سێ شه‌ممه‌ 16 نیسان 2024

بەهمەن قوبادی بۆ نووری مالکی: تکایە واز لە کوردەکان بێنە جەنابی سەرۆک وەزیر!

جەنابی مالکی، سەرۆک وەزیرانی بەڕێزی عێراق
سڵاو
بە زمانی فارسی نامەکەتان بۆ دەنووسم، چونکە دەزانم لە تەواوی ئەو ساڵانەی کە لەگەڵ هەڤاڵان و هاوبیرەکانتان لە ئێران ژیانتان بەسەردەبرد، بە باشی فێری ئەم زمانە بوون، بەکارتان هێناوە و ئێستاش هەر بەکاری دێنن.

من هەمووکات لە دنیای سیاسەت بێزاربووم و بەردەوام لە سیاسەتمەدارەکان دوورە پەرێز بووم، بەڵام هۆی ئەوەی کە ئێستاکە وازم لەم خووە بەدەر لە عادەتەم هێناوە و ئەم نامەیەم بۆ ئێوە نووسی، ئەوە بوو کە ئەمڕۆکە، بە شوێن کەوتنی هەواڵەکانی عێراق و ناوچەکە، بینیم کە بە زمانی هەڕەشە قسەدەکەن.

کاتێک کە لە کوردستانی ئێران بووم دەمبینی کە لە گرمەی جەنگدا، پارەیەک کە لە لایەن دەوڵەتی ناوەندی دەبوو بۆ ژیان، ئەمنییەت، ئاسایش و کەلتووری ئێمەی کوردەکان سەرف بکرێت، بە بیانووی جۆراوجۆری سیاسی بۆ دابینکردنی خەرجە گەورەکانی ئێوە و کەسانێکی وەکوو ئێوە سەرف دەکرا. ئێستا دوای تێپەڕبوونی ئەم هەمووە ساڵە، وا دیارە خولیای نەوت و پارەی نەوت، وێڵی نەکردوون و بە شوێن تۆمارکردن و دەست بەسەرداگرتن و چاودێری بەسەر داهاتی نەوتی هاووڵاتیانی کوردی خۆتان لە بەرژەوەندی دەوڵەتیی ناوەندی عێراقن. ئەو هاووڵاتیانەی کە ـ بەڕاستی بڵێم ـ لە نیشتمان پەروەی ئێوەدا ڕەشبینن.

لە تەواوی ئەو ساڵانەی کە کوردەکانی عێراق کۆمەڵکوژ دەکران، کیمیایی دەکران و یا ئەوەی کە چنگی خوێناوی ئەنفال، ڕوخساری خاوێن و ناسکی کوردستانی دەڕوشاند، ئێوە لە کوێی بوون؟ مەگە ئەوکات کوردەکان هاووڵاتی ئێوە نەبوون؟ ئێوە و هەڤاڵانتان لەم وڵاتە ڕۆیشتن و لە چاوەڕوانی ڕۆژانی خۆشی سەرۆک وەزیری، سووچێکی ئەمن و بێدەنگتان بۆ خۆتان هەڵبژارد. بەڵام کوردەکان لە وڵاتەکەیاندا مانەوە ولەگەڵ جەنگ و تاڵانکردن و توندووتیژی و هەژاری ڕۆژگاریان بەسەر برد و ئەویندارانە خزمەتی نیشتمانەکەیان کرد.
ئێستا، دروست کاتێک هەلوومەرجەکە ڕەخساوە تا پاش ئەو هەمووە بەڵا و نەگبەتییە، بتوانن بە فرۆشی نەوت، نیشتمانی دایکییان، ماڵە ڕووخاوەکەیان سەرلەنوێی بونیاد بنێنەوە، ئەو زەویانەی کە پڕ لە ئەڵغامن بۆ کشتووکاڵ ئامادەی بکەن و بۆ لەشە کەمئەندامەکانی خەڵکی ئەم نیشتمانە دەست و پێی دەستکرد دروست بکەن، دەتانەوێت رێگە لەوانە بگرن و لە پێکهێنانی بەهەشتێک لە باکووری وڵاتەکەتاندا بەرگری بکەن؟

بە لەبەر چاوگرتنی ئەو هەمووە نەوتەی کە لە ناوەند و باشووری عێراق دەیفرۆشن، چ پێویستییەکتان بەم چەند بیرە نەوتییەی کوردستان هەیە؟ لەڕاستیدا بە پارەی ئەم هەمووە نەوتەی کە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا فرۆشتووتانە، چ کارێکی ئەوتۆتان بۆ عێراقییە شیعە و سوننەکان کردووە کە کوردەکانیش دڵیان پێی خۆش بێت و متمانەیان بە لێهاتوویی و هاودڵیی ئێوە هەبێت و دەسەڵاتی فرۆشی نەوت بە ئێوە بسپێرن؟ نە شتێکتان بە ژێرخانی وڵاتەکە زیاد کرد و نە بە ئاسایش و سەقامگیرییەکەی. کاتێک کوردەکان ئێوە سەربەست لە هێزە بیانییەکان دانانێنن و لەو بڕوایەدان دەوڵەتی ئاڵۆز و بێ دەسەڵاتی ئێوە زیاتر لەوەی کە لە بیری خەڵکەکەیدا بێت لە بیری هاوڕێیی و هاودڵیی لەگەڵ هێزەکانی بیانی دایە، ئاشکرایە کە ڕووی خۆشی خۆیان نیشانی ئێوە نادەن. بۆچی دەبێت داهاتی دەستکەوتوو لە فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی سندووقی دەوڵەتی ناوەندییەوە تێپەڕێت؟ کاتێک مەترسی ئەوە هەیە کە بەشێک لەم پارەیە بڕژێتە گیرفانی دەڵاڵەکانی چەکەوە و بواری سەرکوتکردن و کوشتن لە بەشێک لەم وڵات یا ئەو وڵاتەی دیکە بڕەخسێت؟
بەڕێز سەرۆک وەزیر!

لە جیاتی پەرەپێدان بە ڕق و دوژمنایەتیی و دووبەرەکی نەتەوەیی و ئایینییەکان، وا باشتر نییە دەست بە کارێکی باش و ڕێکووپێک بکەن و بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فیدڕاڵ، پێکهاتوو لە شیعەکان، سوننەکان و کوردەکان لە ژێر یەک ئاڵادا، هەم ئاشتی و خۆشی و بەرەپێشکەوتن بۆ وڵاتەکەتان بە دیاری دێینن و هەمیش ناو و ناوبانگێکی باش لە خۆتان لە مێژوو تۆماردەکەن؟ ترسم لەوەیە کە بە درێژەپێدان ئەم ڕەوتە، ڕوخسارێکی ناحەز و ڕەش و لێل و ناوێکی خراپ لە خۆتان لە کتێبی مێژووی وڵاتدا هەڵدەکەنن.

بەڕێز سەرۆک وەزیر! ئایا تا ئەم کاتە بەدەر لە پیشەی سیاسیەت و دنیای سیاسیەت، چاوتان لە خەریتەی عێراق کردووە تا ببینن کوردستان لە کوێی ئەم نەخشەیە دایە؟ دڵی عێراق نیشانەی خۆتان مەکەن بەڕێز سەرۆک وەزیر، کە ئاکامێکی باشی نییە، مەهێڵن بەهاری کوردی سەرهەڵبدات. چ گرفتێک دێتە پێشێی بێتوو بهێڵن عێراق لە ناو دڵیدا بەهەشتێکی تێدابێت؟

تکایە واز لە کوردەکان بێنە جەنابی سەرۆک وەزیر!

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.