دوو شه‌ممه‌ 20 تشرینی دووه‌م 2017
ماڵەوە / وتار / ئەردۆغان لە کێلەشین / مەنسوور تەیفووری

ئەردۆغان لە کێلەشین / مەنسوور تەیفووری

“ئەی تفەنگەکەی موعینی
تەنیا ئەو کاتە ببوورە لە پیاوکوژان
کە موعینیت بۆ بێننەوە و
جارێکی‌تر بتکاتەوە شان- ش.بێکەس”

شەرێک لە نێوان پە کە کە و حێزبی دیمۆکراتدا روویداوە. گرنگتر لە خودی رووداوەکە، لایەنە شاراوەکانییەتی و ئەو دەستە و بلۆکبەندیانەیە لە دەوری درووست بووە.

تا ئێستای نووسینی ئەم یادداشتە، “ڕووداو” لە هەموو لایەک زیاتر خەریکی درووست کردن ئەم بلۆکبەندییەیە، دیارە نە چاوەڕێی هیچی دیکە لەم میدیایە دەکرێت و نە گلەیی لەمە مانای هەیە، چاوەڕێ کردنی شتێکی دیکەش لێی هیچ نییە جگە لە وەهمێک کە چیدی خۆی پێ پاساویش نادرێت. “ڕووداو” و دووری یان نزیکیی ئەو لە قەومانەکانەوە، لە ڕووداوەکانەوە، ڕوانگەی ئەو بۆ دیاردەکان، خۆی نەک ئەسڵی راستییەکە، بەڵکوو نیشانەیەکە کایەکانی پشتەوە دەشارێتەوە، سەمپتۆمێکە خۆی نەک نەخۆشینەکە، بەڵکوو وەک دمەڵێک تەعبیر لە ڕزان و چڵک هێنانی جەستەیەک لە پشتەوەی خۆیەوە دەکات، “ڕووداو” ئەو دمەڵەیە کە قەرارە جەستەیەکی ڕزاو بشارێتەوە.

ئەم میدیایە وەک سەمپتۆم وەردەگرم، نەک لەبەر ئەوەی من یەکەم کەس بم بزانم ئەمە زمانحاڵی مافیایەکی تایبەتی ئابووری/سیاسییە لە کوردستان؛ نەک لەبەر ئەوەی من یەکەم کەس بم نیشانەکانی “میت” لە گوتار و ستۆدیۆکانیدا ببینمەوە؛ نەک لەبەر ئەوەش کە یەکەم کەس بم بزانم چی ئەوانەی لە ڕووداو شارەزای باکووی کوردستان و دۆزی پەکەکەن، زۆربەیان “تەسلیمی”ن و کێ بیەوێت لەم پارتە ڕابکات و “زانیاری”ی لا بێت دەرگەی دەزگاکانی پارتی و “ڕووداو”ی بە سەردا ئاوەڵایە؛ لەبەر ئەوەش نا کە ڕووداو سەلماندوویەتی چۆن “ئینسان قابیلی کڕینە” و”ئینسانەکان” خۆیان بە مەعاشی زیاتر و زیاتر دەفرۆشن، وەک ئەو بڕەی ژوورنالیستانی سەربەخۆ کە ڕوویان لە ڕووداو کرد. بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە ڕووداو بلۆکەکان لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە و دەیانشارێتەوە، لەبەر ئەوەی جۆرێک لە سیاسەت ئاراستە و خەیاڵ دەکات کە تێیدا بڕیارە هەموو رێگەکان بچنە نێو ستۆدیۆکانی ئەو و ستۆدیۆکانی ئەویش لە ڕاستیدا سەری رەش/میت بشارنەوە.

ڕووداو” تەعبیرە لە مەیلی هێزێک بۆ کایە بە قوربانییەکانی. تەونێکە بە داوی نادیار تەنراوە. داوێک لە جنسی ئەو مافیایەی پشتەوە کە دیار نییە و تەنیا نیشانەکانی هەن. ئەو مافیایەی چیدی ناکوژێت، بەڵکوو قوربانییەکانی زیندوو دەهیڵیتەوە، بۆ ئەوەی ڕۆژێک هەر بەکار بێن؛ ئەمە هەمان لۆژیکی نوێی ئەم مافیا نوێیەیە: مەیکوژە ڕەنگە ڕۆژێک بەکار بێت.

