پێنج شه‌ممه‌ 3 تشرینی یه‌كه‌م 2024

سه‌له‌فییه‌تی جیهادی جیهانی‌و کاریگه‌رییه‌کانی له‌سه‌ر ئیسلامخوازانی کوردستان/ موختار هووشمه‌ند

ده‌سپێک:
سه‌له‌فییه‌تی جیهادی ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌یه‌ که‌ توانیویه‌تی له‌ ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی رابردوودا ئۆرگانیزاسیۆنێکی به‌هیزو به‌ربڵاو وه‌ربگرێت‌و له‌ شکڵی رێکخراوه‌ی جیهانیدا سنووره‌ هه‌رێمی‌و لۆکاڵه‌کان ببه‌زێنێت‌و به‌ بیلادی ئیسلامیدا بڵاو بیته‌وه‌، ته‌نانه‌ت توانیویه‌تی په‌لوپۆ بهاوێژێ بۆ هه‌رێم‌و ناوچه‌کانی تریش. هه‌نووکه‌ رێکخراوێکی وه‌ک ئه‌لقاعیده‌ که‌ به‌ گه‌وره‌ترین رێکخراوی سه‌له‌فی جیهادی دنیا‌ ئه‌ژمار ده‌کرێت، له‌ 70 وڵاتدا خاوه‌ن لق‌و ته‌نزیماته‌و تاکوو ئێستاش له‌ زۆربه‌ی ئه‌م وڵاتانه‌دا ده‌ستی داوه‌ته‌ جیهادو چالاکی جۆراوجۆری نیزامی‌و تیرۆریستیی تیایاندا به‌ڕیوه‌ بردووه‌. له‌ ماوه‌ی یه‌ک ده‌یه‌ی رابردوودا کارو چالاکییه‌کانی ئه‌م گرووپه‌و سه‌رجه‌م بزووتنه‌وه‌ی سه‌له‌فییه‌تی جیهادی به‌رده‌وام له ‌ژێر کاریگه‌ریی رووداوه‌ هه‌رێمی‌و جیهانییه‌کاندا، به‌رزو نزمی به‌خۆوه‌ بینیوه‌و تووشی شکست‌و نوشستی گه‌وره‌و جیدی هاتووه‌و دیسان هه‌ستاوه‌ته‌وه‌و گه‌شه‌ی کردووه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ که‌ بیروباوه‌ڕێکی له‌م چه‌شنه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو دوژمن‌و نه‌یاره‌دا که‌ هه‌یه‌تی گه‌لێ هۆگرو لایه‌نگریشی هه‌یه‌و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ هێزو ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌یی‌و جیهانییش بوونی ئه‌وانیان پێ باشه‌و راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ سوودیان لێ وه‌ر‌ده‌گرن.
ئه‌نجامدانی کرده‌وه‌ی تیرۆریستیی 11ی سپتا‌مبر‌ی ئه‌مریکا که‌ تاکوو ئێستاش به‌ جیدیترین چالاکی لایه‌نێکی نه‌یار دژی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له‌ نێوخۆی ئه‌م وڵاته‌دا داده‌نرێت، رووخانی ئیماره‌تی تالیبان که‌ هاوکات بوو له‌گه‌ڵ کوژرانی سه‌دان موجاهدو سه‌رکرده‌ی ئه‌لقاعیده‌و ده‌رکرانی ئه‌م گروپه‌ له‌ ئه‌فغانستان، دامه‌زران‌و رووخانی ئیماره‌تی بیاره‌ی ئه‌نسارولئیسلام، ده‌ستپێکرانی جیهادی عێراق‌و خۆڕێخستنه‌وه‌ی ئه‌لقاعیده‌و ئه‌نسارولئیسلام، کوژرانی ئوسامه‌ بن لاده‌ن‌و به‌هێزتر بوونی ئه‌لقاعیده‌ پاش ئاڵووگۆڕه‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌بی، سه‌ره‌کی ترینی ئه‌و رووداوو ئاڵوگۆرانه‌ن که‌ کاریگه‌ریی ئه‌رێنی‌و نه‌رێنییان له‌سه‌ر بزاڤی سه‌له‌فییه‌تی جیهادی‌و رێکخراوی ئه‌لقاعیده‌ داناوه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مه‌وێ له‌م بابه‌ته‌دا بپه‌رژێمه‌ سه‌ری‌و تاووتوێی بکه‌م، کاریگه‌ریی ئاڵوگۆڕه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌ له‌سه‌ر سه‌له‌فییه‌تی جیهادی‌و هه‌روه‌ها کاریگه‌ری سه‌له‌فییه‌تی جیهادی جیهانی‌ له‌سه‌ر سه‌له‌فییه‌تی جیهادی کوردی.
