سێ شه‌ممه‌ 23 نیسان 2024

راگەیەنراوی کانوونی نووسەرانی کوردستان لە وڵامی فەرهەنگستانی زمانی فارسیدا

لە دوای بەڵێنەکانی حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران کە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا باسی مافەکانی گەلانی ئێرانی کرد و بۆ نموونە، بەڵێنی جێبەجێکردنی ماددەی ١٥ی دەستووری بنەڕەتیی ئێرانی دا و، هەروەها بەڵێنی سەرێتیدان بە جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە لە لایەن عەلی ئەسغەر فانی‌ــیەوە، بەر لەوەی پۆستی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی پێ بدرێت، دەوڵەتەکەی ڕۆحانی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە ژووری فکری پێک هێنا و، هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە (7 ـــ ١٠ ـــ ١٣٩٢) ڕاوێژی بە فەرهەنگستانی زمانی فارسی کرد. بەڵام بە داخەوە، لە کردەوەیەکی زۆر سەیردا بەشێک لە ئەندامان و بەڕێوەبەرانی ئەو فەرهەنگستانە دژایەتیان لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو ماددە قانوونییە ڕاگەیاند و لە هەموو شتێک سەرسووڕهێنەرتر ئەوەی کە ئەو کارەیان ”بە پیلان و دهۆ لە دژی زمانی فارسی” لە قەڵەم دا!
سەیرەکە لەوەدایە پاش تێپەڕینی ٣٣ ساڵ بەسەر پەسندکردنی دەستووری بنەڕەتیی ئێراندا، دەوڵەت دەیەوێ ماددەیەکی قانوونی جێبەجێ بکات، کە تێیدا ئیشارە بە کەمترین مافی گەلانی ئێران کراوە، کەچی لە لایەن نێوەندێکی کلتووریی وەکو فەرهەنگستانی زمانەوە دژایەتی  دەکرێت! هەرچەند هەنگاوەکەی دەوڵەت، هەنگاوێکی زۆر درەنگە، کەچی وەکو فارس خۆیان دەڵێن (ئێمە هەر بە فاڵی نیکی دەگرین)، بەڵام دژایەتییەکەی فەرهەنگستانی زمانی فارسی بۆ ئەوە ناشێت کە بەسەریدا تێپەڕ بین، چونکە بەڕاستی بۆنی ڕەگەزپەرەستییەکی مەترسیداری لێوە دێت. ڕاستە گەلانی ئێران بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی، تاکو ئێستا زمانی فارسییان وەکو زمانی هاوبەش دەکار هێناوە، بەڵام لەپێناو پاراستنی زمانەکەی خۆشیاندا قەت بێخەم نەبوون و، تەنانەت لە سەردەمی هەموو دەسەڵاتە دیکتاتۆڕەکاندا، قوربانیشیان لە پێناویدا داوە. ئاخۆ فەرهەنگستانی زمانی فارسی، بیری لەوە نەکردووەتەوە کە بەشێکی بەرچاو و کاریگەری نووسەران و موتەرجیمانی زمانی فارسی، سەر بە نەتەوەکانی دیکەی وەکو کورد و ئازەری و …هتدن؟ ئاخۆ فەرهەنگستانی زمانی فارسی، هەر بە ئانقەست خۆی کلا دەکات، یان ئاگاداری ئەوە نییە کە لە وڵاتێکی توندوتیژی وەکو تورکیای جێرانیاندا پاش نێزیکەی سەدەیەک ستەم و ئینکار و قەدەغەی زمانی دێرینی کوردی، ئەوە چەند ساڵێکە سەرەڕای ئەوەی هێشتا بەربەستە قانوونییەکانی هەموار نەکراونەتەوە، کەچی دەوڵەتەکەی ئەردۆغان، خەریکی دابینکردنی ئیمکانی خوێندن و نووسینە بە زمانی کوردی؟ ئاخۆ فەرهەنگستانی زمانی فارسی، چلۆن مافی ئەوە بە خۆی دەدات کە لە جیاتی هەڵسوکەوتێکی زمانناسانە و تەنانەت ڕەخساندنی بواری ئەندامەتیی شارەزایانی زمانەکانی دیکەی ئێرانیش بۆ بەرەو پێشبردنی ئاستی فکریی کۆمەڵگەی ئێران، بیر لە قسەی ئەمنییەتی بکاتەوە کە دوورە لە شان و شکۆی مەکۆیەکی لەو چەشنە؟ ئاخۆ فەرهەنگستانی زمانی فارسی، نەیبیستووە کە بە گوێرەی لێکۆڵینەوە پەروەردەیی و زانستی و دەروونی و هەوەتییەکان، لە مێژە زمانناسان ــ کە بەشێکیشیان ئێرانین ــ دەڵێن، خوێندن بە زمانی دایکی، ئاستی وشیاری و فێربوون زۆر زیاتر بەرەو پێشەوە دەبات؟ ئاخۆ فەرهەنگستانی زمانی فارسی، جاڕنامەکانی مافی مرۆڤی نەخوێندووەتەوە کە باس لە مافی قانوونیی خوێندن بە زمانی دایکی دەکەن و بە مافی بێ ئەملاولای هەموو گەلێکی دەزانن کە لە پاڵ زمانی هاوبەشی هەر وڵاتێکدا بیخوێنن و، تەنانەت لە دەستووری بنەڕەتیی ئێرانیشدا هاتووە؟

کانوونی نووسەرانی کوردستان، کە مەکۆی پیشەیی بەشی هەرە زۆری نووسەرانی کوردستانە لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، پێش هەموو شتێک باوەڕی وایە کە فەرهەنگستانی زمانی هاوبەش لە هەموو وڵاتێکی فرە نەتەوە و فرە زمان و دیموکرات و پێملی قانوون و مافە قانوونییەکانی مرۆڤ، دەبێ هاندەر و هاوکاری جێبەجێکردنی مافە قانوونییەکان بێت، بۆ ئەوەی بواری پێکەوەژیانێکی دادپەروەرانە و ئاسوودە و شاییبەخۆ لە نێوان گەلانی ئەو چەشنە وڵاتانەدا بەدی بێت، کە ئێرانیش وڵاتێکی فرە زمان و فرە کلتوورە و دەبێ هەموومان لەو خاڵە گرینگە تێبگەین.

هەر بەو بۆنەیەشەوە وێڕای لۆمە و سەرکۆنەی توندی ئەو بڕیارەی فەرهەنگستانی زمانی فارسی، کە وەکو گوتمان، قەت بە شیاوی ڕێکخراوێکی لەو چەشنەی نازانین و پێمان وایە ئەوە هەڵقوڵاوی بیری کاربەدەستانی ئەمنییەتییە، نەک زمانناسان. داوا لە ”کانوونی نووسەرانی ئێران”یش دەکەین وەکو هاوپیشەی ئێمە هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن و مەترسیی ئەو کارەش وەبیر کاربەدەستانی دەوڵەتی ئێران، لە سەرووی هەموویانەوە، سەرۆک کۆمار دێنینەوە کە پاشگەزبوونەوە لە بەڵێن و بڕیاری جێبەجێکردنی ئەو ماددە قانوونیانەی کە لانیکەمی مافەکانی گەلانی ئێرانیان تێدا هاتووە، زەنگی مەترسییەکی گەورەیە و دڕدۆنگی و چەند بەرەکایەتی و لێکدابڕانێکی قەرەبوونەکراوە لە نێوان گەلانی ئێراندا دروست دەکات.

کانوونی نووسەرانی کوردستان
2/2/2014

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.