سێ شه‌ممه‌ 23 نیسان 2024

مەفەرموو دڵ وەکوو ئاوێنە سافە* / ئاسۆ ئیسلامپەنا

چەند تێبینییەک لەمەڕ پڕۆسەی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە

 ماوەیەکە هەر دوو باڵی کۆمەڵە بە دیاریکردنی لیژنەی تایبەت، هەوڵەکانیان بۆ یەکگرتنەوەی کۆمەڵە دەست پێکردووە و هەوڵەکان گەیشتووەتە ئاستی دانیشتنی هاوبەشی کۆمیتەی ناوەندیی هەر دوو لا و تەنانەت کۆبوونەوەی سکرتێرەکان و جێگرەکانیانی لێکەوتووەتەوە.

 کاراکردنی هەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوە و یەکڕیزی لە کۆمەڵەدا، هەنگاوێکی پێویست و جێی سەرنجە و بە بڕوای من هەوڵی هەمووان دەبێت خزمەت کردن بە یەکگرتنەوەیەک بێت کە کێشە و ناکۆکی و جیاوازییە تەشکیلاتی و روانگەییەکان لە بنەڕەتەوە چارە بکات و ئەمجارە میکانیزمێک بۆ کاری حیزبی پێناسە بکرێت کە جارێکی دیکە پاوانخوازی و هەڵاواردن، مەیدان بە دیموکراسیی ناوخۆیی حیزب تەنگ نەکات و لێکترازانی دووبارەی بەدوادا نەیەت.

 لەم رووەوە تێفکرین و وردبوونەوە لە وتە و لێدوانی بەرپرسانی هەر دوو لا، خاڵی گرنگمان لە ئاراستەی هەوڵەکانی ئەمجارە دەخاتە بەر چاو. هاوکات رەخنە و پێشنیار و شیکاریی میکانیزمەکانی پێکهێنانی کۆمەڵەیەکی بە دوور لە پاوانخوازی و قۆرخکردنی دەسەڵات، یارمەتیدەرە بۆ یەکخستنەوەی ماڵی کۆمەڵە. ئەمەش ئەرکی هەموومانە وەک ئەندامانی بنەماڵەی کۆمەڵە.

 وەک ئەندامێکی کۆمەڵە، هەوڵ دەدەم لە زنجیرەیەک وتاردا، بە لێکدانەوەی رەخنەگرانەی پڕۆسەی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە، بەشدار بم لە گەیشتن بە ئەنجامێکی سەرکەوتوو و پێکهێنانی کۆمەڵەیەکی بەهێز و مۆدێلێکی دیموکراتیک و پێشکەوتوانەی حیزبایەتی لە کوردستان.

 یەکەم هەنگاو لەم پێناوەدا بە رەسمی ناسینی هەر دوو باڵە لەلایەن هەر دوو باڵەوە. بەخشینی وشیاریی سیاسی و فیکری لەمبارەیەوە بە ئەندامان و ریزەکانی هەر دوو لایەن، مەرجی سەرەکییە بۆ قبووڵ کردنی یەکتر. لێدوانەکانی دوو ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ کە ئەندامی لیژنەی دانوستانکاریشن، پێچەوانەی ئەوەمان دەخاتە بەرچاو کە جێی خۆیەتی بیری لێبکرێتەوە و خەونی خۆشی یەکگرتنەوە، چاومان لە ئاست ئەو راستییانە نەبین نەکات. ئەنوەر محەمەدی ئەندامی دەفتەری سیاسی و لیژنەی دانوستانکار، دوای چەندین دانیشتنی هاوبەش، لە تەلەڤزیۆنی رۆژهەڵاتەوە هێشتا ئامادە نییە ناوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان وەک باڵێکی کۆمەڵە بهێنێت و هەر ئەمە تووشی چەندین هەڵە و چەواشەکاریی دیکەی دەکات لە درێژەی قسەکانیدا.

 مەبەست لە هەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوەی کۆمەڵە، دەبێت بەهێز کردنی کۆمەڵە بێت نەک قۆرخ کردنی شانازیی دەستپێشخەری. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لەمەشدا مەبەستی سەرەکی ناپێکێت و پڕوپاگەندەی دەزگای راگەیاندنی ئەو حیزبە تەواو عەوداڵی ئەوەیە لایەنێک و بەتایبەت کەسێک بکاتە پاڵەوانی بێ ئەملاولای پڕۆسەکە.