ئه‌لقاعیده‌ پاش وه‌شاندنی گورزی 11ی سپتامبر له‌ ئه‌مریکا، تووشی جۆرێک له‌‌خۆبایی بوون هاتبوو پێی وابوو بۆ هه‌میشه‌ کۆتایی به‌ ده‌ستدرێژیی ئه‌م هێزه‌ گه‌وره‌ جیهانییه‌ بۆ ناوچه‌کانی تری جیهان به‌ تایبه‌ت وڵاتانی عه‌ره‌بی‌و ئیسلامی هێناوه‌. ئۆسامه‌ بن لاده‌ن پێی وابوو ئه‌مریکاییه‌کان ترسنۆکن‌و ئه‌گه‌ر شه‌ڕه‌که‌ ببه‌یته‌ ناو ماڵی ئه‌وانه‌وه‌ ئیتر ده‌ست له‌سه‌ر موسوڵمانان هه‌ڵده‌گرن‌و هێزه‌کانی خۆیان له‌ ناوچه‌که‌ ده‌کشێننه‌وه‌و ئه‌مه‌ش رێگا بۆ له‌شکرکێشی سوپای موسوڵمانان واته‌ هێزی هاوبه‌شی ئه‌لقاعیده‌و تالیبان بۆسه‌ر وڵاتانی تری ئیسلامی خۆش ده‌کات، تاکوو بتوانن له‌ داهاتوودا ئیمپراتۆریایه‌کی گه‌وره‌ی ئیسلامی دابمه‌زرێنن. ئه‌م جۆره ‌بیرکردنه‌وه‌یه‌ی بن لاده‌ن له‌ناو خودی ئه‌لقاعیده‌دا گه‌لێک دژبه‌ری هه‌بوو، به‌شێک له‌ سه‌رکرده‌کانی قاعیده‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ بیریان ده‌کرده‌وه. هه‌رچه‌ند 11ی سپتامبر بۆ ماوه‌یه‌کی کاتیی گورو تینێکی زۆری به‌خشییه‌ سه‌رجه‌م ئیسلامخوازه‌کانی دنیا به‌ڵام ته‌نیا چه‌ند مانگ دواتر، رووخانی ئیماره‌تی تالیبان به‌ هه‌مان ئاست‌و بگره‌ زیاتریش به‌ره‌ی ئیسلامخوازی تووشی نائومێدی‌و بێ هیوایی کرد. هه‌روه‌ها رووخانی ئیماره‌تی ئیسلامیی بیاره‌ش له‌ کاتێکدا که‌ هێشتا ئه‌لقاعیده‌ به‌ قۆناغێکی قه‌یراناوی‌و ئاڵۆزدا تێده‌په‌ڕی، ئه‌وه‌نده‌ی تر لایه‌نگرانی سه‌له‌فییه‌تی جیهادیی تووشی دڵساردی کرد.
