چوار شه‌ممه‌ 24 نیسان 2024

گوێدرێژێک له سەرە مەرگا/ نووسینی: سادق هیدایەت/ وەرگێڕ: عەدنان هونەروەر

ئاخ! ئێشی لاشەم هێناومیەته لەرزه، ئەمه پاداشتی خزمەت به بوونەوەرێکی دوو پێیه. ئەمه ئاخرین رۆژی ژیانمه و هەر ئەمەش دڵم دائەمرکێنێ! دوای تێپەڕاندنی ژیانێکی پڕ هەوراز و نشێو و له کۆڵگرتنی باری تاقەت پڕووکێن، پیاکێشانی نەقیزە و دار و زەنجیر و جنێوه یەک له دوای یەکەکانی بەتاڵ پێکان، هەر جێگای شوکرێک ماوەتەوە بۆم  که ئیتر ئەم ژیانه سامناکه به جێ دێڵم.

ئێره شەقامی “شەمێران”‌ه. ئەمڕۆ به هۆی کەمتەرخەمی خاوەنەکەمەوە ئۆتۆمبێلێک خۆی پیاکێشام و لاقی شکاندم و کەوتمه ئەمڕۆژەوه. دوای تێهەڵدانێکی باش، لاشەکەیان راکێشامه قەراخ جاده و بەرەڵایان کردم. بەڵام له بیریان چوو دەتوانن له ناڵ و چەرمەکەیشم کەڵک وەرگرن! وادیاره به تەواوەتی لێم ناهومێد بوون ئیتر نازانم به کاتی خۆی خواردنێکم بۆ دێنن؟ یان ئەشێ لەو ئەوپەڕی زەجر و ئیش‌دا سەر بنێمەوە.

ئاخ! ئێشی برینەکانم زیاتر بوه و بەردەوام خوێن ئەدەڵێنێ. ئەمه چۆن بوونەوەرێکه بەم شێوەیه زاڵ بوه به سەرمانا و ژیانی ئێمەی چڵکن و پڕ له هەڵدێر و لیوانلێو له رەنج و چەرمەسەری کردوه. هەستی خاوێن و سرووشتیمانی شەکەت کردوه، لاشەمانی بەردەوام زامدار و تەواوی ژیانمانی تاڵ و ناخۆش کردوه؟

له رواڵەتا وێکچوونێکی تەواوی گەل ئێمه هەیه، بەڵام له ئاکام‌دا هەر وەک ئێمه دەمرێت، لەم بابەتەوە جیاوازییەکمان نییه. لەوانەیه لاشەی خۆی له بەرد و دار بێ، چوونکا کاتی قامچی لێدان وا گومان ئەکات هەستی پێ ناکەین. ئەگەر خۆی هەستی به ئێش بکردایەت، رەحمێکیشی بۆ ئێمه دەچوو. ئەو ئامێرانەی ئێمەی پێ دەکوتن سرووشتی نین و دەسکردی خۆیانه. ماوەیەکه له ئورووپا و ئەمریکا بۆ پاراستنی مافی ژیانی ئاژەڵان، کۆڕبەندگەلێکیان به ناوی “مرۆڤایەتی” ساز کردوه. هەندێ یاسای تایبەتیان بۆ بەرگری له هەڵاواردن و زوڵم و زەجر، داناوه بۆمان. نازانم ئەوانەش هەر له بەرەی ئەم بوونەوەرانەن؟ قەد قەد! ئەگەر ئەوان له بەرەی ئەم ئاژەڵانەش بن، حەتمەن دڵیان بەردینه نییه!

زانایانی زانسته سرووشتییەکان، جیاوازییەکی ئەوتۆ ناکەن له نێوان ئێمه و خۆیان. خۆیان به سەرکردەی ئاژەڵانی مەمکدار دێننه ئەژمار. بەڵام یەکێک له بیرمەندانی ناودار _ دیکارت _ به واتای خۆی سەلماندی ئاژەڵان بێجگه له ئامێرێکی بزۆز هیچی دی نیین! بۆ بەدواداچوونی ئەم خەیاڵه پڕ و پووچه، کۆمەڵێک بیرمەندی دیکه به دژی راوەستان. لەوانه “شووپنهاور” لاینگری لێکردوین و دەڵێت: (بناغەی ئەخلاق رەحم و بەزەییه، ئەویش نەک به هاورەگەزەکانت، بەلکوو له ئاستی هەموو بوونەوەرێکیش.) تا ئەو رادەیه له کتێبەکەی خۆی‌دا باسی له هەست و زیرەکی ئێمەیشی کردوه. یەکی دیکەیان وتوویەتی: (ئەمه رابواردنێکه بۆ دایکان کاتێ سەیر ئەکەن مناڵەکەیان ملی پەلەوەرێک هەڵدەکێشێت یان هەر بۆ رابواردن سەگ و پشیله بریندار ئەکەن، ئەمانه بناغەی گەندەڵی و داڕێژەری دڵڕەقی و زوڵم و پیساییه.)

له راستی‌دا ئەم زوڵم و زۆرەش که له ئێمه کراوه و دەکرێ، هۆکاری سەرەکییەکەی دەگەڕێتەوه بۆ بارهێنانی زاڵمانەی دایکانی مناڵان. به داخەوه ئێمه ناتوانین قسه بکەین و ئەمەش خۆی بۆ خۆی بەردی بناغەی چارەڕەشیمانه. بەس ئەرەستوو راستی ژیانی ئێمەی زانیوه و دەڵێت: (مرۆڤ ئاژەڵێکی ئاخێوەره.) هەر به هوی ئەم ئاخافتنەوەیه ئێمەش بووینەته سووتمانی هەوا و هەوەسی بوونەوەرێکی چاوبرسی و له خۆبایی. بۆچی خەڵکی شوێن پێی ئەم فەیەلەسووف و بیرمەندانەیان نەپێکاوه؟

بابەتی هاوپۆل

امید و مقاومت همگانی با ضرورت تداوم انقلاب زن، زندگی، آزادی

بازداشت و سرکوب و اعدام های گسترده در طول یک سال گذشته تا کنون، همگی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.