سێ شه‌ممه‌ 26 ئازار 2024

سەبارەت بە رێککەوتنی ئێران و وڵاتانی ٥+۱ / هیدایەت قادری

رێککەوتنی ئێران و وڵاتانی ٥+۱ دژ کردەوە و هەڵوێستی جۆراوجۆری لێکەوتەوە. هەر یەک لە لایەنەکانی ئەم رێککەوتنە ئاراستەی گوتار و لێداونەکانیان بۆ ناخۆی وڵات و تەنانەت کۆمەڵگای دەرەوەش جۆرێک لە سەرکەوتن و کایەی “برد_برد” پێوە دیارە. بۆ کابینەی ئۆباما کۆنتڕوڵ و ملکەچ کردنی ئێران بە بێ هێرشی نیزامی وەک سەرکەوتنێک سەیر دەکرێ و توشی زەلکاوگەڵێکی وەک عێراق، ئەفغانستان و لیبی نە کردەوە. ڕەوایەتی زیاتر بە خۆی دەدات کە براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبیلە، بۆ ئامریکا و رۆژ ئاوا لە کۆڵ کردنەوەی ئەم کێشەیە و ڕام کردنی ئێران کە چیتر لە بەرژەوەندییەکانیان نەدات هەم پێویست بوو هەم قازانج. بۆ کابینەی روحانیش وەک یەکێک لە بەڵێنیەکانی پێش هەڵبژاردن دەکرێ وەک دەسکەوت و سەرکەوتنی کابینەکەی چاوی لێبکرێ. هیچ گومانی تێدا نییە کە ئەم رێککەوتنە کاریگەریی جیهانی، ناوچەیی و ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە. رەنگە قەزاوەت و هەر پێش دادوەرییەک بۆ ئەم بابەتە زوو بێ بەڵام لە سەر ئاستی هەرێمی و ناوخۆیی چەند ئەگەرێک دەتوانن بوونیان هەبێ:

(۱) کۆماری ئیسلامی هەمیشە تەسلیم بوون لە بەرابەر دەولەتانی دەرەکیدا پێ باشتر بووە لەوەی تەسلیمی خەڵکی ئێران و ویست و داخوازییەکانیان بێت.نموونەی مێژوویی شەری ئێران و عێراق و ئەم رێککەوتنەش دەکرێ نموونەیەکی تازە و هەر لەم بازنەیەدا رەچاو بکرێ.بۆیە ئەگەرێک ئەوەیە کە بە ئیمتیاز دان و تەسلیم بوونی دەرکی، سەرکوتی ناوخۆیی و تۆڵە کردنەوە و چنگ و ددان نیشان دان یەکێک لە دژ کردەوەکانی رژیم بێ.بەڵام ڕاستییەک بوونی هەیە و ئەویش ئەوەیە کە نە کۆماری ئیسلامی توانای سەرکوت و” شەلم کوێرم ناپارێزم “ی وەک جاران هەیە و نە خەڵکیش بە هاسانی لێی قەبوڵ دەکەن. بە کورتی دەسەڵات وەک رابردوو بە هاسانی بۆی ناکرێت و خەڵک وەک رابردوو لێ خۆش نابن و قەبوڵی ناکەن .ئەمە دەکرێ وەرچەرخانێکی گەورە و جێگەی ئۆمێد بێ.

(۲) ئەگەرێکی تر دەکرێ ئەوە بێ کە ئەم رێککەوتنە و ئازاد کرانی سەرمایەکی گەورەی ماڵی ئێران و مەسەلەی نەوت و لابردنی گەمارۆکان، جۆرێک کرانەوەی ئابووری بە شوێن خۆیدا بێنی و لە ئاکامیشدا کرانەوەی سیاسی و فەزایەک بۆ پشو هەڵکێشانی خەڵک و بزووتنەوە جۆراوجۆرەکانی لێ بکەوێتەوە.کەلێن و کەلەبەی نێوان باڵەکانی رژیم زیاتر بکات و مەجال و دەرفەتی زیاتر بۆ خەباتی خەڵک بخۆڵقێنێ.

(۳) هیچ گومانی تێدا نییە رژیمی ئێران دەخالەت و دەستێوەردانی ناوچەیی زیاتر دەکات، گوشار بۆ سەر هەرێمی کوردستان و لێدان و هێرش کردنە سەر حیزبە رۆژهەڵاتیەکان، ئاژاوە نانەوە و هەوڵدان  بۆ پەک خستنی چارەسەری کێشەی کورد لە باکوور، پەرەدان و بەهێز کردنی هیلالی شیعە لە عێراق و دەوڵەتانی دەورووبەر لە بەرامبەر هیلالی سوننی، دەستێوەردان لە ئەفغانستان ،  پشتیوانی زیاتر لە حەماس ،حیزبوڵلا و … هتد ئەم کردەوانەن کە چاوەڕوان دەکرێ کۆماری ئیسلامی هەولیان بۆ بدات.

کورد لە رۆژ هەڵات بۆ رووبەرووبوونەوەی دوو ئەگەری رەشبین و خۆش بین دەبێ پلان و ئامادەکاری و بەرنامەی هەبێ. گوتاری زاڵ ئێستا دەبێ کۆتایی هێنان بە سیاسەتی “ناجی”دەرەکی بێ، گەرانەوە بۆ هێزی جەماوەر و رێکخستنی ئەو هێزە سەر سووڕ هێنەرە بێ. دڵخۆش کردن بەوەی رۆژ ئاوا و ئامریکا لە سەر مافی مرۆڤ لە کۆڵ ئێران نابنەوە زیانبارە و دەچێتە هەمان بازنەی فەشەل هێناوی سیاسەتی چاوەڕوانی، چونکە ئامریکا و بەتایبەت رۆژ ئاواییەکان زۆر لەوە بەرژەوەندی خوازتر و نژاد پەرەستترن کە کیشە و گرفتیان لە سیاسەتی دەرەکی ئەم بابەتانە بێ. لە مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان نموونە گەڵیکی زۆر هەیە بۆ سەلماندی ئەم وتەیە. تەنیا ئەنفال و ۸٠٠٠ بارزانی و پاکتاوکردنی کورد لە عێراق لە دەورانی سەدام ئەگەر باس بکەین ئەم راستییە دەسەلمێنێ کە چۆن ئامریکا و رۆژ ئاوا بە هۆی ئەوەی نیازیان بە سەدام بوو،متەقییان نەکرد. کەواتە سیاسەتی دروست دەکرێ گۆرینی شێوەی ئێستای حیزبایەتی و رێکخستن و گەرانەوە بۆ ناو جەماوەری خەڵک و دۆزینەوەی رێکاری نوێ و کاریگەر بێت.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.