بەختیار عەلی - مەنسور تەیفوری

ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی – به‌شی ١

دیالۆگێک لە نێوان مەنسوری تەیفوری  و بەختیار عەلیدا
مەنسوور تەیفووری: ئیدەی ئەکەمم بەم جۆرە دەست پێدەکەم، هەوڵەکەش ئەوە دەبێت لەپڕ لە ئیدەی تازە هەڵکەوین، ئەمەش وادەکات بە جۆرێک لە ژوونالیزم و پرسیاری ئامادە و وەڵامی کڵێشەییش بترازێین، بە تایبەت لەو پرسیارانەی وەک کڵێشەی نامەی ئیدارییان لێهاتووە: لە پڕ ناوێکی تازە هات، ناوێک کە رەنگە بە خەیاڵدا نەهێنرابێت، کەچی کەس وەها روون و ئاشکرا ناوی نەبرد، یان باشترە بڵێین بەدینەکردوە : فاشیزمێک خەوتووە و خەریکی بەخەبەر هاتنە. ئێوە ئەمەتان لە نێوکۆییەکدا بەکارهێناوە کە تەنیا دوو دەیەیە لە راپەڕینەکەی دژی جۆرێک فاشیزم تێدەپەڕێت؛ لە لایەکی دیکەشەوە، وەک دەزانن فاشیزم دوو ماشینی گەورەی دەوڵەتیی خاوەن ریز و رێکێتیمان بیردەخاتەوە، ئاڵمان و ئیتالیا، دەزگای رێک و پێک و وردکار، ئەفسەر و لەشکری رازاوە و بەدەستوور، پیشەسازیی گەورەی جەنگی، کۆمەڵگایەکی مۆدێرن و جەماوەری بە جۆش و هەڵچوو. کەچی ئەم نیشانانە لەو ناوکۆییەدا ئێوە باسی فاشیزمی تێدا دەکەن، ونە. ئەمە چۆن لێکبدەینەوە؟ با روونتر بڵێم: فاشیزم نوێبۆتەوە؟ فۆرمی گۆڕیوە؟ یان گەر بە پێی تەعبیرەکەی ئێوە بێت فاشیزم لە دەوڵەت زیاترە و دەبێ رەگەکانی لە جێگەی دیکەدا بپشکنین، ئەمە بۆیە دەلێم چونکوو ” کراواتدارەکانی نێو ماشین” وەک ” ئاکادمیستەکان” دەتوانن خێرا دەست ببەن بۆ قامووسێکی زاراوە سیاسیەکان و بڵێن: “ئەوەتا کێشەی میتۆد، بڕوانە نا_ئاکادیمیزم”، هاوکاتی ئەوەیزاراوەشیان بۆ پیشنیار  یان مۆرەیان بۆ هەڵدان نەبێت. بڵێین ئەمە جۆرێک گاز گرتنە لە “سێهەم سێوەکە”؟

بەختیار عەلی: نا، من بڕیارمداوە نەچمە ناو گفتوگۆی بێزەنتییەوە لەگەڵ کەسدا، بە تایبەت ئەوانەی دەتوانن چوار وتارت لەسەر بنوسین، بێئەوەی هەوڵیان دابێت هیچ شتێکی جەوهەری لە تێزەکەت بخوێننەوە. موهاتەرات و موزایەدەی سیاسی و تۆمەت بەشکردن، ئیشی من نییە. هیچ کەسێک لە مرۆڤێک ترسناکتر نییە، کە توانای نوسینی هەیە، بەڵام توانای خوێندنەوەی نەماوە، ئەمڕۆ بە بەربڵاوی سەروکارمان لەگەڵ جۆرە نوسەر و ڕۆشنبیرانێکدایە لەو جۆرە، مرۆڤ لەگەڵ ئەمانەدا جگە لە کات بە فیڕۆدان، هیچی چنگ ناکەوێت، دیالۆگ کاتێک دروستدەبێت، بەرامبەرەکەت گوێبگرێت، بخوێنێتەوە، یان لایەنیکەم بوەستێت تا تۆ خۆت ڕووندەکەیتەوە، تێزەکەت دەگەێنیتە کۆتایی. بۆ تێگەیشتن لە مانای چەمکی فاشیزم بەوجۆرەی کە من بەکاریدەهێنم، چوار مەرج یان دەروازەی سەرەتایی و پێشوەخت پێویستن، کە بەمجۆرە ڕونیاندەکەمەوە.

