چوار شه‌ممه‌ 17 نیسان 2024

“ئایا کام لە سیستەمی عەلمانی و سیستەمی ئیسلامی توندڕەوی بەرهەم دەهێنێت؟”. / سەروەر پێنجوێنی

لە دو لایەنەوە سەرنجی سەقەتیەکەی بدەن:

١. دەڵێت “سیستەمی ئیسلامی و سیستەمی عەلمانی”، کە ئەم دەستەواژە هەڵەیە سەرەتا ئیسلامیەکان پەرەیان پێ داوە، بەتایبەتی (عەلی باپیر) و کتێبەکەی (بە ناوی “تەوژمی ئیسلامی و تەوژمی عەلمانی..”). کە هەڵەیەکی لۆجیکیی تێدایە: “ئیسلامی” کراوەتە بەرامبەری “عەلمانی”، لە کاتێکدا (ئیسلام) یەکێکە لە ئایینەکان، و “عەلمانی” یش گشتیە، بۆیە هەر “ئایینی” بەرامبەری “عەلمانی” ـە [ئەم هەڵەیە وەکو ئەوە وایە ئێمەش ـ بۆ نمونە ـ بڵێین “سیستەمی ئایینی و سیستەمی لیبڕاڵی”!]. بۆیە دەبێت بوترێت “سیستەمی ئایینی و سیستەمی عەلمانی”. بەڵکو دەکرێت بوترێت “سیستەمی مەزهەبی و سیستەمی عەلمانی”، چونکە لە واقیعدا هەرچی سیستەمی ئایینی هەیە؛ لە هەمان کاتدا و بە “واقیعی حاڵ” سیستەمێکی مەزهەبی و “طائیفی”ـیشە: هەرچی دەوڵەتی ئیسلامی هەبوە و هەیە؛ هەر یەکەیان سەر بە ڕێباز “مەذهەب” ێکی ئیسلامی بوە و ستەمی لە مەزهەبەکانی تری ناو ئیسلام کردوە.. و هەرچی دەوڵەتی مەسیحی هەبوە؛ سەر بە کلێسایەکی مەسیحی بوە و ستەمی لە شوێنکەوتوانی کلێساکانی تر و تێگەشتنەکانی تر بۆ پەیامی مەسیح کردوە. ئەمەش چونکە هەمو ئایینێک هەر لە مێژوی زویەوە دابەش بوە بۆ چەند ڕێبازێک، هیچ ئایینێک لەم ئاکام و سەرەنجامە بەدور نەبوە. بۆیە سیستەمی ئایینی ناتوانێت لە هەمان کاتدا سیستەمێکی مەزهەبییش نەبێت. کێشمەکێشە مەزهەبیەکانیش هیچ کاتێک کەمتر خوێناوی نەبون لە کێشمەکێشە ئایینیەکان.
جا ئەم پرسیارە سەقەتە “ئایا کام لە سیستەمی عەلمانی و سیستەمی ئیسلامی توندڕەوی بەرهەم دەهێنێت؟” کە ناوی “ئیسلام” و “ئیسلامی” دەهێنێت؛ ئەو وەڵامە سەقەتە دێنێتە کایەوە کاتێک وەڵامەکە لە کۆڕ و کۆمەڵێکەوە بێت کە زۆربەیان موسوڵمانن. چونکە موسوڵمان بە کاری باوەڕ و هەست و سۆز ناتوانێت بەرگری نەکات لە ئیسلام و ئەوەی پەیوەستە بە ئیسلامەوە.
بەڵام ئەگەر پرسیارەکە بیوتایە “ئایا کام لە سیستەمی عەلمانی، و سیستەمی ئایینی و مەزهەبی، توندڕەوی بەرهەم دەهێنێت؟”؛ ئەو کاتە هەست و سۆزی ئامادەبوانی موسوڵمانی نەدەوروژاند، و وەڵامەکە بەو شێوەیە نەدەبو، بەڵکو ئامادەبوی موسوڵمانیش یادی دەکەوتەوە کە چۆن لە جیهاندا سیستەم و هێزی ئایینی و مەزهەبیی زۆر هەن کە توندوتیژییان بەرهەم هێناوە. نزیکترین نمونەش “داعش” ی سوننی و هاوشێوەکانی، و گروپ و هێزە شیعیە توندەکانن، کە ناوچەکەیان تا لێواری وێرانەیی و تێداچونی تەواو بردوە.

