەڵێ، حاشا هەڵنەگرە ئەمریکییەکان خاوەن هێزێکی سەربازیی ئەوتۆن کە زەبری گەورە لە سوپای ‌سوریا بوەشێنن. دەگوترێ دەستێوەردانێکی سەربازی، تەنیا پۆزۆسیۆنی ئەسەد بەهێزتر دەکا. من بڕوا بەوە ناکەم؛ ئێستا پۆزۆسیۆنی ئەسەد بە هیچ شێوەیەک قایم نییە. بە رای من، دەستێوەردانێکی سەربازی گەورە و هەمەلایەنە، دەتوانێ ئەسەد بەرەو سیاچاڵ شۆڕ بکاتەوە، بەڵام لەوانەیە رژێمی ئەسەد لە شوێنی خۆیشی بمێنێتەوە. لەوانەیە وەک چۆن سەدام لە نێوان ساڵانی ١٩٩١ تا ٢٠٠٣ خۆی راگرت، ئەویش بەرگە بگرێ. ئەگەر سیاسەتێکی کارا لە پشت دەستێوەردانی سەربازی پەیڕەو نەکرێ، بۆی هەیە ئەم رەوشە بەدی بێ.

دیارە رەوشی ‌سوریا جیاوازترە؛ ئەو رۆژانەی سەدام لە ساڵی ١٩٩١دا هێرشی کرایە سەر، زۆر ئاشکرا بوو کە هێزەکانی ناوچە وەک عەرەبستانی سعوودی، تورکیا، ئۆردۆن و میسر نایانەوێ ئەو رژێمە بگۆڕدرێ. عەرەبستانی سعوودی وڵاتێکی تری شیعەی نەدەویست، تورکیاش تەنانەت نەیدەتوانی عێراقێکی نامەرکەزی بێنێتە بەرچاو و ترسی کێشەی کورد، ئەم وڵاتەیان لە رووی بیرکردنەوە ئیفلیج کردبوو.

رووداوی ‌سوریا زیاتر بەرچاو و شیاوی تێگەیشتنە؛ ئیتر ئەو ترس و خۆفانە لە گۆڕێ نین کە بۆ عێراق لە ئارا دابوون. ئەگەر سیاسەتێکی کارا، دەستێوەردانی سەربازی بشۆپێنێ، بۆی هەیە بە گوێرەی ویستی ئەو هێزانەی خوازیاری دەستێوەردانن، بە ئەنجام بگا. بەڵام ئەگەر دەستێوەردانی سەربازی لە لایەن سیاسەتێکی کاراوە نەشۆپێنرێ، ئەوا دەستێوەردان باردودۆخەکە بەرەو ئاڕاستەیەکی خراپتر پاڵ پێوە دەنێ.

ئاخۆ پێتان وایە دوابەدوای ئەگەری دەستێوەردانێکی سەربازی، سیاسەتی چالاک و کاریگەر بەڕێوە ببرێ؟
ناوچەکە بە گشتی لە دۆخێکی ئاڵۆز دایە. رەوشی میسر، لیبیا و تونێس ئەوە لە بر چاوە. ئۆردۆن و لوبنانیش ناسەقامگیر بوون. ئەو رووداوانەی لە میسر دەقەومن، بە راستی جێگەی نیگەرانین؛ لەوێ دیکتاتۆرییەکی نوێ سەر هەڵدەدا. عێراق بە مانای وشە ئاڵۆزە. بە رای من، عەرەبستانی سعوودی، ئۆردۆن و هێزەکانی تری ناوچەکە، گوشار بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا دێنن بۆ ئەوەی بکەوێتە گەڕ. ناوچەکە لە رەوشێکی زۆر مەترسیدار دایە و ئەمەش روون و ئاشکرایە.

