هه‌ینی 22 ئه‌یلول 2017
ماڵەوە / وتار / قارەمانی شەڕی پاوە؛ مستەفا چەمڕان یا کاک فواد؟/د. هێمن سەیدی*

قارەمانی شەڕی پاوە؛ مستەفا چەمڕان یا کاک فواد؟/د. هێمن سەیدی*

لە هەردوو حکوومەتی پەهلەوی و ئیسلامیدا، تەنیا گێڕانەوەی حکوومەت لە ناکۆکیی ناوەند و کوردستان، وەک مێژووی فەرمی لەقەڵەم دراوە و هەڵبەت لە تەرازووی ئەو مێژووە حکوومەتییەشدا، هەموو هەڵەکان لەسەر حیسابی کورد نووسراون. ئێستاش کۆماری ئیسلامی، لە سایەسەری کەرەستەی مۆدێڕنتر، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش و پاساوهێنەرتر، مێژووی هاوچەرخمان پێشان ئەدات. دوا هەوڵی لەو چەشنە، سازکردنی فیلمی “چ” لە دەرهێنانی ئیبراهیم حاتەمی کیا بوو کە تێیدا بە بیانووی لێکدانەوەی قۆناخێکی کورت لە بوونی درێژخایەنی مستەفا چەمڕان لە کوردستان، هەوڵ دراوە سیاسەتی فەرمیی حکوومەت، ئەوجار لە گۆشەنیگایەکی هونەری و بە شێوەی حەماسی نیشانی بەردەنگ بدرێ.تۆ بڵەی ئەگەر لە دەلاقەیەکی جیاوازتر لەو گۆشەنیگایە -واتە لە ڕوانگەی قوربانیانی ئەو شەڕانە- سەیری کرداری چەمڕان لە کوردستان بکەین، ئایا ئەوساش هەر هەمان قارەمان دەبینینەوە؟ ئەی ئەگەر قبووڵ بکەین کە قارەمانی سەرەکیی شەڕی کوردستان چەمڕان بووە، دژەقارەمانی ئەو شەڕە دەبێ چ کەسایەتییەکی نەشیاو بووبێ؟ ئایا مستەفا چەمران هەر بەڕاست خاوەنی ئەو کەسێتییە لیبێراڵ و عارف.ئاسا بووە کە لەو ساڵانەدا لێی ساز کراوە؟ ئا مومکینە گێڕانەوەی حکوومەتی، هەموو یا بەشێک لە ڕاستییەکەی چەواشە کردبێ؟

 

لەم نووسراوەدا هەوڵ دەدرێ بێ ئەوەی جەخت لەسەر دروستبوونی بکرێ، بە کورتی، گێڕانەوەیەکی جیاواز لەوەی بخرێتە بەر باس کە حکوومەت لە ڕووداوەکانی کوردستان لە سەرەتاکانی شۆڕش پێشانی داوە و ئامانج، تەنیا ئاشناکردنی خوینەران بە بۆچوونێکی جیاوازە لە ڕوانگە فەرمییەکەی حکوومەتە.

 

بێگومان تا ئەو کاتەی مرۆڤ بە ئازادی دەستی وە بەڵگەکانی پێوەندیدار بەو سەردەم ڕانەگات، هیچ گێڕانەوەیەک تەواو و بێ گرێ نابێت. نووسەری ئەم بابەتە، وەک کەسێک کە خۆی لەناو کۆمەڵگای کوردستاندا بووە، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەو گێڕانەوە، سەرەڕای جیاوازی و فرەڕەنگیی حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان، باوترین گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ئەو سەردەم لە ناو خەڵکی کوردستانە. دوای ئەو ڕوونکردنەوە کورتە، ئاوڕێکی خێرا وە هۆکاری شەڕەکانی مانگە سەرەتاییەکانی دوای شۆڕش و رۆڵی چەمڕان لە دەستپێک و قورستربوونی شەڕەکان دەدرێتەوە و دواتر، “دژەقارەمان”ی ئەو چیرۆکە، کە لە ڕاستیدا قارەمان[خەڵک.و]ی ئەوبەری مەیدانە، بە خوێنەر دەناسێندرێ.