٢. پرسیارەکە: “ئایا کام لە سیستەمی عەلمانی و سیستەمی ئیسلامی توندڕەوی بەرهەم دەهێنێت؟” ئەو ئەگەرە لە خۆ دەگرێت کە سیستەمی عەلمانی هەر بە عەلمانیەتی خۆی توندڕەوی بەرهەم دەهێنێت! لە کاتێکدا سیستەمی “عەلمانی” یانی “سیستەمی نا-ئایینی”، کە بێ‌مانایە پرسیار بکرێت “ئایا سیستەمێکی نا-ئایینی توندوتیژی بەرهەم دەهێنێت؟”، بۆچی؟ چونکە “سیستەمی نا-ئایینی” هەل‌ومەرجێکی کراوەیە، دەگونجێت و زۆریش واریدە (و بەرچاویشە) نا-توندوتیژ بێت [بەتایبەتی ئەگەر “عەلمانیەت‌گەرا” بێت، یانی “عەلمانیەت” ی کردبێتە بنەمایەک نەک هەر ئەوەندە کە “نا-ئایینی” ـە. بۆیە “عەلمانی” secular ـ بەگشتی ـ و “عەلمانیەت‌گەرا” secularist یش جیاوازیی وردیان هەیە]، دەشگونجێت سیستەمێکی تۆتالیتار بێت و توندوتیژی بکات، دەشگونجێت سیستەمێکی نا-ئایینیی ئایدیۆلۆجیست بێت و بەرامبەر شوێنکەتوانی ئایینەکان توندوتیژی بکات (وەکو سیستەمە چەپگەرە توندەکان). بۆیە پرسیارەکە ـ دەربارەی سیستەمی عەلمانی ـ کاتێک دروست دەبو کە بیوتایە: “دەگونجێت سیستەمی عەلمانی توندوتیژ بێت؟”. بەڵێ! دەگونجێت و ڕوی داوە. بەڵام عەلمانی‌بون بۆ خۆی بەرهەمهێنەری توندوتیژی نیە، بەڵکو چارەسەرێک و بەدیلێکە بۆ کێشمەکێشە خوێناویەکانی نێوان ئایینەکان و ئایینزاکان و توندوتیژیی سیستەمە ئایینیەکان.
وایش دەردەکەوێت ئەوەی پرسیارەکەی ئامادە کردوە مەبەستی ئەوە نەبوە و چاوەڕێی ئەوە نەبوە بوترێت “سیستەمی عەلمانی توندوتیژی بەرهەم دەهێنێت”، بەڵکو مەبەستی ئەوە بوە و چاوەڕێی ئەوە بوە و چاوی لەوە بوە کە “سیستەمی ئیسلامی توندوتیژی بەرهەم دەهێنێت” و ویستویەتی ئەم ئەنجامە هەڵ‌بژێررێت! ئیتر نەیزانیوە کە ئامادەبوانی موسوڵمان بە هەڵبژاردنە ئیسلامیەکەیان ئەنجامەکەی لێ پێچەوانە دەکەنەوە!!
بە هەمو بارێكدا؛ پرسیاری سەقەت و بە هەڵە داڕێژراو وەڵامی سەقەت بەرهەم دەهێنێت.

بڕوام وایە؛ پێویستە بۆ ئەم پرس و بابەتە گرنگ و هەستیارانە کەسانێک بەرنامە و دیبەیت بەڕێوە ببەن کە خۆیان تا ڕادەیەکی باش ڕۆشنبیر و شارەزا بن، نەک تەنها کەسانێکی ڕاگەیاندنکار بن و بەس.
چی دەبێت بۆ ئەم بابەتە هەستیارانە کەسانی شارەزا بانگهێشت بکرێن بۆ بەڕێوەبردنی دیبەیتەکان؟!

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.