شه‌ممه‌ 12 تشرینی یه‌كه‌م 2024

ماركس و ئازادی ، دیموكراسی ، مرۆڤ باوەڕی / و: ئەكرەمی میهرداد

پێشەكی
ئێمە لە سەردەمێك دەژین كە كۆمۆنیزمی سیاسی و رەسمی شكستی هێناوە، سەرمایەداری خۆی بە پیرۆز و سەركەوتوو دەزانێ‌ و هەندێك لە چەپەكانیش ماركسیزم بە مردوو دەزانن. بەڵام رێباز یان دیدگای مرۆڤ باوەڕی و ئازادی خوازی و داكۆكی لە  دیموكراسی مرۆڤایەتی دەتوانن رێنما یان چرای رێگای رەخنەو نەیاری بن بۆ ریسواكردنی رژێمە توتالیتارەكانی سەربە ئۆردوگای بە ناو سۆسیالیستی سۆڤیەت و چین و هاوشێوەكانیان ، و هەروەها دەتوانن دیموكراسی بۆرژوایی و سەرمایەدارانەی شارستانی رۆژئاواش بخەنە بەر رەخنە. رێبازی ماركس بۆ داكۆكی لە ئازادی مرۆیی و دیموكراسی مرۆڤایەتی و میتۆدو فەلسەفەی مرۆڤ باوەڕی دەتوانێت رەخنەی دروست و ئەڵتەرناتیفی باشتر بۆ سەرمایەداری و دیموكراسی ئەمڕۆ بخاتە روو ،هەروەكو چۆن دەتوانێ‌ سەركوت و فریوەكانی سۆسیالیزمی درۆیینەش ئاشكراتر بكات .

ماركس لە سنورەكانی فەاسەفەو ئایدیالیزم و سیاسەت و ئابووریی سیاسی فراوانتر دەڕوات و روانگەی خۆی لەسەر حەقیقەت و نیازەكانی مرۆڤ دادەنێت ، ئەمەش ئەو كارەیە كە ئەوانەی دوای خۆی بەناوی ماركسیزم و لینینزم و سۆسیال دیموكراسی و بیرو باوەڕی ماوتسی تۆنگ و چی و چی نەیانكرد . لە كاتێكدا ماركس لە مرۆڤ و ژیان زیندوو نیازە كردەییەكاندا خەبات و بیریاری دەكرد، ئەوان مرۆڤیان لەناو چەمك و بیرو باوەڕوئایدی‌ولۆجیاكاندا دیل دەكرد.
ئەم نووسینەی كە جۆرێكە لە وەرگێڕان و ئامادەكردن و هەروەكو لە دەقەكەشدا دەبینرێ‌ سەرچاوەكان ئاماژەیان بۆ كراوە ،

هەوڵێكە بۆ ناسین و رەخنەكاری لە دیدگای دیموكراسی نەریتی و سیاسی لەلای ئەوانەی بە ناوی لیبرالیزم و لیبرالیزمی نوێ‌ دیموكراسییان لە سنورەكانی ئازادی سیاسی و ئازادی خاوەندارێتیدا ئەسیر كردووە ، و هەروەها رەخنەش لە دیموكراسی شێوازی میللی یان خەڵكی لە پەیڕوەكانی ناسراو بە كۆمۆنیزمی روسی و سۆسیال دیموكراسی و پەیڕەوەكانی دیكەی بەناو ماركسیزمی سەدەی بیست ، و دیسان رەخنەی مەبەست و ئامانجدارە بەرانبەر بەو لایەنە چەپ و سۆسیالیست و كۆمۆنیستانەی كە خەباتی چینی كرێكارو سۆسیالیزم و مرۆڤایەتیان بۆ هێنانەدی ئاكامەكانی لەبەرهەمی ئێستای و ئەمڕۆیی دوورخستۆتەوە و تەنها ئامانمجی كۆتاییان بە هەند وەرگرتووە ، ئەوان ئەوەیان نەزانیوە یان فەرامۆشیان كردووە كە سۆسیالیزم لەلای ماركس وەكو رووداوی كۆتایی سەرمایەداری پێشكەوتوو و خەباتی بەردەوامی سۆسیالیستەكان و لەم دیدەشەوە گرنگی و كاریگەریی خەباتیان بۆ ئازادی و دیموكراسی و مرۆڤایەتی بە هەند وەرنەگرتووە یان فەرامۆشیان كردووە.
ئامانجی مرۆڤ باوەڕی ماركس ئەوەیە كە دیموكراسی و سۆسیالیزم ، سەرمایەداری و سۆسیالیزم ، ئابووری سیاسی و فەلسەفە و كاتی كار و كاتی ئازاد ، تیۆری و كار لە دیالەكتیكی مێژوویدا پێكەوە دەبەستێ‌ و رێبازی ماركس دەبێتە ئەو هێزە یەكێتی بەخشەی كە روانگەو ناسین و هۆشیارییە بۆ گەشەی مێژوویی و مرۆڤایەتی .

ئامانجی ئەم نووسینە هەوڵێكی بەراییە بۆ تێگەیشتن و سازدانەوەی رولانگەز تیۆری ماركس بۆ ئازادی و دیموكراسی و مرۆڤ باوەڕی ، كە دەبێتە پێگەی سازكردنی تیۆری و بەرنامەی بزاڤی سۆسیالیستی ( یان دەخوازێت ئەو كارە بكات ! ) و ناساندنی روانگەو ئەڵتەرناتیفێكی مرۆڤانە بەرامبەر هەموو دەسەڵات و سیستمە سیاسیەكانی ئەمرڕ لە جیهان . هەمووان دەزانین كە رەخنەو نەیاریی نێوان خودی بزاڤی كرێكاری و سۆسیالیستی و نەیارانی ئەم بزاڤەش بەرانبەر ئامانجی سۆسیالیزم نەبووە ، كە نەهاتۆتە دی ، بەڵكو لەسەری نەخش و كاریگەری ئەوز بزاڤە بووە لە خەبات و سیاسەت و دەسەڵاتی ئەمرشۆ (سەدەی بیست هەتا ئێستا ) ئەو سیستەم و ئەڵتەرناتیفانەی كە لە هەردوو ئۆردوگای رۆژئاواو رۆژهەڵاتی جاراندا بوو ، كە ئەویش دیدگاو روانگەكان بووە بۆ ئازادی ، دیموكراسی و مرۆڤایەتی .

1-    دەوڵەت و ئازادیی ئەندێشە:
ماركسی لاو لە سەرەتای كارە رۆژنامەوانیەكاندا داكۆكی لە ئازادیی تەواوی چاپەمەنی دەكردو بەردەوام بوو لە هێرشە توندەكانی بۆ سەر یاسای سانسۆر . ئەو تاكڕەنگی و تاك بیرو باوەری وەكو فشاری سنوورداریی حكومەت و دەسەڵاتی بێ‌ پەروا دەناساندو دەیوت: (( لە گوڵی سوور بۆنی وەنەوشە چاوەڕوان ناكرێت ، رۆحی مرۆڤ كە دەوڵەمەندترین شتە چۆن دەبێت تەنها لەیەك شێوازدا هەبێت یان ئەسیر بكرێت؟ )) هەر لەم روانگەیەشەوە دیدگاكانی خۆی دەربارەی ناڕۆشنی و شاردنەوەی یاسای چاپەمەنی بۆ ئەوەی دەسەڵاتی رەها بدات بە بەرپرسان . ماركس ئەوەشی سەلماند كە سانسۆر نەك تەنها دژی چاپەمەنی و راگەیاندنە ، بەڵكو لەگەڵ خودی ئامانجی دەوڵەتیشدا ناكۆكە.
ئازادیی چاپەمەنی بونیادەكەی بە تەواوی لەگەڵ سانسۆردا جیاوازە ، چونكە بیری ئازادی چاكەیەكی راستەقینەیە ، سانسۆر شێوازێكە لە كۆیلایەتی ، چەكی ئەو بیروباوەڕانەیە كە نەك لەسەر گەوهەری دیاردەكان ، بەڵكو پشت دەبەستێ‌ بە روخساری ئەوان. سانسۆر بە تەواوی شتێكی خراپە ، ئازادی بە شێوەیەك ریشەی قووڵی لە سروشتی مرۆڤدایە تەنانەت كاتێك دوژمنانی ئازادیش هەڕەشەی نەبوون یان ستاندنی ئازادییان لێبكرێت ، هەوڵدەدەن بە دەستی بهێنینەوە . ناوەرۆكی ئازادی چاپەمەنی ، ناوەرۆكی گونجاو یان شایستەی ئازادییە لە كۆمەڵی پێشكەووتودا ، چاپەمەنی سانسۆركراو دیاردەیەكی بێ‌ دەست و پێیە ، خوێنی رژاوی كۆیلایەتی ، دێوی ترسناكی شارستانیە ، فەرزەندی كەمئەندام و بۆگەنیوی سروشتە . دوای ئەمانە ئایا دیسان دەبێت بیسەلمێنین كە ئازادی و گەوهەری چاپەمەنی پێویستن بۆ یەك و سانسۆر لەگەڵیان دوژمنە ؟

ماركس بەردەوام دەبێت و : (( سانسۆر وەكو كۆیلایەتی هەرگیز لەسەر هەق نیە ، تەنانەت ئەگەر هەزار جاریش شێوازو رژێمی یاسایی بۆ دروست بكرێت )) تەنها یاسای راستەقینەی چاپەمەنی ، ئەو یاسایەیە كە پارێزگاری لە ئازادی چاپەمەنی دەكات ، سانسۆر لەگەڵ سروشتی یاساو دەوڵەتدا دوژمنایەتی هەیە ، چونكە چاپەمەنی ئازاد مەرجی نیازو پێویستە بۆ هێنانەدی و سەلماندنی خودی سروشتی دەوڵەت . ئازادی چاپەمەنی بەرجەستە بوونی شارستانیە ، هۆكاری پەیوەندی تاكە لەگەڵ دەوڵەت ، ئاوێنەی هەست و بیرەكانی مرۆڤە . چاپەمەنی سانسۆركراو ژیانی كۆمەڵایەتی بەرەو گەندەڵی دەبات و دەبێتە هۆی ئەوەی دەوڵەت تەنها دەنگی خۆی ببیستێ‌ . بۆ پاساودانی ئازادی پێویستمان بە سەلماندن نیە ، چونكە ئازادی لە ژیانی مەینەوی مرۆڤ دانابڕێت . لە سیستەمێكی ئازادا ، جیهان چۆن بچەرخێ‌ خۆری ئازادی لی َهەڵدێ‌ ، دروست بە هەمان شێوەی كە گەردوون هەمیشە خۆری لێ‌ هەڵدێ‌ . ئەگەر داوا لە تاك بكرێت بە پێچەوانەی دڵخوازی خۆی ئازاد بێت ، ئایا ئەوە نكۆَڵی لە ئازادی ئەو نیە . چاپەمەنی هۆكارێك نیە بۆ ئامانجێكی دیكە بەڵكو بۆ خۆی ئامانجە ـ، ئەو یاسایانەی كە سەودای ئاڵوگۆڕی مەینەوین نابێت چاپەمەنی سنووردار بكەن .

لەم دێڕانەدا چەند مەبەستی گرنگمان بۆ دەرئەكەوێت ئەوانیش: ماركس وشەی (دەوڵەت) دروست بە واتای دەوڵەتی دیموكراتی هاوچەرخ و مۆدێرن یان ئازاد بەكار دەهێنێ‌ ،  هەروەكو لە لاپەڕەكانی ئاییندەدا رۆشنتر دەبێت . داكۆكی كردن لە چاپەمەنی وەكو ئامانجێك نەك وەك هۆكار ، ئەوپەڕی دیدی فراوان و مرۆڤدۆستی ماركس نیشان دەدات و پارێزگاریشە لە ئازادی چاپەمەنی و ئەندێشە . بێگومان تاوانباركردنی هەموو ئەو دەسەڵات و حكومەت و یاسایانەیە كە لە سەردەمی ماركسەوە هەتا ئێستا بەناوی دیموكراسی و ئازادی كاریان كردووە و داوەرییەكی نێگەتیفە بۆ هەموو ئەو دەسەڵاتانەی بەناوی سۆسیالیزم و كۆمۆنیزمەوە دەم و

رەنگ و دەنگی مرۆڤەكانیان كڵۆم  داوەو سروشتی ئازادانەی دەوڵەتیان لە خەڵك نكوڵی كردووە .
سەرئەنجام ماركس لە بەڵگەو لێكۆڵینەوەكانی خۆی لە نێوان دەوڵەت و یاسای راستەقینە باسدەكات ، واتە ئەو دەوڵەت و یاسایەی لە سروشتی خۆیان نامۆنین ، و ئەو یاساو نیهاوانەی كە بەزەبری هەژموون و دەسەڵاتی پۆلیسی دەپارێزرێن، و تەنها بە شێوەی رووكەش و دەرەكی ناچاركراو بە جیاوازی رازی دەبن . پەسەندكردنی جیاوازی پەیوەندی بە دیدگای هیگڵەوە هەیە كە دەڵێت : ( ئەو دەوڵەت و یاسایەی كە نایانەوێت ئازادی بێتەدی ، لەگەڵ خودی چەمك و گەوهەری یاساو دەوڵەتدا ناكۆكن و ئەگەرچی بە زەبری زۆر بپارێزرێن ، بەڵام بەشێك نین لەتێگەیشتنی راستەقینەی دەوڵەت و یاسا. ) لەگەڵ ئەوەشدا ماركس لە بڕوای هیگڵ فراوانتر بیردەكاتەوەو بڕوای بەوە نەبووە بەرژەوەندیە باڵاكانی  دەوڵەتی   ( راستەقینە ) بتوانن سنورداركردنی ئازادی بەیان و قەڵەم پاساو بدەن ، چونكە بە بڕوای ئەو ئازادی بەشێكی بنەڕەتیە لە دەوڵەت . بۆ ئەم مەبەستە ئەگەرچی ئەو چەمكی نەریتی دەوڵەت وەكو زاراوەیەك بەكاردەهێنێ‌ ، بەڵام كە بەراوردی دەكات لەگەڵ ئازادیدا ، ئەوە دەسەلمێنێ‌ كە دەوڵەتەكانی ئێستا راستەقینەن یان تەنها ئەزموونن . لەبەكارهێنانی ئەم رەوشە یان میتۆدە رێگای خۆی لە هیگڵ جیادەكاتەوەو ئەمەش بە گوتنی ئەم رستەیە ئەنجام دەدات كە : ئازادی فرەیی بوون بەهایەكی بنەڕەتیە بۆ مرۆڤ كە هەقانیەتەكەی لەناو خودی خۆیدایە ( دەتوانین بڵێین لەناو خودی مرۆڤ و ئازادییەكەیدایە ! ).