ڕوون و ڕاست: حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و باڵەکەی دیکەی، دوایین پێوەبوو و چەشتەی ئەم داوە نادیارەن. ڕوانینی ڕووکەشی بە پێی مافی سرووشتی پێمان دەڵێت کە: حدکا مافی خۆیەتی بچێتە هەر کوێ شەڕ بکات و سیاسەتی خۆی بەڕێوە ببات”. ئەمە بنەمایە و بنچینەکەی مافی سرووشتیە. بەڵام مشتومڕێکی سادە دەتوانێت پێی بڵێت: لە هەر کوی؟ دەشتوانێت بەردەوام بێت کە: بەڕاست ئەم مافە هەمیشە هەبووە؟ بەڕاست ساڵانی پێشوویش ئەم مافە هەبووە؟ بەڕاست ئێوە لە ڕوانگەی مافی سرووشتییەوە قسە دەکەن؟ دەی ئەگەر وایە چۆنە ئەم مافە ئێستا کاری پێ دەکرێت؟ ئایا بۆت هەیە لە سەری ڕەشیش چالاکیی سیاسی بکەیت؟ بۆت هەیە لە هەولێر باسی مافی دەنگدانی پەنابەران بکەیت؟ بۆت هەیە باسی ئەوە بکەیت چۆن بوو چەندین کەس بە دوو مانگ گیران لە سەر ئەوەی بەردێک فڕێدرابوو بۆ کۆنسوولگەریی ئێران؟ بۆت هەیە باسی تیرۆری چەندسەد پیشمەرگەی رۆژهەڵاتی بکەیت؟ بۆت هەیە داوای تەرمی تیربارانکراوانی شەڕەکەی پەکەکە و پارتی بکەیت؟ بۆت هەیە بڵێیت بۆ ناسنامە و پەساپۆرتی کرێکارانی بیانی دەستی بە سەردا دەگیرێت؟ هێشتا بەڵام پرسیارە بۆمبئاساکە ماوە: بۆت هەیە باسی ئەوە بکەیت کە ئاخر شنگال بۆ وای بەسەر هات؟ هەڵگرانی گوتاری مافی سرووشتی، نابێ ئەم مافە تەنیا بۆ ئێرە کورت بکەنەوە.

هێشتا ئەم پرسیارانەش ڕووکەشین و پرسیارێکی دیکەش ئەوەیە بۆ چی ئیستا؟ دەتوانیت وەڵام بدەیەتەوە کە: پەکەکە بڕیارە لە لیستی تیرۆر دەربهاوێژرێت، لە باکوور هەڵبژاردنە و بەختی ئەردۆغان ڕوو لە کزییە، لە باشووریش سەرۆک داوای ماوەی زیاتر دەکات. ئەمانە هەندێ نیشانەن دەستەکانی پشتەوەی یارییەکە نیشان دەدات. ئەمانە و بەشداریی چەندین نوێنەری پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، تێیاندا دیمۆکراتەکان، لە کۆنگرەی ئاکەپە و ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری تورکیا و سەر قەبری ئاتاتورکدا، ناردنی پەیامی سپاس بۆ تورکیا و ئاکەپە دوای ئازادیی کۆبانێ هەر لە لایەن ئەم ڕێكخراوانەوە، هاوکاتە لەگەڵ چاوشاریکێی هەر ئەم رێکخراوانەی رۆژهەڵات لە “رووداو”ەوە لەگەڵ ماڵی بارزانی و ڕووپۆش کردنی ئەو کوشتن و بڕینانەی لە رۆژهەڵات لە لایەن “قیادە موەقەت”ەوە کران؛ کۆی ئەمانەش دەتوانێت گریمانەی دەستکرد بوون و بوونی سیناریۆیەک لەم ڕووداوەدا بە دەستەوە بدات، بەڵام هاوکات نیشانیش بدات کە ئەم بەریەککەوتنە، ئەم شەڕە ناوخۆییە پێشتر ڕوویداوە، ئەم شەڕە دەمێک ساڵە پێشتر لە بلۆکبەندی و شێوەی بەڕێوەبردنی سیاسەت و ڕوانین بۆ ماناکانی سیاسەت و ئیدارەکردنی ئابوریدا روویداوە، ئەم شەڕە پیشتر لێرە بووە.

