پێنج شه‌ممه‌ 14 ئازار 2024

زمانی دیموکراسیەت

مەریوان وریا قانع
یەکێک لەو ھۆکارە سەرەکییانەی وامانلێدەکات بەرگریی له‌سیستمی دیموکراسی بکەین، به‌سیستمێکی باش‌و کەم زیانی بزانین، ئەو ڕاستییە سادەیەیە کە ئەم سیستمە سیستمێکە دەتوانێت له‌‌هه‌ڵەکانی خۆی فێرببێت، دەتوانێت خاڵە لاوازو ناسکەکانی خۆی ببینێت، دەتوانێت خۆی باشترو چاکترو چالاکتر بکات، دەزگا خراپەکانی لاببات‌و دەزگای باشترو بەتواناتر لەشوێنیاندا دروستبکات. دیموکراسییەت سیستمێکە دەتوانێت ‌هه‌موو ئەم گۆڕانکارییانەو زۆر گۆڕانکاری تر ئەنجامبدات بەبێ خوێنڕشتن، بەبێ تەقە، بەبێ پەلاماردنی چەک‌و ئازاردانی جەستەیی کەسەکان‌و لایەنەکان.
ئامرازی ‌هه‌رە سەرەکی چاکەکاریی ناو سیستمی دیموکراسیەت قسەکردنە، بەکارھێنان‌و گۆڕینەوەی وشەیە، دیالۆگ‌و گفتوگۆی بەردەوامە، بەرخوردی ڕۆژانەیە، گوێگرتن‌و دەم دانەخستنە. کە باس له‌قسەکردن دەکەم باس له‌دۆخێکی زۆر تایبەتی قسەکردن دەکەم، باس لەو دۆخە دەکەم کە قسەکردن لەوە دەردەچێت تەنھا ئامرازی پەیوەندیکردن‌و ڕاگۆڕینەوە نییە، تەنھا کۆمەڵێک دەنگ نییە بچێتە ناو کۆمەڵێک دەنگی ترەوە. قسەکردن له‌سیستمی دیموکراسیدا ئامرازێکی سەرەکییە بۆ دروستکردنی واقیع، قسەکردن کردەیەکی بەر‌هه‌مهێنەرە، ڕووداوو ‌هه‌ڵسوکەوت‌و بڕیار دروستدەکات، شتێک لادەبات‌و شتێکی تازە لەگەڵخۆیدا دەھێنێتە کایەوە. له‌دیموکراسیەتدا قسەکردن لەوە دەرئەچێت تەنھا ئامرازێکی بێلایەنی گۆڕینەوەی زانیاریی‌و زانین بێت، قسەکردن له‌دیموکراسیەتدا دەبێت به‌”قسەکردنێکی دروستکەر”، “بونیادنەر”، کردارگەر. زمان لێرەدا ئامرازێکی گرنگی دروستکردنی ڕێژمی کۆمەڵایەتی‌و سیاسییە، بەشێکی ھێجگار گرنگی ڕێکخستنی دونیایە، بەزه‌حمەت له‌کارو کردەکانی لەناو واقیعدا جیادەکرێتەوە، مەسافەیەکی کەم یان ھیچ مەسافەیەک ناھێڵێتەوە لەنێوان ئەوەی کە دەگوترێت‌و ئەوەی کە ئەنجامئەدرێت. قسەکردن له‌سیستمی دیموکراسیەت قسەکردن نییە لەپێناوی قسەکردندا، چەنەبازی‌و چەلەحانێی بێسەمەر نییە، بەڵکو بەشێکە له‌کردار، بەشێکە له‌توانای کارکردن. له‌جیم ئۆستینی فەیلەسوفەوە تا سەر ژنە فەیلەسوفی ئەمریکی جودت بوتلەر، به‌تێپەڕین بەناو فیکری پیار بۆردیۆو میشێل فۆکۆدا، ھێڵێکی گرنگی بیرکردنەوەی تیوری ‌هه‌یە کە خەریکی لێکۆڵینەوەیە لەم شێوازە تایبەتەی قسەکردن، قسەکردنێک کە دەتوانێت دونیا دروستبکات، کە دەبێت بەکردار.