دوورنمایەكی بنەڕەتی دیكەش لە گرنگیدانی ئەو سەردەمەی ماركس ( 1841 – 1843 ) لەو شیكردنەوانەدا دەركەوت كە دەربارەی باسوخواستی ئەنجومەنی هەرێمەكان ( ویلایەت ) بوو سەبارەت بە یاسای قەدەغەكردنی بەكارهێنانی داری دارستانەكان . ( ئەم یاسایە هەڵوەشانەوەی نەریتێك بوو كە جووتیاران دەیانتوانی بە خۆڕایی داری سووتاندن كۆبكەنەوە ) ماركس داكۆكی لە جوتیاران و یاسا نەریتیەكە كردو هەڵوێستی مرۆڤ دۆستانەی گرتەبەر و لە هەمان كاتیشدا سەلماندی كە ئەنجومەنی هەرێم پایەو شایستەی یاساكان و مەرجەعیەت و دەوڵەتی هەتا ئاستی هۆكارەكانی بەرژەوەندی و ژیانی تایبەتی خاوەن زەوییەكان هێناوەتە خوارەوە بۆیەش گەوهەری ئەندێشەی دەوڵەتی خستۆتە ژێرپێ‌ . بەمجۆرە ماركس كە دەوڵەتی بە نوێنەری هەموو كۆمەڵ دەناساندو دەیوت دەبێ‌ لە بەرامبەر ئەو دامەزراوانەدا بوەستێ‌ كە دەیانەوێت دەوڵەت بكەنە هۆكاری بەرژەوەندی و سوودی ئەم یان ئەو بەشەی كۆمەڵ . ئەمەشی لە كاتێكدا ئەنجامدا كە بیرمەندان و دەسەڵاتداران نەیاندەزانی چۆن رێگە چارەیەك بۆ ئەو پرسە بدۆزنەوە كە نیهادەكانی دەوڵەت بتوانن لەگەڵ بەرژەوەندی گشتیدا سازگاربن ، یان بە چ شێوازێك دەوڵەت بتوانێت دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت پرسە كۆمەڵایەتیەكان و بەتایبەتی هەژاری و نایەكسانی چارەسەر بكات .

2 – دەوڵەت ، كۆمەڵ ، تاك :
خواستی ماركس بۆ تێگەیشتن و شیكردنەوەی سیاسەت هانیدا فەلسەفەی سیاسی و یاسایی هیگڵ قوڵتر بخوێنێتەوە. نووسراوی ( رەخنە لە فەلسەفەی هەقی هیگڵ ) ی ساڵی 1843 نووسی و هەرگیز ئەم كتێبەی تەواو نەكرد ( كە بۆ یەكمجار لە ساڵی 1927 چاپكرا ) بەڵام بەشێك لە ئەندێشەكانی لە نووسراوی ( پرسی یەهود ) و پێشەكی كتێبی ناوبرا‌و بۆ ڕەخنە لە هیگڵ بڵاوكردەوە . ئەم دوو بەرهەمە لە كۆتایی ساڵی 1843 لە گۆڤاری ( بڵاوكراوەی ئەڵمانی – فەرەنسی  ) دا بڵاوكرانەوە . لەوكاتەدا ماركس لەگەڵ ( ئارنۆڵد رۆگە ‌و مۆزز هس  ) ئەم گۆڤارەیان بەڕێوەدەبرد . لە پاییزی هەمان ساڵ لەگەڵ ( جێنی ) هاوسەریدا بەرە‌و پاریس چوون ‌و لەوێ‌ ماركس لەگەڵ ڕێكخراوەكانی سۆسیالیستی كرێكارانی فەرەنسا ‌و ئەڵمانی پەیوەندی دامەزراند .

بەڵام پێشتر لەدوای خوێندنەوەی كتێبی ( سۆسیالیزم ‌و كۆمۆنیزم لەفەرانسەی ئەمڕۆ 1842 ) ی ( لۆرانس فۆن شتاین ) تا ڕادەیەك ئاشنابوو لەگەڵ بانگەشەی كۆمۆنیستی لە فەرەنسا . فۆن شتاین كەسێكی هیگڵی كۆنەپارێز بوو ، بە فەرمانی دەوڵەتی پروس لێكۆڵینەوەی دەكرد دەربارەی بزاڤە سۆسیالیستەكانی كرێكارانی ئەڵمانی لە پاریس ، ئەو دژی سۆسیالیزم بوو ‌و دەوڵەتی بیرۆكراتی چینایەتی بەمەرجی پێویست دەزانی بۆ سازماندانی كۆمەڵ . لەگەڵ ئەوەشدا كتێبەكەی فۆن شتاین زانیاریی فراوانی تێدابوو ، لەناو كۆڕی رادیكالی ئەڵمانەكاندا ناوبانگی پەیداكرد . ماركس لە ڕەخنەی تەواوی خۆی لە هیگڵ ، ئەو بڕوایەی كردە ئامانجی هێرش كە بەها ‌و سەرچاوەی بەدیهێنانی دەوڵەت بە تەواوی سەربەخۆیە لە ئەزموونی تاكەكان . هیگل گوتبووی كاركردەكانی دەوڵەت تەنها بەشێوەی ڕێكەوت پەیوەندییان بە تاكەوە هەیە ، لەكاتێكدا ( بڕوای ماركس وابوو ) ئەم پەیوەندی‌و پابەندبوونە بنەڕەتیە ‌و پەیوەندییەكی جەوهەرییە . هیگڵ كاركردەكانی دەوڵەت تەنها لەناو خودی دەوڵەت ‌و بەدابڕاوی پێناسە دەكات‌و تاكەكان بە ئەنتی تێزی ئەو كاركردانە دەزانێ‌ . بەڵام ڕاستیەكەی ئەوەیە كە ( هەروەكو ماركس دەڵێ‌ ) : جەوهەری مرۆڤ تەنها خوێن ‌و ڕەگوڕیشە ‌و سروشتی جەستەیی ئەونیە ، بەڵكو لە سروشتە كۆمەڵایەتیەكەیدایە ، كاركردەكانی دەوڵەتیش شتێكی زیاتر یان كەمتر نین لە وێنەكانی بوون‌و كاریگەریی تایبەتمەندییە كۆمەڵایەتیەكانی مرۆڤ . بۆیە گونجاو ئەوەیە كە مرۆڤەكان لە ڕوانگەی سروشتی كۆمەڵایەتی نەك دابڕاویان ، بە نوێنەرانی كاركرد‌و مەرجەعیەتی دەوڵەت بزانین .

پرسێكی دیكەی ماركس ( بە پەیڕەوی لەفێورباخ ) ئەوەبوو بە هەڵگەڕانەوەی پەیوەندی خود ‌و بابەت ، فەلسەفەی هیگڵی دایە بەر ڕەخنە‌و وتی : لەم فەلسەفەیەدا ، مرۆڤەكان كە بابەتە واقعی ‌و ڕاستەقینەكانن لە گەوهەرێكی گشتیەوە كراون بەو خودانەی شتەكانیان هەڵگرتووە . لە ڕاستیدا ، هەموو ئەوانەی كە پرسی گشتین بە تەواویبەشێكن لە سیفاتەكانی بوونی مرۆڤ ، ‌و بابەتی ڕاستەقینەی بەردەوام ‌و بێ‌ كۆتایین . لەلای هیگڵ ، مرۆڤ شێوەی لاوەكی ‌و زهنی بوونی دەوڵەتە ، لە كاتێكدا دەبێ‌ ( دیموكراسی لە مرۆڤەوە پەیدابێت ‌و دەوڵەت دەكات بەمرۆڤی بابەتی كراو . هەروەكو چۆن ئایین مرۆڤی دروست نەكردووە ، بەڵكو مرۆڤ ئایینی دروستكردووە ، یاسای بنەڕەتیش (( دەستوور )) مرۆڤی دروست نەكردووە ، بەڵكو مرۆڤ یاسای دروست كردووە . ) ماركس تێدەكۆشێ‌ هەموو نیهادە سیاسیەكان لە مەیدانی تێوریدا بگۆڕێت كە سەرچاوەكەیان لە مرۆڤەوە پەیدا دەبێت . لە هەمان كاتیشدا  دەخوازێ‌ دەوڵەتی واقعی ‌و ڕاستەقینە بكاتە پابەندی نیازەكانی مرۆڤ ، ‌و لە هەوڵی ئەوەدایە بیسەلمێنێ‌ كە دەوڵەت جگە لە كاركردەكانی بۆ خزمەتی مرۆڤ هیچ بەهایەكی سەربەخۆی نیە . بەشێوازێكی ڕۆشنتر ، ماركس دەیەوێت سروشتی لەخۆ نامۆ بوون لە نیهادە سیاسیەكان بكاتەوە . تەنها دەوڵەتێك ڕاستەقینەیە كە شێوازێك بێت لە كۆمەڵگای خۆی ‌و لە دەرەوە نەسەپێنرابێت ‌و تەنها ئەو دەوڵەتە سروشتی دەوڵەتی دەبێت . دەوڵەتی نادیموكرات لە بنەمادا دەوڵەت نیە .

هیگڵ كەلێنی نێوان دەوڵەت ‌و مرۆڤ  نەمر دەكات ، چونكە لە جیاتی ئەوەی كۆمەڵ بە ئاكام گەیاندنی كەسایەتی ( مرۆڤ ) بزانێ‌ ، دەیكاتە ئەو ئامانجەی كە دەوڵەت كاریگەریی لەسەر ئەو دەبێ‌ . مرۆڤی ئاسایی واقعیەتی گرنگ ‌و بەهرەی دەوڵەتە ، بەڵام دروستكراوی دەوڵەت نیە . بەبڕوای هیگڵ تاكەكان نین كە لە ئامانجی هاوبەشدا بابەتی بوون پەیدادەكەن ، بەڵكو خودی ئامانجی هاوبەش ، نەك مرۆڤ ، دەكات بە بابەت . تاكەكان پێویستیان بە ئامانجی هاوبەش بەناونیشانی ئامانجی ڕاستەقینە نیە ، بەڵكو ئامانجی هاوبەش بە ناونیشانی بوونی دەرەكی پێویستی بە تاكەكان هەیە . كار یان پرسی ئامانجی هاوبەش لە هەمان كاتدا ئەوەیە كە بەشێوەی تاك یان لەناو تاكەكاندا بوونی خۆی پەیدا بكات . ئامانجی ئەم ڕەخنانە ئەوە  ڕۆشن  دەكەنەوە : ئەگەر مرۆڤەكان تەنها (( توخمەكان )) یان قۆناغەكانی ئاڵوگۆڕی جەوهەری گشتی بن ‌و ئەم جەوهەرەش لە ڕێگای ئەوانەوە دەستی بگات بەشێوازی فراوانی بوون ، سەرئەنجام ئەوان تەنها دەبن بەئامراز لە دەستی جەوهەری گشتیدا ‌و بەهای سەربەخۆیان نابێت .

فەلسەفەی هیگڵ پشتیوانی ئەو وەهمەش دەكات كە گوایە دەوڵەت ، بەمانای تایبەتی دەوڵەت ، بەرجەستەبوونی بەرژەوەندییە گشتییەكانە ، بەڵام ئەم داوەرییە تەنها كاتێك ڕاست دەبێت كە تیایدا بەرژەوەندی گشتی بەتەواوی لە بەرژەوەندی ‌و نیازەكانی مرۆڤە واقعیەكان بێگانە نەكرابن . ئەم پرسە پەیوەندی نزیكی هەیە بەبیرۆكراسی دەوڵەتەوە  . هیگڵ دەڵێت : رۆحی دەوڵەت ‌و باڵابوونی بەسەر بەرژەوەندییە تایبەتیەكان بە ئاگاداری بەرپرسانی دەوڵەت دێتەدی ،
چونكە ئەم بەرپرسانە بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆیان لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی دەوڵەت بەیەكسان دەبینن ‌و سەرئەنجام وەكو بنهادی دەوڵەت سەنتێزێك لە نێوان بەرژەوەندیی گشتی ‌و بەرژەوەندی بەش ‌و یەكە لاوەكیەكان دەهێننە دی . بەبڕوای ماركس ئەمانە لە فریودان زیاترنین ‌و ڕەنگدانەوەی ئایدیۆلۆژیای بیرۆكراسی پرۆسیایە لە ئەندێشەی هیگڵدا . ئەو بیرۆكراسیەی كە دەخوازێ‌ پەسەندی بكات ئەوەیە كە وەكو باڵاترین بەرژەوەندیی گشتی بەرجەستەی دەكات .  پێچەوانەی ئەم بڕوا فریودەرە ئەوەیە كە : هەر كاتێك بیرۆكراسی بكرێتە بنەما ، واتە هەر كاتێك بەرژەوەندی گشتی دەوڵەت ماهیەتی سەربەخۆ ‌و واقعی ‌و دابڕا‌و پەیدا بكات ، ئەو كاتە نەیاری بیرۆكراسی لەگەڵ یەكە ڕشتەیی ‌و كۆمەڵایەتییەكانی بەتەواوی دەبێتە نەیاری هەر ئەنجامێك لەگەڵ دەستپێكەكانی خۆی … ئامانجی دەوڵەتی ڕاستەقینە ئەوەنیە هەر هاووڵاتیەك بەشێوەیەك خۆی بداتە دەست ئامانجی گشتی كە گوایە بەدیهێنەری ئامانجە تایبەتییەكانە ، بەڵكو ئامانجی دەوڵەتی ڕاستەقینە ئەوەیە كە ئامانجی گشتی بەڕاستی گشتی بێت ، واتە پرسی تاكە تاكەی مرۆڤەكان كۆبكاتەوە .

