پێنج شه‌ممه‌ 25 نیسان 2024
عوسمان خەلیلی

عوسمان خەلیلی ئەندامی وەفدی دانوستانكاری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان سەبارەت بە پرۆسەی یەكگرتنەوەی كۆمەڵەكان بۆ زاگرۆس پۆست دەدوێت

وەك پێشتر لەهەواڵەكاندا ئاماژەی بۆ كرا، هەر دوو لایەنی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران‌و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان هەوڵەكانی یەكگرتنەوە یان دەستپێكردوە. زاگرۆس پۆست بە گرنگی زانی لەمبارەیەوە لێدوان‌و چاوپێكەوتن لەگەڵ هەر دوو لایەن بكات تا خوێنەران زیاتر لە وردەكاریی پرۆسەی یەكگرتنەوەكە ئاگادار بن.
بۆ ئەم مەبەستە زاگرۆس پۆست چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ بەڕێز عوسمان خەلیلی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان‌و ئەندامی وەفدی دانوستكاری ئەو حیزبە بۆ پرۆسەی یەكگرتنەوە سازداوە.

زاگرۆس پۆست: ئێوە پێتانوایە ئەم پرۆسەیە لە كوێوە دەستیپێكردو كێ دەسپێشخەربوو، بە بڕوای تۆ پێویستییەكانی یەكگرتن كامانەن؟
عوسمان خەلیلی: ئێمە هەر ئەوكات یانی ساڵی ٢٠٠٧یش جیاییمان پێ باش نەبوو، بەڵام بۆئەومان كرد؟ ئەتوانم بڵێم یەكلایەنە نەبوو، وەك چۆن ئەێژن بەدەستێك چەپڵە لێ نادرێت، دوایش هەر یەكگرتنەوەمان پێ باشتر بوو تا لەوەی كە لە دوو حیزبدا كار كەین، هەر بۆیە ئێمە هیچ وەخت نەمان شاردوەتەوە كە خوازیاری یەكگرتنەوەین و كاریشمان بۆ كردوە.
ئێمە هەر لە یەكەم كۆنگرەێ پاش جیایی بڕیارنامەمان پەسەندكردوە بۆ یەكگرتنەوە، پاشان چەندین كەس لە كۆمیتەی ناوەندی نامەیان نوسی‌و خۆازیاری یەكگرتنەوەبوون و لە سەر ماڵپەڕە ئەنتەرنێتیەكان بڵاویان كردەوە، من بۆخۆم چەندین جار كاك عەبدوڵام بینیوەو لە‌و پەیوەندەدا قسەم لە گەڵی كردوە، كاك عومەر پارەكە بۆ خۆی لە سەر داوای هێندێك لە تێكۆشەرانی ناوەوە تەلەفونی بۆ كاك عەبدوڵا كرد، بەڵام وەڵامی نەدەدایەوە, ئەو كات ئەوان یەكگرتنیان پێ باش نەبوو، حازر نەبوون دان بە كۆمەڵەی زەحمەتكێشاندا بنێن، بەڵام لەم دوایلانەداو پاش كۆنگرەی ١٤ ئەوان پێوەندییان كرد بە ئێمەوەو ئێمەش بە بێ هیچ دوودڵییەك چووین بەدەم داواكەیانەوە، چونكە ئەوە خواستی ئێمە بوو. من ئەمانە بۆ ئەوە ناڵێم كە ئەو هاوڕێیانە تاوانباركەم، بەڵكوو دەمەوێت جوابی پرسیارەكەی ئێوە بدەمەوە، راستییەكەی ئەگەر بچینە سەر ئەوەی كێ دەسپێشخەر بووە و ئەوە بكەین بە شانازی بۆ لایەنەكەی خۆمان، دەی با لە گەڵ ئەوەدا هەوڵیش بەین كە تاوانبار یان هۆكاری جیاییش موشەخەس كەین، خۆ نابێ هەوڵ بەین تەنیا كارەباشەكان بگرینە ئەستۆ، ئیتر ئێوەش بۆ خۆتان قەزاوەت بكەن كە كام لایەن دەسپێشخەر بووە. پێموایە كەسیش لە كۆمەڵەدا نیە هەست بە زەروورەتی یەكگرتنەوە نەكات، مەعلومە كۆمەڵەیەكی گەورەتر‌و یەكگرتووتر كە بتوانێ وەكوو جاران گوتار دروست بكات و خاونی هەموو پرسەكانی خەڵكی كوردستان بێت.

 زاگرۆس پۆست: ئێوە هیچ پێشنیارێكتان بووە بۆ لایەنی بەرانبەرتان لەم دانیشتنانەدا؟
عوسمان خەلیلی: بەڵێ ئێمە شتێكمان بەو هاوڕێیانە پێشنیار كردوە بە ناوی نەخشەی رێگا. ئەم تەرحە كە ئێمە ناومان ناوە نەخشە رێگا كۆمەڵێك پێشنیاری تیایە، یەك لەوانە ئەمە بوو كە ئێمە وتومان با لە رۆژی كۆمەڵەدا لە كوردستان و لە ئوروپا پێكەوە مەراسمی هاوبەش بگرین، بەڵام بەداخەوە ئەمە سەری نەگرت، دیارە پێیان باش نەبوو، بەڵام هۆكاركەیان بۆ ئێمە باس نەكرد.

