هه‌ینی 22 ئه‌یلول 2017
ماڵەوە / وتار / ھەڵەبجە و سەیدسادق: فەشەلی دروستکردنی نیشتیمان/مەریوان وریا قانع
مەریوان وریا قانع

ھەڵەبجە و سەیدسادق: فەشەلی دروستکردنی نیشتیمان/مەریوان وریا قانع

ئەوەی ئەمڕۆ لە ھەڵەبجە و سەیدسادقدا ڕوودەدات، تەنھا کردەی ناڕازیبوون نییە بەرامبەر بە فەشەلێکی ئیداریی و حوکمڕانیی ھەمەلایەنی ئەو ئیمارەتە حیزبیەی ناوی ”حکموتەی ھەرێم“ی لێنراوە، تەنھا ناڕەزایی نییە بەرامبەر بە نەبوونی ئاستە سادە و سەرەکییەکانی خزمەتگوزاریی، تەنھا تووڕەبوونی نەوەیەکی گەنج نییە لە داخرانی ھەموو ئاسۆکانی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی. ئەمانە ھۆکاری گرنگ و سەرەکین، بەڵام ھەموو ھۆکارەکان نین. بەبۆچوونی من ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات بەشێکە لە فەشەلێکی گەورەتر و قورستر کە فەشەلی دروستکردنی نیشتمانێکێ نەتەوەییە. کە باس لە نیشتیمانی نەتەوەیی دەکەم، باس لە داخوازی و فانتازیاکانی ناسیۆنالیزمێکی ئەتنی ناکەم، بەڵکو باس لە نەبوونی چوارچێوە گشتییەکانی شوناسی دەستەجەمعی دەکەم کە وەک سەرزەمینی پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیی و سەرزەمینی کۆبوونەوەی کۆمەڵێک مرۆڤ لەناو دونیایەکی ھاوبەش و گشتیدا، کاردەکەن. ئەوەی ئێمە ئەمڕۆکە دەیبینین فەشەلی تەواوەتی دروستکردنی ئەو چوارچێوە گەوارانەیە کە من لێرەدا بۆ ئاسانی بە فاشەلی دروستکرنی نیشتیمان ناویدەنێم.