هیگڵ لەنێوان دوو مەیدانی ژیانی هاوچەرخ جیاكاری دەكات ، لەنێوان كۆمەڵی مەدەنی ‌و دەوڵەتی سیاسی . لەم دابەشكارییەدا ، كە تاڕادەیەك ماركسیش پەسەندی كردووە ، كۆمەڵی مەدەنی بریتیە لە گشتی بوون یان كۆكردنەوەی جیاوازی ‌و فرەییەكانی بەرژەوەندی گشتی ‌و تاك – واتە ژیانی ئەزموونی ‌و ڕۆژانە لەگەڵ تەواوی كێشە ‌و ناكۆكیەكانی  ، كە دەبێتە ئەو مەیدانەی كە تیایدا هەر تاكێك ژیانی ڕۆژانەی خۆی بەڕێوە دەبات ‌و لە هەمان كاتیشدا وەكو هاووڵاتیەك بەشدارە لە سازمانی دەوڵەتدا . ماركس لەم زەمینەیەدا ڕەخنەی توند لە هیگڵ دەگرێت ‌و دەڵێت : جیاكردنەوەی ئەم دوو مەیدانە دروستە ، بەڵام نابێت سەنتێزێك لە نێوانیان دروست بكرێت یان وێنابكرێت . دەوڵەت بەشێوازێكی ئێستای نێوەندكاری بەرژەوەندییە تایبەتەكان نیە ، بەڵكو ئامڕازی شێوازێكی دیاریكراوی ئەم بەرژەوەندییانەیە . هەر وەكو دەڵێت مرۆڤ وەكو هاووڵاتی بەتەواوی جیاوازە لەو مرۆڤەی كە كەسایەتیەكی  تایبەتە ، تەنها ئەو كەسایەتیە تایبەتە كە پەیوەندی بە كۆمەڵی مەدەنی هەیە ‌و بەهرەمەندە لە بوونی بابەتی ‌و ڕاستەقینە . مرۆڤ    وەكو هاووڵاتی بەشێكە لە دروستكراوێكی دابڕا‌و كە واقعیەتە دیارەكەی شاراوەیە یان خاوەن ڕازی نهێنیە . ئەم ڕازدارییە لە سەدەكانی ناوەڕاست بوونی نەبوو : لەو ڕۆژگارانەدا جیاكاریی ڕشتە كۆمەڵایەتیە نایابەكان لە خەڵك لە هەمان كاتدا جیاكارییەكی سیاسی ڕاستەوخۆش بوو ، واتە شێوە سازبوونی كۆمەڵایەتی ‌و مەدەنی لەگەڵ دابەش بوونی سیاسیدا پێكەوە ڕوویاندا یان پێویست بوون بۆ یەك . كۆمەڵە مۆدێرنەكان گرنگی سیاسی دابەشكردنی چینە نایابەكانی نەهێشت یان ئاڵوگۆڕی پێكردن ، بەڵام دوالیزمێكی هێنایەدی كە كاریگەریی لەسەر مرۆڤ دانا ‌و لە دەرونی هەر مرۆڤێكدا لە نێوان نەخشی هاووڵاتی ‌و نەخشی كەسایەتی  تایبەتی دابڕان دروست دەكات . بێگومان ماركس بە وەسفی ئەم ناكۆكیە وازی نەهێناوە ، بەڵكو لە هەوڵی ئەوەدابووە سەرچاوەكەی ئاشكرا بكات .

    3 – ئەندێشەی ڕزگاربوونی كۆمەڵایەتی :
ماركس لە نووسراوی (( پرسی یەهود )) ئەم دوورنمایە زیاتر ئاشكرا دەكات ‌و وەكو باس ‌و بەرنامەی كردەیی دووبارەی دەكاتەوە . ئەم باسە لە ئەنجامی ڕەخنەكانی خۆی لە برۆنۆ باور خستەڕوو  ، لەم زەمینەیەدا ئەندێشەكانی خۆی دەربارەی ڕزگار بوونی مرۆیی لە ڕزگاری سیاسی جیادەكاتەوە . ماركس دەڵێ‌ ، برۆنۆ باور پرسە كۆمەڵایەتیەكان دەگۆڕێت بۆ پرسە ئیلاهیەكان ، ئەو ڕزگاربوونی ئایینی بەپێشمەرجی سەرەكی بۆ ڕزگاریی سیاسی دەزانێ‌ ‌و ئامانجی ئەو تەنها بڕیاردانە بۆ ڕزگار كردنی دەوڵەت لە ئایین یان نەهێشتنی ئایین . بەڵام ماركس لە نەیاریی ئەم بۆچوونەدا دەڵێت : سنووردارییە ئایینیەكان هۆكاری سنووردارییە نەریتی ‌و ڕەسمیەكان نین ، بەڵكو تەنها یەكێكن لە ڕوخسارەكانی ئەو سنوورداری ‌و نەبوونی مافانە . ئازادكردنی دەوڵەت لە سنوورداری ئایینی ، مرۆڤ لە خراپەی ڕێگرییەكان ئازاد ناكات  . لەوانەیە دەوڵەت خۆی لە كۆت ‌و بەندی ڕێگرە ئایینیەكان  ڕزگار  بكات ‌و بەڵام زۆرینەی كۆمەڵ لە ئەسیری سنووردارییەكاندا بهێڵێتەوە . هەروەها لەوانەیە دەوڵەت كاریگەرییەكانی خاوەندارێتی بۆ دەنگدان نەهێڵێت ، لەوانەیە دەوڵەت بڵێت پایەی كۆمەڵایەتی ‌و خێزانی كەسەكان گرنگی سیاسیان نیە ، بەڵام ئەم سیاسەت ‌و هەنگاوانە دەبنە زەمینە ‌و هۆكاری ئەوەی كە چیدی خاوەندارێتی تایبەتی ، پایەی كۆمەڵایەتی ‌و خێزانی یان ئایینی كاریگەری ‌و ئەنجامیان نابێت . بە كورتی ، هەرچەند ڕزگاریی سیاسی یان ئازادی لە هەندیك پرسی سیاسیدا بەهادار ‌و كاریگەرن ، بەڵام هاوكات ‌و  هاوئاهەنگ نین لەگەڵ رزگاری ‌وئازادی مرۆیی ،چونكە كەلێنی نێوان كۆمەڵی مەدەنی ‌و دەوڵەت وەكو خۆی بەهێز دەمێنێتەوە . لە كۆمەڵی مەدەنی ، مرۆڤ خەریكی ژیانی واقعی ‌و تایبەتی ‌و خۆپەرستانەی خۆیانن ، گۆشەگیرن ‌و ( ژیانیان ) پڕە لە بەرژەوەندی ناكۆك ‌و دژ  ، بەڵام دەوڵەت مەیدانی ژیانی گشتی بۆ خەڵك فەراهەم دەكات ‌و ئەم كۆمەڵایەتی ‌و گشتی بوونە پڕە لە وەهم . ئامانجی ڕزگاریی مرۆیی ئەوەیە كە سروشتی گشتی ‌و چۆنایەتی ژیانی مرۆڤ لەگەڵ هەلومەرجەكانی ژیان ‌و ژیانی تایبەتی تاكەكان یەكسان بن . ئامانج لەوەدایە كۆمەڵگا لەم ڕێگایەوە سروشتی كۆمەڵایەتی پەیدا بكات ‌و لەگەڵ ژیانی دەوڵەتدا بیانكات بەیەك . بەبڕوای ماركس برۆنۆ باور نەیتوانیوە بڕواتە ناو قووڵایی سەرچاوەی واقعی ‌و ڕاستەقینەی دژایەتی ‌و نەیاریی نێوان تاك ‌و ژیانی گشتی ، ئەو تەنها لە بەرانبەر بەرجەستەبوونی ئایینی ئەم دژایەتیە خەبات دەكات .

ئازادی دڵخوازی ئەو ئازادی مۆناد ، هەستی تەنها ژیانە وەكو ڕاگەیاندنی مافەكانی مرۆڤ ، ئازادی لەلای ئەو لەسەر ئەو سنووردارییانە بونیادكراوە كە هەركەسێك بۆ خۆی پەسەندی كردووە ( ئازادی ئەوانی دیكە سنووری ئازادی من دیاری دەكات )  . بە لەبەر چاو گرنتی جودایی  ( كۆمەڵی مەدەنی لە دەوڵەت ) دەبێت بڵێین دەوڵەت بە نەهێشتنی سروشتی خود پەروەری كۆمەكی ژیانی تایبەتی ناكات  ، بەڵكو تەنها چوارچێوەی یاسایی ئەم ژیانە فەراهەم دەكات . شۆڕشی سیاسی خەڵك لە حكومەتی دارایی ‌و ئایین ڕزگار ناكات ، بەڵكو تەنها مرۆڤ دەباتەوە سەر خاوەندارێتی ‌و مافی هەبوونی باوەڕی ئایینی تایبەت . سەرئەنجام ڕزگاریی سیاسی دابەشبوونی دوالیزمی مرۆڤ دەسەلمێنێ‌ . (( مرۆڤی ڕاستەقینە دەبێت هاووڵاتی دابڕاو سەرلەنوێ‌ بانگ بكاتەوە بۆ دەرونی خۆی ، مرۆڤی ڕاستەقینە دەبێت لە ژیانی تایبەتی ‌و پەیوەندی ‌و كاری تاكانەی خۆیدا ، بەرە‌و بوونێكی چۆنایەتی ( Species – being ) بگۆڕێت ، مرۆڤ دەبێت هێزەكانی خۆی بە هێزی كۆمەڵایەتی بزانێت ‌و ئەم هێزانەش سازمان بدات ، چیدی نابێت خۆی بەشێوەی هێزی سیاسی لە هێزە كۆمەڵایەتیەكان جیابكاتەوە . ڕزگاریی مرۆڤ كاتێك بە ئاكام دەگات كە ئەم ئامانجە بهێنێتەدی))
ماركس بیروڕایەكی دیكەش دەهێنێتەدی كە بەهۆیەوە توانی لە مەیدانی سیاسیدا ، لە بەرنامەی سیاسی ‌و كۆماریخوازی ‌و دژەفیۆداڵی ‌و هیگڵیە لاوەكان فراوانتر بڕوات ‌و ئەو گۆڕانە كۆمەڵایەتیە بكاتە ئامانج كە دژایەتی نێوان ژیانی تایبەتی ‌و سیاسی لەنێوببات . لە دیدگای فەلسەفیدا ، پایەی ئەم دیدە هەمان بیری ئەو مرۆڤە كۆمەڵایەتیە بوو كە لە نەیاری دەرونی نێوان بەرژەوەندی گشتی ‌و كۆمەڵایەتی فراوانتر هەنگاو دەنێت . دیدی فراوانتری ماركس بۆ مرۆڤایەتی شتێكی قوڵتر ‌و  فراوانترە لە دیدگا ‌و ڕێبازی فێورباخ ، چونكە لەلای ئەو ڕازداریی ئایینی تەنها یەكێكە لە جیلوەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی نەك ڕەگوڕیشەی كۆمەڵ . ماركس پێچەوانەی فێورباخ ، مرۆڤ لە دیدگای سروشت باوەڕی شیناكاتەوە ، بڕوای بەوە نییە كە ئەگەر تەنها لە خۆنامۆبوونی ئایینی نەمێنێ‌ ، ئیدی مرۆڤ دەگەڕێنەوە بۆ ڕێسای یارمەتی ‌و هاوكاری ‌و ئەم رێسایەش بەنیازی هاوئاهەنگی دەرونی خۆی بەسەر كۆمەڵگادا پەخش دەبێتەوە . بەپێچەوانەوە ، بەبڕوای ماركس ڕزگاریی مرۆڤ بەشێوەی تەواو مرۆڤایەتی ئەو ڕزگارییەیە كە یەكسان بوونی ژیانی تایبەتی ‌و گشتی ‌و یەكبوونی مەیدانە سیاسی ‌و كۆمەڵایەتییەكان تیایدا مەیسەر دەبێت . بەبڕوای ئەو ، هەر كاتێك تاك هۆشیارانە كۆمەڵ بخاتەوە ناوخۆی ، ‌و هەموو مرۆڤەكانیش بزانن كە كۆمەڵ لەسەر شانی ئەوان ڕاوەستاوە ، ئەوكاتە مرۆڤیش سەرلەنوێ‌ خۆی بەدەست دەهێنێتەوە ‌و دەگەڕێتەوە بۆ خۆیی بوون ‌و تایبەتمەندێتی خۆی  .

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ، ئەو ڕوانگە‌و دیدگایەی كە ماركس لە ڕەخنەی فەلسەفەی هیگڵدا ‌و لە پرسی یەهودا نەخشاندبووی تا ئەندازەیەك یۆتۆپیایەكی دڵبەند بوو ( واتە بەشێك بوو لە چەمكی یۆتۆپیا كە پاشان خودی ماركس ڕەخنەی لێگرت . ) چونكە ئەو تەنها ڕەوشی واقعی دوالیزم ‌و جیابوونەوەی مرۆڤ لە بەرانبەر ئەو یەكبوونە خەیاڵی ‌و دڵخوازە دانابوو كە بەشێوەیەكی دابڕاوی سەخت وێناكرابوو . ئەم پرسە هێشتا جێگای باسوخواسە ، كە ئەم یەكبوون ‌و یەكسانیە بەوردی ‌و زیرەكی لە كام ڕێگا ‌و لەلایەن كام هێزانەوە دەهێنرێتە دی .

