یه‌ك شه‌ممه‌ 17 ئازار 2024

د. کامەران: دابڕانەکانی بێ‌پسانەوەی”کۆمەڵە و دێموکرات” ڕەوتی پێکهێنانی بەرەیان ئاڵۆزتر کردووە

لە ماوەی رابردوو ژمارەیەك هەڵسوڕاوی سیاسی‌و مەدەنی لە بەیاننامەیەكدا داوایان لە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كرد تا بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی یەكگرتوو هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ. یەكێك لە واژۆكارانی ئەو بەیاننامەیە نوسەر‌و روناكبیر “د. كامەران ئەمین ئاوە” یە. زاگرۆس پۆست بە پێویستی زانی سەبارەت بە پرسی پێكنەهاتنی بەرە‌و گرنگی ئەم پرسە ئەم دیمانەیە لەگەڵ د. كامەران ساز بكات.

زاگرۆس پۆست: كاریگەرییەكان لە بوون یاخود نەبوونی بەرەیەك بۆ كاری هاوبەشی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە بارودۆخی ئێستای كوردستان و ناوچەكە چۆن دەبینیت؟

د. كامەران: بە پێی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە بە خێراییەکی بێ وێنە لە یەک دوو ساڵی ڕابردوو لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتیی پاش هێرشی داعش بۆ باشور و ڕۆژئاوای کوردستان و بەرەنگاریی بێ وێنەی کوردەکانی ئەو دوو بەشەو هاوکاریی و پشتیوانی کوردەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان لەم ڕەوتەدا کراوە، هەروەها سەرکەوتنی ئەم دواییەی  ها. د. پ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکییە، بە جێهانی بوونی کێشەی کورد و ڕەنگدانەوەی ڕەچاونەکراوی خەباتی گەڵی کورد لە میدیاو بیروڕای گشتیی، دەوڵەتەکان و پەرلمانی ئەورووپا و ئەمریکا و بووژانەوەو بەرزبوونەوەی هەستی نەتەوایەتیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێداویستیی پێکهێنانی بەرەی یەکگرتووی هێزەکانی سیاسیی و مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرتر لە هەر کاتێکی دیکە وەکو ئەرکێکی گرینگ خۆێ دەنوێنێ. ئەگەر ئێمە سەیری کاردانەوەی هێرشی داعش بۆ کوردستان و خۆپیشاندانەکان و پشتیوانی بێ وێنەی ماددی و مەعنەویی کوردەکانی نیوخۆی وڵات لە ئیلامەوە هەتا کوردەکانی دانیشتووی تاران، هەروەها شەپۆڵی بەردەوامی لەسێدارەدانی کوردەکان و خۆپیشاندانی خوێناویی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵی شاری مهاباد و گیانبەختکردنی تەلاج و گیرانی دەیان ڕۆڵەی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتیی بکەێن، دەبینین هەست‌و ئاگایی نەتەوەیی لە ئاستێکی فرە بەرزەو پێویستە بۆ بە هێزکردن و پەرەسەندنی ئەم هەست و جوڵانەوەیە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناوی بەرژەوەندیی نەتەوەییدا هەنگاوی پێویست بۆ پێکهێننانی بەرە یاخود هەرچەشنە هاوپێمانییەک هەڵێنن و لە سەر خاڵە هاوبەشەکانیان کە کەمیش نین یەک کەون و هێزەکانیان بخەنە پاڵ یەکتر. بێگوومان پێکهاتنی هەرچەشنە بەرەیەکی بەرفراوان نە تەنیا کاریگەرییەکی بەرچاوی لە ئاستی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەڵی کورد لە ڕۆژهەڵات دەبێ، بەڵکوو دەتوانێ کاردانەوەی ئەرێنیشی لە گشت کوردستان و جیهان ببێ و بە یەکدەنگی و بە هەبوونی پلاتفۆرمێکی هاوبەش سەرنجی زۆربەی وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا بۆ کێشەی کورد لە ئێران ڕابکێشێ. تا کاتێک هێزەکانی ئێمە ئاوا لەیەک دابڕاو و دوور بن و ئامادەی هاوکاریی پێکەوە نەبن، نابێ چاوەڕێ ئەوەی بین کە نەتەنیا لە ئاستیی جیهانی بەڵکوو لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان و هەڵسوکەوتی ئەوان و و هێزو لایەنەکانی باشور و باکوور کە بە پێێ بەرژەوەندیی خۆیان پێوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ حکومەتی ئیسڵامی ئێران هەیە بایەخێکی شیاو و ئەوتۆ بە کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدەن. بە داخەوە ئێمە لەم یەک دوو ساڵی ڕابروودا زۆرجار شاهیدی سوکایەتیکردنی بەشێک لە ڕێبەران‌و میدیای کوردیی لە باشوری کوردستان بە حیزب و جوڵانەوەی کوردی ڕۆژهەڵات بووین تا ئەو ڕادەیەی کە، کاتێک لە زۆرینەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکی کورد بە چەشنێکی جەماوەریی لەسەر شەقامەکان بوون و دەکەوتنە بەر زەبر و هێرشی هێزەکانی سەرکوتکەری حکومەتی ئیسڵامی و سەرەرای تەواوی بەربەستەکانی دەسەڵاتداران و سەرکوتکەرانی حکومەتی تاران یارمەتیی بەرچاویان بۆ قوربانییەکانی شەنگال‌و کۆبانی کۆدەکردەوە، لە کاتێکدا مانگ نەبووە ئێمە شاهیدی شەپۆڵی لەسێدارەدان و گرتنی ڕۆڵەکانی کورد نەبین، لەسەر شاشەی تلەویزیۆن باسیان لە نەبوونی بزوتنەوەی کورد لەو بەشەی کوردستان دەکرد. ئەم چەشنە هەڵسوکەوتانە کاریگەرییەکی نەرێنیی لە نێوبیروڕای گشتیی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و دەبێ و ئەمەش بەشێکی دەگەرێتەوە سەر ئەوەی کە ئێمە یەکگرتوو نین و زۆرتر لەوەی کە سەرقاڵی ڕێکخستنی هێز و توانایی خۆمان بۆ خەباتی دژ بە حکومەتی ئیسڵامی ئێران بین، سەرقاڵی تاوانبارکردن یەکترو دابڕان و دوورکەوتنەوە لەیەکترین.