خاڵی سەرەتایی یەکەم: عەقڵمان لە سنووری سلێمانی و هەولێر بهێنینە دەرێ، بتوانین کە دەڕوانین تەواوی ناوچەکە و تەواوی مێژووی سەدەی بیستمان لە بەرچاو بێت، من چەمکەکە وا بەکارناهێنم لە سنووری شارەوانی سلێمانیدا دونیای پێبخوێنینەوە، ئەوەی قسەی لەسەر دەکەین مێژووی خوێناوی خۆرهەڵاتە لە سەد ساڵی ڕابوردوودا، بە هەموو جەنگ و ئایدۆلۆژیا و دەوڵەت و حیزب و ئۆپۆزسیۆنە خوێناوییەکانییەوە. کە باس لە فاشیزم دەکەین، نیاز نییە تەنیا یەکێتی و پارتی پێ بخوێنینەوە، بەڵکو مەبەست خوێندنەوەی مێژووی توندوتیژییە لە خۆرهەڵات. من پێموایە یەک ڕووداوی گرنگ لە مێژووی خۆرهەڵاتدا هەیە، یەک جوڵاندنی گەورەی مێژوویی، ئەویش نزیکبوونەوەی خۆرهەڵات و خۆرئاوایە لە یەکدی لە ساتی هاتنی مۆدێرنەدا، هاوشان بە هاتنی سوپا ئیمپریالیستییەکان بۆ خۆرهەڵات، ئەو ساتەی کە مارکسیش دەیخوێنێتەوە دەڵێت، مێژووییەکی بەردین و دووبارە هەیە و بەم بەریەککەوتنە، جوڵەیەکی نوێ پەیدا دەکات. ئەم ساتە سەرەتای دەرکەوتنی دوو فۆرمی گرنگن، یەکێکیان کەپیتالیزمی خۆرهەڵاتییە، کە فۆرمە ئابورییەکەی مۆدێرنەیە، لەگەڵ فاشیزمی خۆرهەڵاتیدا، کە گوزارشتە لە پەرچەکردارە جیاوازەکانی ناو شوناسە جیاوازەکان. بە واتایەکی تر، ساتی سەرهەڵدانی زمانێکی توندوتیژی نوێیە، کە دەبێت بە شێوازی زاڵی قسەکردن لە ناو کۆی کایەی سیاسیدا .

خاڵی سەرەتایی دووەم: سەیرنەکردنی فاشیزم، وەک خەسڵەتی بزاوتێکی سیاسی یان ئایدۆلۆژی دیاریکراو، بەڵکو وەک ناوێک بۆ ئەو پەیوەندییە خوێناوییەی مرۆڤەکان و شوناسەکان و جیاوازییەکان بەیەکەوە گرێدەدات، واتە فاشیزمی خۆرهەڵاتی زاراوەیەکە بۆ وەسفی ئەو ڕۆحە گشتییەی لە ناو ئەو بۆتەیەدا زاڵبووە کە تێیدا دەژین، ئەو بۆتەیەی فەیلەسوفێکی وەک فۆکۆ ناوی دیسپۆزەتیڤی لێدەنێت.  واتە ئەو هێزەی کە زمانی قسەکردنمان دیاریدەکات، سروشتی حەقیقەت و سروشتی خەون دەستنیشاندەکات ، شتی مەنتیقی و نامەنتیقی، عەقڵانی و ناعەقڵانیمان بۆ جیادەکاتەوە. بە واتایەکی تر بوونی هێزێکی زۆر گەورەی چەپێنەر لە ناو جیهانبینی و سیستمی گووتار و ڕوانین و زمانماندا کە بوونی «ئەویدی» دەکات بە شتێکی ترسناک، بوونی هەموو شتێکی نامۆ  وەک  هەڕەشەیەکی وجودیی گەورە سەیردەکات، لە ناوەڕاستی فاشیزمدا هەمیشە «ئەویدییەکی» ترسناک هەیە کە یان وێرانماندەکات یان دەبێت وێرانیبکەین، ئەم «ئەویدییە» ترسناکە لە هەموو جێگایەک و لە هەموو پنتێک و لە هەموو ئایدۆلۆژیاکان و هەموو ساتە مێژووییەکان و لای کۆی شوناسەکان هەیە، لەبەرئەوە ئەمە خاڵی هاوبەشی تەواوی کایەکەیە کە ماشێنی شوناسە جیاجیاکان دەخاتە گەڕ، ئەمە دیاردەیەک نییە لای کورد هەبێت و لای عەرەب نەبێت، لای شیعە هەبێت و لای سوننە نەبێت، بە