4-  ڕزگاری مرۆڤ ‌و سۆسیالیزم :
نامەی ماركس بۆ ئارنۆڵد رۆگە لە سپتامبری 1843 بە یەكێك لە پرسە گرنگەكانی  ماركس دادەنرێت ‌و لەوێدا بیروڕای تایبەت بە شۆڕرش ‌و ڕزگاری مرۆیی تیدایە‌و كە :
(( دەبێت لەناو بنەماكانی خودی جیهاندا ، بنەمای نوێ‌ بۆ جیهان پەیدابكەین . دەبێت بە جیهان نەڵێین دەست لە خەباتی بێهودەت هەڵبگرە ، بەڵكو دەبێت شتێكی بدەینێ‌ كە تێكۆشان لەپێناویدا بەهادارە ! ڕێگا بدەن تەنها ئەوە بە دونیا نیشان بدەین كە بۆچی دەجەنگێ‌ ، ئەو ئامانجە چییە كە جیهان بیەوێ‌ یان نەیەوێت ، دەبێت بیزانێت . ریفۆرمی هۆشیاری تەنها لەوەدایە كە جیهان  لە ئاگایی خۆی تێبگات ، دەبێت بێداری بكەینەوە لەو  خەونە ناڕۆشنانەی كە بەخۆیەوە دەیبینێ‌ ‌و چالاكی واقعی نیشان بدەین … ئێستا كات زوو نیە كە جیهان دەربارەی خەونەكانی خۆی  بدوێ‌ ، دەبێت ئەو خەونانە بێنەدی  . ) )

ماركس دەیەوێت نەخش ‌و كاریگەری مەزنی بیداركردنەوەی ئاگایی نیشان بدات ‌و تەنها ئەوەشی نەدەویست كە زیاتر لە هیگڵیە لاوەكان ‌و پەیڕەوانی فێورباخ ‌و زۆربەی نووسەرانی سۆسیالیستی دەیەكانی سی ‌و چلی سەدەی نۆزدە پێشتر بكەوێت ، بەڵكو دەیخواست ئامانجی گۆڕان ‌و ڕزگاریی مرۆیی بكاتە بنەمای بیركردنەوەی فەلسەفی ‌و سیاسی . بەبڕوای ماركس هۆشیاری ریفۆرم كراو مەرجی بنەڕەتییە بۆ گۆڕانی كۆمەڵایەتی ، چونكە ئەم شێوازەی هۆشیاری  ئەو شتانەی كە هێشتا نهێنی ‌و شاراوەن ئاشكرا دەكات ، یان دەتوانێت ئاشكرایان بكات . ئەم هۆشیارییە ئەو پرسانەی كە هەمیشە ئامانجی ڕاستینەی بزاڤە ڕزگاریخوازەكان بوون شێوازی ناسراویان پێدەبەخشی ‌و هەربۆیە مەیلی ناخودئاگای مێژوویی دەگۆڕێت بۆ ڕێبازی ئاگاهانە ، ڕەوتی بابەتی دەگۆڕێت بۆ كرداری خوازراو ‌و ویستراو . ئەمانە بنەمای ئەو پرسانە بوون كە ماركس دواتر بە سۆسیالیزمی زانستی ناساندی ‌و لەبەرانبەر سۆسیالیزمی یۆتۆپی ڕایگەیاندن . ئەو كاتەی ماركس شۆڕش بە ئەنجامی هۆشیاربوونەوەی مرۆڤەكان لەمانای ڕەفتاری  خۆیان دەزانێ‌ ، لە ڕاستیدا دەرباز دەبێت لەبیروڕای یۆتۆپی سۆسیالیستەكانی هاوسەردەمی خۆی ‌و ڕوو وەردەگێڕێ‌ لە دوالیزمی فیختەیی نێوان تەكلیف ‌و واقعیەت كە هیگڵیە لاوەكان بڕوایان پێبوو .

ماركس لە ( پێشەكی ڕەخنە لە فەلسەفەی هەقی هیگڵ ) دا ئەم ئامانجەش دەخاتە ڕوو ، لە هەمان كاتیشدا بەتوندی نەیاری بەرانبەر ڕەخنەی فیورباخ لە ئایین دەنوێنێ‌ . ماركس ئەوەی پەسەند كرد كە مرۆڤ دروستكاری ئایینە ، بەڵام دەیوت : مرۆڤ بریتییە لە جیهانی مرۆڤ ‌و كۆمەڵ ‌و دەوڵەت . خودی دەوڵەت ‌و كۆمەڵ مامەڵەی شێواوی ئایین دەربارەی جیهان دروست دەكەن ، چونكە خۆیان جیهانێكی هەڵگەڕاوەن . ئایین … هێنانەدی ‌و سەلماندنی خەیاڵیە بۆ مرۆڤ ، چونكە مرۆڤ واقعیەتی ڕاستەقینەی نیە یان لێی بێبەشكراوە . خەبات بەرانبەر ئایین بەشێوەی ناڕاستەوخۆ خەباتە بەرانبەر جیهانێك كە بۆن‌و بەرامە مەینەوییەكەی ئایینە … ئایین ئەفیونی مرۆڤەكانە . بەختەوەری ڕاستەقینەی مرۆڤ پێویستی بە نابودی ئایینە ، چونكە ئایین بەختەوەری خەیاڵی ئەوانە ، نەك بەختەوەری ڕاستەقینە . بۆیە كاتێك دەمانەوێت ئەوان لە كۆت‌وبەندی وەهم ‌و درۆكانی خۆیان دەربارەی هەلومەرجەكانی ( ژیانیان ) ڕزگاربن  ، لەڕاستیدا دەبێت داوای ئەوەیان لێبكەین لەكۆتی ئەو هەلومەرجانە ڕزگاربن كە ئەو درۆ ‌و وەهمانەیان هێناوەتەدی … كاتێك پەردە لەسەر شێوازی پیرۆزكراوی لەخۆبێگانەبوونی مرۆڤ هەڵدەدەینەوە ، ئەوكاتە یەكەمین ئەركی فەلسەفی لە خزمەتی مێژوودا ئەنجام دەدەین ، كە ئەویش پەردە هەڵماڵینە لەسەر شێوازە ناپیرۆزەكانی لەخۆ نامۆبوونی مرۆڤ . سەرئەنجام ڕەخنە لە مەلەكوت دادەبەزێ‌ بۆ ڕەخنە لە ناسوت ، ڕەخنەی ئایین بەرە ‌و ڕەخنە لە یاسا ‌و ڕەخنە لە ئیلاهیات بەرە ‌و ڕەخنەی سیاسەت دەگۆڕێ‌ .

 سەبارەت بە چەكی ڕەخنە ماركس دەیەوێت ڕێبازی ڕەخنەیی ‌و فەلسەفی خۆی ڕۆشنتر بكاتەوە : چەكی ڕەخنە بە هیچ شێوەیەك لە جیاتی ڕەخنەی چەك بەكارنایەت ، تەنها بەهێزی ماتریالی دەتوانرێت بەرانبەر هێزە ماتریالیەكان ڕاوەستین . بەڵام تیۆری لەدوای ئەوەی خەڵك كۆدەكاتەوە ، دەبێتە هێزێكی مادی . تیۆری ئەو كاتە بەم شێوەیە دەبێت كە هۆكار‌و بەڵگەكانی ڕیشەیی بن ، كە رادیكال دەبێت . رادیكال بوون ئەوەیە كە شتەكان لە ڕەگوڕیشەوە بناسین ، بۆ مرۆڤ ڕەگو ڕیشە هەر خودی مرۆڤە .

نابودی شێوەیەكی تایبەتی لە ستەم دەبێت بەمانای نابودی هەموو ستەمەكان بێت ، كە ئەویش ڕزگاربوونی هەموو مرۆڤایەتیە . بۆ ئەم مەبەستە ماركس ئەندێشەی ( تایبەتی خۆی ) دەربارەی سۆسیالیزم شێوەساز كردبوو ، دەڵێت :
(( سۆسیالیزم ئەوە نییە كە شێوازێكی ژیانی سیاسی بخرێتە جێگای شێوازێكی دیكە ، بەڵكو سۆسیالیزم بریتی یە لە نابودی تەواوی سیاسەت . ) لە وتارەكانی هاوینی ساڵی 1844 ‌و لە گۆڤاری بۆپێشەوە ( فۆرڤارتس ) ی پاریسیدا نووسیبوی : (( بەبێ‌ ڕۆحێكی سیاسی ، شۆڕشی كۆمەڵایەتی مەیسەر نابێت ، بەڵام ڕۆحی كۆمەڵایەتی دەتوانێ‌ ببێت بە شۆرششێكی سیاسی . شۆڕش لە سەرەتادا كارێكی سیاسیە ‌و هێنانەدی سیاسی بەبێ‌ سەرنگون كردنی ڕژێمی كۆن نایەتەدی . بەڵام ، كاتێك رێكخستن ‌و سازمانی سۆسیالیزم دەست پێدەكات ، كاتێك ئامانجی ڕاستەقینە ‌و ڕۆحەكەی ئاشكرا دەبێت ، ئەو كاتە پێستی سیاسی خۆی دادەماڵێ‌ ‌و فڕێی دەدات .))

دەبێت ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ بكەین كە بەپێچەوانەی بروای بەردەوامی نەیارانی ماركس ، بەرنامەی سۆسیالیزمی ئەو هەرگیز ، سەرەتا هەتا ئاكام ، نەهێشتنی تاك باوەڕی ( فردیت ) ‌و هاوئاست كردنی هەمووان نەبووە لە ڕێگای ( بەرژەوەندی گشتی ) . بێگومان ئەم ڕەهەندە لەلای سۆسیالیستەكانی پێش ماركس ‌و یۆتۆپیاكانی سەردەمی ڕۆشنگەریش بە ئیلهام لە نەریتی كۆمۆنیزمی مەسیحی ‌و هەروەها لە نێوان سۆسیالیستەكانی سەدەی نۆزدەش دەبینرا .

بەڵام بەبڕوای ماركس ، سۆسیالیزم مانای ڕزگاری تەواوی تاكە لە ڕێگای نابود كردنی ئەو وەهمە ڕازدارانەی كە ژیانی كۆمەڵایەتی دەگۆڕن بە جیهانێكی بێگانە ‌و لەو جیهانەشدا بیرۆكراسی نامۆ لەسەرتەختی دەسەڵات دانیشتووە . ئامانجی ماركس ئەوەبوو كە مرۆڤەكان بەتەواوی لە سروشتی خۆیان ‌و وەكو بوونێكی كۆمەڵایەتی هۆشیار بكرێنەوە ، ‌و لە هەمان كاتیشدا ، لە شایستەیی هەمان هۆشیاریدا ، بتوانن ئامادەییەكانی خۆیان لە ئەوپەڕی فرەیی ‌و ئاكامیدا ، بەرە ‌و سەركەوتن بەرن . بەكەمگرتن یان گۆڕینی تاك بۆ بوونێكی گشتی هەرگیز لەلای ماركس نەبووە . ماركس خوازیاری كۆمەڵێك بووە كە تیایدا سەرچاوەی هەموو دژایەتیە تاكیەكان لەناو بچێت . بەبڕوای ئەو كاتێك ئەم دژایەتیانە ڕوو دەدەن كە ژیانی سیاسی لە كۆمەڵی مەدەنی جیابكرێتەوە ‌و بەناچاری گۆشەگیری نێوان مرۆڤەكانیش دەردەكەون ، ماركس بڕوای وایە دامەزراوەی خاوەندارێتی تایبەتی بەو مانایە دەبێت كە خەڵك تەنها بتوانن تاكێتی خۆیان لە بەرامبەر كەسانی دیكەدا بپارێزن ( نەك ئازادی ‌و سەروەری خۆیان بپارێزن ! ) .

 هەر لە سەرەتاوە ، ڕەخنەی ماركس لە كۆمەڵی مەوجود تەنها لە چوارچێوەی وێناكردنی جیهانێكی نوێ‌ مانای دەبێت ، لەو جیهانەدا گرنگی كۆمەڵایەتی ژیانی هەر تاكێك بەبێ‌ هیچ نێوەندكارێك لەلای خودی ئەو ڕۆشن ‌و دیارە ، بەڵام تاكێتی ئەو لە لێكچوونی بێ‌ ڕەنگیدا نقوم نابێت پێشمەرجی ئەم ئەندێشەیە لەوەدایە كە ئاشكراكردنی تەواوی تایبەتمەندی نێوان بەرژەوەندی گشتی و تاك پێشبینی كراوەو زەمینە ( خۆپەرستیە ) تایبەتەكانیش لەبەرژەوەندی گشتی و لە یەكێتی رەهادا لەگەڵ گشت لەناوبچن . ماركس بڕوای وابوو ئەو كۆمەڵەی زەمینەو سەرچاوەی هەموو جیاوازی ‌و دژایەتی و توندوتیژییەكانی تیادا لەناو چووە ، نەك تەنها شایانی وێناكردنە ، بەڵكو لە رێبازی مێژوودا لە بەرنامەی كاری رۆژدایە .