ئەو عەقڵیەتەی لەپشتی قسەکردنی ناو سیستمی دیموکراسیەتەوە کاردەکات عەقڵیەتی فێربوونە له‌‌هه‌ڵەکردنەوە. بینینی ‌هه‌ڵەیە وەک ئامرازێک بۆ فێربوون‌و دەسکاریکردنی ئەو دۆخەی ‌هه‌ڵەکان به‌مرۆڤ دەکات. دیموکراسیەت خۆی سیستمێکی بێ‌هه‌ڵەو بێنووقسانی نییە، ‌هه‌ر له‌بنەڕەتیشەوە شتێک بەناوی ژیانێکی کۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و فەر‌هه‌نگی بێ‌هه‌ڵەوە بوونی نییە، ئەوەی دیموکراسیەت له‌سیستمەکانی تر جیادەکاتەوە ئەوەیە ‌هه‌ڵەکان‌و نووقسانییەکەی خۆی دەبینێت، باسیاندەکات‌و باسکردنیشیان دەکات بەبەشێک له‌ژیانی گشتی، ژیانێکی ئاشکراو ڕۆشن. لەم ڕێگایەوە دیموکراسیەت دەتوانێت ئەو جۆرە له‌قسەکردن بەر‌هه‌مبھێنێت کە دەتوانێت ‌هه‌ڵەو نووقسانییەکانی نەک تەنھا ببینێت، بەڵکو چارەسەریشیان بکات. بێگومان بەوە نا کە ‌هه‌ڵەو نووقسانییەکان پینەوپەڕۆ بکات، بەڵکو بەوەی ئەو ژینگەو سەرزەمینە سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و فەر‌هه‌نگییە بەجۆرێک دەسکاری بکات، کە نەکرێت ‌هه‌ڵەی لەو شێوەیەی تیادا دووبارەببێتەوە.
‌هه‌موومان دەزانین له‌مێژوودا چەندان شێوازی جیاوازی حوکمڕانی لەئارادا بووە، سیستمی پادشایاتی‌و سوڵتانی، سیستمی ئیمپراتۆرەکان، سیستمی خەلافەت، سیستمی ستەمگەرە جیاوازەکان، له‌”ستەمگەری نەخوێندەوار”ەوە بیگرە بۆ “ستەمگەری ڕۆشنگەر”. ئەوەی ئەم سیستمانە بەیەکەوە کۆدەکاتەوەو دەبێتە خاڵی ھاوبەشی نێوانیان ئەو ڕاستییەیە کە ھیچ یەکێکیان نەتوانراوە لەڕێگای قسەکردنەوە بگۆڕدرێن، قسەکردنێک کە تەرجەمەببێت بۆ دەنگدان و بۆ بڕیار. ‌هه‌موو ئەم سیستمانەش ئەگەری ناوەکی خۆچاککردنەوەیان تێدانەبووەو زۆربەشیان لەڕێگای یاخیبوون و کردەی کۆمەڵایەتی ڕادیکاڵ‌و توندوتیژەوە کۆتاییانپێھاتووە. کۆمەڵێک کردە کە کەمترین قسەی تێداکراوەو کەمترین گفتوگۆ بەڕێوەیبردوە. ڕەنگە یەکێک لەو خاڵە سەرەکییانەی کە دونیای کۆن له‌دونیای نوێ جیابکاتەوە پەیوەندی به‌تواناو ئەگەری قسەکردنەوە ‌هه‌بێت، بەتایبەتی ئەگەری ئەو جۆرە له‌قسەکردن کە دەتوانێت قسەکردنێکی جێبەجێکەرو کردەیی بێت، قسەکردنێکی دروستکەرو بەر‌هه‌مهێنەر.