فەشەلی بەرھەمھێنانی نیشتیمان، بە پلەی یەکەم، فەشەلە لە بەرھەمھێنانی شوناسێکدا کە بتوانێت بەشێک بێت لە شوناسی زۆربەی ئەو دەزگا و کایە و زمان و ڕەمزە گشتییانەی لەو نیشتیمانەدا دروستدەکرێن، بەشێکبێت لە مۆدێلی حوکمڕانی، لە دەزگا گرنگەکانی دەوڵەت، لە شێوازی پەیوەندی ناوەکی نێوان ناوچەکان و ھێزە جیاوازەکان، لە شێوازی پەیوەندی ئەو نیشتیمانە بە دەرەوەی نیشتیمانەوە، شتێکبێت ڕۆژانە بەرھەمھێنرێت و ڕۆژناشە تازەبکرێتەوە، سنوورەکانی کراوەتر و مافپەروەرانەتر دابڕێژرێتەوە. کە باس لە نیشتیمان و شوناسی نەتەوەیی دەکەم باس لە ”ھەستکردنێکی گشتیی“ دەکەم بەوەی کە ھەمووان بەشێکن لە یەک کۆمەڵەی سیاسی، لە یەک ڕست دەزگای حوکمڕانی ھاوبەش، لە یەک سیستم و کۆدی گشتیی ماف و ئەرک و بەرپرسیاریەت، باس لە بوونی ڕووبەرێکی کۆمەڵایەتی و ئابوریی دەکەم کە بتوانێت ئەو سنوورانە بکێشێت کە ھاوڵاتیان بەسنووری جیاکردنەوەی خۆیان لە دونیای دەرەوە و پابەستبوونیان بەیەکترییەوە بزانن، ھەم ھەستی جیاوازیی و ھەم ھەستی ھاودەردیان تیادا بجوڵێنێت، ھەم بیانکات بەبەشێک لە جیھان، ھەم لەناو ئەو جیھانەدا تایبەتمەندێتیەکیان پێببەخشێت. باس لە بوونی نیشتیمانێک دەکەم بتوانێت وەک خەزێنەیەکی گەورە و ھاوبەش بۆ یاداوەری دەستەجەمعی کاربکات، ڕەمزەکانی ھی ھەمووان بێت، مێژووەکەی کورتنەبووبێتەوە بۆ مێژووی ئەم یان ئەو ھێز و ئەم یان ئەو بنەماڵەی سیاسی. شوناسی نیشتیمانی شتێکە لەناو ئەم گشتە ئاڵۆزەدا دروستدەبێت، لەسەرێکەوە پەیوەندییەکی بەھێز و ڕاستەوخۆی ھەیە بە دەستەبەرکردنی ماف و ئەرک و بەرپرسیارێتی یەکسانەوە، لەسەرێکی دیکەوە بەشێکە لەدروستبوونی سیستمێکی ڕەمزی و کۆمەڵێک میکانیزمی سەرەکی یاداوەریی، کە لانیکەمی ڕوانین و تێگەیشتنی ھاوبەش دروستبکات، شتێک دروستبکات نزیک لەوەی لە ئەدەبیاتی سیاسیدا ناوی ”ئیرادەی سیاسی ھاوبەش“ی لێدەنرێت، ویستێک، لانیکەم، ویستی زۆرینەی ھەرەزۆری کۆمەڵگا بێت، یان ویستێک بێت بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا دژایەتی نەکات، یان وانەبێت زۆرینەی ھەرەزۆری کۆمەڵگا ئامادەنەبێت بە ویستی سیاسی و کۆمڵایەتی خۆی بزانێت. من لە زیاد لە نووسنێکدا باسم لەوەکردوە کە نیشتیمان، لانیکەم لە سەردەمی ئیمانۆیل کانتەوە، تەنھا شوێنی گۆڕی ئازیزانی ئێمە نییە، تەنھا بەشێک نییە لە مێژوویەک لە دوامانەوە، بەڵکو شوێنێکە تاکەکەس تیایدا دەبێت بە بوونەوەرێکی خاوەن ماف و ڕێز و چاوەڕوانی پۆزەتیڤ، شوێنێکە ئازادیی دەکات بە بەھای سەرەکیی، دادپەروەریی چوارچێوە سەرەکییەکانی دەستنیشاندەکات. نیشتیمان شتێک نییە تەنھا داواکاریی ھەبێت، بەڵکو دونیایەک ماف و بەرپرسیارێتیش دەبەخشێت.

ئەوەی لە کوردستاندا ڕۆژ بە ڕۆژ وێرانتر و داڕماوتر دەبێت دروستکردنی نیشتیمانە بەو مانایانەی سەرەوە، ئەوەی ڕوودەدات پرۆسەی وردوخاشبوونی کۆمەڵایەتی، بەدەعەجانکردنی یەکتریی، پارچەپارچەبوونی ناوەکییە. نوخبەیەک باڵادەستە شتێکی بەناوی سیاسەتی دروستکردنی ھاوبەستەگیی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی لەنێوان ناوچە و شار و چین و توێژ و گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا نەھێشتۆتەوە، شتێکی بەناوی وەلائی گشتیی و بەھای گشتیی و ڕەمزیی گشتیی ھاوبەشەوە بۆ ھیچ شتێکی ھاوبەش و دەستەجەمعیی و نیشتیمانیی نەھێشتۆتەوە. ئەوەی ھەیە بەھێزکردنی دەسەڵاتێکی سوڵتانی نابەرپرسیارە کە لە بیری بە ویراسیکردنێکی تەواوی دەسەڵات و مۆنۆپۆڵکردنێکی تەواوی سەرجەمی ژیانی سیاسی و ئابوریی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگیدایە.

لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا نەک ڕێ لە ھیچ شێوەیەک لە شێوازەکانی وردوخاشبوون و پارچەپارچەبوونی کۆمەڵایەتیی و ناوچەیی و سیاسیی نەگیراوە، بەڵکو دابەشکردنەکان بۆ ناو زمان و دین و جلوبەرگ و ڕەنگ و شێوەی جامانەکانیش گواستراونەتەوە. سەرجەمی ئەو دابەشبوونانەش بەدەزگایی کراون و سەرمایەکەی گەورەش خراوەتە خزمەتی ھێشتنەوە و گەورەکردنی ئەو دابەشبوونە کۆمەڵایەتییانەوە. لە ئێستادا دۆخێک دروستبووە کوردستانی پڕکردوە لە دونیای بێپەیوەندیی و شێوەژیانی تەواو لەیەکتری دابڕاو. کۆمەڵگای ئێمە بەدرێژایی مێژووی خۆی بەڕادەی ئەمڕۆکە کۆمەڵگایەکی دابەش و پارچەپارچە و وردوخاش نەبووە لەناوەوەی خۆیدا.