ئیسلامخوازه‌کانی کوردستان به‌رده‌وام به‌شێک بوون له‌و هێزه‌ی که‌ که‌وتوونه‌ته‌ ژێر کاریگه‌ریی ئه‌م ئاڵوگۆڕانه‌وه‌و له‌ کاتی سه‌رکه‌وتنه‌کاندا گوڕو تینیان گرتووه‌و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه له‌ کاتی شکست‌و پاشه‌کشه‌کاندا بێ هیواو نائومێد بوون. به‌ڵام بێگومان کاریگه‌ری سه‌رکه‌وتنه‌کان له‌سه‌ر ئه‌وان زیاتر بووه، بۆ نموونه‌ به‌و ئاسته‌ی دامه‌زرانی ئیماره‌تی بیاره‌ کاریگه‌ری پۆزه‌تیڤی له‌سه‌ر ئه‌وان داناوه‌، رووخانی ئه‌م ئیماره‌ته‌ کاریگه‌ر نیگه‌تڤی له‌سه‌ریان دانه‌ناوه‌!!!
ته‌نیا چه‌ند مانگ پاش هێرشی ئه‌مه‌ریکا بۆسه‌ر عێراق‌و رووخانی رژێمی سه‌دام حسه‌ین، به‌ره‌ی ئیسلامخوازو سه‌له‌فییه‌تی جیهادی ده‌رفه‌تی خۆرێکخستنه‌وه‌ی له‌ هه‌لومه‌رجێکی نوێدا بۆ ره‌خساو زۆر به‌ خێرایی هه‌وڵێکی چڕوپڕی جیهادی له‌ عێراقدا ده‌ستپێکرد که‌ بووه هۆی دووباره‌ گوڕوتین گرتنه‌وه‌ی رێکخراوه‌ جیهادییه‌کانی ئه‌لقاعیده‌و ئه‌نسارولئیسلام‌و ئه‌مه‌ش بۆجارێکی تر کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئیسلامخوازه‌ جیهادییه‌کان دانا؛ بۆ نموونه‌ له‌ژێر کاریگه‌ریی جیهادی عێراقدا، بو جارێکی تر جیهادی ئه‌فغانستان ده‌ستی پێکرده‌وه‌، له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی‌و ئیسلامی لق‌و ته‌نزیماته‌کانی سه‌ر به‌ ئه‌لقاعیده‌ وزه‌یه‌کی زیاتریان گرت‌و که‌وتنه‌وه‌ ره‌وانه‌کردنی موجاهید بۆ به‌ره‌کانی جیهاد، له‌ کوردستانیش لایه‌نگرانی ئه‌م ره‌وته‌ هه‌ستیان به‌ بووژانه‌وه‌ کردو به‌ کرده‌وه‌ش له‌ لایه‌ک ته‌نزیماته‌کانی خۆیان به‌هێز تر کردو له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ به‌شدارییان له‌ جیهادی عێراقدا کرد.
سه‌له‌فییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ سه‌ره‌تاکانی ده‌ستپێکرانی جیهادی عێراقدا یه‌که‌م گروپی سه‌له‌فی جیهادییان دامه‌زراندو له‌ پاڵ ئه‌و هه‌وڵه‌ چڕوپڕه‌ ته‌بلیغییه‌دا که‌ ده‌ستیان پێکردبوو، که‌وتنه‌ ناردنی موجاهیدو خۆبه‌خش بۆ به‌ره‌کانی جیهادی عێراق و ئه‌فغانستان‌و ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ چه‌ندساڵی رابردوودا به‌رده‌وام بووه‌و به‌ ده‌یان گه‌نجی سه‌له‌فیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ عیراق و پاکستان‌و ئه‌فغانستان‌و سووریه‌دا گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌. هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا سه‌له‌فییه‌ت هه‌م وه‌کوو بیروباوه‌ڕو هه‌میش له‌ شکڵی رێکخراوو ته‌نزیماتدا له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌هێزتر بووه‌و زیاتر که‌وتۆته‌ ژێر کاریگه‌ریی ره‌وتی ئیسلامخوازی جیهانییه‌وه‌و پێوه‌ندییه‌کانیشی له‌گه‌ڵ ئه‌م ره‌وته‌دا به‌هێزتر بووه‌.