 کاک ئەبووبەکر مودەڕسی، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، لە وتووێژێکی ئاسوی رۆژهەڵاتدا دوایین کۆنگرەی حیزبەکەی بە سەرەتای دەستپێشخەری و هەوڵدان لەمبارەیەوە دەکاتە مێژوو و بێدەنگی لە هەموو ئەو هەوڵ و بڕیارنامە و پەسندکراوانەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دەکات کە هەر لە کۆنگرەی ١٢ هەتا ئێستا وەک بەڵگە لە بەردەستی هەمووانە. دیمانە و وتووێژەکانی ئەندامانی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان ئێستاش لە ئەرشیڤی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەڕ و میدیای گشتیدا هەیە. ئەنوەر محەمەدی لەوەش تێدەپەڕێت و بەڕێز عەبدوڵا موهتەدی دەکاتە رێبەر و دەستپێشخەر و دەستپێکەر و تاک پاڵەوانی مەیدانی یەکخستنەوەی ماڵی کۆمەڵە.

 کۆی ئەمانە، دەمانخاتە ئەو گومانەوە کە بە راستی کۆمەڵەی شۆڕشگێر هەوڵی یەکگرتنەوەی دوو کۆمەڵە دەدات یان ئەم هەلە بۆ پڕوپاگەندەی تایبەت و مەبەستدار بەکار دەهێنێت. وەبیرهێنانەوەی چەند هەوڵی رابردووی ئەو باڵە بەڵگەیە بۆ پێویستیی وشیار بوون لە پڕۆسەی یەکگرتنەوەی کۆمەڵەدا.

 حاشا کردن لە راستیی ئەو کێشە و ناکۆکییانەی کە لێکترازانی کۆمەڵەی لێکەوتەوە، نەک یارمەتیدەر نییە بۆ یەکخستنەوەی ماڵی کۆمەڵە، بەڵکوو رێگرە لە چارەسەر کردنی بنەڕەتییانەی کێشەکان و گەیشتن بە بۆچوونێکی هاوبەش و خزمەت بە دیموکراسیی ناوخۆیی کۆمەڵە و دەستاودەست کردنی دیموکراسیانەی دەسەڵاتی حیزبی ناکات. هەر لە وتووێژەکەی ئاسۆی رۆژهەڵاتدا، کاک ئەبوبەکر مودەڕسی کێشە و ناکۆکییە سیاسی و تەشکیلاتییەکانی ئەوکاتی کۆمەڵە تا ئاستی یەک کێشەی تەشکیلاتی دادەبەزێنێت و لە درێژەدا بەوەشەوە ناوەستێت و لەلایەن هەموو ئەندامانی هەر دوو باڵەکە و دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵەوە دەڵێت کە هەموو ئەو کەسانە تەنانەت یەک هۆکاری تەشکیلاتیی زۆر جیددیشیان بۆ ئەم جیابوونەوەیە نەبینیوە. واتە هەر حاشا کردن لە سەرچاوەی سەرەکیی جیابوونەوە و فەلسەفەی پێکهاتنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان.

 سڕینەوەی کێشە و جیاوازییەکان بە مانای چارەسەرکردنیان نییە. بەڕێز عەبدوڵا موهتەدی لە مێزگردەکەی دەنگی ئەمریکادا باس لە وەلانانی کێشە و جیاوازییەکان و کۆبوونەوە لە دەوری خاڵە هاوبەشەکان دەکات. ئەو خاڵە هاوبەشانە بەر لە جیابوونەوەش بوون، بەڵام ئەگەر کێشەکان راست و گرینگ نەبوون بۆ ئەم خاڵانە نەیانتوانی بەر بە لێکترازانی کۆمەڵە بگرن؟ لەم سۆنگەیەوە گرینگی و بایەخی چارەسەر کردنی کێشەکان و گۆڕینیان بۆ خاڵی هاوبەش، پێویستە بۆ زیاتر نزیکبوونەوە لە ئامانج، کە یەکگرتنەوەی باڵەکانی کۆمەڵە بێت.

 جیابوونەوەکەی ساڵی ٢٠٠٧، دەرئەنجامی کۆمەڵێک کێشە و ناکۆکیی سیاسی و رێکخراوەیی بوو کە هەر ئەوکات بە دەیان وتار و دیمانە و باس لەمبارەیەوە بڵاو کرایەوە و بۆ هەمووان روون بوو کە خاڵە جیاوازەکانی دوو لایەن کامانەن. هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، لە دیمانەیەکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە لەمپەرە سەرەکییەکانی بەردەم یەکگرتنەوەی کۆمەڵە، وەلا نراون. بەڵام هەتا ئێستاش هیچ ئاماژەیەک بەوە نەکراوە کە ئەم لەمپەرە سەرەکییانە کامانە بوون و چۆن وەلا نران.

