چوار شه‌ممه‌ 24 نیسان 2024

کچانی نەیجریا قوربانی سادوسەودای کۆمپانیا بازرگانیەکانی نیزامی سەرمایەن/ لاوژە جواد

l14/4/2014 گروپی تیرۆریستی ئیسلامی (جماعة أهل السنة للدعوة والجهاد) بوکۆ حەرام واتا خوێندنی ڕۆژئاوایی حەرامە، مانگێک پێش ئێستا هەڵدەکوتنە سەر خوێندنگایەکی شەوانەو ڕۆژانە لە شاری چیپۆکی سەر بە هەرێمی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە کە زۆربەی خەڵکەکەی بە موسڵمان هەژماردەکرێن 270 کچی خوێندکار لەم خوێندنگایە دەرفێنن و بە سەیارەی بارهەڵگر دەیانگوازنەوە، 50 کەس لەم کچانە هەلی ڕاکردنیان بۆ دەڕەخسێت و لەناو دارستانە چڕەکانی سنوری نێوان نەیجریاو کامیرۆن بە ترسو دڵەڕاوکێ دەربازیان دەبێت. 220 کەس لەم کچانە تا ئێستاش لەلایەن ئەم هێزە تیرۆرستیەوە دەستبەسەرن، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لەسەرەتای ئەم مانگە بڵاوبۆوە، ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە ئەوکچانە وەک و کەنیزەکی ئەوان لەگەڵیان هەڵسوکەوت دەکرێت و ئەوانە دیلی شەڕن، دیارە لە هەموو شەڕەکانی ئیسلام ژن وەک و کاڵا لەگەڵی هەڵسوکەوت دەکرێت و ئەم کچانە موڵکی ئەوانن، وە هەروەها لە گرتە ڤیدیۆیی دووەم ئەمەیان ڕاگەیاندووە کە ئەم کچانە بوونەتە موسوڵمان و ئازادکراون و بوونەتە هێزی ئیسلام.

لە یەکێک لە گرتە ڤیدیۆیەکاندا ئەبوبەکەر شیکاو سەرۆکی بزوتنەوەی بۆکو حەرام دەڵێت: “خوا ئەمری پێکردوم ئەوکچانە بفرۆشم، ئەوانە موڵکی خودان و من ئەمرەکەی جێ بەجێ دەکەم.”
لە دووایین کلیپی دەڵێت: “ئێمە ئەو کچانە ئازاد ناکەین هەتا دەوڵەت براکانمان ئازاد نەکات.”

بەپێی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ ئەم کچانە دووای دەستبەسەر بوون، دوو دوو سێ سێ بەسەر
گروپی چەکدارە تیرۆریستەکان دابەشکراون، ئەوان لە بارودۆخێکی تەندروستی و دەرونی خراپدا دەژیەن و هەندێکیان بەهۆی پێوەدانی مار، کەوتن لەناو ئەم دارستانەدا گیانیان لەدەستداوە.
هەرلەسەرەتای دەستگیرکردنی ئەم کچانەوە، لەلایەن کەسوکاری ئەم ڕفێندراوانەو خەڵکانی تری ئازادیخوازەوە ناڕەزایەتیەکی بەرفراوان کەوتەوە و بە ئاشکرا بەرۆکی دەسەڵاتداران و سەرۆکی وڵاتی گرتەوە. بەڵام لەسەرەتادا ویستیان ئەم ناڕەزایەتییە بشاردرێتەوەو گەورە نەبێت، تەنانەت بۆ کپکردنەوەی ناڕەزایەتییەکە، هەندێک لە دایک و باوکەکان دەستگیر کران. دوای دوو هەفتە واتا ڕۆژی 29/4 بزوتنەوەیەکی جەماوەری بەرفراوان دێتە مەیدان لە پایتەخت و شارە گەورەکانی ئەم وڵاتەو، وەهەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش دەکەنە مەڵبەندی دەڕبڕینی ناڕەزایەتی بە شیعاری کچەکانمان بەسەلامەتی بۆ بگەڕێننەوە.

لە نێیجریا چی ڕودەدات؟
نێیجریا یەکێکە لە پڕ نفوزترین وڵاتانی ئەفریقیا کە نزیکەی 170 ملیون دانیشتوانیەتی، وە یەکێکە لەم وڵاتە ئەفریقایانەی کە خاوەنی زۆرترین سامانی سروشتی و نەوتە. دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە دەسەڵاتێکی بۆرجوازیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی سەرمایەی ناوخۆیی و جیهانی، جێگای باسە کە حەفتەی ڕابردوو پایتەختی نەیجریا وەک بەهێزترین ناوەندی ئابوری ئەفریقیا میوانداری کۆبونەوەیەکی جیهانی بوو بۆ گەورە ئۆکۆنۆمەکانی جیهان و نوێنەرانی سەرمایەی جیهانی لەوێ گردبونەوە.