بێگومان که‌مڕه‌نگبوونه‌وه‌ی جیهادی عێراق خه‌ریکبوو کاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر بزاڤی سه‌له‌فییه‌تی جیهادی دابنێت‌و هه‌رچه‌ند ئه‌م بزاڤه‌ به‌ گشتیی به‌تایبه‌ت ئه‌لقاعیده‌ توانیبووی هاوکات له‌گاڵ جیهادی عێراقدا به‌ره‌ی جهادی ئه‌فغانستان به‌هێزتر بکات‌و چه‌ندین به‌ره‌ی تری جهادییش له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی‌و ئه‌فریقاییدا بکاته‌وه‌ به‌ڵام که‌مڕه‌نگبوونه‌وه‌ی جیهادی عێراق‌و شکستهێنانی به‌رنامه‌کانی ئه‌لقاعیده‌و سه‌له‌فییه‌تی جیهادی له‌م وڵاته‌، بۆ جارێکی تر کاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر سه‌رجه‌م به‌ره‌ی جیهادی داناو سه‌له‌فییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیشی تووشی گومان‌و دوودڵی کرده‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ حاڵێکدا بوو که‌ هه‌ندێ ناکۆکی جیدی نێوخۆیی ته‌نزیماتی سه‌له‌فییه‌تی جیهادی له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی داگرتبوو.
بۆیه‌ له‌و سه‌روبه‌نده‌دا به‌ ده‌ستپێکرانی شۆڕش له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی‌و ئه‌فریقایی جارێکی تر مه‌یدان بۆ سه‌له‌فییه‌تی جیهادی ئاوه‌ڵا بۆوه‌و ئه‌وان توانییان له‌ هه‌رکام له‌م شۆڕشانه‌ به‌جۆریک که‌ڵک وه‌رگرن‌و خۆیانی پێ به‌هێز بکه‌ن. هه‌رچه‌ند هیچکام له‌م شۆرشانه‌ نه‌بوونه‌ هۆی به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی سه‌له‌فییه‌کان‌و دروستبوونی ئیماره‌ت‌و خیلافه‌تی ئیسلامی، به‌ڵام سه‌له‌فییه‌تی جیهادی به‌ هه‌موو لق‌و پۆپه‌کانییه‌وه‌ به‌تایبه‌ت رێکخراوی ئه‌لقاعیده‌ سوودی خۆی له‌م شۆڕشانه‌ وه‌رگرت. بۆ نموونه‌ ئه‌اون جگه‌ له‌ به‌هێزکردنی رێکخستنه‌کانی خۆیان له‌م وڵاتانه‌د‌ا، توانییان به‌و چه‌ک‌و چۆڵه‌ زۆره‌ی له‌ شۆڕشی لیبیدا به‌ده‌ستیان هێنابوو، هه‌موو به‌ره‌کانی جیهادی ئه‌فریقا به‌تابه‌ت جیهادی سۆماڵی به‌هێز بکه‌ن، پاشان ئه‌وان توانییان ده‌ست به‌سه‌ر شۆڕشی سووریه‌دا بگرن‌و له‌و هه‌لوومه‌رجه‌ له‌باره‌دا که‌ هاتبووه‌ ئاراوه‌، به‌ره‌یه‌کی به‌هێزی جیهادی هه‌م به‌ مه‌به‌ستی رووخاندنی به‌شار ئه‌سه‌دو هه‌میش به‌ مه‌به‌ستی دابه‌زاندنی شه‌ریعه‌ت‌و دامه‌زراندنی ئیماره‌تێکی ئیسلامی له‌ (بیلادی شام) بکه‌نه‌وه‌ که‌ ئێستاکه‌ ئه‌م به‌ره‌یه‌ له‌ به‌هێزترین حاڵه‌تی خۆیدایه‌ به‌جۆرێک که‌ هه‌م ناوچه‌یه‌کی پان‌و به‌رینی جوگرافییایی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و هه‌میش تیایدا سه‌له‌فییه‌تی جیهادی ئه‌زموونی جۆرێک شه‌ڕی کلاسیک‌و جه‌بهه‌یی کردووه‌ که‌ پێشتر نه‌یکردبوو.
