روونكردنەوەی ئێقباڵ سەفەری سەبارەت بە دەست لەكاركێشانەوەی لە حدك

ئەندامی رێبەرایەتی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، ئێقباڵ سەفەری لە روونكردنەوەیەكدا هۆكارەكانی دەستلەكاركێشانەوەی لەكاروباری حیزبی لەناو حیزبی دیموكراتی كوردستان ئاشكرا دەكات.
لەروونكردنەوەكەدا كە پەیجی تایبەتی ئێقباڵ سەفەری لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە هاتووە “بە کورتی پاشگەزبوونەوە لە بیری نەتەوەیی و نیشتمانی کە بنەمای رێبازو بەرنامەی نوێی دوای لێکدابڕان بوو، نەبوونی سیاسەتی روون لە سەر بنەمای پەسەندکراوەکانی کۆنگرەکانی ١٤ و ١٥ کە بۆتە هۆی پاسیڤبوونی حیزب لە مەیدانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان دا، زیندوکردنەوەی ساختاری سانترالیزمی بەرێوەبەری لە رێگای زاڵبوونەوەی د.س بە سەر کۆمیتەی ناوەندی، هەڵاوبگرەی یەکگرتنەوە بە هۆیەتی ئینکار کراوەوە و زۆر بواری ئەو حیزبەی توشی قەیرانێک کردوە کە هەتا دێ رۆڵی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرتەسک دەبێتەوە. من بەو قەناعەتە گەیشتوم کە چیتر توانای خۆم بۆ کێشەی بێهودەی نێو حیزب لەم بوارانەدا تەرخان نەکەم. حیزب بەو ساختارە رێبەریەوە ناتوانێ ئاڵوگۆڕی جیددی هزری و رێکخراوەیی لە خۆیدا بکا. بۆیە بە بیرکرنەوەیەکی زۆر ورد و پێگەیشتنی خۆم بڕیاری دەست لە کار کێشانەوەم هەم لە کۆمیتەی ناوەندی و هەم لە ئەندامەتی حیزب داوە”.

دەقی روونكردنەوەكە بخوێنەرەوە:

روونکردنەوە سەبارەت بە دەست لە کارکێشانەم لە حیزبی دیموکراتی کوردستان- حدک
لە رۆژی-٩-٢-٢٠١٤دا نامەیەکم سەبارەت بە دەست لە کارکێشانەوەم لە ئەندامەتی کۆمیتەی ناوەندی حدک لە رێگای مایلەوە بۆ هاورێانی کۆمیتەی ناوەندی نارد. پاشان هەر بەو شێوەیە بۆ ئورگانەکانی دیکەی پێوەندیدار لە کوردستان و لە دەرەوە.
بەدوای ئەو نامانەی دەست لە کار کێشانەوەم لە حیزب، سەرەتا لە نێو گروپمایلی نێوخۆیی هاورێیانی حیزب و دواتر لە نێو تۆری ئینترنیتی دەرەوەی حیزبدا باسێکی زۆر لەم بارەوە هاتە ئاراوە. لە رۆژانی رابردودا بە هەزاران کۆمێنت و پەیامی فەیسبوکی نوسرا و بە سەدان لە هاورێ و دۆستانم بە تەلەفون یان مایل پێوەیندیان پێوە کردم.
لە بەشێک لەو نوسین و پەیامانەدا کۆمەڵێک پرسیار هاتنە پێش و چاوەڕوانی رونکردنەوە سەبارەت بە هۆکاری دەستلە کار کێشانەوەم کرا. بۆ وەڵام دانەوە بەو پرسیار و چاوەڕوانیانە، بە پێوسیتم زانی ئەم روونکردنەوە بڵاو بکەمەوە.
بۆ وازم لە ئەندامەتی لە کۆمیتەی ناوەندی و حدک بە گشتی هێنا؟