پرسیارەکانی من تەواو بوون. ئەگەر دەتانەوێ شتێکی تر سەبارەت بە سیاسەتی تورکیا یاخود پێکدادانەکانی ‌سوریا بە باسەکەوە زیاد بکەن، تکایە فەرموون.
بە شێوەیەکی گشتی باسی مەسەلەکەمان کرد، لە راستیدا ئەگەر سەیر بکەن دەبینین هەتا زیاتر لەمبارەوە قسە بکەین، کەمە. شتێک کە دەمەوێ ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کە حیسابی هەڵەی سیاسەتی دەرەکیی تورکیا، لە سیاسەتی ناوخۆییدا کاریگەریی لە سەر پێشهاتە سیاسییە گرنگەکان دادەنێ. بە رای من خوێندنەوەی هەڵە و هەڵسوکەوتی ناڕاستی تورکیا لە مەڕ رووداوەکانی ‌سوریا و رۆژئاوا، لە سیاسەتی ناوخۆدا کاری لە سەر ئەو قۆناغە ئاشتییە دانا کە لە گەڵ پەکەکە بەڕێوەی دەچێ. حکومەتی تورکیا کارەکەی نیوەچڵ هێشتەوە؛ هەرچەند دانیشی پێدا نەنێن بەڵام دەکرێ تێبگەی کە لە سەر بەردەوامبوونی قۆناغی ئاشتی سوور نین.

ئەم هەڵپەساردنە، لە خوێندنەوەی هەڵەی حکومەت بۆ داهاتووی ‌سوریا سەرچاوە دەگرێ. هەڵبەت گومان لەوەدا نییە رووداوەکانی ‌سوریا لە سەر داهاتووی پەیەدە، پەکەکە و کوردستانی عێراق، میسر و تورکیا و سەرجەم پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەم ئاکتۆرانە کاریگەری دادەنێ.

ئەگەر حکومەتی تورک سیاسەتێکی دەرەکیی خوڵقێنەرانە و شەفافی لە مەڕ پێشهاتە درێژخایەنەکانی ‌سوریا بەڕێوە بردبا، بۆی هەبوو رەوشی ئێستا بە قازانجی ئەو تەواو ببوایە. ئێستا بارودۆخەکە تەنیا بۆتە بارێک بە سەر سیاسەتی نێوخۆوە. بە رای من دوو فاکتۆری سەرەکیی هەیە کە پێڤاژۆی ئاشتی حکومەتی تورک لە گەڵ پەکەکەی خستۆتە ژێر باندۆڕەوە.

یەکەم، قۆناغی خۆڕاگرییەکانی پارکی گەزی، حکومەتی ئاکەپەی خستە پۆزۆسیۆنی خۆپاراستنەوە. دەبوایە بەر لە هەڵبژاردنەکان سەر لە نوێ متمانەی خۆیان بە دەست بێننەوە. ئاکەپە بەمجۆرە ویستی بیانوو نەداتە دەست ئۆپۆزۆسیۆن و بەوە تۆمەتبار نەکرێ کە نیشتیمانپەروەر و نەتەوەپەرست نییە و وڵاتی بە کوردەکان و ‘تیرۆریست’ەکان فرۆشتوە. فاکتۆری دووهەمیش پەیوەندیی بە دەرئەنجامەکانی سیاسەتی ‌سوریاوە هەیە. تورکیا بە شێوەیەک دانیشت و جگە لە هێزی وەکیلی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاریگەرییەکی گرنگی نەبوو. هێزی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش زۆر سنووردارە.

عەبباس وەلی کێیە؟
عەبباس وەلی ساڵی ١٩٤٩ لە شاری مەهابادی کوردستانی ئێران لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە تەورێز تەواو کردوە. ساڵی ١٩٧٣، چۆتە زانکۆی میللی ئێران و زانستی سیاسی خوێندوە. پاشان رووی کردۆتەوە بریتانیا و ساڵی ١٩٧٦ لە زانکۆی (Keele) ماستەری لە بواری سیاسەتدا وەرگرتووە. ساڵی ١٩٨٣ لە زانکۆی لەندەن دکتۆڕای سۆسیۆلۆژی وەرگرتووە.
ساڵی ١٩٨٦، وانە گوتنەوەی ئاکادیمی لە زانکۆی (Wales) دەست پێکردوە. ساڵی ٢٠٠٥ لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دامەزراندنی زانکۆی ئەربیل بانگهێشت کرا. ساڵی ٢٠٠٨ لە زانکۆی هەولێر دابڕا و لەو کاتەوە، لە بەشی سیۆسیۆلۆژی زانکۆی بۆغازیچی وەک مامۆستا کار دەکا.
سەرچاوە: nnsroj

بابەتی هاوپۆل

بۆ جاری یەکەم چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆیی ئیبراهیم ئەحمەد بڵاودەبێتەوە

نوسەری دیار، عەلی کەریمی لە ساڵی ١٩٩٦ چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆیی دوو کاتژمێر و نیوی لەگەڵ سیاسەتمەدار …