 لێرەدا دەکرێ بەشێک لە کاریگەرییەکانی پێکهێنانی بەرە یەکگرتووی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەم چەشنە گەڵاڵە بکرێ:

–  پێکهێنانی هەرچەشنە بەرەیەک دەبێتە هۆی بە هێزترکردنی هەستی نەتەوایەتی‌و بەرزکردنەوەی ئاستی خەباتی گەڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یاریدەدری ماددی و مەعنوویی بە بزوتنەوەی مەدەنیی‌و سیاسیی کوردەکانی نێوخۆی وڵات دەدا.

– پێکهێنانی بەرە دەبێتە هۆی ڕاهاتن و کارامەیی حیزب و کەسایەتییەکانی ئێمە لە کاری هاوبەش، خۆڕێکخستن و ئامادەکردنی ئێمە وەکو هێزێکی یەکگرتوو لەبەرامبەر هەرچەشنە ئاڵوگۆڕی لەنەکاو لە ئێران‌، هەبوونی هەڵوێستی هاوبەش لە بەرامبەر تاران بۆ وەدی هێنانی ماڤی خۆچارەنوووسی کوردو بەرگریی لە هەر چەشنە ناکۆکیی، چەندبەرکیی و تەنانەت شەرێ ناوخۆیی کە دەتوانن هۆی لاوازکردنی بەرەی کورد و بە هێزکردنی هێزەکانی دژبە کورد بن.

– پێکهێنانی بەرە دەبێتە هۆی قورسایەتیی ‌حیزب و کەسایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەهەر چەشنە ئێتلاف و هاوپەیمانییەک لەگەڵ ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات، هەروەها لە پەیوەندیی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان و بە تایبەتیی لە ڕەوتی پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و هتد ….