 

لە مانگە سەرەتاییەکانی شۆڕش، تاران و کوردستان زیاتر وەک دوو یەکەی سیاسیی جیا دەچوون تا دوو بەش لە وڵاتیک بن. بەهەر هۆکار کە لەو نووسراوەدا ناگونجێ، کەش و هەوای سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو دوو یەکەی تەواو جیاواز بوو. لە تاران جەخت لەسەر جێگیرکردنی کۆماری ئیسلامی، بێ وشەیەک زیاتر و کەمتر دەکرا کەچی لە کوردستان، کۆی ڕاپرسی سەبارەت بە “کۆماری ئیسلامی”، نادێمۆکراتیک لەقەڵەم دەدرا و بایکۆت دەکرا.

 

کەش و هەوای سیاسیی ناوەند، ئیسلامی-چەپی بوو کەچی کەشی سیاسیی کوردستان لیبێراڵ و چەپی بوو. زانکۆکان لە تاران ببوونە شوێنی سەرکوتی جیابیران و قەمەکێشانی پێڕەوی هێڵی ئیمام بەڵام کە کوردستان، شەقامەکانیش پێوەست ببوونە کەش و هەوای زانکۆکان و شرۆڤەی ئازاد.

 

داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە لایەن ئایەتوڵا خومەینی، وەک شۆڕشی دووهەم پێناسە کرا و هەموو ڕەوتە سیاسییەکان جگە لە لایەنگرانی مەهدی بازرگان، تەییدیان کرد کەچی لە کوردستان، ئەو کردەوە لە لایەن دوکتۆر قاسملوو و شێخ عێزەدین حوسێنی، وەک کارێکی هەڵە و پڕمەترسی، مەحکووم دەکرا.

 

ئەگەر لە ناوەندی ئێران، بەربژێری نزیک لە مەلاکان لە چەند هەڵبژاردنی سەرەتایی [مجلس ملی، خبرگان رهبری، شووڕاکان] هەڵدەبژێردران، لە کوردستان کەسانێک وەک غەنی بلووریان، سدیق کەمانگەر و دوکتۆر قاسملوو، دەنگیان دێناوە.

 

ئاشکرایە کە لە وەها دۆخێکدا، درەنگ یا زوو، ناکۆکی و پێکدادان دێتە ئاراوە. ئەویش لە کەش و هەوایەکی رادیکاڵ ئەوکاتدا کە سیفەتگەلێک وەک خاین، گۆپاڵبەدەست، کۆنەپەرست و هتد، بە ئاسانی بەو بەمەوە دەلکێندرا. شەڕیش لە دوو قۆناخی جیادا بەڕێوە چوو. سەرەتا بە شێوەیەکی پەرش و بڵاو و کورتخایەن[شەڕی نەورۆزی سنە و شەڕی سێ مانگە لە گەلاوێژ تا خەزەڵوەری پەنجا و هەشت] کە بە ناوبژیوانییەکان کۆتایی پێ دەهات و قۆناخی دووهەم کە بوو بە شەڕێکی سەرتاسەری و ئیدۆلۆژیک کە ساڵانێک درێژەی پەیدا کرد و چ ناوبژیوانییەک نەیتوانی کۆتایی پێ بهێنێ.

 

چەند مانگ بەر لە سەراسەریبوونی شەڕ، سەروتاری گۆڤاری کتێبی هەینی، کە لە تاران و بە سەرنووسەری ئەحمەد شاملوو بڵاودەبۆوە- شرۆڤەیەکی تەواو جیاواز لەوەی کە حکوومەت باسی دەکات، سەبارەت بە شەڕی سێ مانگەی کوردستان و رۆڵی چەمڕان لەو شەڕەدا پێشان درابوو. شرۆڤەیەک کە لە گرمە و هەرای داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا و وازهێنانی دەوڵەتی کاتی، لەبەرچاوان ون بوو.

