هه‌ینی 22 ئه‌یلول 2017
ماڵەوە / وتار / ده‌رباره‌ی غه‌ریزه‌ی مه‌رگ بۆ له‌خۆرهه‌ڵات فرۆید هێشتا زیندووه‌؟

ده‌رباره‌ی غه‌ریزه‌ی مه‌رگ بۆ له‌خۆرهه‌ڵات فرۆید هێشتا زیندووه‌؟

بەختیار عەلی

به‌شی«5»
پێش لاکان، ڕەخنە له‌بنەما بایۆلۆژییەکانی غەریزەی مەرگ، ئەریش فرۆمیشی هێنابووە دەنگ. بەڵام لاکان فرۆیدیترو قووڵترە تا فرۆم، فرۆم هەر بنەما بایۆلۆژییەکانی غەریزەی مەرگ ناخاتە ژێر پرسیار، بەڵکو هەولێکی گرنگ دەدات شەڕانگێزی ناو مرۆڤەکان له‌سیستمی غەریزی جیابکاتەوە. شەڕانگێزی لای مرۆڤ هەیە، ڕۆڵێکی گرنگیش له‌پێکهاتی دەرونیدا دەبینێت، بەڵام غەریزەیەکی تایبەت به‌مەرگ بوونی نییە، گەر غەریزەی وا بوونی هەبایە «بەپێی فرۆم» دەبوو ئەو گیاندارانەی پەیوەندییەکی شەڕانگێزی‌و دڕیان لەگەڵ ژینگەدا نییە، زۆرتر نەخۆش کەوتبان‌و هەر زووتریش بمردبان، چونکە بەپێی تێڕوانینی فرۆیدی، کاتێک مەرگدۆستی ئاڕاستەی دەرەوە نەکرا، دەگەڕێتەوە ناوەوە‌و خودوێرانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. «بڕوانە: هانز هۆپف. شەڕانگێزیی له‌چارەسەری شیکارییدا لەگەڵ منداڵان‌و گەنجان. فاندن هۆیک ـ ڕوپ ڕێشت. گوێتینگن. 1998. ل 19 ». بەڵام لاکان زەمینەیەکی گرنگ دەسازێنێت کە هەتا بەبێ بنەمای بایۆلۆژی دەتوانین قسە لەسەر غەریزەی مەرگ بکەین. ئەوەی گرنگە لاکان بەبێ ئەوەی زۆر قسە له‌پەیوەندی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی بکات، به‌مانا مارکسییەکەی، واتە بەبێ ڕوانین له‌وێرانکاری وەک پەرچەکردارێکی دەرونی دژ به‌قەهرو ژێردەستی مرۆڤەکان، غەریزەی مەرگ دەباتەوە سەر سیاقێکی کۆمەڵایەتی دی کە زمانە. ژیژیک لەسەر ڕێڕەوی لاکان دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو ڕەنگێکی هیگڵی دەبەخشێتە غەریزەی مەرگ، واتە دەیگۆڕێت بۆ تێرمێکی فەلسەفی، بۆ هێزێک کە دەشێت له‌فیکردا پتر سوودی لێببینین تا له‌چارەسەری نەخۆشی‌و دۆخی دەرونیدا. بەپێی ژیژیک غەریزەی مەرگ نیشانەی ئەوەیە کە دەزگای دەرونیمان میکانیزمێکی کوێرانەی دووبارەکردنەوەی تێدایە، کە هیچ پەیوەندیەکی راستەوخۆی به‌بنەمای لەزەت یان غەریزەی مانەوەوە نییە. ئەم خواستە بۆ مردن‌و وێرانکاری، داتاشراوی هیچ پرۆسەیەکی نامۆبوونی کۆمەڵایەتیش نییە، بەڵکو «هەلومەرجێکی وجودی» یە، کە راکردن‌و دەرباز بوون لێی ئەستەمە. بەبڕوای ژیژیک، دەبێت دان بەو