– پێکهێنانی بەرە پێشگیریی لە سەرکەوتنی پیڵانەکانی حکومەتی ئیسڵامی بۆ دووبەرەکی خستن لە نێو حیزبەکانی کوردستانی دەکات و کاتێک پێویست بە هەر چەشنە دانیشتن و دانووستانێک لەگەڵ هەر حکومەتێک بۆ وەدی هێنانی ویستەکانی گەڵی کورد لە ئێران بێ، کوردی ڕۆژهەڵات بە یەکدەنگی و پلاتفۆرمی هاوبەش دەتوانێ ڕۆڵێکی بەرچاو لەم ڕەوتەدا بگێرێ.

– لە ئاستی جیهانیشدا بەرەی یەکگرتووی کوردی ڕۆژهەڵات بە پێکهێنانی لۆبی یا هەرچەشنە نوێنەرایەتییەک لە دەرەی وڵات دەتوانێ ڕۆڵێکی بەرچاو بۆ وەدەسهێنانی پشتیوانی ماددی و مەعنوویی دەوڵەتەکان و بیرو رای گشتیی و هتد … بگێرێ.
و هتد …..

زاگرۆس پۆست: دروستكردنی بەرە لەناو حیزبەكانی رۆژهەڵات بابەتێكی تازە نیە‌و سەرەڕای هەوڵ‌و دروشمێكی زۆر تا ئێستا هەر لەچوارچێوەی ئەو دروشمانەدا ماوەتەوە‌و بەكردار دەرنەهاتووە. هۆكارەكەی لەچیدا دەبینن؟

د. كامەران: لەوەدەچێ پێکنەهاتنی بەرە دوو هۆکاری سەرەکیی بێ:
یەکەم. نزمبونی فەرهەنگی کاری هاوبەشیی لە نێو هێزەکانی کوردستانی بە تایبەتیی و هێزەکانی ئێرانی بە گشتیی. ئەگەر ئێمە ئاوڕێک لە مێژووی خۆمان لە چوارچێوەی ئێراندا بدەینەوە، دەبینین نە تەنیا لە نێو ئێمەی کورددا، بەڵکوو لە ئاستی ئێرانیشدا فەرهەنگی کاری هاوبەشیی لە نێو هیزە سیاسییەکاندا لە ئاستێکی زۆر نزمدایە. لە سەرەتای دەیەی ٢٠ی هەتاویی سەدەی پێشووە هەتا ئێستا چەند بە نێو بەرەیەکی ئێرانی پێکهاتووە کە زۆرتر لە ئاستی نووسینی ڕێکەوتننامە بووە یان بە هۆی هێژمۆنی لایەنێک، قەتیس ماوەتەوە و ڕەنگدانەوەیەکی بە هێزی لە ژیانی سیاسیی خەڵکی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات نەبووە، بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە “بەرەی یەکگرتووی حیزبە پێشکەوتنخوازەکانی ئێران” لەساڵی ١٣٢٥ی هەتاویی لە نێوان حیزبی ئێران، حیزبی توودەی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستان، فرقەی دێموکراتی ئازەربایجان، حیزبی سوسیالیست و حیزبی جەنگەڵ;  پێکهاتنی “شورای میللی و مقاومەت” (١٣٦٠ی هەتاویی) کە بە هۆی پاوانخوازیی موجاهیدین زۆرتر لەوەی کە بەرەیەک بێ، ڕێکخراوەی سیاسیی ئەوان لە دەرەوەی وڵات بۆ کارو باری دیپلماسی و هتد… یان بووە، هەروەها “کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێران”(١٣٨٤ی هەتاویی) و “سازمانی کۆماریخوازەکانی ئێران‌” (١٣٩٠هەتاویی) بکەین. ئەم حاڵەتە لە نێو حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکاندا لەوەش لاوازترە. بۆ وێنە”شاندی نوێنەرایەتیی گەڵی کورد” (١٣٥٨ی هەتاویی) بە هۆی ناتەبایی هێزەکانی پێکهێنەری نەیتوانی بنەمایەک بۆ نزیک‌کردنەوەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بێ. ڕێکەوتنی “حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران”یش(١٣٩١ی هەتاویی) نە تەنیا نەبوو بە بناغەیەک بۆ نزیککردنەوەی هێزەکانی دیکەی سیاسیی کوردستان، بەڵکوو نەیتوانی ئەو ئەرکانەی کە بۆخۆی دیاریی کردبوو بە جێی بێنێ و کار و چاڵاکییەکانی لە چوارچێوەی نووسینی یەک دوو بەیاننامە و دانیشتن و سەردانی ئەم دوو حیزبە لە بنکەکانی یەکتر قەتیس مایەوە.