 ئەگەر مەبەست لە لەمپەرە سەرەکییەکان هەر  هەمان کێشە سیاسی و تەشکیلاتییەکان بێت، پێویستە بە روونی باس بکرێت ئەم کێشانە چۆن چارەسەر کران؟ جیاوازیی سیاسەت و تاکتیکەکانی هەر دوو باڵ و جیاوازیی چۆنیەتیی بەڕێوەبەرێتی رێکخراوەیی چۆن چارەسەر کران و هەر دوو لا لەسەر چی پێک هاتن؟ ئەگەرچی  لێدوانەکەی هاوڕێ عومەر باس لە وەلانان دەکات نەک چارەسەر. هەر ئەمەشە کە دەبێتە سەرەتای نیگەرانی لەوەی کە ئەم وەلانراوانە جارێکی دیکە سەرهەڵبدەنەوە و برینی کۆن ساڕێژ ببێتەوە.

 راگەیاندنە هاوبەشەکەی هەر دوو لا باسی دڵخۆشیی هە دوو لایەن دەکات بەو هەنگاوانەی هەتا ئێستا ناویانە. بەڵام هیچ ئاماژەیەک بەو دەستکەوتانە نەکراوە کە دڵخۆشیی ئەوانی لێکەوتووەتەوە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە هەر ئەو هەستی بەرپرسیارێتییەی لە راگەیاندنەکەدا باسیان کردووە، دەبێت بیانجووڵێنێت بۆ ئاشکرا کردنی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکان و روونکردنەوەی پێشکەوتنەکانی هەتا ئێستا.

 دەسپێکردنی هەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوەی کۆمەڵە و ئەو هەموو دڵخۆشییەی هەر دوو لا باسی لێوە دەکەن و تەئکید دەکەنەوە کە هەموو دۆستان و خەمخۆرانی کۆمەڵە پێی شاد بن، لە حاڵێکدا کە هەر دوو لایەن باس لە کار کردنی هاوبەش بەیەکەوە دەکەن، تەنانەت لە یادی رۆژی کۆمەڵەشدا، بۆ نەیتوانی هەر دوو باڵ بەوە رازی بکات کە مەراسیمی هاوبەش بگرن، یان هیچ نەبێت راگەیاندنێکی هاوبەش بە بۆنەی ساڵڕۆژی شەهید بوونی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە بدەن، یان هەر نەبێت پیرۆزباییەکی سادە لە یەکتر بکەن؟

 بۆ لە حاڵێکدا کە هەر دوو لایەن زۆر بە گەرمی باس لە نزیکایەتی و کاری هاوبەش و نەمانی لەمپەرە سەرەکییەکان دەکەن، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بەیاننامەی کۆمیتەی هاوبەشی تەشکیلاتی نهێنیی کۆمەڵە لە ناوەوەی کوردستان بەبۆنەی ئەم هەوڵانەوە لە ماڵپەڕی رەسمیی خۆی بڵاو دەکاتەوە، بەڵام هەر دەستبەجێ لە ماڵپەڕی فەرمیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕەوە حاشا لەم بەیاننامەیە دەکرێت و تەنانەت ناڕاستەوخۆ گومانی جاش و ئیتلاعاتی بوون دەخرێتە پاڵ ئەو کۆمیتەیە؟

 هەموو ئەوانەی سەرەوە و زۆر رەخنەی دیکە، نەک بۆ گومان خستنە سەر هەوڵی یەکخستنەوەی ماڵی کۆمەڵە، بەڵکوو هەوڵدانە بۆ هەرچی زیاتر روونکردنەوەی پڕۆسەکە و هەنگاونانە بۆ ئەوەی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە بەشێوەیەک بگاتە ئەنجام کە دواڕۆژ برینەکان جارێکی دی سەرهەڵنەدەنەوە و دڵساردیی لێنەکەوێتەوە.

 لە کۆتاییدا، بەهۆی ئەوەی رەخنە زۆر جار دەکەوێتە بەرامبەر کۆمەڵێک هەست کە لەوانەیە بەرهەمی جۆرێک ناوشیاری بن، بە هەڵە وەردەگیرێت، بەڵام هەنگاوی رەخنەگرانە هەر لە ئێستاوە پێویستە بۆ ئەوەی دواجار ئەو هەست و جۆش و خرۆشانە، بەهۆی دەرئەنجامێکی ناتەواو و نیوەچڵ بە جارێک نەڕووخێن و خۆری هیواکان ئاوا نەبێت.

 * ناوی وتارەکە، نیوە بەیتێکی یەکێک لە شیعرەکانی نالییە

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.