ئەوەی پێوەندیی بە هێزە ڕۆژهەڵاتییەکانەوە هەبێت، – جگە لە حیزبی کۆمۆنیست- دەکرێت بۆ کۆی ئەو پرسیارانەی لە سەروە پرسران و کۆی گریمانەکەش بەرپەرچ و نەفییەک بهێندرێتەوە و دەیان پرسیار بەرامبەری قوت بکرێتەوە. ئەمە مومکینە. بەڵام ئەوەی دیسان هێشتا دەمێنێتەوە ترسێکی گەورەترە کە زیاد لە هەر هیزێکی وەک پەکەکە دەتوانێت ئەمان لە بنچینە دەربهێنێت، بەڕاستی گرفتەکەی ئەمان پەکەکە نییە، گرفتی ئەمان قووڵترە و ترسی گەورە لە جێگەیەکی دیکەدایە.

“ڕووداو” نموونەی سیاسەتێکە هی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراقە، خۆیشی ئەسڵی کێشەکە نییە و چوون یان نەچوون بۆ “رووداو” و خۆ مەزڵوومکردن یان نەکردن لە بەردەم بێژەر و پێشکەشکارانیدا دیسان شتێکی زۆر گرنگ نییە، چونکە هەموو بینەرێک چیدی دەزانێت “میدیا بێلایەنە”.

پارتی دیمۆکڕات ڕێبەڕیی بلۆکبەندییەک دەکات کە هی خۆی و ئاکەپەیە، گەورەترین ڕێگریشی پەکەکە و دوای ئەوە هێزە کوردستانییەکانی دیکەن، لە گۆڕانەوە تا یەکێتی. ئەم هێزە دەناسین، ڕەفتاری سیاسیی ئەو ڕوونە، تا “ڕاکردنی هەمیشەیی”، تا “بەجێهێشتنی شەیتان پەرستەکان لە شەنگال” تا ” لێدانی خەندەقەکە لە سەر سنووری ڕۆژئاوا ” و گەمارۆدانی پەنابەران، تا “قۆنتەراتی پاکسازی بۆ سپای پاسداران لە ڕۆژهەڵات” ڕوونە، ئەم هێزە نە شەرمی لەمانە هەیە و نە گوتووشیەتی شتێکە جگە لەمانە. ئەم ‌هێزە نایشارێتەوە کەی بیەوێت شەڕی ناوخۆیی دەکات، نایشارێتەوە بەرژەوەندیی ئابووریی ڕووتی بەشێک لە خودی بنەماڵە سەنتەری هەموو گەڕانێکی سیاسەتە لەم پارتەدا. لە دەرەوەی ئەمەش بینینی ئەمان وەک هەر چەشنە گوتارێکی ئایدیۆلۆژیک، نەتەوەیی یان تەنانەت عەشیرەتی و خێڵەکی، کڵاوێکە عەقڵ بیکاتە سەری خۆی. زانینی ئەمانەش دیسان شتێکی گرنگ نییە. بەڵام ئەم هێزە بۆ مانەوەی، پێویستی بە خوڵقاندنی قەیرانە، پێویستی بە شەڕە، پێویستی بە سەروەرییە لە ئاستی دەرەوەدا، و لە ئاستی ناوخۆی کوردستانیشدا پیویستی بە “هاوکایە” و ئەگەریش کرا ” ژێرکایەیە”.ئەم هێزە دیارە ناکوژێت، بەڵام تا بکرێت بەرامبەرەکەی لاواز دەکات، تا لاوازتر باشتر.

دوایین قەیران لە ئاستی هەموو کوردستاندا ئیستا لە کێلەشینە و پرسیارەکەش ئەوە نییە کێ بۆ وای کرد و کێ بۆ تەقەی کرد و بۆ پەکەکە ناهێڵێت و ئایا پەکەکە مڵهوڕە یان نا. پرسیارەکە ئەوەیە ئەم قەیرانە بە دڵی کێیە و بەرژەوەندیی کێ دابین دەکات؟ بەڵام لەودیوی گوتاری “بەرژەوەندی”یەوە، ئەم قەیرانە لای ئەو هێزانەی ڕۆژهەڵات کە چوونەتە بلۆکەکەوە نیشانەی شتێکی دیکەیە: مەرگی سیاسەت. ئەوان لە بلۆکەکەدا ئێستا نەک لایەنێک، نەک بلۆکێک، نەک هێزێکی خاوەن گوتاری خۆیان، بەڵکوو لە کایەی پارتیدان. ئەوان لە کایەی پاراستندان کە کۆی یارییەکە بۆ خۆی قازانج دەکات. ترس و گرفتەکە لە ئێستادا ئەوە نییە پەکەکە چی دەکات، ئەوەیە بۆ لە بلۆکبەندییەکاندا ئەم هێزانە دەکەونە باوەش و بەرەی هێزی هەرە دواکەوتووی مەیدانی سیاسەت لە کوردستان؟