دووهەم. دابڕانەکانی بێ‌پسانەوەی”کۆمەڵە و دێموکرات” لە دوو سێ دەیەی ڕابردوو و پێکهاتنی چەندین ڕێکخراوە بە ناوی هاوریز، دەرکردن وجیابوونەوە و بێ متمانەیی بەشێکی زۆر لە کادر و ئەندامەکانی ئەم ڕێکخراوانە، ڕەوتی نزیکبوونەوەی هێزەکانی کوردستانی و پێکهێنانی بەرەیان ئاڵۆزتر کردووە. کاتێک ئەم هێزانە لە نێوخۆیاندا تووشی قەیرانی ڕێکخراوەیی و ئیدئۆلۆژیی بن و بەشێکیان نەیانەوێ تەنانەت هەبوون و ناوی یەکتر بە فەرمی پێناسە بکەن، بێگوومان بۆیان ئاسان نییە کە هەنگاوی پێویست بۆ لەیەک نزیکبوونەوە هەڵێنن. لێرەدایە کە بەرژەوەندیی نەتەوەیی قوربانیی بەرژوەندیی و پاوانخوازیی حیزبیی یاخود تاکەکەسیی دەبێ. ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئەم ڕەوتە داناوە و دایدەنێ، هەرچەند بەشێک لەم ڕێکخراوانە بە ڕەواڵەت باسی یەکگرتن و هتد .. دەکەن بەڵام لە کردەوەدا بە هۆی ناتەبایی نێوخۆێی بەربەستێکن لە ڕەوتی پێکهاتنی بەرە یان هەر چەشنە هاوپێمانییەک.

زاگرۆس پۆست: ئیئتلاف یان هاوپەیمانی دوو حیزبی رۆژهەڵات، بۆ نمونە ئەمەی ئێستا لە نێوان حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران‌و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستاندا هەیە، چ كاریگەرییەكی نەگەتیڤ یا خود پۆزەتیڤی هەیە؟ ئایا رێگاخۆشەكەرە بۆ پێكهێنانی بەرە یاكوو لەمپەرێك لەبەردەم دروستكردنی بەرە یان چەترێكی هاوبەش بۆ كاری هاوبەشی حیزبەكان؟

