سەبارەت بە ئێعدامی لاوانی کورد، وەزیرێکی سوێدی بانگهێشت پارلەمان دەکرێت

ئەندامێکی پارلەمانی سوێد داوای لە وەزیری کاروباری دەرەوە کردووە، سەبارەت بە ئێعدامی لاوانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بێتە بەردەم پارلەمان و هەڵوێستی ڕەسمیی وڵاتەکەی ئاشكرا بکات.

جەبار ئەمین، لە ئەندامانی پارلەمانی سوێد لەسەر لیستی حیزبی ژینگە، لە نامەیەکدا بۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی سوێد کاڕڵ بیلدت، داوای لە ناوبراو کردووە بێتە بەردەم پارلەمان و، سەبارەت بە لەدار درانی لاوانی کورد، “وەڵامی چەند پرسیارێک” بداتەوە.

ئەو پارلەمانتارە کوردە، لە یاداشتێکدا کە [ئەمڕۆ ٥ی نۆڤەمبەر] لە لاپەڕەی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا بڵاوی کردۆتەوە، سەبارەت بەو بابەتە نووسیویەتی ” نووسراوێکم نارد بۆ پەرلەمان، بۆ بانگهێشتکردنی وەزیری دەرەوی سوێد بۆ نێو پەرلەمان، بۆ قسەکردن لەسەر پرسی لەسێدارەدانی چالاکوانانی کورد و خەڵکی تر لە ئێران.”

ڕوونیشی کردۆتەوە کە وەزیری ناوبراو، “دەبێت لە ماوەی ١٤ ڕۆژدا بێتە پارلەمان بۆ باسکردنی ئەو پرسە.”

جەبار ئەمین لە نامەکەیدا، وێڕای ئاماژە بە چەوسانەوەی گەلانی ئێران بە دەستی ڕژیمی ئێران و لەسێدارەدرانی لاوانی چالاکانی سیاسی، ڕوونی کردۆتەوە کە ” زۆر لە وانەی لە سێدارەدراون خەڵکانێک بوون کە بڕوایان بە دیموکراسی، ئازادی و جاڕنامە ی نێونەتەوەی مافی مرۆڤ هەبووە، هەربۆیەش تێڕوانینێکی سیاسی تریان هەبووە لە تێڕوانینی ڕژێمی ئێران”.

ناوبراو هەروەها دەستنیشانی کردووە کە ” تاوانە گەورەکانی ڕژێم [ی ئێران]، وەک تاوانی لەسێدارەدانی هاوڵاتییان، [روو] لە زیادبوونە، هەر لەم چەند مانگەی دواییدا سەدان چالاکوانی سیاسی لە سێدارە دراون، زۆر لەوانە چالاکوانی سیاسیی کورد بوون کە لە پێناوی دیمۆکراسی و ئازادیدا خەباتیان کردووە.”

ئەندامەکەی پارلەمانی سوێد ئاماژە بە ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییەی “ئەمێنێستی ئینتەرناشناڵ” دەکا سەبارەت بە ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێران و جەخت لەسەر ئەو یاسا و بەها مرۆییانە دەکاتەوە و دەڵێ ئەمانە “پرەنسیپێکن کە لە یاسای بنەڕەتیی یەکیەتیی ئەورووپادا هاتوون و حوکمەتی سویدی دەبێ کاربکات بۆ ڕێزگرتن لێیان.”

ـ پێویستە حوکمەتی سویدی و حوکمەتەکانی تری یەکیەتیی ئەورووپا، ناڕەزایی خۆیان نیشان بدەن سەبارەت بەو چەوسانەوە هەمە لایەنەی حوکمەتی ئێران پیادەی دەکات بەرانبەر بە خەڵکی ئەو وڵاتە؛ جەبار ئەمین وای بۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی نووسیوە و ئەوەشی لێ زیاد کردووە کە خوازیارە “وەزیری دەروە بێت بۆ پەرلەمان و وڵامی چەند پرسیارێک بداتەوە”.

وەک لە نامەکەی ناوبراودا هاتووە، وەزیری دەرەوەی سوێد دەبێ لە ماوەی ١٤ رۆژدا لەبەردەم پارلەمان ئامادە و وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە:
ـ ئایا وەزیری دەروە بەتەمایە هیچ هەڵوێستێکی هەبێت دژ بە ڕژێمی ئێران، بە هۆی لەسێدارەدانی چالاکوانانی سیاسییەوە؟
ـ ئایا وەزیری دەروە بەتەمایە هیچ دەستپێشخەرییەک بکات لە یەکیەتیی ئەورووپا، بۆ مەحکوم ردنی لەسێداردانەکان، و بۆ ئەوەی فشارێک بخاتە سەر ڕژێمی ایران بۆ وەستاندنی لەسێدارەدانی چالاکوانانی سیاسی؟

بابەتی هاوپۆل

عثمان اسماعیلی از زندان سقز به بیمارستان منتقل شد

روز یکشنبه سوم دی‌ماه، عثمان اسماعیلی، فعال کارگری اهل سقز به دلیل بیماری از زندان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.