دروستکردنی نەتەوە و نیشتیمان بەشێکی دانەبڕاوە لە دروستکردنی دەوڵەت، لە دروستکردنی دەسەڵاتێکی مەرکەزی کە ئاکارێکی نیشتیمانی ھەبێت. ئەو دەسەڵاتەی لە کوردستاندا دروستکراوە ھەرچییەک بێت دەسەڵاتێک نییە لانی ھەرەکەمی ئاکاری نیشتیمانیی تێدابێت، ئەوەی ھەیە ئیمارەتی حیزبیی سوڵتانییە کە ئابوریی نەوت تادێت بەھێزتر فوو بە ڕۆحە سوڵتانییەکەیدا دەکات و عەقڵیەتی ئیمارەتچێتی بەھێزتردەکات. لەناو ھە یەکێکیش لەم ئیمارەتانەدا چەندان ململانێی شەخسی وێرانکەر لەسەر دەسەڵات و پارەی نەوت و بە ویراسیکردنی دەسەڵات لە ئارادایە. ئەم ئەزموونە سیاسییە سوڵتانییە کۆمەڵگایەکی دروستکردوە گەورەترین ھەڕەشە لەسەر ئاسایشە کۆمەڵایەتییەکەی، ھێزەکانی ئاسایش و ھێزە چەکدارەکانی خۆیەتی. ئەمانە تەھا کۆمەڵێک ھێزێک نین کە ئامادەن ھەموو شێوەکانی توندوتیژیی و تۆقاندن بەکاربھێنن و ئەو کەسانە بۆ دەسەڵاتداران بکوژن کە دەیانەوێت، بەڵکو بەرجەستەکەرێکی تەواوی سەرجەمی دابەشبوون و پارچەپارچەبوونە ناوەکییەکانیشن. ھیچ شتێک ھێندەی ھێزە چەکدارکان و ھێزەکانی ئاسایش فەشەلی دروستکردنی نیشتیمانمان نیشاننادات، ھیچ شتێکیش ھێندەی ئەم ھێزانە بەشێکی سەرەکی و گرنگ نین لە سەرجەمی ئەزموونە سیاسییەکە.

بەکورتی نەبوونی ئەو شوناسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەی باسمکرد و ئامادەگیی بەھێزی ئەو وردوخاشبوون و پارچەپارچەبوونە ناوەکییانەی ھێمامپێکردن، شتێکی بۆ مرۆڤی ئێمە لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا بەناوی شوناسێکی یەکگرتووەوە نەھێشتۆتەوە لەدەوری کۆببنەوە. پێداگرتن لەسەر شوناسی شار و شارۆچکە، گوند و ناوچە، دیالێکتی زمان و ڕەنگ و شتی ناوچەیی و لۆکاڵی تری لەم بابەتە، یەکێکە لە دەرەنجامە سەرەکییەکانی نەبوونی لانی ھەرەکەمی شوناسێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی. وێرانکردنی ئەم چوارچێوە سەرەکییانە کە شوناسێکی گەورەتر و کراوەتر بە مرۆڤ دەبەخشن لە شوناسی ناوچەیی، ئەو گورزە کوشندەیەیە کە نزیکەی ٢٥ ساڵ حوکمڕانیی کوردی لە نیشتیمانی ئێمەی داوە. کە مرۆڤی ئێمەی بەرەو ئەوە بردوە ترسی تەنانەت لە دۆڕاندنی شوناسە ناوچەییەکانی خۆی ھەبێت، وردخاشبوون و تەنیاکەوتنی کۆمەڵایەتی قووڵتر و فراونتر ببێتەوە.

بابەتی هاوپۆل

کانون تجاوز جنسی/ آناهیتا اردوان

کارل مارکس در دست نوشته های اقتصادی- سیاسی سال 1844،می گوید:«موقعیت زنان در جوامع معیار …