د. كامەران: بە داخەوە ئەم ڕێکەوتنە نە تەنیا نەیتوانی ببێتە ڕێخۆشکەرێک بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو، بەڵکوو تا رادەیەکی زۆر بوو بە هۆی دڕدۆنگی و دوورکردنەوەی زۆرتری هێزەکان لە یەکتر. ئەم ڕێکەوتنە لە ڵایەن زۆربەی ڕێکخراوە کوردستانییەکان و تەنانەت دۆستانی ئێرانی خۆشیان پێشوازیی لێ‌نەکرا و کەوتە بەرهێڕشی پان‌ئیرانیستەکانی ئێرانی بە بیڕوباوەڕی جۆڕاوجۆڕەوە، تا ئەو ڕادەیە کە ئەوانیان بە خەیانەت بە بەرژوەندیی و تەواویەتیی ئەرزیی ئێران و جیاییخوازیش تاوانبارکرد. زۆربەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێیان وابوو کە ئەم دوو باڵەی کۆمەڵە و دێموکرات دەیانەوی ڕوو بە هێزەکانی ئێرانیی خۆیان وەکو نوێنەری سەرەکیی و ڕاستەقینەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بناسێنن و حیزبەکانی دیکە بخەنە پەراوێزەوە. ئەمەش نەیدەتوانی لە لایەن ئەوانەوە پێشوازیی لێ بکرێ. لە لایەکی دیکەوە بە هۆی فرە حیزبی بوونی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتیی بە هۆی هەبوونی چەندین ڕێکخراوە بە نێوی کۆمەڵە و دێموکرات لەوەناچێ نە تەنیا هێزەکانی کوردستانی بەڵکوو ئێرانی و کۆمەڵانی خەڵک لەو باوەرە بن کە ئەم دوو حیزبە بە تەنیایی دەتوانن نوێنەری بزوتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات بن. ئەم دوو ڕیکخراوەیەوە سەرەرای واژووکردنی ئەم ڕێکەوتنامەیە تا ئێستا کارێکی جیددی هاوبەشیان لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەکی نەکردوە و زۆرتر سەرقاڵی کێشەکانی نێوخۆیی بوون. لەم حاڵەتەدا لەوەناچێ ئەم ڕێکەوتنە وەکو هەنگاوێکی سەرکەوتوو پێناسە بکرێ یاخود توانیبێ چەترێک بێ بۆ نزیک‌کردنەوەی هێزەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

زاگرۆس پۆست: وەك ئەزمونی باشوری كوردستان دەڵێت، دروستبوونی بەرە لەم بەشەی كوردستان بەبێ رێكەوتنی پارتی‌و یەكێتی وەك دوو حیزبی سەرەكی باشور دروست نەدەبوو، پێتوایە ئەم ئەزمونە دەبێت لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش دووپات بێتەوە؟ ئەگەر وایە ئەو دوو لایەنە كێن؟

د. كامەران: پێش هەموو شتێک ئێمە دەبێ ئەم ڕاستییە لەبەرچاو بگرین کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەراوەرد لەگەڵ باشوری کوردستان لەباری ئابووریی، کۆمەڵایەتیی، فەرهەنگیی و سیاسیی لە ئاستێکی دیکەدایە و سیستێمی خێڵەکی لەمێژە بە مێژوو سپاردراوەو گۆڕەپانی مڵملانی دوو بنەماڵە یاخود خێڵ نییە، کە وابوو لەوەناچێ کە ئەزموونی باشور بتوانێ وانەیەک بۆ ئێمە لە ڕەوتی پێکهێنانی بەرە بێ. لەلایەکی دیکەوە لەم قۆناخەدا من پێم وانی‌یە ئێمە وەکو باشوری کوردستان دوو حیزبی سەرەکیمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ. هەروەکو پێشتریش ئاماژەم کرد ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆتە کۆمەڵگایەکی فرە حیزبی و قۆناخی یەک یان دوو حیزبی لەمێژە تێپەرکردووە، لە لایەکی دیکەش ئێمە ئەمرۆ دوو حیزبی دێموکرات و پێنج کۆمەڵەمان هەیە. کام یەک لە دێموکراتەکان یاخود کۆمەڵەکان دەتوانن بیسەڵمێنن کە هێزی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن؟ پێوەریان بۆ سەڵماندنی ئەم مەسەلەیە چێ‌یە؟ ئایا بە پێی مێژووی ڕابردوو دەکرێ ڕاستییەکانی ئەمرۆی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاڵوگۆڕەکانی نیو ئەم دوو حیزبە و سەرهەڵدانی حیزب و ڕێکخراوەکانی مەدەنی – فەرهەنگی دیکە لە نێوخۆو دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشت گوێ بخرێ؟! بەڵام سەرەرای ئەوەش ناکرێ ئێمە ئەو ڕاستییە لەبەرچاو نەگرین کە هیچ بەرەیەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ بەشداری دێموکرات و کۆمەڵەکان ناتوانێ پێک بێ یاخود کاریگەریی لە ژیانی سیاسیی گەڵی کورد بێ. ئەم دوو ڕەوتە سەرەڕای تەواوی ئاڵوگۆڕەکانی سیاسیی و ڕێکخراوەییان لە دوو دەیەی رابردوودا، ئێستاش بەشێکی بە هێز لە بیرو ڕەوانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتن و کاریگەریی چارە‌نووس سازیان لە داهاتووی ژیانی سیاسیی کورد دەبێ.

