دوو شه‌ممه‌ 18 كانونی یه‌كه‌م 2017
ماڵەوە / وتار / چارەنووسی باكورییەكان / ئەنوەر حسێن (بازگر)

چارەنووسی باكورییەكان / ئەنوەر حسێن (بازگر)

“بەدرێژایی مێژوو لەهەر چوار پارچەی وڵات، هەر ئێمە كوژراوین، دەركراوین، زیندانی كراوین، سوكایەتیمان پێكراوە، كەچی هەر ئێمە بەتیرۆریست و لەڕێگە لادەر ناوبراوین. ئەوەیە ناعەدالەتی هەموو دونیا لەئاست ئێمە”.
سەڵاحەدین دەمیرتاش.

چارەنووسی پرسی سەربەخۆیی باشور، چارەنووسی كانتۆنەكانی رۆژئاوا، هەڵبژاردنەكانی (7)ی حوزەیرانی (2015) لەباكورو چارەنووسی باكورییەكان، نادیاری رەوشی سیاسی رۆژهەڵاتییەكان، چوار پرس و ئەجێندای گرنگی گەلی كوردن لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام نزیكتریینیان هەڵبژاردنەكانی حوزەیران و چارەنووسی ئەو پارچەیەیە.
پارتی دیموكراتی گەلان (HDP) كە پەكەكە ستراتیژەكەی داڕشتووە و نوێنەرایەتی گەلی كورد لەباكور دەكات، بەشێكی زۆر لەهێزەكانی پارچەكانی تر پشتیوانی لێدەكەن، كەخاوەنی سیمبول و كارێزمایەكی گەنجە ئەویش دەمیرتاشە، چارەنووسی باكورییەكان بەكوێ‌ دەگەیەنێت…؟
(HDP) گەورەترین پارتی كوردی، یەكەمجارە وەكو حیزب بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكات و پێویستە رێژەی (10%) تێپەڕێنێت، پێشتر لەكۆی (550) كورسی تەنها (27) كورسیان بەدەستهێنا كە دەكاتە رێژەی (5%).
ئەزموونی پار ساڵی دەمیرتاش وەكو كاندیدی سەرۆك كۆماری لەبەرامبەر ركابەرە بەهێزەكەی (ئەردۆگان)دا توانی رێژەی (9.8%) دەنگەكان مسۆگەر بكات، واتە (3.958.000) سێ‌ ملیۆن و نۆشەدو پەنجاو هەشت هەزار كەس دەنگی پێدابوو.
بەڵام ئێستا چەند فاكتەرگەلێكی نوێ هاوكاری (HDP)ن بۆ تێپەڕاندنی رێژەكە، لەبابەتی بەردەوامی پرۆسەی ئاشتی كە ئۆجەلان رێبەرایەتی دەكات، لەقازانجی كورد دەچێتە پێش، بەرفراوانی چالاكییە مەدەنی و دیبلۆماسییەكان و راكێشانی سەرەنجی وڵاتان بۆ پشتگیری لەخەباتی باكور، پشتیوانی بەشێك لەهێزە ناوخۆییە چەپەكانی توركیا لەبابەتی (پارتی رەنج، رەنجدەران، كرێكارانی سۆسیالست و پارتی چەپ)، لەسەر ئاستی كوردستانیش پشتیوانییەكانی یەكێتی و گۆڕان، كۆمەڵەو دیموكرات، پەیەدە، سەرەڕای هەڵكشانی كێرڤی دەنگەكانی (HDP) لەناوچە توركنشینەكانی توركیا وەك (ئەدەنە (114.530) دەنگ، بۆرسە (64.294) دەنگ، ئیستەنبوڵ (650.653) دەنگ، هاتای (28.237) دەنگ) جگە لە ئەنقەرەو چەند شارێكی تر كە چاوەڕواندەكرێت لەكۆی شارە توركییەكان (HDP) دەنگی زیاتر بەدەست بهێنێت.
سەرەڕای ئەوانە چەند فاكتەرێكی تر رۆڵیان هەیە لەسەركەوتنی (HDP) لەوانە:
یەكەم: كۆمەڵكوژی رۆبۆسكێ‌ لەلایەن ئەردۆغانەوە