هۆکارەکان:
١- لە سەرەتای لێکدابڕان لە نێو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ٢٠٠٦ من بێ لایەن بووم و لەگەڵ چەندین هاوڕێی دێرینیش دوو نووسراوەمان لەو پێوەنیەدا بڵاو کردەوە. بەلام زۆری پێنەچوو رێبەری ئەو کاتەی حدک بە هێنانە ئارای هێڵە گشتیەکان و دەنگوی رێبازی نوێی نەتەوەیی و نیشتمانی، سیاسەت و شێوازی کاری نوێ حیزبی، سەرنجی راکێشام و وەک هاورێکی حیزبی بەشداری رەوتی حدک بووم. بە هاتنە ئارای کەشی کراوە و باسەکانی بەرەو کۆنگرەی چاردە، بە تایبەت بەرنامە و پێرەوێکی نوێ، من و هاوریان و خەڵکێکی زۆر لە نێو حیزبی دیموکرات و لە دەرەوەی حیزبیش، هیوای زۆرمان بە گۆڕان لە هزر و شێوازی حیزبی تێدا دروست بوو. تەرکیبی کۆنگرەی ١٤ و پەسەندکراوەکانی هێندەیتر هیوای ئێمەی بە رێفورم بە تایبەت بەهێزکردنی بیری نەتەوەیی لە سەر بنەمای فکری ژ ک و رێزگرتن لە رای تاکی حیزبی و تەشکیلاتیەکان و دیسانترالیزەکردنی نێوخۆی حدک زیاد کرد. بەڵام سەد مەخابن پاش کۆنگرەی چاردە ساڵ لەدوای ساڵ، رێبەری نویی حدک هەنگاو بە هەنگاو پەسندکراوەکانی کۆنگرەی پێشێل کرد و هیواکان بەرەبەرە روویان لە کزی کرد.
٢- رێبازی نوێ و هزری نەتەوەیی لە لایەن دەفتەری سیاسی – د.س بە تایبەت سکرێری حیزب نە تەنیا بایەخی پێنەدرا، بەڵکو هەر لە سەرەتاوە هەتا ئێستاشی لە گەڵ بێ، خرانە پەراوێزەوە. یەکێک لە مەبەستەکانی لابردنی وشەی ئێران لەپاشکۆی ناوی حیزب و بە کاربردنی وشەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باتی کوردستانی ئێران، بە هێزکردنی نەتەوەیی بوونی زیاتری حیزب و گونجاندنی حیزب لە گەڵ ناوەرۆکی ئەو بیرە نوێیە بوو کە لە بەرنامەی نوێدا هاتبوو. کەچی بە داخەوە دەسەڵاتی کۆکراوەی سانترالالیستی نادێموکراتیک، ئەوەشی کردە قوربانی بەناو واقعبینی سیاسی!؟ داسەپاوی ناکارئامە. سیاسەتێکی ناڕوون و هەڵویستی بانێک و دوو هەوای ئەکتەرەکانی ئەمجۆرە سیاسەت کردنە لە رووبەرووبونەوە لە گەل مێدیا و هێزی سەراسەری ئێرانی و بێگانە دا، نمونەیەکی بەرچاوە.