پێچەوانەوە چەپاندنی وێنەی ئینسانی ئەویدی، گۆڕینی «ئینسان» بۆ شتێکی چەپێنراو و غائیب، مرۆڤ وەک «مکبوت» دەبێتە پارادایمی سەرەکی. ئەویدی دەبێتە شتێک کە هیچ کات ناگەینە یەک، هیچ شتێک کۆمان ناکاتەوە، لێرەدا مۆنۆپۆڵکردنی وێنەی ئینسان بەس بۆ من و هاوشوناسەکانم  هەیە، من و ئەوەی من هەڵیدەبژێرم، وە ناردنی ئەویدی و ڕوانین لێی وەک بوویەکی حەیوانی، بە کورتی ئەنیمالیزەکردنی ئەویدی.  «ئەنیمالیزە ـ بە حەیوانکردنی ئەویدی» بەرەو خوێندنەوەیەکی قووڵ و بەربڵاومان لە زمان و کولتوور و خەون و سیاسەت دەبات. من لە هەموو جێگایەکی ژیان و قسە و ڕوانینی مرۆڤی خۆرهەڵاتدا، ئەو پرۆسە سایکۆ ـ سیاسییە قووڵە دەبینم، کە لەوە دەرچووە، دیاردەیەکی پەراوێزیی بێت، پرۆسەیەکە نەستی سیاسیمان بەردەوام بە تیورە و بە گووتار و بە تێزەکانی ماکیاژی بۆ دەکات و دەیشارێتەوە. ماشێنی فاشیستی ئەو جێگایەیە کە تێیدا خودی ئینسانیمان پێویستی بە ڕاگرتنی خودێکی حەیوانی دی هەیە، ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو بەرامبەر بە خۆی،  تا لە بوونی ئینسانی خۆی دڵنیابێت، فاشیزمیش  گواستنەوەی بەربڵاوی ئەم پرۆسێسە دەرونیەیە بە کۆمەلێک میکانیزم و پلەی جیاواز جیاواز بۆ ناو سیاسەت.

خاڵی سەرەتایی سێهەم: ئەم چەمکە تەواو لە دژ وە بە پێچەوانەی ئەو ڕوانینە تەقلیدییەوە بۆ سیاسەت ئیشدەکات، کە سیاسەت وەک زمانی ئایدۆلۆژی گروپێک یان شوناسێک یان چینێک دەزانێت، سیاسەت لێرەدا گوزارشتە لە ترسێکی قووڵی ناوەکی، نە کەرەستەی تەعبیری فیکری هێزێکە لە هێزەکان لە خۆی، نە ئەداتی ڕێکخستن و کۆنترۆلکردن و بەڕێوەبردنە، بەڵکو کۆبوونەوەی ناڕێک و تۆپەڵ ئاسای گروهێکی بەشەرییە لە دەوری ترسێک و داڵدەیەک و ئەمانێک، لەدەوری وێنەیەکی هاوبەشی دوژمن، یان بە مانا دۆلۆزییەکە بۆتەیەکە کە تێیدا خواستی خۆپاراستن و خۆشاردنەوە و خۆتێرکردن و خۆخاڵیکردنەوە و خۆئۆرگازمکردن ئیشدەکات. ئەوەش وادەکات کایەی سیاسی خۆی بە گشتی بە بارگەی فاشیستیانەوە و ئەگەری تەقینەوەی ترسناک بارکرابێت. لێرەدا بە کارهێنانی پێناسەکانی سیاسەت لە خۆرئاوادا، بۆ پێناسەکردنی سیاسەت لە خۆرهەڵاتدا، پوچ و بێبەهایە. لە پشت زاراوەی فاشیزمەوە، پرسیارێکی بنەڕەتیتر و گەورەتر هەیە کە هەوڵدەدەم وەڵامیبدەمەوە، سیاسەت لە خۆرهەڵات چییە?. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، نە لۆک، نە ڕۆسۆ، نە مارکس ڕاستەوخۆ بەدەردمان ناخۆن، دەبێت بۆ وەڵامی فەندەمنتالتر و ڕوونتر بگەڕێین، چەمکی فاشیزم بەشێکە لەو هەوڵە، ئەو چەمکە دەرگایەکمان بۆ دەکاتەوە، شتێک لە ناواخنی پارادایمە تاریکەکە ئاشکرادەکات، کە دەتوانین لەوێوە بڕۆینە ناوەوە یان لایەنیکەم بەجۆرێکی سەرەتایش بووە، بیری لێ بکەینەوە.