زاگرۆس پۆست: رۆڵ و ئەرکی روناکبیران و هەڵسوڕاوانی سیاسی سەربەخۆ لەم پرسەدا چۆن دەبینن. ئایا ئەو توێژە دەتوانن رۆڵی ئەهرومی فشار بگێڕن بۆ پێکێنانی بەرە؟

د. كامەران: زۆربەی ڕوناکبیران‌و هەڵسوڕاوانی سیاسیی سەربەخۆ، چ لە نێوخۆی وڵات و چ لە تاراوگەدا بەدڵسۆزیی و بەرپرسایەتییەوە دەرواننە ئەم مەسەلەیە. هر وەکو بۆخۆشتان ئاگادارن لەم دواییانەدا داواکارییەک لە لایەن ٨٠ کەس لە هەڵسوڕاوانی سەربەخۆی سیاسیی – مەدەنیی ئاراستەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا و بە خۆشییەوە ڕەنگدانەوەیەکی باشی کە سەر ماڵپەرەکانی بەشێک لەم حیزبانە بوو و بە چەشنی جوراوجۆر پێشوازیی لێکرا. بەڵام ئەمە هەنگاوێکی سەرەتاییە و پێویستە کەسایەتیە سەربەخۆکان هەوڵی خۆیان بە چەشنی جۆراوجۆر بۆ هاندانی حیزبەکان بۆ پیکهێنانی بەرەو کاری هاوبەش بدەن. بێگوومان بە هۆی ئەو خاڵانی کە پێشتر باس کران ئەمە کارێکی هاسان نییە، بەڵام بەرپرسایەتی و بەرژوەندیی نەتەوەیی ئەو پێداویستییە دەخاتە بەر تەواوی حیزب و کەسایەتییە سەربەخۆکان.  ئەمرۆ بە پێی گەشەسەندنی زانست و تێکنیک; هەبوونی تڵەویزیۆنەکانی کوردستانی، تۆری ئینتێرنێت و ماڵپەری جواروجۆر و تۆری فەیس‌بووک و هتد … پێوندیی‌گرتن لەگەڵ یەکتر زۆر هاسانتر بۆتەوە و دەکرێ بە نووسینی بابەتی جۆڕاوجۆر، گرتنی سمینار و کۆبوونەوە و بڵاوکردنیان لە سەر تۆری ئێنتێرنێت و تلەویزیۆنەکان گوشار بخرێتە سەر حیزبەکان، بەڵام کاردانەوەی ئەم کارە دەگەرێتەوە سەر ئەوەی کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا چ ڕادەیەک ڕێز لە ویستی کۆمەڵانی خەڵک و کەسایەتییەکانی دەگرن و بایەخ بە بیروڕای ئەوان دەدەن.

د. كامەران ئەمین ئاوە
لە ساڵی ١٣٤٢ هەتاویی لە شاری بۆکان لە دایک بووە، تا پلەی دوازدەی لە شارەکانی بۆکان و تەورێز خوێندووە و لە ساڵی ١٣٧٤هەتاویی دیپڵۆمی پزیشکیی لە مینسک پایتەختی بڵاروس وەرگرتووە.
د. كامەران ئێستا لە ئاڵمان کاری پزیشکیی دەکا و پسپۆری نەخۆشییەکانی هەناوە. هەروەها لە بواری پزیشکیی و سیاسیی – کۆمەڵایەتییدا چەندین کتێب و بابەتی جواروجۆری بە کوردیی و فارسیی نووسیوە یاخود تەرجمەی کردۆتەوە.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.