ناپرسم بۆ هیزتان نەنارد بۆ ڕۆژئاوا و خەندەقەکانتان مەحکووم نەکرد و – جگە لە کۆمەڵەی کۆمۆنیست کە دەرمانی نارد بۆ ڕۆژئاوا- بۆ هیچتان نەکرد. بەڵام دەپرسم جگە لە مەرگی سیاسەت، ناوەکانی دیکەی چوونە پشت سەری پارتی چییە؟

سیاسەت هیچ کات نامرێت، لانیکەم لای ئەوانەی لایان وایە خەڵک عەقڵیان هەیە و بیر دەکەنەوە. بەڵام ئەوانەی سیاسەت بۆ بلۆکی پارتی دیمۆکرات کورت دەکەنەوە، لە ئەگەری هەر چەشنە بێنازییەکی داهاتوودا، لە ئەگەری هێرشی ئەم هێزەدا بۆ سەر خۆیان، نابێ چاوەڕێی هیچ لە خەڵک بکەن، چونکە ئەوان پێشتر لایەنی سیاسەیی خۆیان دیاری کردووە.

کێلەشین بلۆکەکەی تەواو کرد، کێلەشین کۆتایی چاوشاركێکە بوو و نیشانی دا چۆن چیدی، وەک دەمێکەیە، دووری و نزیکی لە “پارتی”یە دووری و نزیکیی هێزەکان لە سیاسەتی خەڵکی و ڕزگاریدەر، لە سیاسەتی ڕوو لە یەکسانی، سیاسەتێک تێیدا نەوت و سەرمایە بنچینە نین، نیشان دەدات. ئەرێ پارتی دیمۆکرات ئەو سەمپتۆمەیە کە دووری و نزیکی لێی بڕی نەخۆشیی هێزە سیاسییەکان لە کوردستاندا بە گشتی دیاری دەکات؛ لە ئەنەکسەوە تا رۆژهەڵات.

حیزبی دیمۆکرات بە هەر دوو باڵەکەیەوە کە خەریکی ناردنی پێشمەرگەن بۆ کێلەشین و لە ڕوداویش باسی ئاشتی دەکەن، بەو بەشانەی کۆمەڵەشەوە کە فرسەتیان هێنا حسێبی خۆیان لەگەڵ پەکەکەی بێگانە و “خارجی” پاک بکەنەوە، کێشەکەیان نەک پەکەکە، بەڵکوو ئەو چرایانەیە لە ڕێگەی پارتییەوە بۆ ئاکەپەی هەڵدەکەن، کێشەیان ئەوەیە لە هێزێک نزیک بوونەتەوە کە لای ئەو هیچ “خەڵک”یک بوونی نییە و گەورەترین ڕێگری پەرسەندن و گەشەی سیاسیە لە ئاستی هەموو کوردستاندا. کێشەیان لە بیرچوونی ئەم پرسیارەیە کە ئاخۆ بۆیان هەیە لە هیچ هێزێکی دژە خەڵکی نزیک ببنەوە؟ یان دەبێ گوتارێک هەڵبگرن فراوانتر بێت لە سەر شەڕ لە سەر هەر “کێلەشین”ێک؟ ئەو تەنیا خاڵەی ناهێڵێت سیاسەت لە ئایدیای گەردوونی داببڕێت، با لە ناوچەیەکی بچووکیشدا نیشتەجێ بێت. بێ مانەوەی ئەم گرێ و پیوەندییە بە سیاسەتی فراوانترەوە، بێ دابڕان لە ستەم بە گشتی لە هەر کوێ، لە ڕۆژهەڵات یان باشوور، هەر کوێ دەکرێ ببێتە “کێلەشین”.

بابەتی هاوپۆل

انسانیت می تپد / آمانج صلواتی

زلزله کرمانشاه و اتحاد و همبستگی مردم برای کمک به مردم زلزله زده نشان از …

لێدوانه‌کان

  1. ئێوە بۆتان هەیە بە کەیفی خۆتان بنوسن دەسەڵاتدارن لێتان دەوەشێتەوە بە ڵام هەگیز بیرێکی پتەو لەوە ناکەنەوە کە دەنگ هێنانەوەی کورد لە باکور بە زەرەری کێ دەشکێتەوە، دور بنواڕن با نەبنە گەپجاڕە، کێ بە کوێوە بەسراوەتەوە