سێ شه‌ممه‌ 23 نیسان 2024
بەختیار عەلی - مەنسور تەیفوری

ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی – به‌شی 2

دیالۆگێک لە نێوان مەنسوری تەیفوری  و بەختیار عەلیدا
مەنسوری تەیفوریی: بەڵام چەمکەکە بە جۆرێکی ناسروشتی، هەندێک توڕە دەکات. دەمەوێت لە هۆکەی بپرسم یان خۆتان ئەوە چۆن دەبینن?

بەختیار عەلی: دژایەتی چەمکی فاشیزم بەوجۆرە هیستیرییە، شتێکی چاوەڕوانکراوە، زاراوەکە لە گوێچکەی زۆرکەسدا زڕینگەیەکی سامناک و ناخۆشی هەیە. جگە لەوە دەتوانی هەموو ئەو وتارانە بخوێنیتەوە کە لەسەر چەمکەکە نوسراون، تا ببینیت، بە چ «عەقڵێکی کەتەلۆگی» لەسەر بابەتەکە قسەدەکرێت، عەقڵییەتێک لە چوارچێوەی وێنەیەکی زیهنیدا دەوەستێت و ناتوانێت ئاسۆی نوێ لە ناو زاراوەکەدا بکاتەوە. دڵنیام زاراوەی وەها عەقڵییەتی سیاسی ئێمە تووشی پەشێوییەکی ناوخۆیی گەورە دەکات. هیچ هێزێک قەبووڵی نییە بچێتە ژێر خانەیەکی وەها ترسناکەوە… دوائەوە زاراوەکە لەم ساڵانەی دواییدا بووە بە ژێر پەیمان و مژدەکانی پەرلەمانتاریزم و دیموکراسیەتەوە، وەک چەمکێکی فەرامۆشکراو و بیرکراوی لێهاتووە. ئێستا لە ناکاو زاراوەکە دێتەوە و دەیەوێت شتێکی نوێ بڵێت. ئەمجارە قسە هەر لەسەر هێزێکی فاشیستیش نییە لە ناو کۆمەڵێک هێزی تردا کە بە فاشیزم نامۆن، جنێوێکی سیاسی نییە بەرەیەک بیدات بە بەرەیەکی تر، بەڵکو لەوە دوورتر دەڕۆین و دەڵێین فاشیزم یەک هێز نییە، بەڵکو ژێرخانی نهێنی هەموو سەردەمەکەیە، ئەو ڕەحمەیە کە خودی پرۆسەی سیاسی تێیدا لە دایکدەبێت، پارادایمێکی گەورەیە کە کۆنترۆڵی نەستی سیاسیمانی کردوە، شوناس نییە بەڵکو ئەو فاکتەرە گەورەیە کە شوناس دروستدەکات، لێرەدا ڕاچڵەکان و شۆک و توڕەبوون شتێکی ئاساییە، من تێیدەگەم، کێشەشم لەگەڵیدا نییە. خۆت دەزانیت عەقڵییەتی سیاسی ئێمە، تەواوی هێلکەکانی خۆی فڕێداوەتە سەبەتەی شێوازیی پەرلەمانتارییەوە، هەم دەسەڵات و هەم ئۆپۆزسیۆن ئەو فۆرمەیان وەک نیشانەیەک بۆ بوونی کۆمەڵگایەکی دیموکراس و مۆدێرن قەبووڵکردوە. کە فاشیزم لێرە بوو، گەمەی هەڵبژاردن و پەرلەمان و گۆرینی حکومەت دەبنە کۆمەڵێک یاری کە پەردە بەسەر یارییەکی ترسناکتردا دەدەنەوە. وشەکە ڕادیکالانە درۆی ئەو ژیانە سیاسییە ئاشکرادەکات کە تێیدا دەژین. فاشیزم ئەو بەشە ژەهراوییەیە کە لە هەموو سێوەکاندا هەیە، هەموو سێوێک لە سێوەکان کە لە تاریکیدا قەپاڵی لێدەگرین، دەشێت ژەهراوی بێت، ئەوەی من دەیبینم، ئەوەیە زۆربەی رۆشنبیران چراکەیان کوژاندۆتەوە و ژوورەکەیان تەواو تاریککردوە و ئەوسا قەپاڵ لەسێوەکە دەگرن، دەرەنجامی ئەو