 

لە نووسراوەیەکی ژمارە بیستی ئەو گۆڤارەدا هاتبوو: باڵێکی توندڕۆ کە لە دەوڵەت و شۆڕای ئینقلابدا لە ناو کۆمەڵگا پڕۆپاگەندەی بۆ هێرشبردنە سەر کوردستان دەکرد و دواجار قسەی خۆی بردە سەر. مستەفا چەمڕان کە وادیار دەکەوت وتەبێژ و ڕێبەری ئەو باڵە بێت، توانی وەزارەتی بەرگری بگرێتە دەست و ئایەتوڵا خومەینیش بە دانی فەرمانی جەهاد، گڵۆپی سەوزی بۆ داگیرساند و بەم شێوە چەمڕان ئەرتەش و پاسدارەکانی کێشایە نێو مەیدانی شەڕی کوردستان.”

 

کەوایە دەبینین لانیکەم لە ڕوانگەی بەشێک لە چاودێرانی سەربەخۆش، کەسانێک لە تاران هەبوون کە خەیاڵی شەڕیان لە مێشکدا پەروەردە و لەناو کۆمەڵگاشدا پڕۆپاگەندەیان بۆ دەکرد. لەم گێڕانەوەدا، چەمڕان زیاترین رۆڵی دەگێڕێ.

 

ئەگەر فەڕزی قارەمان بوونی چەمڕان لە گێڕانەوە فەرمییەکەی ئەو شەڕەدا قبووڵ بکەین، تەبعەن دەبێ لە بەرەی کوردەکان، کەسێک رۆڵی سەرەکی گێڕابێ و کەسایەتیی بەرانبەر ئەو قارەمانە[ئێرانییە.و] بێت.

دژەقارەمانی ئەو شەڕە، تەنانەت ئەگەر ئەوکات بۆ زۆرینەی خەڵکی ئێرانیش نەناسراو بووبێ، بۆ شاملوو کە لە کۆمەڵە شێعری “مدایح بی صلە”، وەک “کەسایەتییەکی پۆڵایین” وەسف کراوە، ئاشنا بووە. بەم هۆیە کە لە نموونە[چاپکراوەکانی.و] ناوخۆی ئەو کۆمەڵە شێعرە، ئەو بەشە لە پێشەکییەکەی شاملوو لابراوە، ناوی ئەو کەسە، زۆر ئاشنا نەبێت کەچی لە هەمان کاتدا، ئەو لە کوردستان بوو بە کەسایەتییەکی ئەفسانەیی.

 

فواد مستەفا سوڵتانی، کە تەنیا چەند مانگ بەر لە شۆڕش، لە ڕەزبەری پەنجا و حەوت لە گرتووخانە ئازاد ببوو، تەمەنی ئازادییەکەی نەگەیشتە ساڵێکیش ئەوکات کە لە خەرمانانی پەنجا و هەشت، لە لایەن هێزەکانی ژێر فەرمانی چەمڕان کوژرا.

 