به‌گشتی ئه‌توانین بڵێین ئێستاکه‌ سه‌له‌فییه‌تی جیهادی له‌ به‌هێزترین حاڵه‌تی خۆیدایه‌و جگه‌ له‌و ده‌سه‌ڵات‌و سه‌رکه‌وتنانه‌ی له‌ سووریادا به‌ده‌ستی هێناوه‌ له‌ به‌ره‌کانی تریشدا گوڕ و تینی زیاتری به‌خۆوه‌ گرتووه‌. له‌ عێراق به‌ هه‌رێمی کوردستانیشه‌وه‌، رێژه‌ی چالاکییه‌کانی به‌ره‌و زیادبوونه‌وه‌ ده‌ڕوات، جیهادی ئه‌فغانستان پیی ناوه‌ته‌ قۆناغێکی نوێوه‌و هه‌وڵدان بۆ گێڕانه‌وه‌ی شه‌ریعه‌ت بۆ ئه‌م وڵاته‌ به‌رده‌وامه‌، ئه‌لقاعیده‌ی یه‌مه‌ن دیسان خۆی ریکخستۆته‌وه‌ هه‌ندێ ناوچه‌ی تری کۆنترۆڵ کردووه‌، له‌ مێسرو تۆنیس‌و لیبی رێکخستنه‌کانی ئه‌لقاعیده‌ خۆیان به‌هێزتر کردووه‌، ئه‌لشه‌باب‌و بووکوحه‌رام چالاکییه‌کانی خۆیان په‌ره‌ پێداوه‌و ‌ به‌ گشتی سه‌له‌فییه‌تی جیهادی خه‌ریکی پیشاندان‌و نمایشکردنی هێزو تواناکانی خۆیه‌تی له‌ هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌دا که‌ حوزووری هه‌یه‌. بۆیه‌ ئاساییه‌ سه‌له‌فییه‌کانی کوردستانیش له‌ ئاوه‌ها حاڵه‌تێکدا به‌‌تایبه‌ت له‌ کاتێکدا که‌ هیچ له‌مپه‌رێک له‌به‌رده‌م خۆیاندا نابینن، هه‌وڵه‌ ته‌بلیغییه‌کانی خۆیان چڕوپڕتر بکه‌نه‌وه‌و زیاترین موجاهید ره‌وانه‌ی به‌ره‌کانی جیهاد بکه‌ن‌و له‌ بۆنه‌یه‌کی ئایینی وه‌کوو بۆنه‌ی قورباندا له‌ شارێکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ سواری ماشین‌و مۆتۆر بێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان‌و مانۆڕ بده‌ن. وه‌ک باسم کرد هه‌موو ئه‌مانه‌ پێوه‌ندییان به‌و سه‌رکه‌وتنانه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ بزاڤی سه‌له‌فییه‌تی جیهادی له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا به‌ده‌ستی هێناوه‌و به‌رده‌وامبوون‌و مانه‌وه‌شیان به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌و هاوکێشانه‌وه‌ که‌ ره‌نگه‌ له‌ داهاتوودا بێنه‌ ئاراوه‌، بۆ نموونه‌ شکستی ئه‌لقاعیده‌ له‌ سووریا ئه‌توانێت کاریگه‌ریی خراپ له‌سه‌ر سه‌رجه‌م بزاڤی سه‌له‌فییه‌تی جیهادی له‌ ناوچه‌که‌و له‌ ئاستی جیهانیدا دابنێت‌و به‌ره‌و لاوازیی ببات‌و بێگومان پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ش، کاریگه‌ریی پێچه‌وانه‌ی ده‌بێت.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.