خاڵی سەرەتایی چوارەم: زیگمۆند باومان باس لە عەقڵی مرۆڤی مۆدێرن دەکات، وەک عەقڵێکی یاساخواز، کە تێیدا دەوڵەت ڕۆڵی باغەوان دەبینێت، باغەوانێک کە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی مۆدێرنە، سەبارەت بە رێکخستنی تەواو، سیستم و نەزمی جوان،  پلاندانان و دڵسۆزی بۆ کار  لە خۆی دەگرێت، ئەو پێیوایە ئەم بۆچوونە فاشیستییە سەبارەت بە «دەوڵەتی باغەوان» تەبا و هاوجووتە لەگەڵ خواست و تێگەیشتنی مۆدێرنە خۆیدا لە دەوڵەت، واتە لە نێوان ئیدیالی مۆدێرنە و ئیدیالی فاشیستیدا بۆ دەوڵەت، هێندەی لێکچوون و هاوشێوەیی هەیە لێکترازان و دابڕان نییە. ئەم تێزەیە بە بەربڵاوی هاتۆتە خۆرهەڵات و کوردستان، هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی بەهێز، دەوڵەتێک هەموومان لە خۆی بگرێت، دەوڵەتێک  هیچ ڕووبەرێک لە دەرەوەی دەوڵەت فەرامۆش نەکات، ئەرکی دروستکردنی هارمۆنییەت و گونجاندن و لە ئامێزگرتن بێت، ئەم بۆچوونە بۆ دەوڵەت کە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و ڕۆشنبیرە نیولیبرالەکان پێکەوە کۆدەکاتەوە، پێکەوە ئیشی بۆ دەکەن، تێزەیەکی ترسناکە و جەوهەرێکی فاشیستیانەی هەیە. هەر سیاسەتێکی ئەلتەرناتیڤ، سەرەتا دەبێت ڕەخنە لە رۆحیەتی بەهێزکردنی دەوڵەت بگرێت، دەوڵەت بە گشتی، نەک دەوڵەت کە موڵکی حیزبێک بوو خراپە، بەڵام کە بوو بە موڵکی چوار حیزب، ئیتر وا وێنا بکرێت بووە بە موڵکی ئینسانەکان و کۆمەڵگا.  ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم درۆیە کە لیبرالییەت بە فاشییەتەوە گرێدەداتەوە، سەرەتایەکە بۆ ڕەخنەگرتن لە تێڕوانین بۆ دەوڵەت وەک باغەوان. دەوڵەت دەزگایەکی سەربەخۆی، خودخواز و کۆنترۆڵکەرە، تا بەهێزتر بێت، تا شەرعییەتی پتر بێت، هێزی لەسەر کۆنترۆڵکردن و دیسپلینکردن و لە قاڵبدانی ئینسان گەورەتر دەبێت. هێزی کۆمەڵگا لەوەدایە بەشێکی بەهێزی هەمیشە لە دەرەوەی دەوڵەت بێت، لە دۆخی مقاوەمەی دەوڵەت و دەزگا سێبەرەکانیدا بێت، دژ بە چەمکی ڕێکی و دیسپلین و خزاندنی ئینسانەکان بێت بۆ ناو پڕۆژە و پلانە گەورەکان. ئەو تێزەیەی کە ئێستا  بە ناوی دەوڵەتێک کە «دەبێت نیشتیمان دروستبکات» «دەوڵەتێک دەبێت مرۆڤ و هاوڵاتی دروستبکات» بڵاوبۆتەوە، دەوڵەتێکی بەهێز کە دەبێت بە سوپایەکی بەهێز، بە دەزگای ئەمنی بەهێز هاوڵاتیانی بپارێزێت، تێزێکی فاشیستیانە و سەر بە ڕەهەندە تۆتالیتارەکەی مۆدێرنەیە. جگە لەوەی لە مێژووی مۆدێرنی خۆرهەڵاتدا، دەوڵەت هیچ کات هاوڵاتیانی لە هیچ شتێک نەپاراستوە، خودی جەنگەکانی، خودی دروشمە ناسیۆنالیستییەکانی بەشێک بوون لە ئیشێکی سیستماتیک بۆ لە ناوبردن و دیسپلینکردنی مرۆڤەکان لە چوارچێوەی