ئەو خەڵکی گوندێکی دەوروپشتی مەریوان بوو. گەنجێکی بەتوانا و تێکۆشەر کە بۆ خوێندن لە قۆناخی دواناوەندیدا ناچار بوو لەگەڵ براکانی بچێتە سنە و پاش کۆتایی هاتنی ئەو قۆناخە، لە بەشی ئەندازیاریی کارەبا لە زانکۆی سەنعەتی ئاریامێهری ئەوسا و سەنعەتی شەریفی ئێستا، قبووڵ بکرێ. ناوبراو پاش کۆتایی هاتنی خوێندن، گەڕایەوە زێدەکەی مەریوان و پاش ماوەیەکی کورت، بە هۆی چالاکی سیاسیی، قۆڵبەست و بە زیندانی درێژخایەن مەحکووم کرا. زیندانیبوونێک کە تا ڕەزبەری ساڵی ٥٧ درێژەی کێشا. دوای ئازادی لە گرتووخانە، دەستی بە دامەزراندنی ڕێکخراوەگەلی مەدەنی و سینفی کرد و مەزنترین یەکێتیی جووتیارانی کوردستانی دامەزراند و بەم شێوە، بەرە بەرە، بوو بە ڕێبەرێکی خۆشەویست و گەلی. لە دوای شەڕی خوێناوی نەورۆزی ساڵی ٥٨ی سنە، ناوبراو رۆڵێکی گرینگی لە کۆتایی هێنان بە شەر و گەڕانەوەی ڕێژەیی هێمنی بە کوردستان گێڕا.

دوابەدوای ڕووداوی پاوە و فەرمانی جەهادی ئایەتوڵا خومەینی، سەرەتا بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە شەڕ، دەستی بە سازماندانی کۆچی مێژوویی بەکۆمەڵی خەڵکی مەریوان بۆ دەروەی شار کرد، چالاکییەک کە تا ئێستاش وەک مەزنترین نافەرمانیی مەدەنی دێتە ئەژمار. دوای یەکلاییبوونەوەی شەڕ، بوو بە فەرماندەی بەشێک لە بەرەکانی شەڕ لە کوردستان و دواجار، لە خەرمانانی ساڵی ٥٨ی هەتاوی، بە گوللەی تیرباری هێلیکۆپتەرێکی کە لە تاقیبی دابوو، گیانی لەدەست دا.

ماوەیەک بەر لەم ڕووداوە، دوو لە براکانی، لە لایەن سادق خەڵخاڵی، لە پادگانی سنە، لە سێدارە درابوون و پاش گیان لەدەستدانی خۆشی، دوو برای تری لە گرتووخانە لەسێدارە دران. یانی کوژرانی ٥ کەس لە رۆڵەکانی یەک بنەماڵە، لە ماوەیەکی کورتدا.

 

سەرەڕای کۆمەڵەیی بوونی فواد مەستەفاسوڵتانی، کەسایەتیی ناوبراو، جێگەی ڕێزی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و بۆ وێنە حیزبی دیمۆکرات و بگرە کەسایەتییە ئایینییەکانی سەربەخۆشە و ئێستاش پاش تێپەڕبوونی سێ دەیە، چیرۆکی ژیان و قارەمانەتییەکانی ناوبراو هەر باسی کۆڕ و مەجلیسەکانی کوردستانە.

 

* تێبینی نووسەر:

– ئەو بابەتە لە لایەن ماڵپەڕی بڵاوکەرەوە[بی‌بی‌سی فارسی] کورت کراوەتەوە و بەشێکی بەرچاوی لێ قرتێندراوە، هەر بۆیە مومکینە لێکدابڕان لە هەندێک لە بەشەکانیدا بەدی بکرێ بەڵام سەرەڕای ئەوەش نووسەر، ڕازی بووە وتارەکە بڵاو ببێتەوە تا بەڵکوو ببێتە سەرەتایەک بۆ کرانەوەی باسەکە لە میدیا فارسییەکاندا. بڕیاریش وایە کە نووسین و شرۆڤەکردن لەسەر ئەو مژارە درێژەی هەبێ. جگە لە کورتکرانەوەی ناوەڕۆکی نووسراوەکە، سەردێڕیش لە لایەن بی‌بی‌سی فارسییەوە گۆڕاوە.

– ئەم وتارە، لە لایەن مەسعوود مەناف کراوەتە کوردی.

سەرچاوە: nnsroj

بابەتی هاوپۆل

کانون تجاوز جنسی/ آناهیتا اردوان

کارل مارکس در دست نوشته های اقتصادی- سیاسی سال 1844،می گوید:«موقعیت زنان در جوامع معیار …