بەشی زۆری دانیشتوانەکەی لە ژێر هێڵی هەژاریدان و بارودۆخی کرێکاران وەک و هەموو وڵاتانی تری ئەفریقاو ئاسیا لەوپەڕی خراپیدایەوە یەکێکە لەم وڵاتانەی کە خاوەن هێزی کاری زۆر هەرزانە. 
دانیشتوانی ئەم وڵاتە بەسەر مەسیحی و موسوڵمان دابەشکراون، وا خەمڵێندراوە کە ژمارەی مەسیحیەکان زیاترە.
لە دەستوری ئەم وڵاتەدا ئینسانەکان بەپێی هەویەتی ئینسانی ئەژمار ناکرێن، زل هێزەکانی جیهان بە پێی پلانی ئەمپریالی خۆیان نەیجریەشیان وەکو عیراق، ئەفغانستان، سوریا و لوبنان و سەرجەم وڵاتانی ژێردەستەی تر، بەتیغی مەزهەبی و میللی کەرت کەرت کردووە زەلکاوێکیان خوڵقاندووە بۆ گەشەکردن باکتریا و وایرۆسی کۆمەڵکوژی وەک بۆکۆحەرام، لە چەشنی ئەوەی کە لە عیراق و سوریا داعش سەرهەڵدەدات، لە ئەفغانستان و پاکستان موجاهیدین و لە سۆماڵ و کینیا الشباب و لە نێیجریاو کامیرۆن بوکۆ حەرام.

بوکۆ حەرام ئەم گروپە تیرۆرستیەیە کە لەساڵی 2002ەوە خۆی ڕاگەیاندووە لە هەرێمی باکوری ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە کە هەرێمێکی فیدڕالیەوە زۆربەی خەڵکەکەی موسوڵمانن کارو چالاکی دەکەن، تا ئێستا بە سەدەها هەزار خەڵکیان لەم هەرێمە قەتل و عام کردووە، ئەوان دەیانەوێت یاسای ئەم هەرێمە بەپێی شەریعەتی ئیسلام بەڕێوە بچێت و چونە خوێندنگای کچان حەرام بکات، بە قسەی خۆیان خودا ئەمری پێکردون کە دابو نەریتی ئیسلامی ڕاستین بسەپێنن. هەروەک لە گرتە ڤیدیۆی یەکەمیان دەڵێن، کچان بڕۆنەوە ماڵەوەو خزمەتی مێردو منداڵتان بکەن، کارتان بەسەر خوێندنی ڕۆژئاوایەوە نەبێت. هەر بەم هۆیەوە تا ئێستا ئەم گروپە دەستیان بە خوێنی چەندین کچۆڵەی تەمەن ١٢ بۆ ١٥ ساڵ سوربوەو تەنها بەتاوانی ئەوەی کە مۆری موسوڵمانبوون بە نێوچاویانەوە دراوە.

سەرۆک بۆچی داوای کۆمەک لە ئۆباما دەکات؟
بەدوای ئەوەی کە نارەزایەتی خەڵک لەم وڵاتە پەرەی سەندو لە میدیا جیهانیەکانەوە تەقیەوە، وە خەڵکی نەیجریا بەدەنگی بەرز هاواریانکرد کچەکانمان دەوێتەوەو بە جیهانیان وت کۆمەکمان بکەن! بۆ کپکردنەوەی دەنگی یەکگرتوو نارەزایەتی خەڵک، بۆ ئەوەی خەڵکی نەیجریا هێزی خۆیان یەکگرتوو نەکەن و ڕێکخراو نەبن وە بەرژەوەندی سەرمایەو سەرمایەداریان نەکەوێتە بەر هەڕەشەوە، بەخەڵک بڵێت ئێوە بێدەسەڵاتن و هیچتان پێناکرێت، هاواری بۆ ئۆباما برد. دیارە ئەم سیاسەتە لە بنچینەوە پلانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیەتی بۆ نەهێشتنی ڕوحی شۆڕشگێڕانەو کپکردنەوەی ئیرادەی خەڵک بەدڵنیایەوە ئەوانیش بۆ هێشتنەوەی دەسەڵات و ئبوهەتی خۆیان بۆ سەر جیهان ئامادەیی کۆمەکیان دەربڕی. ئەمە کاری ئەوانە، هەروەک چۆن شۆڕشیان لە لیبیا لەباربردوو ئیرادەی خەڵکیان لاوازکرد، هەروەک چۆن سیناریۆی ڕەشیان بەسەر عیراق داهێنا، هەروەک چۆن بونە هۆکاری ئەوەی ئەفغانستان سەد ساڵ بەرەو دواوە ببەن، هەر وەک چۆن بوونە هۆکاری بارودۆخێک لە سوریا کە بۆ چەند نەوەی تریش خەڵکی ئەم وڵاتە جورئەت نەکەن باسی شۆڕش و ئاڵوگۆڕی پۆسەتیڤ لە ژیانیان بکەنەوە. 