تاریکییەی ناو مرۆڤدا بنێین، دەبێت هەوڵ نەدەین غەریزەی مەرگ لابدەین، یان له‌بیریبکەین. هەوڵدان بۆ دروستکردنی مرۆڤێکی بێ ناکۆکی، بێ تاریکی، ئاشت لەگەڵ خۆیدا، مرۆڤایەتی بۆ جەنگ‌و جینۆساید‌و وێرانکاری بردوە، دروستکردنی مرۆڤێکی نمونەیی کە هەڵگری هیچ پارادۆکسێک نییە، له‌پشت هەموو کارەساتەکانە، مرۆڤ دەبێت هەوڵبدات لەگەڵ ئەو هێزە نەفیکەرەی ناو خۆیدا بگونجێت. ژیژیک هەر لەسەر هەمان ئاوازی لاکانی لەدایکبوونی زمان دەگێڕێتەوە بۆ غەریزەی مەرگ. ژیژیک دەنوسێت غەریزەی مەرگ «گوزارشتە له‌نەفییەکی ڕادیکاڵ.. گوزارشتە له‌لەدەستدانی هاوسەنگی سروشتی، خلیسکانێکی نەخۆشانەیە، کە له‌ڕەوتی ژیانی مرۆڤدا دەبێتە مایەی دەرکەوتنی زمان». «بڕوانە، سلاڤو ژیژیک . بڵندگەراترینی هەموو هێستیرییەکان. دەرونشیکار‌و فەلسەفەی ئایدیالیستی ئەڵمانی. توریا‌و کانت، بەرلین، فییەنا. 1992، ل 151». ژیژیک وەک لاکان، غەریزەی مەرگ به‌هێزێکی دروستکەر دەزانێت، لەبەرئەوەی ئەو نەفییەیە کە فەزاکان بۆ شتی نوێدەکاتەوە، ژیژیک دەڵێت غەریزەی مەرگ «ئەگەرە نامێژووییەکان» وێنەدەکات«هەمان سەرچاوەی پێشو 158». وتەزای «ئەگەرە نامێژووییەکان» ـی ژیژیک، وتەزایەکی گرنگە. «ئەگەری مێژوویی» ئەوەیە کە خودی سیستم دەتوانێت پێشکەشیبکات، بەڵام «ئەگەری نامێژوویی» بریتییە له‌کۆی ئەو ئەگەرانەی له‌سیستمی زمان‌و بیرکردنەوەشدا جێگایان نابێتەوە. ئەگەری نامێژوویی ئەو سنورانەیە کە سیستم له‌گەشەی خۆیدا بەریدەکەوێت، ئەو خاڵ‌و شێواز‌و ژیانانەیە کە به‌توانای تێگەیشتن‌و ڕاڤەو ڕوانینی ئێستای ئێمە نابینرێن. غەریزەی مەرگ لەوەدا دروستکەرە کە دەتوانێت ڕوخێنەر بێت، ڕوخێنەرێکی ڕادیکال بۆ تەواوی شێوەکانی گوزارشت، واتە پاککردنەوەی فەزاکەیە به‌تەواوی، ئەو نەفییە ڕادیکالەیە له‌پشتییەوە ئاسۆی لەدایکبوونی نوێ دەبینرێت.
ژیژیک، لەسەر ئەم نەفییە رادیکالە، زۆرجار نمونەی هێناوەتەوە کە مانایەکی هیگڵی به‌غەریزەی مەرگ دەبەخشن، غەریزەی مەرگ وەک هەڵگێڕانەوەیەکی تەواوەتی پەیوەندییە سەمبولییەکان، وەک تێکدانی ئەو هاوکێشەیەی لۆژیکی ڕەمزی نێوان شتەکان ڕادەگرێت. لێرەدا بۆ زیاتر ڕونکردنەوەی مەبەستی ژیژیک، نمونەیەک له‌یەکێ له‌دوا کتێبەکانی دەهێنمەوە «ڕۆحە خراپەکانی هەرێمەکانی ئاسمان»، کە تا ئەندازەیەک مەبەستی ژیژیک له‌مانای «تێکدانی سیستمی ڕەمزی» ڕووندەکاتەوە. نمونەکەی ژیژیک له‌فیلمی «ئەوانەی هەردەم گومان لێکراون» برایان سنگەرەوە وەرگیراوە. له‌فیلمەکەدا چیرۆکی کەسێک هەیە «کایزەر سوزا»، ڕۆژێک دەگەڕێتەوە ماڵ‌و دەبینێت ژنەکەی‌و کچەکەی لەلایەن باندێک چەقۆکێش‌و تاوانکارەوە دەست بەسەرکراون، کە گروپێکی سەر به‌مافیای بولگارین. کایزەر سوزا بۆئەوەی نەکەوێتە ژێر ڕەحمەتی ئەو باندەوە، بۆئەوەی ئەوان نەیانکرێت ژن‌و منداڵەکەی وەک کەرەستە دژی ئەو بەکاربهێنن، لەوێدا بەدەستی خۆی، ژن‌و کچە بچوکەکەی خۆی دەکوژێت‌و بڕیاردەدات ژیانی بۆ شەڕ‌و لەناوبردن‌و قڕانکردنی یەکەیەکەی ئەوانە تەرخانبکات، کە ناچاری ئەوەیان کردوە جۆرە کارێکی وا ئەنجامبدات. لێرەدا ڕاڤەی ژیژیک بۆ دیمەنەکە بڕێکی زۆر له‌مانای «تێکدانی ڕێکخستنی سەمبولی» ڕووندەکاتەوە. ژیژیک لەوێدا سەبارەت به‌سوبێکتی شۆڕشگێڕ دەنوسێت…
«له‌هەڵوێستێکدا … سوبێکت بڕیارێکی شێتانە‌و نەشیاو دەدات، بڕیاردەدات خۆی له‌خۆی بدات‌و ئازیزترین کەسی خۆی بکوژێت. کردارەکەی بەهیچ جۆرێک وەک ئیشی کەسێکی بێهێز نییە کە شەڕانگێزێتی خۆی ئاڕاستەی خۆی دەکاتەوە، بەڵکو ئەو ڕێکخستن‌و پەیوەندییانە تێکدەدات کە سوبێکت خۆی تێدا دەبینێتەوە. خۆی له‌بەنرخترین ئۆبێکتی خۆی دووردەخاتەوە، کە له‌ڕێگایەوە دوژمن دەیەوێت بیخاتە داو. بەوە سوبێکت کایەیەکی گەورەتر بۆ جوڵە‌و یاری خۆی دروستدەکات. هەڵبەت نرخی ئەم ئازادییە زۆر ترسناکە. تاکە ئەگەرێک له‌ڕێگایەوە سوبێکت بتوانێت هاوسەنگی بۆ ئەم گوناهە بگێڕێتەوە، ئەوەیە دەستبەرداری هەموو شتێکی تایبەتی بێت‌و ژیانی بۆ له‌ناوبردنی ئەوانە تەرخانبکات کە ناچاریانکردوە، ئەو قوربانییە گەورەیە بدات. ئەم هەڵوێستە ـ نامرۆڤانەیەی ـ ئازادی ڕەها ـ من له‌تەنهایمدا دەتوانم هەر شتێک بکەم کە دەمەوێت، هیچ کەس دەسەڵاتی بەسەرمدا نییە ـ ، ئەوە هاوشاندەکرێتەوە به‌خۆبەخشینێکی موتڵەق به‌فەرمانێک ـ تەنیا مانای ژیانم ئەوەیە تۆڵە بستێنم ـ . ڕەنگە ئەمە له‌هەر شت ڕوونتر وێنای سوبێکتی شۆڕشگێڕ بکات».  «بڕوانە: س . ژیژیک. ڕۆحە خراپەکانی هەرێمەکانی ئاسمان.  خەباتی چەپ بۆ سەدەی بیست‌و یەک. فیشەر فێرلاگ، فرانکفۆرت. 2013. ل 114 ـ 115».