زاگرۆس پۆست: گفتوگۆكان تائێستا بە چ قۆناغێك گەێشتوە؟
عوسمان خەلیلی: تا ئێستە توانیومانە پیوەندیەكانمان ئاسایی كەینەوە، لەگەڵ یەك دادەنیشین هەم بە رەسمی وەك هەێئەت هەم بە تاك وەك شەخسی سەردانی یەكتر دەكەین، ئەمە بۆ خۆێ باش بوو، بەڵام تا ئێستا نەچوینەت ناو باسە سەرەكیەكانەوە، هیشتا لە سەرەتاداین.

زاگرۆس پۆست:  خاڵە هاوبەشەكان لە نێوان كۆمەڵەی زەحمەتكێشان و كۆمەڵەی شورشگێڕ كامانەن؟
عوسمان خەلیلی: خاڵە هاوبەشەكانمان دەتوانی زۆر بیت، بەڵام ئەوانەێ وا زۆر بەرچاوە هەردووكلامان هەر كۆمەڵەین و كاتی خۆێ پیكەوە كۆمەڵەی شۆرشگێرمان ساغ كردەوە، پێكەوە بووین بڕیارنامەمان پەسەند كرد بۆ دروستكردنی بەرەیەكی كوردستانی خوازیاری دروستكردنی بەرەیەكی یەكگرتویی دیموكراسی خۆازی بووین لە ئێران، هەردووك لامان لە یەك رەگ و ریشەوە هاتووین.

 زاگرۆس پۆست: پێتانوایە چەندە دەتوانن لە سەر پرسە بنەڕەتیەكان وەك سیاسەتی حیزبی داهاتوو لەسەر سیاسەتی ناوخۆێ ئێران و حیزبە ئێرانیەكان بە رێكەوتن بگەن؟
عوسمان خەلیلی: نازانم ئەڵبەتە جارێ نەچووینەتە نێو وردەكاریی باسەكانەوە تەنیا لە سەر چۆنیەتی حیزبایەتی، یانی لە داهاتوودا چ حیزبێمكان گەرەكە قسەمان كردوە و لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی ئێرانیش ئەوەندەی قسەمان كردوە زۆر لەیەك دوور نەبووین، بەڵام ئێمە لەم بوارەدا تەئكیدمان لە سەر سیاسەتی هەمیشەیی خۆمان كردوەتەوە كە ناچینەناو هیچ ئێتحادێكەوە كە مافەكانی گەلی كورد وەك نەتەوە بەرەسمی نەناسێت. لەم بوارانەدا هێندێك نزیكیمان بووە، بەڵام لە سەر ئەمانەیش تا ئێستا قسەی جیدی نەكراوەو نەگەیشتوینەتە نەتیجەیەك، بۆ باقی شتە سیاسیەكان و مەسەلەكانی تر كە ئێوە باستان كردوە لە قۆناغەكانی تردا دەچینەسەری.

زاگرۆس پۆست: تاچەند گەشبینن بەم پروسەیەو چەندە هەوڵی بو ئەدەن؟
عوسمان خەلیلی: راستیەكەی من كە خۆم ئەندامی شاندی دانوستانكاری كۆمەڵەی زەحمەتكێشان بووم و لە گەل هاورێیانی كۆمەڵەی شۆرشگێر كە دادەنیشتین و قسەو باسمان دەكرد زۆر دڵم بەوە پرۆسە خۆش بوو، بەڵام بەداخەوە دواتر چەند وتووێژێكی كاك ئەبووبەكر مودەڕسی جێگری سكرتێری گشتی و كاك ئەنوەرەر محەمەدی ئەندامی دەفتەری سیاسی كۆمەڵەێ شۆرشگێرو وتەكانی كاك عەبدوڵَا موهتەدی لە رێورەسمی رۆژی كۆمەڵە لە زرگۆێزەڵە كە راگەیاندنی فەرمی حیزبەكەیانی بە بۆنەی 26ی رێبەندان خوێندەوە، ئەو دەڵخۆشیەی لام زەعیف كردو وەك جاران هیوام پێ نەماوە بەڵام ئەمە واناكات كە دەست هەڵبگرین لە هەوڵدان بۆ یەكگرتنەوە.

زاگرۆس پۆست: باشە ئەم نموونەگەلە كە تۆ قامكت لە سەر دانا وادەردەكەوێت ئەوان وەك ئێوە سەیری پروسەی یەكگرتنەوە ناكەن و بە پەلە نین بۆ یەكگرتن؟
عوسمان خەلیلی: لە راستیدا ئەوان خوازیاری پەلەكردن لە پروسەكەبوون و پێیان وابوو ئەشێ لە دوسێ مانگێك دا یەك بگرینەوە، بەڵام شایەت ئەم قسەو باسانەی دواوریان ئەوەمان پێ بێژێت، بەڵام ئەوان بە رەسمی نەیانوتوە یەكگرتنەوە ناكەین، ئێمەیش ماندونابین لە هەوڵدان بۆ ئەو كارەو بۆ سەرخستنی پروسەكە.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.