قەپاڵەش، تەسلیمبوونی ڕۆشنبیریی و سیاسەتی ئێمەیە بە ئەفسانەکانی ڕیفۆرم و پەرلەمانتاریزم و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی موئەسەسات، دەوڵەتی ئەمنی بەهێز کە تێیدا دەزگا ئەمنییەکان باش بە کاری خۆیان هەستن. واتە تەواوی ئەو تێزانەی کە بازووی دەوڵەت و دەزگاکان بەرامبەر مرۆڤی تاک و کەسی بێ ئینتیمای سیاسی بەهێزدەکات، تەواوی ئەو پرۆسەیەی کە فاشیزمی عەرەبی و تورکی وئێرانی پێیدا ڕۆیشتووە و خۆرهەڵاتی گەیاندۆتە ئێرە، بەس بە مەکیاژێکی کەمێک لیبراڵیتر. لێرەدا دەبێت دوو خاڵی گرنگی دیکە بە تەواویی ڕوونبکەمەوە:

یەکەم: کە قسە لە ڕۆشنبیریی لیبرال یان پۆزەتیڤیست دەکەم، قسەم لە کەسێک یان نوسەرێک نییە، من ڕووم لە گووتارێکی باوە، گووتارێکی زاڵ کە تەواوی ڕۆشنبیریی کوردیی گرتۆتەوە. قسەی من دەربارەی شکاندنی ئەو دیوارە ئاسنینایە کە سیستمێکی تایبەتی روانین، لە ژیان و سەرماندا چاندوێتی، کردنەوەی پەنجەرەیەکی ترە، تا بڵێین دەکرێت لێرەشەوە شتەکان بەجۆرێکی تر ببینین.

دووەم: دەبێت ئەوەش بە ڕوونی بڵێم کە دەڵێم فیکری نیولیبراڵ یان لیبراڵ مەبەستم لە قوتابخانەی لیبراڵی خۆرئاوایی نییە، بەڵکو قسەم لەم کۆپییە خۆرهەڵاتییەی لیبرالییەتە، لە ڕاستیدا ناوێکی تر نادۆزمەوە بۆ ناونانی، ئەگینا لکاندنی وشەی لیبرال بەمجۆرە گووتارەوە، شتێک لە زوڵمی دەرهەق بە خودی لیبرالییەت تێدایە. بەڵام چۆن مارکسیزمی خۆرهەڵاتی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و فەلسەفی بە مارکسەوە نەبوو، تەنیا فۆرمێکی ئایدۆلۆژی مارکسیزم بوو کە بارکرابوو بە ڕۆحی ململانێ سیاسییە لۆکاڵەکان، لیبرالییەتی خۆرهەڵاتیش هەمان شێوە کارێکی بە مەرجەعە بنەڕەتی و فەلسەفییەکانی لیبرالییەتەوە نییە، بەڵکو قاوغە دەرەکییەکەیەتی، کاژە بێسوودەکەیەتی، کە بێ پرسیار وەرگیراوە و کراوە بە کڵێشەیەکی موقەدەس. من رام وایە ئەمڕۆ، زۆربەی تێزەکان کەوتوونەتە ژێر خانەی ڕوانینی لیبرالەوە بۆ کۆمەڵگا، ئەو ڕوانینە، ڕوانینی هەرە بەربڵاوە، پێکڕا ئەم تێزانە، وەک بەڵگەنەویست و تێزی سروشتی و بێ هیچ خوێندنەوە و گومانێک بەسەر تەواوی فەزای سیاسی و ڕۆژنامەگەری و عەقڵی گشتیدا سەپێنراون، زۆرینەی «جەماوەر» بە بڕێکی زۆری