٣- جگە لە بواری رێبازی نەتەوەیی، ئێمە لە کۆنگرەی ١٤ دا هەوڵێکی زۆرمان دا و لە پێرەوی نێوخۆیش دا پەسەند کرا کە ساختاری حیزب دیسانترالیزە بکەین. چونکە یەکێک لە هۆیەکانی جیابوونەوە و گرفتە نێوخۆیەکانی پێشوو لە کۆنگرەی هەشت و کۆنگرەی سێزدە تەکڕەوەی و سەرەرۆیی بەشێک لە ڕێبەری حیزب بوو، لەسەروی هەمویانەوە سکرێتێرەکان. بریارمان دا کە سیستمی کاری بەریوەبەری دیسنترالیزە بکرێ و بەهاکانی تاکی ئەندام و تەشکیلاتەکان پەرە پێبدرێ. ئەگەرچی بە رواڵەت هێندێک ژستی کراوەیی گیرا، بەڵام تەکڕەوی بە تایبەت د.س حەتا هات رووی لە پەرە ئەستاندن کرد. دیسان جیابیرەکان رووبەڕووی گیروگرفت بوونەوە و وەدەر نران. ئەم هەڵسوکەوتە یەکیک لەو بوارنە بوو کە من و چەندین کەسی دیکەش لە ڕێبەری، بەردەوام بەدژی بووین و هەڵوێستمان دەگرت و ئازارمان پێوە دەخوارد.
٤- سەبارەت بە یەکگرتنەوە لە گەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران- حدکا، من بە هیچ جۆرێک موخالیفی یەکگرتنەوەیەک کە لە سەر بنەمای پرنینسپ و بە ڕای گشتی هەموو حیزب بێ نەبووم. هەڵوێستی بەرێوەبەری حیزب لەم پێوەندیەدا ئەگەرچی حەکیمانە بوو، بەڵام رەوتێکی تێپەڕاند کە زۆرتر حەزو بەرژەوەندی شەخسی لە پشتەوە بوو. من دژی یەکگرتنەوەیەک بووم کە لەسەر ئەساسی خۆبەزلزانی، ئینکاری و شوردنەوەی هۆیەتی حدک لە لایان حدکاوە دانرابێ. لەو بروایەدا بووم و ئێستاش هەم کە ئەگەر بنەمای کاری یەکگرتنەوە لەسەر رێککەوتنی دوو سکرتێر و ژمارەیەک ئەندامانی د.س و بۆ دابەشکردنی کورسیەکانی داهاتووی رێبەری حیزبی یەکگرتوو بێ، هەرگیز ئەو یەکگرتنەوە ئاکامێکی باشی نابێ. ئەگەر کێشە ئاشتبوونەوەی ژمارەیەک کادری رێبەری لە یەکتر بێ، گەلۆ ئەو لێکدابڕانەی بەو هەموو خەسارەتەوە دەویست، کە ئێستا سالانێکی زۆرە هەوڵی یەکخستەوەی بۆ دەدرێ؟ ڕای من و بەشێکی زۆر لە کۆمیتەی ناوەندی و بەدەنەی حیزب سەبارەت بە یەکگرتنەوە لە لای د.س، زۆری بەها پێ نەدراو لە ئاکامدا ئەوەش بووە بە بەشێک لە کێشەی تەشکیلاتی حیزبو و حدکا،ش زۆر ئاگاهانە مانۆرێ پێوە دەادا.
٥- بە کورتی پاشگەزبوونەوە لە بیری نەتەوەیی و نیشتمانی کە بنەمای رێبازو بەرنامەی نوێی دوای لێکدابڕان بوو، نەبوونی سیاسەتی روون لە سەر بنەمای پەسەندکراوەکانی کۆنگرەکانی ١٤ و ١٥ کە بۆتە هۆی پاسیڤبوونی حیزب لە مەیدانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان دا، زیندوکردنەوەی ساختاری سانترالیزمی بەرێوەبەری لە رێگای زاڵبوونەوەی د.س بە سەر کۆمیتەی ناوەندی، هەڵاوبگرەی یەکگرتنەوە بە هۆیەتی ئینکار کراوەوە و زۆر بواری ئەو حیزبەی توشی قەیرانێک کردوە کە هەتا دێ رۆڵی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرتەسک دەبێتەوە. من بەو قەناعەتە گەیشتوم کە چیتر توانای خۆم بۆ کێشەی بێهودەی نێو حیزب لەم بوارانەدا تەرخان نەکەم. حیزب بەو ساختارە رێبەریەوە ناتوانێ ئاڵوگۆڕی جیددی هزری و رێکخراوەیی لە خۆیدا بکا. بۆیە بە بیرکرنەوەیەکی زۆر ورد و پێگەیشتنی خۆم بڕیاری دەست لە کار کێشانەوەم هەم لە کۆمیتەی ناوەندی و هەم لە ئەندامەتی حیزب داوە.
ئەوەی من بە جێی دێلم ئەو شیوازی کارو قەوارە سوننەتیە لە حیزبایەتیە کە ئێستا داوێنی حدک ی گرتووە، نەک خەبات و فیداکاری بۆ رزگاری نەتەوەکەم. هەمو هاورێان، دۆستان و ئوگرانی رێگای رزگاری بە گشتی دڵنیا دەکەم کە هەروەک رابردوو لە سەر خزمەت و خەبات بۆ ئازادی لە ژێر ستەم و گەێشتن بە دەسەڵاتی نەتەوەییدا بەردەوام دەبم. کاری سیاسی و خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوای کوردان، لەو چەشنە حیزبایەتیەی کە شەڕی هاوخەبات و هاوسەنگەرەکانی خۆی خستۆتە پێش شەڕ لەگەڵ داگیرکەردا، کورت ناکرێتەوە. مەیدانی خەباتی سیاسی و کوردایەتی بەرفروانە و شێوازی جۆر بە جۆری هەیە و ئەو گۆڕەپانەش پاوەنکراوی هیج ئایدیولۆژیا و جەریانێکی سیاسی تایبەت نییەن.

لە کۆتایی ئەم روونکردنەوەدا سپاسێکی زۆر بۆ هەموو ئەو دۆست و هاوڕێیانە کە لە رۆژانی رابردودا و رێگای گروپمایل، مایل، فەیسبووک، سکایپ، تەلەفۆن و رێگای ترەوە دڵسۆزی خۆیان بە پشتیوانی و کۆمنتار، یان تەنانەت بە رەخنە و گازندەی دۆستانە لە سەر دەستلەکارکێشانەوەم لە حدک دەربڕیوە.

ئێقباڵ سەفەری
رێکەوت ٢-٢-٢٠١٤زایینی بەرانبەر بە١١ رەشەمەی ١٣٩٢

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.