ڕەنگە ئەم ڕاستییە بێت وایکردوە گەشەکردنی دیموکراسیەت بۆ سیستمی حوکمڕانی باڵادەست دوابکەوێت بۆ قۆناغی ھاتنەکایەی مۆدێرنەو بۆ سەردەمی تازەبوونەوەی بەرچاوی شێوازەکانی نووسین‌و قسەکردن‌و بەکارھێنانی زمان، یانی بۆسەردەمی ھاتنەکایەو لەدیکبوونی قسەی جیاواز. نەک ‌هه‌رئەمە بەڵکو بۆ سەردەمی ھاتنەکایەی ئەو ژێرخانە تەکنۆلۆژی‌و مادییە گرنگەی کە دەتوانێت قسە جیاوازەکان ‌هه‌م بگرێتە خۆی‌و بەناو ‌هه‌موو کۆمەڵگادا بڵاویانبکاتەوە. مەبەست لەمەش لەدایکبوونی چاپخانەو ڕۆژنامەو کتێب‌و شێوازە جیاوازەکانی تری ئەو جۆرەیە له‌میدیای تازە کە بەنەدیکت ئەندرسۆن ناوی “کاپیتالیزمی چاپ”ی لێدەنێت.
خاڵی سەرەکی‌و بەھێزی ئەم دونیا مۆدێرنە فراوانبوونی ڕووبەرەکانی ئازادییە، ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی بڕیاردان، ئازادی سەفەرو جوڵە، ئازادی خۆڕێکخستن، ئازادی پیادەکردنی ‌هه‌موو جۆرەکانی قسەکردن ھتد… بەھی ئازادیی لێرەدا بەھای ژمارە یەک‌و ‌هه‌رە سەرەکییە. ئەگەر بکەری سەرەکی ناو دیموکراسیەت قسەکردن‌و قسەکەرانبێت، واتە زمانبێت له‌مانا دروستکەرو بەر‌هه‌مهێنەکەیدا، ئەوا شەڕکردن لەسەر دەسەڵات دەبێتە شەڕکردن به‌وشە، به‌قسە، به‌وێنەی ئەو دونیاو مژدەو ئایندەیانەی لەناو ئەو وشەو قسەو گفتوگۆیانەدا ئامادەن. ‌هه‌ر ئەمەشە وادەکات پەرلەمان ببێتە دەزگای ‌هه‌رە سەرەکی ناو سیستمی سیاسی دونیایەکی دیموکراسی، پەرلەمان وەک جێگەیەک بۆ قسەکردن‌و پەرلەمانتار وەک بوونەوەرێکی قسەکەر.
بەم مانایە دیموکراسییەت تاقە سیستمێکە تیایدا قسەکردن بەھایەکی سیاسی‌و ئەخلاقی‌و ڕەمزی گەورەی ‌هه‌یەو زمان توانایەکی گەورەی دەسکاریکردنی دونیای ‌هه‌یە. زمان دەتوانێت شەڕی ڕاستەقینە، شەڕی خوێناوی نێوان ھێزەکان بگۆڕێت بۆ شەڕی رەمزی، شەڕێک وشە ڕۆڵی بنەڕەتی تێدابگێڕێت‌و زمان چەکی ژمارە یەکی بێت. شەڕەکانی ناو ئەم سیستمەش شەڕن لەسەر مافەکانی مرۆڤ، لەسەر مافی ژنان‌و منداڵان‌و پیران، مافی کەمینەکان‌و ھێزە لاوازو پەراوێزییەکان، شەڕن لەسەر دادپەروەریی، دەسەڵاتی یاسا، گەشەکردنی ئازادو یەکسانی مرۆڤەکان ھتد… ‌هه‌موو ئەم شەڕانەش لەڕێگای زمانەوە دەکرێن، قسەکردن ‌هه‌م ئامرازو ‌هه‌م گۆڕەپانی شەڕەکانە.
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا چ جۆرە قسەکردنێک له‌دونیای ئێمەدا ئامادەیە؟ بەبۆچوونی من دونیای ئێمە قسەی کەم‌و ھێجگار کەمی تێدا دەکرێت، زۆرینەی ئەوەش کە دەگوترێت قیڕەقیڕو ھاوارو کردەی تۆمەتبارکردنێکی بەردەوامەوە. ئەوەی غائیبه‌ ئەو شێوازەیە له‌قسەکردن کە کردەگییە، کە دەتوانێت دونیا دروستبکات. ئەوەی له‌دونیای ئێمەدا شتەکان دروستدەکات، قسەکردن نییە، بەڵکو ھێزە بەمانا ‌هه‌رە ڕووت‌و ‌هه‌رە زبرەکەی.
سەرچاوە: ئاوێنە

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.