ئەوانەشەوە کە لە ژێر کاریگەریی گووتاری دینیدان، بەو شێوەزمان و قسەیە بەستراونەتەوە و لە قاڵب دراون، بەجۆرێک قسەکردن لە بیرکردنەوەیەکی تر، لە ڕوانینێکی تر بۆ سیاسەت و دەسەڵات وەک ئەفسانە و نامومکین دەردەکەوێت. کۆی ئەمانەش لە نەبوون و بێواری تەواوەتیدا بۆ چەمکی مرۆڤ، چەمکی ئازادی، چەمکی ئارەزوو و دەیان چەمکی گرنگی دیکەدا ئەنجامدەدرێن یان گەر باسیش بکرێن، تەواوی کێشەکان دەبرێنەوە بۆ لای دەوڵەت تا چارەیان بۆ بدۆزێتەوە، واتە گۆشتەکە دەخرێتەوە بەردەمی پشیلەکە. کێشەکەش لەوەدایە ئەم گووتار و دیسکۆرسەیان، وەک تاکە شێوەی بیرکردنەوەی سیاسی و ئۆپۆزسیۆن بوون و خەباتکردن دژی سیستم تۆمارکردوە. ئەمە کێشەکەیە، کێشە لەگەڵ کەسێکی دیاریکراودا نییە، بەڵکو لەگەڵ سیستمێکی گەورە و دیکتاتۆریی و عەقڵ خەسێندایە کە جاران لە ژێر دەمامکی مارکسی، یان ئیسلامیدا ئیشیدەکرد، ئێستا لە ژێر دەمامکی هەمەڕەنگی حیزبی و پەرلەمانتاریزمدا ئیشدەکات، لە عەقڵی دینییەوە تا دەگەینە سەر عەقڵی لیبراڵی ـ پەرلەمانتاریستی هیچ شتێک لە بونیادی زیهنی و قاڵبەکانی تێفکرینی ئێمە نەگۆڕاوە. پەرلەمانتاریزم دەمامکێکی گەورەیە کە کۆمەڵێک شتی ترسناک دەشارێتەوە، پەرلەمانتاریزم درێژکردنەوەی ئەو پرۆسە غەیبانییەیە کە لە ناو ئیسلامیزم و مارکسیزم و ناسیونالیزمدا بینیمان. ڕۆحی ئەم لیبرالیزمە ئایدۆلۆژییە لەخزمەت فاشییەتدایە، لەبەرئەوەی یەکەم: لە خزمەت بەهێزکردنی ئەو دەزگا ئەمنی و پۆلیسی و عەسکەریانەدایە کە ناویان لە خۆیان ناوە حیزب، واتە شەرعییەت بەخشینە بە کۆمەڵێک دەزگای کۆنترۆڵ و دیسپلینی ترسناکی ئینسان، حیزب لە خۆرهەڵاتدا ماشێنێکی ئەمنی، دیسپلینکەر و میلیشییاییە، نەوەک یەکەیەکی سیاسی بێت، هیچ حیزبێکی گەورە لە خۆرهەڵاتدا نییە لە مێژووی پەنجا ساڵی رابوردوودا، وەک دەزگایەکی دیسپلین و ئەمنی ئیشی نەکردبێت. دووەم: جگە لە بەهێزکردنی حیزب، ئەم گووتارە لە خزمەت بەهێزکردنی دەوڵەتدایە، ترسناکترین ماشێنی فاشیستی ئەم دەڤەرە. سێهەم: لەوەش بەدتر ئەم گووتارە لە خزمەت بازاڕی ئازاددایە، کە لە خۆرهەڵات بە مانای دەستبەسەراگرتنی موتڵەق و رەهای سەرمایەی بەهێز بە سەر سەرمایەی لاوازدا، بەوەدا پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایە پەیوەندییەکی بە خودی بازاڕەوە نییە و دەرەنجامی کار و بازرگانی نییە، بازاڕی ئازاد دەبێتە ئەو ماشێنەی کە بەردەوام سەرمایە دەکاتەوە بە «سەرمایەیەکی سیاسی»… واتە تەنیا ئەوانە دەیخەنە کار و ئەوانە دەیجوڵێنن و ئەوانە کەناڵی هاتوچۆی دیاریدەکەن و ئەوانە قازانجە گەورەکەی وەردەگرنەوە کە کۆنترۆڵی رەهای کایەی سیاسەتیشیان لە دەستدایە. بەوەش دوا قسەیەک کە لیبرالییەتی ئێمە لەسەر لیبرالییەت هەیبێت کۆتایی دێت. عەقڵی لیبراڵ و پۆزەتیڤیست فۆرمە نوێکەی ئەو پارادیمە فاشیستییەیە کە لە جێگاکانی تر یان لە سەردەمەکانی پێشووتردا، بەرگی ناسیونالیستی، بەرگی دینی یان تایەفەگەرا یان مارکسیستی پۆشیبوو.