5- دیموكراسی : ئازادی سیاسی و ئازادی مرۆڤ :
لە سیستەمی پادشاییدا لەگەڵ مرۆڤی یاسا رووبەرووین ، بەڵام لە دیموكراسی لەگەڵ یاسای مرۆڤ .. هیگڵ ( دیدگای خۆی ) لە دەوڵەتەوە دەست پێدەكات و مرۆڤ دەگۆڕێتەوە بە دەوڵەت لە شێوە زهینیەكەیدا . دیموكراسی لە مرۆڤەوە دەست پێدەكات و دەوڵەت دەكات یان دەگۆڕێت بە مرۆڤی بابەتی بوون یان دەیكات بە بەشێك لە مرۆڤایەتی . هەروەكو چۆن ئایین مرۆڤی دروست نەكردووە ، بەڵكو مرۆڤ دروستكاری ئایینە ، یاساش مرۆڤی دروست نەكردووە ، بەڵكو مرۆڤ یاسای هێناوەتە دی.
ماركس روانگەی خۆی دەربارەی پرسەكانی دیموكراسی دەخاتە روو : بوونی مرۆڤ لە پێناوی یاسادا نیە ، بەڵكو دەبێت یاسا لە پێناوی مرۆڤدا بێت . ( لە دیموكراسیدا ) یاسا یەكێكە لە روخسارەكانی مرۆڤ ، لە كاتێَكدا لە شێوازەكانی دیكەی دەوڵەتدا مرۆڤ یەكێكە لە روخسارەكانی یاسا . تەواوی شێوەكانی دەوڵەت ( جگە لە دیموكراسی ) شێوازی دیار و تایبەتین بۆ دەوڵەت , بەڵام دیموكراسی یەكبوونی راستەقینەی گشتە لەگەڵ خودەكان . روانگەی ماركس دەربارەی دیموكراسی بە ئاشكرا بریتیە لە دیموكراسی راستەقینەو مرۆیی ، نەك كۆماری بۆرژوایی ، هەربۆیەش دەنووسێ‌ : لە دیموكراسیدا ، دەوڵەت وەكو پرسی تایبەتی تاكەكان ، رەوشێكی تەواو تایبەتەو وەكو پرسێكی گشتیش بە ڕاستی رەهەندی گشتی هەیە ، واتە پرسێكی تایبەت و گشتیەو لە ناوەرۆكیشدا جیانین . لەم دواییانەدا فەڕەنسیەكان ( مەبەست لە سان سیمۆن و لایەنگرانی ) ئەم پرسەیان بەم شێوەیە ناساندووە كە لەدیموكراسی ڕاستەقینەدا دەوڵەتی سیاسی نامێنێ‌ ، ئەم پرسە تا ئەو جێگایە دروستە كە دەوڵەتی سیاسی یان هەر پێكهاتەیەكی سیاسی ، دەبێت وەكو پرسێكی گشتی ‌و سەرانسەری چاوی لێنەكرێت .

بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین ئەو كاتەی ماركس دیموكراسی بە فراوانتر ‌و ڕاستتر دەبینی لەكۆماری بۆرژوایی ، بڕوای بەوەنیە كە دەوڵەت دەبێت بەیەكجار نەمێنێ‌ ( وەكو بڕوای ئانارشیستەكان ) ، بەڵكو بڕوای وابوو كە نەمانی شێوەیەكی سیاسی بەرە‌و شێوەی ناسیاسی بەقۆناغ دەبێت ، كە ڕەوەند ‌و ئامانجەكەی دەبێت بە دیاریكردنی چارەنووسی مرۆڤەكان بەدەستی خۆیان . لەو قۆناغەدا دەوڵەتی سیاسی ئازاد بەرە‌و ئەوە دەچێت كە ببێت بە دەوڵەتی بەمانای ڕاستەقینە كە بەڕێگای ئازادی سیاسی ‌و مرۆیی تەواودا بەرە‌و دیموكراسی ڕاستەقینە بچێت . كەواتە دیدگای ماركس بۆ دیموكراسی ڕاستەقینە ، كە بەتەنها شێوازی پێویست بۆ دەوڵەت دەیناسێ‌ ، ئەوەیە كە دیموكراسی دەبێت ئازادی سیاسی ‌و مرۆیی بهێنێتە دی . ئەم شێوازە لەدەوڵەتی ئازاد نێوەندكارێكە لەنێوان مرۆڤ ‌و بەدەست هێنانی ئازادییە مرۆییەكان ، كە لەوێدا مرۆڤەكان دەبێت بەهرەمەند بن لە ئازادییەكان ( مافی سیاسی ‌و مەدەنی ) ‌و لە ئازادییە مرۆییەكانیش ( ئازادی هێز ‌و تواناكانی مرۆڤ لە هێنانەدی ئازادی كۆمەڵایەتی ‌و ئابووری ) . ئەگەرچی ئازادی سیاسی ئومێدی كۆتایی ماركس نیە ، بەڵام لەلای ئە‌و هەنگاوێكی مەزنە بۆ پێشەوە ، كە خۆی دەڵێت : هەرچەند ئەم شێوازە لەئازادی شێوەی كۆتایی ئازادی مرۆڤ نیە ، چونكە هێشتا مرۆڤایەتی لەناو سیستەمی جیهانیدا ئەم ئازادییەی نەهێناوەتەدی  ، بەڵام هەنگاوێكی گرنگە بۆ پێشەوە یان بەرە‌و ئەو ئامانجە .

دەوڵەتی سیاسی ئازاد یان دیموكراسی دڵخوازی ماركس ئەو نێوەندكارەیە كە مرۆڤەكان لەو ڕێگایەوە تەواوی ئامانج ‌و  خەون ‌و ئازادییەكانی خۆیان دەهێننەدی ‌و دەوڵەتی ئازاد بەپێی ماهیەتەكەی بریتی یە لە هێنانەدی ژیانی چۆنایەتی شایستە ‌و بەڕێز بۆ مرۆڤ لەبەرانبەر ژیانی مادی كە ئێستا دەسەڵاتدارە یان دەسەڵاتدار كراوە .  دەوڵەتی دیموكراتیك ، یان دیموكراسی ڕاستەقینە بۆ سەلماندن ‌و هێنانەدی خۆی پێویستی بە ئایین ‌و نەتەوە ‌و چینەكان نیە . بەڵكو ئەوان نادیدە دەگرێت ، بەڵام هەموو ڕەهەندە مرۆییەكانی تاك لەجیاوازییەكاندا شایستە ‌و بەڕێز تەماشا دەكات . سەرئەنجام دەوڵەت دەبێتە نوێنەری ڕاستەقینەی هەموو كۆمەڵ ‌و هەموو بەرژەوەندییەكان . ماركس بە پێچەوانەی هیگڵ كاركردەكانی دەوڵەت بەوە نازانێ‌ كە تەنها بەڕێكەوت پەیوەندی بەتاكەكانەوە هەبێت ، بەڵكو ئەم پەیوەندی ‌و نزیكایەتیە وەكو پرسێكی جەوهەری ‌و پێویست دەناسێنێ‌ . هیگڵ كاركردنەكانی دەوڵەت لەناوخۆی دەوڵەت ‌و بەشێوەی دابڕا‌و ( تەجریدی ) شیدەكاتەوە . بەڵام ماركس مرۆڤ لە ڕوانگەی سروشتی كۆمەڵایەتی نەك تایبەتی بە نوێنەری كاركردەكان ‌و مەرجەعیەتی دەوڵەت دەزانێ‌ . لەلای هیگڵ مرۆڤ شێوە یان كۆپی دووەم ‌و زهنی دەوڵەتە . لەلای ماركس دەوڵەتی دیموكراسی لە مرۆڤەوە دەست پێدەكات ‌و دەوڵەت دەكات یان دەگۆڕێت بە مرۆڤی بابەتی كرا‌و . لەلای ماركس ئامانجی دیموكراسی گۆڕینی سەرلەنوێ‌ ‌و سەرلەبەری دەوڵەتە بە ئامرازێك لە دەستی مرۆڤ ‌و لەپێناوی مرۆڤ ، یان ماركس دەیەوێ‌ سروشتی لەخۆنامۆی نیهادە سیاسیەكان نەهێڵێ‌ . تەنها دەوڵەتێك دەوڵەتە كە ئامانجەكانی مرۆڤ بهێنێتەدی ، دەوڵەتی نادیموكرات لە بنەمادا دەوڵەت نیە . كۆمەڵ ‌و دەوڵەت  لەلای ماركس ، ئەو ژینگەیەیە كە تیایدا مرۆڤەكان دەستیان بە ئازادییە ڕاستەقینەكان بگات ، ژینگەیەكە نایەكسانی ‌و نامۆبوونی مرۆڤ بەرامبەر مرۆڤ ‌و لە ئەنجامدا ستەمی مرۆڤ بۆ مرۆڤ بەڕاستی نەهێڵێ‌ ، نەك تەنها لە بەیان ‌و لە خەیاڵ ‌و لە نووسراوە ڕەسمیەكاندا .

6 – دیموكراسی : ئازادی ، یەكسانی :
لەساڵی 1843 ‌و لە نووسراوی (( پرسی یەهود )) ماركس ئازادی ‌و ڕزگاربوونی سیاسی بە هەنگاوێكی مەزن بۆ پێشەوە دەنرخێنێ‌ ، كە دواهەمین شێوازی ئازادییە لە ناو سیستەمی سەرمایەداریدا ، بەڵام شێوازی كۆتایی نیە بۆ ڕزگاربوونی مرۆیی . بەبێ‌ گرنگیدان بە هەڵوێستی ماركس بەرامبەر دیموكراسی بەمانای كۆمەڵایەتی یان مرۆیی ، ناتوانین گرنگی ‌و مەبەستەكانی ئەندێشەی سیاسی ئەو بناسین ، یەكێك لە گرنگترین ئەو خاڵانەشە كە لاوازیی تیۆری بزاڤی سۆسیالیستی سەردەمی ماركس نیشان دەدات ، كە بەرهەمی دواكەوتوویی بزاڤی كرێكاری سەدەی نۆزدەهەم بوو . خودی پرس ‌و باسەكانی دیموكراسی ، بە مانای ئەمڕۆی ، داوامان لێدەكات لە شێوازەكانی چەمكی ئازادی مرۆیی ‌و سیاسی ‌و دیموكراسی باشتر بیر بكەینەوە ‌و بۆ ئەڵتەرناتیفە جیاوازەكانیش وەڵامەكان ئامادە بكەین . بیروڕاكانی ئەم سەردەمەش بۆ ئازادیی مرۆیی ‌و لە نەیاری بەرانبەر چەمكی لیبرالیزمی نوێ‌ سەبارەت بە دیموكراسی ، جیاوازی بەیان دەكەن . پرسەكانی ئێستای دیموكراسی ‌و هەڵوێستەكانی رەخنە بەرانبەر بە مۆدێرنیزمی سەرمایەداری ماركس بە یەكێك لە ڕەخنەگرانی مۆدێرنیی دەناسێنن ‌و دەبنە زەمینە ‌و هۆكارەكانی پەیدابوونی شێوازی جیاوازی دیموكراسی بەرانبەر گوتاری ڕەسمی ‌و دەسەڵاتداری دیموكراسی سیاسی ‌و دیموكراسی نوێنەرایەتی ئەم سەردەمە .

ئاشنابوون  بە باوەڕی ماركس دەربارەی دیموكراسی ‌و ئازادی مرۆیی توانامان دەكات كە هەڵوێستمان بەرانبەر پەیدابوونی دیموكراسی میللی یان خەڵكی لەسەدەی بیستەمدا ڕۆشنتر بكەینەوە . هەڵبەت تێگەیشتنی لینین ‌و كۆمۆنیزمی ڕوسی ‌و كۆمۆنیزمی چینی لەگەڵ هەڵوێستی ماركس نەك یەكسان نین ، بەڵكو تەواو جیاواز ‌و نەیاریشن . ڕەخنە لە بزافی ناسراو بە ماركسیزم لەسەدەی بیست بەجیا لە چەمك ‌و هەڵوێستی لینین ‌و لینیزم ، كە خراپترین شێواز ‌و  هەڵوێستی نەیار بووە لەگەڵ ماركس ، دەبێتە كارێكی مەحاڵ . سەرئەنجام تێگەیشتن لە چەمكی ماركس بۆ دیموكراسی ‌و ئازادی دەتوانێ‌ باشتر سەرچاوە‌و ڕەسەنی هەژموونگەرایی ‌و لیبرالیزمی نوێ‌ ‌و دیكتاتۆری ، كە بەناوی دیموكراسییەوە كاریان دەكرد ، ڕۆشنتر بكاتەوە  .

ڕەخنەی ماركس لە دیموكراسی سیاسی ( یان وەكو خۆی دەڵێ‌ دیموكراسی بۆرژوایی ) تەنها بەشێك نیە لە بەدبینی ‌و بێزاری سۆسیالیستێكی رادیكاڵ ‌و شۆڕشگێڕ بەرانبەر دەوڵەت ‌و كۆمەڵی بۆرژوایی ، بەڵكو لەوەدایە كە ئەو بۆ ئەم ڕەخنە ‌و نەیارییە بۆچوونی گرنگ ‌و ڕوو لە ئاییندەی هەیە كە دەبێت ئێمە بیزانین . داكۆكیكارانی دیموكراسی سیاسی ، یەكسانی ‌و مافەكانی مرۆڤ وەكو یەكسانی سیاسی ‌و یەكسانی لە ئەندێشەدا دەناسێنن ‌و لەم هەلومەرجەشدا ( یەكسانی هاووڵاتیان بەرانبەر یاسا ) ئەو ئەنجامە بەدەست دەهێنن كە لە كۆمەڵی مۆدێرندا تەواوی هاووڵاتیان یەكسانن . ماركس لەگەڵ ئەم حوكمەی تیۆری لیبرالیزمدا نەبوو ، پەیگیری ئەو بۆ ئەوە بوو كە یەكسانی سیاسی تەنها یەكسانیەكی ڕووكەشە ‌و نابێتە یەكسانی واقعی ‌و ڕاستەقینە ، چونكە لە كۆمەڵی سەرمایەداریدا كە خاوەنی چینە جیاواز ‌و نەیار ‌و دابەشكراوەكانە ، یەكسانی ڕاستەقینە بوونی نیە . لە كۆمەڵی  چینایەتیدا بەشی سەرەكی سامانی كۆمەڵایەتی لە ڕێگای دابەشكردنی كاری كۆمەڵایەتی لە بەردەستی خاوەندارێتی كەمینەدایە ، ئەو كەمینەیەی كارناكەن ‌و زەحمەت ناكێشن ‌و هەموو هۆكارەكانی بەرهەم هێنانیان لەدەستدایە ‌و بەردەوامن لە چەوسانەوەی زۆرینەی كۆمەڵ . لەم كۆمەڵانەدا یەكسانی ڕاستەقینە بەمانای یەكسانی مادی ‌و یەكسانی لەسامان‌و ژیاندا نابینرێن . بەبڕوای ماركس ، دیموكراسی بریتیە لەو كۆمەڵەی كە دەبێت زۆرترین سنوور‌و ژیانی یەكسانی كۆمەڵایەتی تیا بەدەست بێت . خودی ئەو زۆرجار ئەم شێوازە لە دیموكراسی بە دیموكراسی كۆمەڵایەتی ناودەبات . ماركس وەكو ڕۆسۆ ڕەخنەی لە دیموكراسی ناڕاستە‌وخۆ ، یان دیموكراسی نوێنەرایەتیش گرتووە ، چونكە لەم جۆرە دیموكراسیەدا خەڵك ناتوانن بەهرەمەند بن لە دەنگ ‌و نوێنەرایەتی  ڕاستە‌وخۆی خۆیان . ماركس ( لەسەر زمانی ڕۆسۆ ) دەڵێت : من چۆن دەتوانم تەنانەت بۆ كاتێكی سنوورداریش ویستی خۆم بە یەكێكی دیكە بسپێرم ؟ چۆن دەتوانم دڵنیابم بەرانبەر بەهەر بیرو هەڵوێستێكی ئەو نوێنەرانە دەربارەی ئەو پرسانەی كە ئەمڕۆ بۆ من ڕۆشن نین ‌و تەنانەت هەستیان پێناكەم ، كە هەڵوێست ‌و بیری خۆیان نیە ‌و داكۆكیە لەمن ؟