دووەم: بەرخۆدانی كۆبانی و هێزەكانی یەپەگەو یەپەژە.
سێهەم: بەشداری گەریلا لەشەڕەكانی داعش و شەنگال.
چوارەم: (HDP) وەكو حیزبێكی سەرتاسەری كوردی – توركی دەركەوتووە، نەك لۆكاڵی و كوردستان.
پێنجەم: بەردەوامی هەڵەكانی (AKP) و ئەردۆگان كاریگەرییان لەسەر بەرزبوونەوەی دەنگەكانی (HDP) هەبووە.
شەشەم: پشتیوانی سیاسی و ماددی، میدیایی (ی.ن.ك) لەهەموو هێزەكانی تر زیاتر بۆ پەكەكە.
حەوتەم: رەخنەگرتنی راپۆرتی گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی لە(6ی نۆڤەمبەری 2014) لە توركیا.
هەشتەم: شكستی پرۆسەی كرانەوەی دیموكراتی كە ئەردۆگان بانگەشەی بۆ دەكرد.
راپۆرتەكانی میدیا باس لەوە دەكەن كە (HDP) لەئیستەنبول و بەتایبەتی لەو ناوچەیەی كە دەمیرتاش خۆی لێ كاندید كردووە، رێژەی دەنگدەرانی (AKP) لە (51%) بۆ (40%) دابەزیوە كەبەقازانجی دەمیرتاشە. ئەوە لەكاتێكدایە (18.9%) دەنگدەرانی شاری ئستەنبوڵ كوردن، واتە لەهەر پێنج دەنگدەر یەكێكیان كوردە، كەئەمەش رۆڵی گەورەی هەیە لەسەركەوتنی حیزبەكاندا وەك چۆن لەساڵی (2011)دا (75%)ی دەنگدەران دەنگیان دابوو بە (AKP).
بەڵام ساڵی (2011)، (HDP) لەئیستەنبوڵ (6.5%) دەنگەكانی هێنابوو، لەكاتێكدا چاوەڕواندەكرێت بۆ ئەمجارە (13.2%) دەنگەكان مسۆگەر بكات.
واتە (HDP) پێویستە ئەمجارە (4.700.000) چوار ملیۆن و حەوت سەد هەزار دەنگ بەدەستبهێنێ بۆ ئەوەی (10%)ی دەنگەكان تێپەڕێنێت و ببێتە خاوەنی (60 – 72) كورسی.
هەموو ئاماژەكان باس لەتێپەڕاندنی (HDP) دەكەن ئەمەش رێگرییەكی گەورەیە لەبەردەم تۆتالیتاریزمی ئەردۆگانیزم كە دەیەوێت بە بەدەستهێنانی (367) كورسی دەستوری توركیا بگۆڕێت.
بەڵام شكستی (HDP) چەندین كاریگەری نێگەتیڤی دەبێت:
یەكەم: كورد هیچ پەرلەمانتارێكی لەناو پەرلەمانی توركیادا نابێت.
دووەم: خەباتی مەدەنی و نیشتیمانی و سیاسی باكورییەكان پاشەكشە دەكات.
سێهەم: پرۆسەی ئاشتی دەگەڕێتەوە خاڵی سفر، ئەگەری سەرلەنوێ‌ دەستپێكردنەوەی شەڕو خەباتی گەریلایی پەكەكە.
چوارەم: سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و پشێوی و شەڕ لەشارەكانی باكور.
سەرەڕای هەموو خوێدنەوە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەكان، لۆژیكی نییە گەر وا بزانین باكورییەكان لەم پرۆسەیە سەركەوتوو نابن و رێژەی پێویست ناهێنن. ئەمەش ئەو چاوەڕوانیەیە كە هەموو كوردێكی نیشتیمانپەروەر چاوەڕێی دەكات.

 

لە رۆژنامەی جاودێر بڵاوكراوەتەوە

بابەتی هاوپۆل

کبوترهای صلح ! / رشاد – مصطفی سلطانی

پیام کبوتران صلح :  بعد از مرگمان بدنبال قبر ما نگردید ، آرامگاە ما در …