ئەم دیسکۆرسە نە لەڕووی سیاسییەوە نە لە ڕووی فیکرییەوە یەک نوێنەری نییە تا ئێمە یەخەی بگرین. ئەم گووتارە پەرلەمانتارییە، لە دوای هەرەسی بلۆکی خۆرهەڵات، لە دوای ڕاپەڕین لای ئێمە، دوای شەڕی ناوخۆ، دوای گەیشتنی شەڕی چەکدار لە باکور و خۆرهەڵاتی کوردستان بە بونبەست، دوای ڕوخانی سەدام و دروستکردنەوەی دەوڵەتی عێراقی و تەقینەوەی ئابووری، دوای دەرکەوتنی دەموچاوی ترسناکی گووتاری دینی لە فۆرمی قاعیدە و تاڵەباندا، وەک دیسکۆرسێکی سیاسی سیحراوی لە هەموو جێگا و خانەیەکەوە هەڵقوڵا، جێگای بە ناسیونالیزم لێژکرد و هاتە پێشێ. قسەی من لەسەر ڕەخنەکردنی ئەو دیسکۆرسەیە. ئەوەی من دەیڵێم ئەوەیە، ئەمە خاڵێکە دەبێت تێیدا بوەستین و بپرسین: ئایا بە راست ئێمە بە ڕێگای ڕاستەکەدا هاتووین? ئەمە ئەو پرسیارە مێژوویەیە کە غائیبە و ناکرێت.

ئێستا هەموو فیکری خۆیان لەسەر هاوجووتکردنەوەی تەواوی پەرلەمانتاریزم و دیموکراسییەت داڕشتوە، کە هاوجووتکردنەوەیەکی سەد دەر سەد هەڵەیە. هەموو هێزەکان، هێنانی کورسییەکی زیاد لە پەرلەماندا وەک سەرکەوتنێکی خورافی بەسەر زوڵم و ستەمدا سەیردەکەن. کێشە گەورەکانی وەک کێشەی ئازادی، کێشەی ئابووری، کێشەی شێوازی ژیان، کێشەی شێواندن و بەستنەوەی مرۆڤەکان بە یاسا، کێشەی بە ئاژەڵکردنی ژن، کێشەی بە قانونیکردنی ڕۆحی کۆنزەرڤاتیزم و گۆڕینی بۆ مۆراڵی سەپاو بەسەر هەموو مرۆڤەکاندا، کێشەی کۆنترۆڵی ترسناکی جەستە و نوێکردنەوەی بەردەوامی کولتووری چەپاندن، کێشەی لەدایکبوونی کۆمەڵگایەک کە هەستی جوانی و هونەری تێدا مردوە، کێشەی راسیزمی ڕۆژانەی مرۆڤەکان و شارەکان و توێژەکان دژ بەیەک، کێشەی سەرهەڵدانی میدیایەک کە بەردەوام دوای هەست و عەقڵی عەوام کەوتووە، کێشەی وەرگەڕانی منداڵان لە باوەشی خێزاندا بۆ مەکینەی ترسناکی بەرخۆریی، کێشەی مردنی شاعیرییەت و خەیاڵ لە هەموو ژیانماندا، کێشەی چاندنی کەپیتالیزم وەک دۆخێکی سروشتی و ئەبەدی و نەگۆڕ لە ناو هوشیاریی مرۆڤ و گەنجەکاندا، ئەمانە و دەیان کێشەی ستراتیژی گەورە لە هەناوی کایەی سیاسی ئێمە و لە عەقڵی بەشە توڕەکەی کۆمەڵگای ئێمەدا، کورتکراوەتەوە بۆ یەک شت، بۆ کێشەی بودجە. ئۆپۆزسیۆنی سیاسی ئێمە هەموو دونیا و گەردون و سیستمی لە جوغزێکی بچوکی خورافیانەدا کۆکردۆتەوە و ناوی ناوە کێشەی بودجە و لەوڕێگایەشەوە هەم مانا و هەم وەزیفەی خۆی بچوککردۆتەوە. ئەوەی من دەیڵێم، لە ناخیدا هاوارێکە بۆ وەستان، بۆ گێڕانەوەی دونیای ئێمە بۆ سەر وێنە ڕاستەقینەکەی، هەوڵە بۆ گێڕانەوەی ئۆپۆزسیۆن بوون بۆ سەر مانا ڕادیکالە راستەقینەکەی. بە بڕوای من دەبێت چراکە ڕۆشنبکەینەوە و بیر لە رێگایەکی تر بکەینەوە… خواردنی سێوی سێهەم و بەمجۆرە و لە تاریکیدا، ترسناکە. فاشیزم نەخەوتووە، نەڕۆیشتوە، لێرەبووە و هەمیشەش تا ئێستا لێرەیە، هێند هەیە دەمامکەکانی زوو زوو دەگۆڕێت.