  لەمێژووی دیموكراسیدا یەكێك لەپرسە گرنگەكانی ئەوەبوو كە هەردوو مانای دیموكراسی لەپێش ساڵی 1848 كەساڵی شۆڕشە گرنگەكانی دیموكراسی ‌و ئازادییە لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا ، پەیوەندی نێوان ئازادی ‌و یەكسانی بووە . شێوازی یەكەمی دیموكراسی دڵنیابوون بووە لە ئازادییەكانی تاك ‌و هاووڵاتیان ، ‌و حكومەتی بەرپرسیار بووە لەوەی كە ئازادی مرۆڤ لە مەترسیەكان بپارێزێ‌ . شێوازی دووەمی دیموكراسیش دڵنیابوونەوەیە لە یەكسانی ، ‌و بیرمەندان ‌و شارەزایان ئەو كۆمەڵەیان بەڕاستی بە ئازاد ‌و ئەو حكومەتەیان بە شایستەی ناوی دیموكراتی ناسیوە كە یەكسانی نێوان هاووڵاتیان دابین دەكات ‌و دەیپارێزێ‌ . گوزارشی دووەم بۆ دیموكراسی كەلەناو باڵی چەپی شۆڕشگێڕانی فەرەنسا ‌و پەیڕەوانی بابۆفدا باوبووە ، ڕیشەیان لە ئەندێشەی ڕۆسۆدا بووە ، كە سەرەڕای پەسەندكردنی جیاوازییە سروشتیەكانی نێوان مرۆڤ ، دڵنیاییان لە یەكسانی كۆمەڵایەتی ‌و ئابووری تێوان تاكەكانی كۆمەڵ كردووە .

بەرامبەر چەمكی دووەمی دیموكراسی ، كانت كە بێگومان بەرامبەر بیروڕای رۆسۆ بەهیچ شێوەیەك نەیاریی نەنواندووە ، باسی یەكسانی ‌و ئازادی كردووە ‌و داوەرییەكی نوێی هێناوەتەدی . ئەو دەنووسێ‌ كە بوونی نایەكسانیەكان لەناو خەڵكدا سەرچاوەی دەوڵەمەندی هەموو ئەو شتانەیە كە خراپن ‌و هەروەها هەموو ئەوانەی كە باشن . بەڵام ئەلكسی دوتوكویل لە كتێبی ( دیموكراسی لە ئەمریكا ) دا ، دیموكراسی بەمانا كۆمەڵایەتیەكەی شیدەكاتەوە ‌و لەنێوان یەكسانی كۆمەڵایەتی ‌و دیموكراسی كۆمەڵایەتیدا دیدگاكانی خۆی دەباتە پێشەوە . لەم بارەشەوە ریمۆن ئارۆن نووسیویەتی : (( توكفۆیل زاراوەی دیموكراسی زیاتر بۆ ڕۆشنكردنەوەی شێوازێك لە كۆمەڵ بەكاردەهێنێ‌ نەك شێوازێك لە دەسەڵات … بەبڕوای ئەو دیموكراسی بریتی یە لە یەكسانكردنی هەلومەرجەكانی خەڵك ‌و كۆمەڵ . ئەو كۆمەڵە دیموكراتیكە كە جیاوازییەكانی كار ‌و پیشە ‌و چینەكان تیایدا نامێنن ‌و تەواوی تاكەكان لە باری كۆمەڵایەتیدا یەكسانن ‌و ئەم یەكسانیەش ( بەبڕوای توكفویل ) لەبیروباوەڕدا نیە كەكارێكی مەحاڵە ‌و یەكسانیش نیە لەباری ئابووریدا كە لەلای ئەو زۆر سەختە . یەكسانی كۆمەڵایەتی لەوەدایە كە جیاوازییە میراتی ‌و سروشتیەكان نابێت لەهەلومەرجی كۆمەڵایەتیدا بمێنن ‌و كاریان پێبكرێت ، ‌و هەموو كار‌و پیشەكان ‌و هەموو پلە ‌و شایستەییەكان دەبێت بۆ هەموان یەكسان بن . )) دیدگای بنەڕەتی توكفۆیل لەوەدایە كە یەكسانی كۆمەڵایەتی ‌و حكومەتی دیموكراتی دەبێت پێكەوەبن ‌و هێنانەدی ئەم دوانەش لەچوارچێوەی كۆمەڵی مەوجود ( كۆمەڵی سەرمایەداری ) بە تەواوی دەبێت . توكفۆیل بڕوای بەو مەتەڵە یان نهێنیە نەبوو كە رۆسۆ دەربارەی دیموكراسی باسیدەكرد : لەنێوان یەكسانی سیاسی ‌و هاووڵاتی لەگەڵ یەكسانی كۆمەڵایەتیدا كەلێنێك هەیە .

 ماركس بەخوێندنەوەی نووسینەكانی ڕۆسۆ بەو ئاكامە گەیشتبوو : لە كۆمەڵی بونیادنراو لەسەر بنەمای خاوەندارێتی هەوڵدان بۆ یەكسانی كۆمەڵایەتی بەناچاریی لە یەكەمین قۆناغەكاندا نابێتە هۆی بوون ‌و فراوانكردنی ئازادییەكان . ئەم پرسە لە بیری ماركسدا جێگیربوو ، بەردەوام لە نووسینەكانیدا دەرئەكەوت ‌و هەتا سەرئەنجام لە نووسراوی (( ڕەخنەی بەرنامەی گۆتا )) بەڕۆشنی بەیانیكرد . شكستی سنوورەكانی كۆمەڵی مەوجود ، بەهۆی خەباتی بەردەوام بۆ هێنانەدی ئازادی ، ئەو دەرسە بوو كە ماركس لە ڕۆسۆ فێری بوو ، كە بۆ باسەكەمان زۆر گرنگە . بیركردنەوە لە چەمكی كۆمەڵایەتی دیموكراسی بەرەو نیاز ‌و پێویستی ئەو پرسەمان دەبات ، كە لەبنەڕەوە  ئازادی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیدا كۆناكرێنەوە یان هاوئاهەنگ نین . لەیەكەمین نووسینەكانی  ماركس ، كەچەمكی دیموكراسی بەهەمان مانای دەوڵەت بەكاردەهێنێ‌ ، بۆ نموونە لە نووسراوی (( ڕەخنە لە فەلسەفەی هەقی هیگڵ )) دا دەخوێنینەوە : (( لەسەردەمی مۆدێرندا فەرەنسیەكان لەوە تێگەیشتن كە لە دیموكراسی ڕاستەقینەدا ، دەوڵەتی سیاسی لەناو دەچێت .)) لەڕاستیدا وێنای ماركس هەمان ئەو بۆچوونەیە كە ساڵانی دواتر لە نووسراوەكانی دەربارەی كۆمۆنی پاریس نووسیویەتی : نەمانی دەوڵەت ، پەیدابوونی سەرەتاكان ‌و هەلومەرجە پێویستەكان بۆ هەڵوەشانەوەی خاوەندارێتی تایبەتی ، خاوەندارێتی گشتی هۆكارەكانی بەرهەم هێنان لەلایەن بەرهەم هێنەرانی هاوكار ، فەراهەم دەكات . ئەم هەڵوێستە بەرامبەر دیموكراسی ، كە ماركس پەیڕەوی لە ڕۆسۆ دەكات ، ناكۆكی سەرەكی لە چەمكی دیموكراسیدا بەیان دەكات ‌و باوەڕی بەوەیە هەتا ئەو كاتەی لە زەمینە‌و سەرچاوە واقعیەكانی چالاكی ئابووریی كۆمەڵی مۆدێرندا بونیادی نایەكسانی هەبێت ، ‌و پێشمەرجی پەیوەندییە كۆمەڵایەتی ‌و ئابوورییەكان بێت ، دەوڵەت وەكو هێزێكی هەژمووندار بەسەركۆمەڵدا دەسەڵاتداری دەكات ، بەڵام لە خزمەتی چینە دەوڵەمەند ‌و باڵاكاندا دەبێت ، هەتا ئەو كاتەی كە دەوڵەت بوونی هەبێت ناتوانین باسی یەكسانی سیاسی بكەین . ماركس وەكو ڕۆسۆ بڕوای بەوەیە كە لە كۆمەڵی دامەزرا‌و لەسەر نایەكسانیی خاوەندار ، ئازادی بێ‌ سنوور زیاتر لە خەونێك نابێت ‌و هێنانەدی سەختە . بڕوادارانی ئەم چەمكە ( هەر ئەوەندەی دەسەڵاتیان گرتە دەست  ) ناچار دەبن بەرامبەر ئەو كەسانە بوەستن كە خوازیاری سنوورداركردن ‌و كەمكردنەوەی ئازادی ‌و یەكسانیەكانن ‌و لە كرداردا ئازادی ئەوانیش سنووردار دەكەن .

 ماركس لە ڕەخنەی خۆی بەرانبەر پەیڕەوی هیگڵ بەو ئاكامە گەیشت ‌و تا كۆتایی ژیانیشی هەروا بیری دەكردەوە : هەڵوەشانەوەی خاوەندارێتی تایبەتی بۆ هۆكارەكانی بەرهەم هێنان‌و هەڵوەشانەوەی دەوڵەت دەبنە زەمینەی جێگیربوونی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی نوێ‌ كە بە تەواوی لەگەڵ ڕابردوودا جیاوازە ‌و لەوێدا هەلەكانی یەكسانیی كۆمەڵایەتی بۆ تاكەكان دەڕەخسێن ‌و سەرئەنجام بەدەست هێنانی ئازادی ڕاستەقینە فەراهەم دەبێت . پێش هێنانەدی ئەم ئامانجە ، ماركس دەیەویست بۆ دیموكراسیش هەمان مانای كۆمەڵایەتی لەناو خودی كۆمەڵی چینایەتیدا بەكاربهێنێ‌ . ئەو بەدەست هینانی یەكسانی ئابووری ‌و كۆمەڵایەتی ڕاستەقینەی لە كۆمەڵی سەرمایەداریدا بە مەحاڵ یان نامومكین دەبینی ، یان دەیوت دیموكراسی بەمانا كۆمەڵایەتی ‌و ئابوورییەكەی ، كە مەبەستی یەكسانیە ، لەچوارچێوەی كۆمەڵ ‌و پەیوەندییە كۆمەڵایەتی  ‌و ئابوورییەكانی سەرمایەداریدا نایەتەدی .

سەردەمێك پێش ماركس ، ئادام فێرگسۆن بەڕاشكاوی نووسیبووی : بەهۆی سیستەمی كار لەكارگەكان ‌و هەبوونی ئەو هەموو جیاوازییە ئابووری ‌و كۆمەڵایەتییانە ، ئیدی باسی مرۆڤی ئازاد لە كۆمەڵی مەدەنی هاوچەرخدا شتێكی زیاتر لە گاڵتە نیە . فێرگسۆن لە كتێبی (( مێژووی كۆمەڵی مەدەنی  )) دەنووسێ‌ : (( ئێمە نەتەوەیەكمان لە كۆیلە دروست كردووە ‌و خاوەنی هاووڵاتیانی ئازاد نین )) . ئەم وتەیە بڕوای بیرمەندێكی سۆسیالیست نەبوو ، بەڵكو فەیلەسوفێكی لایەنگری دێڤید هیۆم ‌و جان لۆكە .

ماركس لەدوای شكستی شۆڕشەكانی 1848 ، دیموكراسی بەمانای قۆناغی تێپەڕبوون لەكۆمەڵی سەرمایەداری بۆ كۆمەڵی ئاییندە دەبینی ، ‌و بڕوای بە بوونی دەوڵەتی دیموكراتی بۆرژوایی نەبوو . پێشتریش ئەنگلز لە ساڵی 1845 ‌و لەگوتاری (( نموونەی كوشتارێكی نوێ‌ لە ئەڵمان )) دا نووسیبووی : (( دیموكراسی ‌و كۆمۆنیزم ، هەتا ئەو جێگایەی پەیوەندییان بەچینی كرێكارە هەبێت ، یەك مانایان هەیە  )) . مەبەستی ئەنگلز لە دیموكراسی ، كۆبوونەوەی دەسەڵاتی سیاسیە لەدەستی زۆرینەی خەڵك ، بۆ هێنانەدی ئاڵوگۆڕی كۆمەڵایەتی . (( شۆڕشی دیموكراتی بەتەواوی بەمانای شۆڕشی كۆمەڵایەتی پرۆلیتاریا دێت )) . تەنانەت پارێزەران ‌و داكۆكیكارانی دیموكراسی بۆرژواییش بانگەوازی ئەوە ناكەن كە دیموكراسی بە هەمان مانای یەكسانی تەواوی كۆمەڵایەتی دەبێت ، ‌و ناڵێن كە بەرقەراركردنی ئەم شێوەیە لە ئازادی ‌و یەكسانی سیاسی ‌و ئەم سیستەمە سیاسیەش ، نایەكسانیە ئابووری ‌و كۆمەڵایەتیەكان لەناو دەبەن . هەركاتێك دیموكراسی بەمانای یەكسانی تەواو ‌و ڕەهای تاكەكان بناسین ، یان بەیەكسانی تەواوی كۆمەڵایەتی سەیری بكەین ، ئەو كاتە ناتوانین نكۆلی بكەین كە لە هیچ دەسەڵاتێكی ئێستای دیموكراتدا ‌و لە هیچ ئەزموونێكی دوای ماركس بەدەست نەهاتووە .