خەیاڵات و خەونی فاشیستیانەی شوناسە گەورەکاندا. لێرەوە  نیولیبرالە کوردەکان، پۆزەتیڤیستەکان کاتێک فیکری لیبراڵ دەهێنن، تەنیا ئەو بەشەی دەهێنن کە بە پلەی یەک ئەفسانەی دەوڵەتێکی مرۆڤدۆست و عادیل بڵاودەکاتەوە، دەوڵەتێک لە بنەڕەتدا لەسەر زەوی بوونی نییە، ستایشی فۆرمی «دەوڵەتی باغەوان» یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی عەقڵی سیاسی ئێمە، وە بڕێکی زۆری ڕەخنەی ئەمڕۆی ئەو گووتارە نیولیبراڵەی لە کوردستان و خۆرهەڵات زاڵە لە دەسەڵات ئەوەیە کە ئیدیالی ئەم دەوڵەت باغەوانەی نەگەیاندۆتە باڵاترین پلەی خۆی، واتە نەبۆتە ئەو دەوڵەتە پێرفێکتەی کە هەموو شتێک بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، لێرەدا ڕەخنەگران لە پادشا، لە خودی پادشا پادشاگەراترن، رەخنەگران لە دەستەڵات، لە خودی دەسەڵات دەوڵەت تەڵەبترن. گەر سەیری ئەو شوکر و تەقدیرانە بکەیت کە ڕۆشنبیرە ڕاستڕەوە پۆزەتیڤیستەکان ساڵانە بۆ دەزگا ئەمنییەکانی دەنێرن، چونکە باش بە واجبی خۆیان هەستاون، بۆت دەردەکەوێت فیکرەی دەوڵەتی بەهێز و چالاک، بەشێکی بنەڕەتی و پێکهێنێکی بنەمایی ئەم گووتارەیە، کە بەهێزکردنی دەوڵەت بە وەزیفەیەکی ئاسایی خۆی دەزانێت و وەک بەڵگەنەویست و سروشتی وەریگرتووە و لە ناو کۆمەڵگا و مرۆڤەکانیشدا چاندوێتی. بە کورتی، بەشێکی قسەی من لەسەر فاشیزم، قسەیە لەم هێزە ئەفسانەییەی دەدرێتە دەوڵەت. واتە لادانی ئەو ماسکە لیبرالییەیە کە لە سەری زۆر لە تێزە و گووتارە فاشیستییەکاندایە.

ئەم چوار خاڵە زۆر سەرەتایین بۆ ئەوەی بزانین، لە پشت زاراوەی فاشیزمەوە قسە لە چییە و نەکەوینە ناو موهاتەرات و وڕێنە و فیشەکی وێڵ تەقاندن … هەڵبەت دڵنیام لە کاتی قسەکردندا، بەدرێژیی دێینە سەر بەراوردی فاشیزمی خۆرئاوایی بە فاشیزمی خۆرهەڵاتیش. لێرەوە تەنیا دەتوانین قسەبکەین و دەست بە گفتۆگۆبکەین، ئەوەی ڕەخنەگران پێیان وایە فاشیزم دیاردەیەکی ئەوروپییە و ناکرێت خسوسییەتێکی خۆرهەڵاتی بدەێنێ، تێبینییەکە جێگای سەرنجە، جێگای سەرسامیشە، چونکە ئەو هاوڕێیانە بەردەوام بەدوای خسوسییەتدا دەگەڕێن، بۆ هەموو شت قایلی خسوسییەتن، بۆ فاشیزم نەبێت. هەندێکیان بەردەوام قسە لە تایبەتمەندی و خسوسییەت دەکەن، قسە لە خسوسییەتی دینی ئێمە دەکەن، خسوسییەتی ئەخلاقمان، خسوسییەتی دیموکراسییەتمان، خسوسییەتی مێژوومان، خسوسییەتی سلێمانی، خسوسیەتی هەولێر، خسوسییەتی پارتی، خسوسییەتی گۆڕان، بەڵام پێیانوایە فاشیزمی خۆرهەڵاتی هەر دەبێت بێ هیچ خسوسییەتێک لە فاشیزمی خۆرئاوایی بچێت. ئەوە خالێکە دڵنیام لە کاتی قسەکردندا زۆر دێتەوە بەردەممان.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.