بە ڕوویەکی دیدا، گووتاری ئەنتی فاشیستییە، گووتارێک نییە بۆ بەهێزکردنی ئایدۆلۆژیایەک یان حیزبێک، یان تێزێکی دیاریکراو، بەڵکو گووتاری بەهێزکردنی فەردە بەرامبەر سیستم و کۆمەڵگا و دەزگاکان . دوورخستنەوەی مرۆڤی ئێمەیە لەو خورافەتەی وا بزانێت حیزبێک یان هێزێکی سیاسی بێ هیچ باجێک لەسەر ئازادی ئەو، هیچ جۆرە مافێکی بۆ دابیندەکات، ڕازینەبوون بە دروستبوونی هیچ دەزگایەکی بەهێز، لە ژێر هیچ ناونیشانێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی و چینایەتی بێئەوەی ئازادییەک بۆ ئینسانی تاک، بۆ فەردی تەنیا و بێئینتیما زامنکرابێت، تێزێک وادەزانم لە سەرەتاوە لە نوسینی مندا بوونی هەبووە. ئەوەی من باسیدەکەم، لە ناو حیزبدا دوایی نایەت، ڕەنگە هەر لەسیاسەتیشدا دوایی نەیەت، ئامانجەکانی لەوێدا نییە، بەڵکو زیاتر هەوڵە بۆ ئەوەی دۆلۆز ناویدەنێت جیاکردنەوەی ئارەزووە ئینسانییەکانمان لە ئارەزووە فاشیستییەکان. واتە هاوارە بۆ جۆرێک لە «مرۆڤبوون» کە بە ئاسانی دیسپلین نەکرێت، هەمیشە لەسەر هێڵەکانی دەربازبوون، گۆڕان، نەگیران ئیشدەکات، مرۆڤێک کە نابێت بە ئەندام یان بە دەم و دان و دەست و عەقڵ و چاوی هیچ دەزگایەک. ئەنتی فاشیزم هەمیشە نۆماد، کۆچەری و گەڕۆکە، بەجۆرێک سیستم نەتوانێت کۆنترۆڵیبکات، مەرج نییە ئازادی و یاخیبوون هەمیشە لە فۆرمی سیاسیدا دەربکەوێت، یان پێویستی بە گووتاری سیاسی ڕووت بێت تا دژی سیستم بێت، بەڵام بەردەوام دژی ئەو فۆرمانەی ئینتیما و بەستنەوەیە کە کایەی سیاسی دروستیاندەکات . ئەنتی فاشیست، بەجۆرێکی تەکتیکی دەزگاکان بەکاردەهێنێت، واتە وەک شوێنی تێپەڕین، کەناڵی پەڕینەوە، شوێنی نیشتەجێی کاتی سەیریاندەکات. لە جیهانێکدا کە وەکو فیلیکس گویتاری دەڵێت «هەموو دەیانەوێت ببنە فاشیست»، بڕوا بە هیچ دەزگایەک ناکرێت، نە لە چەپ و نە لە ڕاست، ئەوەش سەرەتا دروستکردنی فەردێکە کە هەمیشە ئامادەبێت ئینتیمای سیاسی لە پێناوی ئازادی زیاتردا بپچڕێنێت. مەبەست لە بینینی فاشیزم بە گەورەیی ئەوەیە، مرۆڤ ئەندامی هەر ڕێکخراوێک بێت، بزانێت لەگەڵ هێزێکدا مامەڵەدەکات کە پڕە لە «ئەگەری فاشیستی»، لێرەوە بە بڕوای من وشەکە، ڕادیکالانە شتەکان لە شوێنی خۆیان دەجوڵێنێت. هەر شتێکیش ئەم دونیایە دووبارە نەکاتەوە، لای پارادایمە فاشیستییەکە ترسناکە، ئەوە پرەنسیپی یەکەمی گووتاری مانەوەشە، ڕوکنە پیرۆزەکەیەتی، شتەکان دەبێت بژین و بمێننەوە و وەک خۆشیان دووبارەببنەوە. گووتاری مانەوە لە قووڵاییدا گووتاری ڕێگرتنە لە دروستبوونی جیاوازیی، بریتییە لە گووتاری «گەڕانەوەی ئەبەدیی ئەوەی