  بەڵام هێندەی پەیوەندی بە خەباتی دیموكراتیك یان داكۆكی لە ئازادی هەبێت دیدگا ‌و هەڵوێستی ماركس ئەوەبوو كە دەبێت چینی كرێكار ‌و سۆسیالیستەكان لە ڕیزی پێشەوەی خەباتی دیموكراتی ‌و داكۆكی لە ئازادی خەبات بكەن ‌و پرۆلیتاریا ئەگەر هەمووان ڕزگار ‌و ئازاد نەكات ناتوانێت خۆشی ئازاد بێت . مەرجی دووەمی ساماندان بەم خەباتە بۆ ئازادی ‌و دیموكراسی لەوەدایە كەچینی كرێكار بتوانێت دروشم ‌و ئامانج ‌و ڕێنمای سەربەخۆی خۆی هەبێت ‌و لە دیموكراسی ‌و ئازادی ڕووكەش یان تەنها ( سیاسی ) بۆرژواكان خۆی جیابكاتەوە ‌و بەرەی دیموكراسی ‌و ئازادی بەمانای یەكسانی كۆمەڵایەتی ‌و ئابووری  سازمان بدات ‌و بیباتە پێشەوە . وێڕای ئەوانەش ماركس ئازادی سیاسی ‌و ئەندێشە ‌وبەیان بە بوونی پۆزەتیف یان زەمینەی گونجاوی ئازادی دەناسێنێ‌ ، ‌و  ئازادی بەمەرجی سروشتی پێشكەوتنی كۆمەڵی مرۆڤایەتی دەزانێ‌ .

خەبات بۆ ئاڵوگۆڕی دیموكراسی ‌و ئازادیی سیاسی بەرەو دیموكراسی ‌و ئازادی بەمانای یەكسانی كۆمەڵایەتی و ئابووری یان هەروەكو خودی ماركس دەڵێت  هێنانەدی ئازادی مرۆیی ‌و بەدەست هێنانی مرۆڤایەتییەكی ڕاستەقینە ، لەسەردەمی مەوجود ‌و لە كۆمەڵی سەرمایەداریدا بەوە دەبێت كە زەمینە ‌و ئامرازە سیاسییەكانی بۆرژوای بگۆڕێت بۆ زەمینە ‌و سەرچاوە مرۆییەكانی خەبات بۆ ژیان ‌و ئاییندەیەكی باشتر . ماركس لە ساڵی 1880 ‌و ( لە پێشەكی بەرنامەی پارتی كرێكارانی فەرەنسا)) نووسی  : (( تەرخانكردنی گشتی – ئامرازەكانی بەرهەم هێنان – بۆ پرۆلیتاریا دەبێت لە ڕێگای تەواوی ئەو ئامڕازانەوە بێت كە لەدەستیدایە . لەنێوان ئەم هۆكارانەدا مافی دەنگدانی گشتیە كە دەبێت لە شێوازی هەتا ئێستای ، كە ئامرازی سەركوت‌و فریوی چینی دەسەڵاتدارە ، بگۆڕێت بە ئامرازی ڕزگاریی چینی كرێكار  . )) ‌و تەنانەت باس لەوەش دەكات كە هەلی گەیشتن بە سۆسیالیزم بەسوود وەرگرتن لە ئامرازی یاسایی ‌و ئاشتی خواز ڕەت ناكەنەوە . ئەمەش لە كۆنفرانسی ئەنترناسیۆنالی یەكەمی ساڵی 1872 لە ئەمستردام باسكرد ، لەوێدا ماركس بەڕۆشنی باسی سێ‌ وڵاتی ئەمریكا ، بەریتانیا ‌و هۆڵاند دەكات كە خەباتی یاسایی ‌و ئاشتییانە بۆ كرێكاران ‌و ئەنترناسیۆنال شێوازی سەرەكی خەباتە ، چونكە لەو سێ‌ وڵاتەدا هۆكارەكانی خەباتی ئازادی ‌و سیاسی ‌و ئاشتیانە بەدەست هاتون یان (( فەراهەم كراون ! )) . بەڵام وڵاتانی دیكەی ئەوسا كە ئەم ماف ‌و ئازادییانەی تیا نەبوون ، خەبات ڕێگا ‌و ڕێساكانی دیكەش بەدەست دەهێنێ‌ .

7 – مرۆڤ باوەڕی لەلای ماركس :
رایا دۆنایفسكایا پێش سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی دووەم ، ئەو كاتەی خەریكی سازدانەوەی تیۆری سەرمایەداریی دەوڵەتی بوو وەكو قۆناغێكی نوێی سەرمایەداری جیهانی ، توانی دەست نووسەكانی ماركس كە ئێستا بە ناوی ( دەستنووسە ئابووری ‌و فەلسەفیەكانی 1844 ) ناسراون بخوێنێتەوە . ئەو بەسەختی كەوتە ژێركاریگەریی ئەم نووسینانە‌و یەكەمین كەسیش بوو كە بۆ زمانی ئینگلیزی وەرگێڕا . بەپێچەوانەی زۆرێك لە ماركسیستەكانی ئەو سەردەمە كە بڕوایان وابوو مرۆڤ باوەڕیی تەنها بەشێكە لە نووسینەكانی سەردەمی لاوێتی ماركس ، دۆنایفسكایا ئەم مرۆڤ باوەڕییەی بەپرسی بڕیاردەری تەواوی فەلسەفەی ماركس زانی ‌و هەر لەسەر ئەم بنەمایەش لە  (( كۆمۆنیزمی  )) سەرمایەداری دەوڵەتی جیای كردەوە .

ئێمە لەسەردەمێك دەژین كە (( كۆمۆنیزمی  )) سیاسی ‌و ڕەسمی شكستیان هێناوە ، سەرمایەداری خۆی بە پیرۆز‌و سەركەوتوو دەزانێ‌ ‌و هەندێك لە چەپەكانیش ماركسیزم بە مردوو دەزانن . بەڵام فەلسەفە یان دیدگای مرۆڤ باوەڕی ماركس چرای ڕێنماییە كە دەتوانێ‌ بونیادی ڕژێمە تۆتالتیارەكانی سۆفیەت ‌و چین‌و سەرمایەداری ڕۆژئاواش بخاتە بەر ڕەخنە ‌و بیسەلمێنێ‌ كە ڕەخنەی ماركس لە سەرمایەداری دروستە ‌و ئەو ئەڵتەرناتیفەی ئەو بۆ سەرمایەداری دەیخاتە ڕوو هێشتا زیندووە . گرنگی‌و كاریگەری شیكردنەوەكانی رایا دۆنایفسكایا لە كتێبی ( ماركسیزم ‌و ئازادی  ) كە یەكەم جار لە ساڵی 1958 لە ئەمریكا چاپكرا‌و تا ئێستا چەندین جار چاپ كراوەتە ‌و بە زمانەكانی ژاپۆنی ، فەرەنسی ، ئیتاڵیایی ، ئیسپانیا ‌و چینی چاپكراوە‌و تازەترین چاپیشی لە ساڵی 2000 بە زمانی ئینگلیزی بوو ، كە لەوێدا چەمكە جوان ‌و مرۆڤ باوەڕەكانی ماركس لە دەستنووسەكانی 1844 ‌و گرۆندریسە ‌و بەشی یەكەم‌و دووەمی كتێبی ( سەرمایە ) دەبنە ڕەخنە ‌و ئاستەنگ بۆ سەرمایەداریی دەوڵەتی بەناو كۆمۆنیستی ‌و سەرمایەداری ڕۆژئاوا . ئەو بونیادی دیالەكتیكی ‌و مرۆڤ باوەڕی تەواوی ڕەخنەی ماركس لە ئابووریی سیاسی دەخاتە بەرنامەی كارەوە . ئەوەی كە ماركس بە (( بەرهەم هێنانی بەها  )) یان گۆڕینی كاری زیندووی ( دیاریكرا‌و ) بەكاری مردووی ( موجەرەد _ دابڕاو ) لەڕێگای (( كاتی پێویستی كۆمەڵایەتی كار  )) دەیناسێنێ‌ ، چەمكێك بوو كە ماركس بە (( تایبەتمەندی جیاكەرەوەی  )) سەرمایەداری دەزانێ‌ ‌و دۆنایفسكایا لەوە دڵنیامان دەكاتەوە كە ئەم شێوازەی كار ماهیەتی سەرمایەداری هەر كۆمەڵێك دەسەلمێنێ‌ ، جا ئەو كۆمەڵە خۆی بەسەرمایەداری بزانێ‌ یان نەزانێ‌ . ئێمە لە سەردەمێك دەژین لەلایەك سەرمایەداری خۆی بێ‌ ڕكابەر دەزانێ‌ ‌و لەلایەكی دیكەش ڕژێمی بەرهەم هێنانی بەهاكان بەهۆی كاری لەخۆبێگانەكراو یان ( دابڕاو ) كەبنەماكەی ( كاتی پێویستی كۆمەڵایەتی كارە  ) هەرچی زیاتر‌و خێراتر ئەنجام دەدرێت ، زۆرترین مرۆڤەكانی زەوی بەرەو هەژاری ‌ونامۆبوون بردووە ‌و ژینگەی جیهانیشی خستۆتە بۆسەی نابوودبوونەوە گەڕانەوە بۆ دیدگا‌و وینای ماركس لە سەرمایەداری ‌و ئەو ئەڵتەرناتیفەی كە بەرامبەری دەیخاتەڕوو ، بۆ ئێمە كە شكست‌و نابوودی سەرمایەداری دەوڵەتمان بەناوی كۆمۆنیزمەوە بینی  ، كارێكی گرنگ‌و زیندووە  .

هێربرت ماركیوزەی  فەیلەسوف ‌و بیرمەندی پەیڕەوی فرانكفۆرت ئەو كەسە بوو كە پێشەكی ساڵی 1957 ی بۆ كتێبی ( ماركسیزم ‌و ئازادی  ) نووسی ‌و ڕەنگ بێت ئەو لەو بیرمەندە باشانە بێت كەلەسەر دیدگای مرۆڤ باوەڕی ماركس بڕوای خۆی نووسیبێ‌  : (( زۆر كەس بڕوایان وایە نووسینە فەلسەفییەكانی ماركس كە پێش ڕەخنەكانی بوون لە ئابووری سیاسی ، زەمینەسازی ئابووری ‌و سیاسەتی ماركسی بوون . پاش سەردەمێكی درێژ لە فەرامۆشی یان نەزانین ، ئەم نووسینە فەلسەفییانە لە دەیەی 1920 ‌و بەتایبەتی لەدوای بڵاوبوونەوەی دەقی تەواوی  (( ئایدیۆڵۆژی  ئەڵمانی ) ‌و  (( دەستنووسە ئابووری ‌و فەلسەفییەكان ) كەوتنە مەیدانی باس ‌و گرنگیدان  . لەگەڵ ئەوانەشدا هێشتا یەكسان كردنی ( قۆناغی  ) فەلسەفی لەگەڵ ( قۆناغی  ) ئابووری ‌و سیاسیدا تیۆری ماركسی ڕۆشن نەكردەوە ( ‌و لەوانەشە بەپێی پێویست نەیتوانیبێت ڕۆشنی بكاتەوە ، چونكە گرنگترین بازنەی پەیوەندی نێوان ئەو دوو قۆناغە مانای ( گرۆندریسە  ، بنەماكانی ڕەخنەی ئابووری سیاسی 1857 – 1858 ) كە سەرەتا لە ساڵانی 1939 ‌و 1941 بڵاوبوونەوە ، هێشتا  نادیاربوون . )

   ڕوانگەی مرۆڤ باوەڕی ماركس ( لەدوای سەردەمی ناوبرا‌و ) نەك تەنها ئەوەیان سەلماند كە ئابووری‌و سیاسەتی ماركسی بەتەواوی فەلسەفین ، بەڵكو فەلسەفەش لەسەرتای ئابووری‌و سیاسەتەوە دێت ، یان ڕوانگەی فەلسەفی بۆ مرۆڤ دەكرێتە بەرنامە یان میتۆدی تێگەیشتن لە سیاسەت ‌و ئابووری ماركسی  . تیۆری ماركس لەژێر كاریگەریی دیالەكتیكی مێژوویی دا دەرئەكەوێت ‌و ڕۆشن دەبێتەوە ‌و بەئاكام دەگات ‌و سەرەتاكەشی ناسین ‌و تێگەیشتنی هەلومەرجەكانی كۆمەڵی سەرمایەدارییە . چەمكی ماركس بۆ بونیادنانی فەلسەفی مرۆڤ باوەڕی لەوێوە دەست پێدەكات كە  : كۆمەڵی ئێستا ( سەرمایەداری ) ‌و ( دیموكراسی ) پێشمەرجەكانی بوونێكی مرۆڤانەی ئازاد ‌و عەمڵانی فەراهەم دەكات ، بەڵام بۆ خۆی ڕێگرە لە بەدیهێنانی ئازادی ‌و عەقڵ ، چونكە سوود وەرگرتنی خراپی باو ‌و دەسەڵاتدار لە زاراوەی (( ئازادی  )) ڕێگری سوود وەرگرتنی باشە لەم چەمكە . ماركس بڕوای بەوەیە كە كۆمەڵی سەرمایەداری پێشمەرجەكانی ژیانی بێ‌ ڕەنج ‌و زەحمەت ، هەژاری ، بێدادی ‌و نا ئارامی فەراهەم دەكات و لە هەمان كاتیشدا رەنج و زەحمەت ، هەژاری ، بێدادی و نائاسوودەیی بەردەوام دەكات  .