ئایا ئەمریکاو وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەیانەوێت ئەم گروپە تیرۆرستیانە لەناوببەن؟
لە ناوەڕاستی ساڵی هەشتاکان وڵاتانی ڕۆژئاوایی کەوتنە دروستکردن و بەهێزکردنی گروپە تیرۆریستە ئیسلامیەکان لە وڵاتی ئەفغانستان بەرامبەر بە یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو، بەڵام بەدوای ڕوخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات و تەواوبونی ئەرکی ئەم گروپە، بینیمان گروپەکە لێرەدا کۆتایی پێنەهات و بوونە هەڕەشە بۆ سەر ڕۆژئاوا و هاوکێشەکە 180 دەرەجە هەڵگەڕایەوە. لەم ساڵانەی دواییدا ئەم وڵاتانە بە ڕابەری ئەمریکا بە پارەی داهاتی زەریبەی خەڵک چەندین شەڕی ماڵ وێرانکەرانەی هەڵگیرسان، لە ئەفغانستان، عیراق، سۆماڵ، ‌هێرشی فرۆکە بۆسەر بەشێک لە پاکستان، سۆماڵ چەندین سیناریۆی ڕەشی بەسەر وڵاتانەدا سەپاند، بووە هۆی گیان لەدەستدانی بە ملیۆن خەڵک لەم وڵاتانە. جیاوازیان خستە نێوان خەڵکو بەسەر دین و نەتەوە دابەشیانکردن، بەڵام بەم کارو هەنگاوانەی ئەوان تەنها گروپە تیرۆرستیەکان بەهێزبوون، ئەوەتا لە هەریەکێک لە وڵاتەکان بەچاوی خۆمان دەیبینین.
ئایا ئەگەر ئامانجیان بوایە زۆر بەئاسانی ئەگەر بنەبڕیشی نەکردبان لاوازی دەکردن. بەڵام بۆ شەرعیەتدان، بۆ زەرورەتی حوزور و تەواجودی خۆی، بۆ بردنە پێشەوەی سیاسەتەکانی لەم وڵاتانە نایەوێت لەناوچن، وە هەروەها بۆ شەرعیەتدانەوە بە هەریەک لەم دەسەڵاتە دڵخوازانەی خۆی کە لەژێر ئۆتۆریتەی ئەو کاردەکەن، بۆ ئەوەی نیشانیبدات کە دێوە زمەیەک هەیە ئەویش تیرۆرستی ئیسلامیەو پێویستی بە بەرەنگار بونەوە هەیە. 

ئەوەی بوکۆ حەرام لە نییجریا ئەنجامیدەدات، هەمان کارو سیاسەتە کە لە ئەفغانستان و سنورەکانی پاکستان خوێندنگاکانی کچان دەتەقێنێتەوە، هەمان سیاسەتە کە لە سوریا بەهۆی بەکارهێنانی فەیسبوکەوە کچان بەردەباران دەکات، هەمان سیاسەتە کە مەلالەی گولەبارانکردو لەگەڵ مەرگ ڕوبەڕوی کردەوە. ئەمانە دەبێت ڕێگایان پێبگیرێت، ئەوە ئەم کچانەشیان ڕزگارکرد، چ تەئمین و زەمانەتێک هەیە بۆ ئەوەی کە مانگێکی تر بەسەر خوێندنگایەکی تری کچان دا نەدەن. ئەمە بە ئەمریکاو سیاسەتی جیاکاری لەنێوان ئینسانەکان بەرئەساسی دین، نەتەوە، مەزهەب ناکرێت، ئەوە تەنها بەهێزی یەکگرتووی خەڵکی ئازادیخواز دەکرێت، دەبێت لە هەرشوێنێکی ئەم جیهانە ١ ئازادیخواز هەبێت دەنگهەڵبڕێت و فشار بهێنێت تەنها لەم ڕێگایەوە دەتوانین ژیانێکی شیاوو ئینسانی بۆ هەموان بەدیبهێنین بەبێ جیاوازی لەنێوان ئینسانەکان. ژیانێکی یەکسان بۆ کچوڵەکانمان دابینبکەین بۆ ئەوەی لەترسی ئەم تاقمە تیرۆریستە ئیسلامیانە ناچارنەبن دەست لە خوێندن هەڵگرن.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.