هەیە» «پاراستنی هەتاهەتایی من بە شێوەی خۆی بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان». فاشیزمیش ئەو فۆبیایەیە کە لە جیاوازی و ترسی نەمانەوە دروستدەبێت. توندوتیژیی زۆر بریتییە لەو ترسەی کە لە فۆبیای لەناوچوونەوە دروستدەبێت، لێرەوە سیفەتی سەرەکی گووتاری مانەوە، خۆبەستنەوە و دەست بەسەر گرتنی تەرمی مردووەکانە… عیبادەتی مردوو لە ژێر دروشم و بە مەبەستی جیاواز ئەوە ڕۆحی سیستمەکەیە، عیبادەتی مردوو هەر لای ئەوانە نییە کە خۆیان دەتەقێننەوە، یان لەو شیوەنە جەماعییەدا نییە کە دوای کوژرانی سەمبولێکی سیاسی بەرپادەکرێت، بەڵکو لە هەموو جێگایەک و خانەیەکدا ئیشدەکات، مردووەکان دەبێت بژین و هەبن و بمێنن. لە هەڵوێستدا بەرامبەر نەخۆشی تاڵەبانی بۆمان ڕووندەبێتەوە، چ نزیکییەکی ترسناک لە نێوان گووتاری مانەوە و مۆراڵی فاشیستیدا هەیە. «مردن» جەمسەری پێچەوانەی چەمکی «مانەوەی جاویدان و هەتاهەتاییە»، لێرەوە مردن «یان پەککەوتن و لەکارکەوتن» دەبێت هەمیشە ئینکاربکرێت، هەمیشە بشاردرێتەوە، تەنیا کاتێک دەبێت ڕابگەێنرێت کە زیندوویەکی زۆر بەهێزی تر بتوانێت دایبپۆشێت، فاشیزم ڕاگەیاندنی جاویدانەگی منە بەرامبەر شوناسەکانی تر، وەک ئەو تیرۆریستەی خۆی دەتەقێنێتەوە، بەڵام پێیوایە نامرێت، بەڵکو پێشیوایە لەو ڕێگایەوە جاویدانەگی و نەمریی خۆی ڕادەگەێنێت، ئەوەی لە تەقینەوەکەدا دەمرن، ئەوانی ترن نەوەک ئەو … «نە ـ مردنی» ئەو تیرۆریستەی کە خۆی دەتەقێنێتەوە و «نە ـ مردنی» تاڵەبانی ، یەک میکانیزم لە پشتیانە، یەک گووتار، یەک قاڵبی زیهنی و ڕەمزی، گووتاری منێک کە نابێت بمرێت، کە هەمیشەییە، لە دەرەوەی زەمان و گۆڕان و بایۆلۆژیایە، عەقڵی فاشیستی بەمجۆرە بیردەکاتەوە: ئەوەی دەمرێت و دەبێت بمرێت ئەوانی ترن، ئەوەشی دەمێنێتەوە و جاویدانە و مردن ناتوانێت بیکوژێت ئێمەین. لە فاشیزمدا «مردن» و هاوواتاکانی تری وەک «ریسواکردن، ئابرووبردن، تەکفیر یان بەخائینکردن» هێڵی جیاکردنەوەیە، ئەو سنوورەیە کە منی سوبێکتی فاشیستی لەوانی تر جیادەکاتەوە. لێرەوە فاشیزمی خۆرهەڵاتی بەردەوام لەسەر سنوورەکان و وێنەکانی ژیان و مردن، کوشتن و زیندووبوونەوە ئیشدەکات. مردن مەجازێکی سیاسییە بۆ هەموو ئەوانەی سوبێکتی فاشی لە ژێر هەر بەهانەیەکدا بێت دەیەوێت بیانکوژێت «بە ڕەمزی بێت یان بە واقعی»، نەمری و قارەمانێتی و
جاویدانەگیش موڵکی ئەوانەیە کە ئەو پیرۆزیان دەکات. بە کورتی چەمکی فاشیزم هێزێکی شیکاری گەورەی تێدایە کە وادەکات زۆر کەس لێی بترسێت.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.