  ماركس  (( بەهای  )) ئەم ئامانجەی نەخستە ژێر پرسیار‌و گومان ، ئەو (( مرۆڤ باوەڕی  )) وەكو فەلسەفەیەك لەناو فەلسەفەكانی دیكەدا نەخستەڕوو ، بەڵكو بەناونیشانی هەلومەرجی واقعی ‌و مێژوویی یان شێوازێك لە شایستەیی مێژوویی  ‌و مرۆیی كردە ڕێبازی خۆی  : هەلومەرجی كۆمەڵایەتی بۆ هێنانەدی (( تاكی بەهرەمەندی هەمەلایەنە )) لەكاتێكدا دێتە دی كە هەلومەرجەكانی بوونی كۆمەڵایەتی دەسەڵاتدار كە ڕێگرن لەم ئامانجە ، ئاڵووگۆڕیان بەسەردا بێت . ماركس  (( بەها )) ی كۆمەڵی مرۆیی ( سۆسیالیزم ) وەكو ڕێبەری ئەندێشە ‌و كار پەسەند دەكات ، بەو شێوازەی كە بەهای سەلامەتی ‌و تەندروستی دەبنە پێوەرێك یان ڕێنماییەك بۆ دیاریكردنی نەخۆشی ‌و چارەسەركردن . تیۆری ماركسی ، ئابووری سیاسی ‌و سەرمایەداری ( لەناوخۆیدا ‌و بۆ خۆی ) باس شیكردنەوە نەكردووە  ، بەڵكو بەپێی پێوەرێك لە دەرەوەی ئەو ڕژێمە شیدەكاتەوە ، واتە بەپێی ئەو توانا ‌و ئەگەرە مێژووییانە كە دەبنە ئامانجە واقعی ‌و ڕاستەقینەكانی كار‌و خەبات . بیر‌وڕای ماركس وەكو تیۆرێكی ڕەخنەگرانە لەسەرەتاوە هەتا كۆتایی لە دوو ڕەهەندایە : شیكردنەوەی كۆمەڵی ئێستا لە بەرنبەر توانا ‌و هێزە بابەتی ‌و مێژووییەكانی خودی كۆمەڵ . ئەم تایبەتمەندییە دوو ڕەهەندی هەیە ‌و لە یەكێتی نێوان فەلسەفە ‌و ئابووریی سیاسیدا بەرجەستە دەبێت . فەلسەفەی ماركسی ‌و ڕەخنە لە ئابووری سیاسی ( لە ڕووانگەی ئابووریی مرۆڤایەتییەوە ) ‌و هەر یەكێك لە چەمكە ئابوورییەكان بۆ خۆیان چەمكی فەلسەفیشن .. بڕوای ماركس بۆ ئازادی ‌و مرۆڤ باوەڕی نیشانی دەدات هونەری ترین و زیرەكترین شیكردنەوەی ئابووریی ئەو لە رەوتی بەرهەم هێنان و ئاڵوگۆڕی كاڵاییدا بەئەندازەی ڕەخنەی ئەو لە هیگڵ ‌و تێزەكانی دەربارەی فیورباخ بڕوادار ‌و پابەندە بە فەلسەفەی مرۆڤ باوەڕی .

ئایدیای  (( مرۆڤ باوەڕی  )) تەنها خواستگا ‌و ئامانجی تیۆری ماركس نیە ، بەڵكو گەوهەری فەلسەفەكەی ئەوە ‌و ئەوەشمان نیشان دەدا كە توخم‌و پرسە ڕیشەییەكانی ئازادیخوازی ‌و ئانارشیستی ( دژە دەسەڵاتی ) ئەو تیۆرەیە بەئاشكرا دەرئەكەون . سۆسیالیزم خۆی نەك لە ڕزگاری ‌و سازماندانی كاردا دەبینێ‌ ، بەڵكو لە (( هەڵوەشانەوەی  )) یان ڕەتكردنەوەی كاردایە  . تا ئەو كاتەی كە خەباتی مرۆڤ بەرامبەر بە سروشت بەدیهێنەری ڕەنج ‌و ئازار بێت بۆ بەرهەم هێنانی نیازەكانی ژیان ، ئەوەی كە لەم زەمینە ‌و قەڵەمڕەوەدا لەئاكامدا بەدەستدێت ، تەنها ڕێكخستنی كۆمەڵایەتی ‌و ڕاستەقینەی عەقڵانیەتی كارە . لە قۆناغی پیشەسازی پێشكەوتوودا ، جێگیركردنی ئەم پرسە ((تەنها )) یەك پرسی سیاسییە . بەبڕوای ماركس ئەم كێشەیە دەبێت بەشۆڕشێك چارەسەر بكرێت كە ڕەهەندی بەرهەم هێنان بخاتە كۆنترۆڵی گشتی (( بەرهەم هێنەرانی ڕاستەخۆ )) . بەڵام ئەمەش ئازادی نییە ، ئازادی هەمان ئەو ژیانە بێ‌ ڕەنج ‌و ئازار‌و نائارامیەیە : یاریی تواناییەكانی مرۆڤە . بەدەست هێنان ‌و بەئاكام گەیاندنی ئازادی پرسی زەمان ‌و كاتە : كەمكردنەوەی كاتی كاری ڕۆژانە بۆ كەمترین ڕادە كە چەندایەتی دەگۆڕێت بە چۆنایەتی . كۆمەڵی سۆسیالیستی ئەو كۆمەڵەیە كە لەوێدا كاتی ئازاد ‌و نەك كاتی كار دەبێتە پێوەری كۆمەڵایەتی سامان ‌و ڕەهەندی بوونی مرۆڤ ( تاك ) .

 ماركس لە كتێبی گرۆندریسە دا دەڵێت : (( ئابووری ڕاستینە  پاشەكەوت كردن  بریتییە لە دەستگرتنەوە لە كاتی كاردا ، بەڵام ئەم پاشەكەوتە لەگەڵ تەكامولی داهات هێنەردا یەكسانە . لەبەر ئەوە بە دڵنیایی چاوپۆشین نیە لە چێژ ، بەڵكو گەشەی تواناكانی بەرهەمهێنان ‌و بە ئاكام گەیاندنی تواناو هۆكارەكانی چێژ ‌و خۆشی دەبنە پێوەر . توانای بەهرەمەندی بۆ چێژ‌و خۆشی مەرج ‌و پێوەرە بۆ خودی چێژ ‌و خۆشی وەرگرتن ‌و ئەم توانایەش بریتیە لە هەمان گەشە‌و توانایی تاك ‌و داهاتەكان . پاشەكەوتی

كاتی كار بەمانای زیاد بوونی كاتی ئازادە ، واتە ئەو كاتەی بۆ گەشە‌و تەكامولی تاك پێویستە .
مەزنترین هێزی بەرهەم هێنان ئەو هێزەیە كە لەسەر داهاتەكانی كار كاریگەر دەبێت … لەو كاتەدا كار ناتوانێ‌ یان نابێت لەدژایەتی دابێت لەگەڵ كاتی ئازادی تاكەكان – بەپێچەوانەی دیدگای ئابووری ناسانی بۆرژوایی كە بەرهەم ‌و كاتی كار بە دوژمن دەناسن  . بەلای ئەوان كار ناتوانێ‌ ببێت بە شێوازێكی خۆشی … ‌و كاتی ئازاد كە كاتی تایبەتی‌و خۆشیی یە بۆ تاك ‌و چالاكییەكی واڵاترە ، ‌و بەرهەمەكەشی بە بكەری جیاواز ‌و ئازاد ئاڵوگۆڕ دەكات  . ))

ئەمە وێنای كۆمەڵێكە كە  ( كار) ی تاك لەگەڵ كاتی ئازادی ئەودا ناكۆك نین ‌و دەبنە ناونیشانی سەردەمێك كە هەردووكیان ( واتە كار ‌و كات  ) هی تاكن  . لەو سەردەمەدا ڕەوتی بەرهەم هێنانی نیاز ‌و پێویستییەكان لەژێر كۆنترۆڵ ‌و ڕێكخستنی تاكە ئازادەكاندا ، هەلومەرج ‌و هۆكارەكانی بەكارهێنانی ئازادی بەمەبەستی  (( هێنانەدی خۆشی  )) فەراهەم  دەكات  . ئەگەر سۆسیالیزم مەرجدار بێت بە كەمكردنەوەی كاری (( تەواو پێویست )) تا ڕادەی ئەوەی كە پەیوەندی نێوان كاتی كار‌و كاتی ئازاد‌و خۆشییەكانی ژیان گرنگتر‌و باڵاتر دەبن لە كاتی كار‌و دابینكردنی ژیان ‌و ژیانكردن پێچەوانە دەكاتەوە ، واتە كاتی ئازاد ‌و خۆشیەكانی ژیان گرنگتر‌و باڵاتر دەبن لەكاتی كار‌و دابین كردنی ژیان  . لەو كاتەدا سۆسالیزم پێویستی بە بەرهەم هێنانی پیشەسازییەكی پێشڕەوە تا باڵاترین ئاستی تەكنەلۆژی ‌و زانستی ، بۆیە تێگەیشتنی ماركس لە شۆڕشی سۆسیالیستی لە حوكمی ڕووداوی كۆتاییە لە سەرمایەداری پێگەیشتوو . ئەم پەیوەندییەی نێوان سەرمایەداری ‌و پیشەسازی كردنی پێشكەوتوو تەنها یەك پەیوەندیی تەكنیكی – ئابووری نیە  ،  بەڵكو وابەستەیە لەگەڵ پێگەیشتنی ئەو بەشە لە توانا مرۆیییەكان كە دەبنە هۆی گەشەی مرۆڤی ئازاد  ( یان بە دەربڕینی ماركس فرەلایەن )‌و بەتایبەتی دەبنە هۆی گەشەی (( هۆشیاری )) . لە تیۆری ماركسدا زاراوەی ‌و هۆشیاری )) مانای ناوەكی ‌و تایبەتی هەیە كە مرۆڤ والێدەكات ئاگای لە تواناییەكانی كۆمەڵ‌و ڕێگری ‌و سەركوتەكانی ئەو توانا ‌و هێزانە بێت یان ئاگادار بێت لە جیاوازی نێوان بەرژەوەندییە سەربەخۆ ‌و ڕاستەقینەكان .
بەم شێوەیە هۆشیاری دەبێتە ئاگایی شۆڕشگێراِنە كە (( نەفیكردنی دیاریكراوە )) بۆ كۆمەڵگای دەسەڵاتدار ‌و بە مانا تەواوەكەشی  دەبێتە هۆشیاری سۆسیالیستی .

گەشەی هۆشیاری لەم چەمكەدا پێویست بوونی مافە یاساییەكانی مەدەنی ‌و سیاسی وەكو ئازادی ئەندێشە ‌و بەیان ‌و ئازادی كۆبوونەوە‌و ڕێكخراو بوون ، ئازادی چاپەمەنی دەكاتە ئەو نیازە گرنگەی كە كۆمەڵی پێشكەوتووی سەرمایەداری  بتوانێ‌ فەراهەمیان بكات . دڵنیایی ماركس لەسەر تیۆر ‌و ڕێبازی دیموكراسی وەك قۆناغی پێشەكی  ‌و زەمینەی سۆسیالیزم ، ‌و نەك وەكو سەرپۆش یان (( زمانی رەمزی  )) ، و تا ئەو ڕادەیەش گرنگ ‌و شایستەیە وەكو چەمكێكی بونیادی كە جیاوازی نێوان دیموكراسی (( بۆرژوایی )) ‌و دیموكراسی سۆسیالیستی لە گرنگی ئەم تیۆرە كەمنابێتەوە  .

دیالەكتیكی مێژوویی كە تیۆری ‌و كار ، فەلسەفە ‌و ئابووری سیاسی پێكەوە دەبەستێ‌ ، ‌و سەرمایەداری ‌و سۆسیالیزمیش پەیوەندار دەكات . بەبڕوای رایا دۆنایفسكایا ئەو هێزە یەكێتی بەخشەیە ( نەك ڕژێمیكی جەزمی ) كە دەبێتە ناسین ‌و هۆشیاری بۆ پەیجوری مێژوویی . ئەو كاتە گەشە ‌و پێگەیشتنی خودی ماركسیزمیش لە تیۆری ‌وكاردا دەبێتە پابەندی ئەم پەیجورە . سۆسیال دیموكراسی لەلایەك ‌و لینیزم ‌و ستالینیزمیش لەلایەكی دیكە دەبێت بەپێی كاریگەریی مێژوویی نێوان تیۆری ‌و پراتیك داوەرییان لەسەر بكرێت . ڕێبازی ماركس یان دیالەكتیكی مێژوویی بەو ڕادەیە تێدەكۆشێ‌ كە  (( سروشت باوەڕی تەواو یان باوەڕی ڕاستینە چۆن خۆی لە ئایدیالیزم ‌و ماتریالیزمیش جیادەكاتەوە ‌و لە هەمان كاتیشدا حەقیقەتی یەكێتی بەخش هەردووكیانە .)) بۆیە ماركس یەكەم فەیلەسوفە كە لە سنووردارییەكانی فەلسەفە فراوانتر دەڕوات ‌و لە دیدگای ژیانی كردەیی ‌و نیازە زیندووەكانی مرۆڤەوە پرسی بونیادی فەلسەفە وەكو ڕەوشێكی بەڕاستی زانستی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە ‌و ناسینی جیهانی واقعی شیدەكاتەوە . سەرئەنجام ماركس لە سنوورەكانی فەلسەفە ‌و ئایدیالیزم ‌و ماتریالیزم ‌و سیاسەت … هتد فراوانتر دەڕوات ‌و میتۆد ‌و بڕوای خۆی لەسەر حەقیقەت ‌و نیازەكانی مرۆڤ دادەنێت ، ئەمەش ئەو كارە بوو كە ئەوانەی دوای خۆی بەناوی ماركسیزم ‌و لینیزم ‌و سۆسیال دیموكراسی ‌و چی ‌و چی نەیانكرد . لەكاتێكدا ماركس لە ژیانی زیندوو ‌و نیازە كردەییەكاندا خەبات ‌و بیریاری دەكرد ، ئەوان مرۆڤیان لە چوارچێوەی چەمك ‌و بیروباوەڕ ‌و ئایدیۆجیاكاندا ئەسیر دەكرد .

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.