چوار شه‌ممه‌ 17 نیسان 2024

هەموو رخنەگرێک نەیار نییە و هەموو نەیارێکیش دوژمن نییە /ئارام مودەریسی

 لەپەراوێزی دەستپێکردنی دیالۆگ بۆ یەکگرتنەوەی کۆمەڵە

سەرەنجام پاش ماوەیەکی دورودرێژ و دوای حەول و تەقالای دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە و،پاش چەندین جار بێ ئاکام مانەوەی هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنی دیالۆگ و هەڵبەستنی پردی لێکنزیک بوونەوە،ماوەیەکە هەولێکی جیدی لەلایەن هەر دوو باڵی لێکدابراوی کۆمەڵە بۆ یەکگرتنەوە دەستیپێکردووە.بێگومان ئەوە هەواڵێکی خۆشە بۆ هەموو ئەو کەسانەی بەجۆرێک لە جۆرەکان بۆ وەدیهاتنی خەون و ئاواتەکانیان خەباتی خۆیان بە کۆمەلەوە گرێ داوە و ئامانج و ئارەزووکانیان لە سەرکەوتنی خەباتی کۆمەلەدا دەبینن،هیچ گوومانم لەوەشدا نییە کە بۆ هەموو گەلی کوردیش مژدەیەکیشی دڵخۆشکەرە و دەتوانێ مەرهەمێک بێ بۆ ئەو هەموو ئازارەی کە بەهۆی دابران و پەرتەوازەیی حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەلاتەوە ساڵانێکە پێوەی دەتلێتەوە.هەروەها بۆ گەلی کورد ئەو هیوایەش زیندوو دەکاتەوە کە سەرکەوتنی پرۆسەی یەکگرتنەوەی کۆمەڵەکان ببێتە هەوێنی یەکگرتنەوەی دوو باڵی حیزبی دێموکرات و بەمجۆرەش ئارەزووی لەمێژینەی لێکنزیکبوونەوە و هاوکاریکردنێکی تۆکمە و بەهێز لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەستپێبکات.

بەداخەوە دابران و جیابوونەوە لەگەڵ هەموو زیان و ئازارەکانی گەلێک لە یەکگرتنەوە بە هەموو لایەنە باشەکانییەوە ئاسانترە.یەکگرتنەوەی دوو حیزب کە بەتایبەت ماوەیەکی دوور و درێژە لێکدابراون پرۆسەیەکی قورس و ئەستەمە کە پێویستە زۆر بە پشوودرێژی بەرەوپێش ببرێ تا دەگاتە ئەنجام.گەلێک پرس و بابەت دەبێ بە وردی شرۆڤەیان لەسەر بکرێ و زۆرلایەنی پرۆسەکە دەبێ بە روونی و نیازپاکییەوە هەڵویستەیان بۆبکرێ.من لەو بابەتەدا نامهەوێ بچمە سەر خودی پرۆسەی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە،بەڵکوو من تەنها دەمهەوێ بەکورتی باسی لایەنێکی ئەو مەسەلەیە بکەم کە لەراستیدا لە پەراوێزی ئەو پرۆسەیەدا خەریکە خۆی دەنوێنێ.

هەموومان باش دەزانین کە هەم دابران و هەمیش یەکگرتنەوەی هەموو حیزبێک و تەنانەت بنەماڵەیەکیش ناتوانێ وەک یەک هەموو کەس دڵخۆش یان دڵگران بکا.لەو رۆژەوەی کە هەواڵی هەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوەی دوو لایەنی کۆمەڵە بە رەسمی لەلایەن هەردوو کومەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانەوە راگەیەندراوە،گەلێک کەسایەتی و گەلێک لایەن هەڵوێستیان نواندووە.لەو نێوەدا کۆمەڵێک کەس تێبینی و رخنەیان بووە و بە پێی توانا قسەی خۆیان کردووە و تێبینەکانیان باس کردووە.ئەوە نەک هەر زۆر شتێکی ئاساییە بگرە زۆر پێویستە خۆمان هەوڵ بدەین هەتا کەسانێکی زیاتر بە فراوانی دید و بۆچوونەکانیان لەسەر ئەم پرۆسەیە باس بکەن،بە بروای من ئەو کارە گەلێک خزمەت دەکا بۆ ئەوەی بەبەرچاورۆشنێەکی زیاترەوە بەرەو یەکگرتنەوەی کۆمەڵە برۆین و بەردی بناغەی ئەم پرۆسەیە بە دڵقایمی و متمانەی زیاترەوە دابنێین. ئەوەی بۆ من جێگای نیگەرانییە بەداخەوە ماوەیەکە هەست دەکەم ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمەڵە بە نووسینی بابەتی کورت خەریکن کەشێک دەخوڵقێنن کە کەس نەوێری  لەترسی ئەوەی نەخرێتە بەرەی “نەیارانی کۆمەڵە”ەوە،هەڵوێست و بۆچوون و سەرنجەکانی خۆی باس بکا.من ئەوە بە مەترسییەکی گەورە دەزانم بۆ سەر ئەو نەفەسە ئازادەی کە لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشاندا هەیە.هاورێیان من ئەندامی کۆمەڵەم و بێگوومان زۆر دڵخۆشم بە سەرکەوتنی پرۆسەی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە،بەلام لە کەس شاراوە نییە کە سەرنج و هەڵوێستی خۆشم هەیە بە راشکاوی باسم کردوون و بە دڵنیاییەوە هەر کات پرۆسەی یکگرتنەوەی کۆمەڵە بگاتە ئەو جێیەی کە قابیلی گەرانەوە نەبێ هەول دەدەم بە نووسین سەرنجەکانی خۆم باس بکەم،بەڵام نە نەیاری کۆمەڵەم و نە دژی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە.بە بروای من کۆمەڵە ئەو کاتە بەهێز و سەرکەوتوو دەبێ کە لە نێو خۆیەوە رەوتی رخنەگرتن و خوێندنەوەی ریبازەکەی لە لایەن ئەندامان و کادرەکانی خۆیەوە گەشە بکا.من ناڵێم کەسانێک نین کە دژی کۆمەڵە نین و کار بۆ تێکدان و لەباربردنی هەوڵەکانی یەکگرتنەوە ناکەن،بەڵام ئەوە زۆر کوشەندەیە بۆ کۆمەڵە کە “تەر”و”وشک” وەیکرا بسووتێنێ و هەر کەس قسەی کرد لە “خانە”ی نەیاری کۆمەڵە و هەموو نەیارێکیش لە بازنەی کۆماری ئیسلامیدا پۆلین بکرێ.هاورێیان!هەموو رخنەگرێک نەیار نییە و هەموو نەیارێکیش دوژمن نییە.هیوادارم هەموومان بە گوێی کراوە و بە چاوی وردبین و بە دڵێکی فراوان و بە نیازپاکییەوە خۆمان تەرخان کەین بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی وەسەریەکخستنەوەی ماڵی کۆمەڵە و ئەو متمانە و باوەرە بخوڵقێن کە کۆمەڵە ماڵی گەورەی هەموومانە.

٢٠١٤/٠٢/٠٩

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.