لێرەدا ژیژیک ئاماژە بەو ساتە ڕادیکالەی سوبێکتی سەرەکی‌و نادیاری فیلمەکە دەکات کە تەواوی سیستمی ڕەمزی تێکدەدات تا شتێکی نوێ بخاتە جێگای. غەریزەی مەرگ بریتییە لەو هێزەی کە بەرەو ئەو تێکدانە پاڵمان پێوەدەنێت. ئەوەی سیستمی ڕەمزی له‌ئێمەدا بونیادی ناوە، ئەوەیە منداڵ‌و خێزانی خۆمان خۆشبوێت، بەڵام لای سوبێکتی شۆرشگێڕ، لای سوبێکتێک دەیەوێت ڕادیکاڵ یارییەکان تێکبدات‌و لەودیو ئەو ڕێکخستنەوە ئازادی خۆی بەدەست بهێنێتەوە، سەرەتا خۆ ڕزگارکردنێتی لەو بابەتە نزیکانەی ئارەزوو کە دەستیان گرتووە. غەریزەی مەرگ ئەو هێزەیە کە دەکەوێتە ئەودیو سیستمی ڕەمزییەوە، ناگیرێت، بەڵام خودی نەگیرانەکەی سەمبولیزەدەکرێت. کایزەر سوزا لێرەدا ئەوە نیشاندەداتەوە کە تێکدان‌و گێڕانەوەی سیستمی سەمبولی بۆ پلەی سفر، بۆ سەرەتا، بۆ جێگایەکی خاڵی تا لەوێوە دووبارە دەست بەیاریبکەین، کاری نەکردە نییە. کایزەر سوزا پیاوکوژە، بەڵام لای ژیژیک وەک بەرجەستەکەری سوبێکتی شۆڕشگێڕ وێنادەکرێت، وەک بەرجەستەکەری کاراکتەرێک دەتوانێت بیسەلمێنێت ئەوەی لەسەر ڕێکەوتوین هەمیشەیی‌و سەرتاسەری نییە، سیستمی رەمزی کایەکی داخراو نییە هەموومان لەسەر یاساکانی ڕێکەوتبین. هەمیشە هێزێک هەیە ئەم ڕێکەوتنە، ئەم فەزا سەمبولییە تێکدەشکێنێت‌و دەیباتەوە دەرێ. ئەو هێزە نوێسازەش کە بەردەوام دەگەڕێتەوە، کە بەردەوام به‌ئارەزوو ناگات، غەریزەی مەرگە.
لێرەدا به‌ڕوونی دوو ڕوانینی جیاوازمان لەبەردەستدایە. بەسەرێک فرۆید «لەگەڵیشیدا کەسانی وەک فرۆم» کە ڕووە وێرانکارەکەی غەریزەی مەرگیان بۆ گرنگە، هێورکردنەوە‌و کەمکردنەوەی ڕەهەندی تێکشکێنەری ئەم غەریزەیەیان مەبەستە، بەسەرێکی دیش بۆچوونی لاکانی ـ ژیژیکی کە له‌غەریزەی مەرگدا هێزێکی پۆزەتیڤی نەفیکردن‌و نوێکردنەوە دەبینن‌و ڕەهەندە توندوتیژەکەی به‌بەشێک له‌هەموو ئەکتێکی نەفی یان کردەیەکی شۆڕشگێڕانە لەقەڵەم دەدەن. چۆن دەتوانین له‌نێوان ئەم دوو تێگەیشتنەدا بگونجێین؟. تێگەیشتنێکی جەوهەرێکی کۆنزەرڤاتیڤ له‌غەریزەی مەرگدا دەبینێت، تێگەیشتنێکیش وەک هێزێکی نەفیکەر‌و ڕادیکاڵ تەماشای غەریزەی مەرگ دەکات. ئاخۆ ئەو ماشێنە فاشیستیانەی له‌خۆرهەڵات له‌کاردان چ پەیوەندییەکیان به‌غەریزەی مەرگی فرۆیدییەوە هەیە؟ چۆن غەریزەی مەرگ له‌دونیای ئێمەدا دەردەکەوێتەوەو دەبێت بەسەرچاوەیەکی وزە بۆ ماشێنە فاشیستییەکان؟ ئەوانە کۆمەڵێک پرسیارن له‌بەشەکانی تردا هەوڵی وەڵامدانەوەیان دەدەمەوە.

سەرچاوە: ئاوێنە

بابەتی هاوپۆل

کانون تجاوز جنسی/ آناهیتا اردوان

کارل مارکس در دست نوشته های اقتصادی- سیاسی سال 1844،می گوید:«موقعیت زنان در جوامع معیار …