شه‌ممه‌ 17 تشرینی دووه‌م 2018
ماڵەوە / وتار / روانگەی خەڵكی ئایینی لەسەر مرۆڤ / سەروەر پێنجوێنی

روانگەی خەڵكی ئایینی لەسەر مرۆڤ / سەروەر پێنجوێنی

ئەم وێنەیەی دەیبینن وا بڵاو کراوەتەوە کە باسی دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەرێکی زەبەلاحی مرۆڤ دەکات، لە مەکسیک.
ئەم وێنانە مەسیحیەکان سازیان دەکەن و دوایی موسوڵمانەکانیش بەکاریان دەهێننەوە، هەر لایەکیان بۆ مەبەستێک:

* ئیشی مەسیحیەکان بەم وێنانە بەڵگەهێنانەوەیە بۆ بیرۆکەی بونی “زەبەلاحەکان” (“الجبابرة”)، کە گوایە کۆمەڵێک نیمچەمرۆڤی زەبەلاح بون و زادەی زاووزێی نێوان فریشتە و مرۆڤ بون: گوایە فریشتەکان (کە دەقەکە بە “کوڕانی خوا” ناویان دەبات) لەگەڵ “کچانی مرۆڤ” جوت بون و ئەو زەبەلاحانەیان بوە کە گوایە لە سەرەتای مێژوی مرۆڤایەتیدا هەبون (بڕوانە: کتێبی خولقاندن: ٦: ١-٤) [هەرچەند ئەدەبیاتی بەرگریکاری (ئەپۆلۆجیا) ی مەسیحیی نوێ بە شێوەیەکی تر دەقەکە لێک‌دەداتەوە کە دەڵێت: مەبەست لە “کوڕانی خوا” پیاوانی نەوەی (شیث) ـە کە نەوە باشەکەیە، و “کچانی خەڵک” یش مەبەست ژنانی نەوەی (قایین) (=قابیل) بون کە نەوە خراپەکە بون، ئیتر لە ئەنجامی ئەم زاووزێیە نەوەیەکی زەبەلاح دروست بوە! کە ئەمە بەپێی بیرکردنەوەیەکی سادەش دیارە ساختەکاریە، چونکە زاووزێی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤ بۆچی نەوەیەکی زەبەلاحی لێ دروست دەبێت؟! لەبەر ئەوە دیارە بیرۆکە تەوڕاتیەکە میراتبەری ئەو بیرکردنەوە ئەفسانەییەیە کە دەڵێت مرۆڤە زەبەلاح و زۆردار و بەهێزەکان زادەی زاووزێی نێوان خواوەندێک و مرۆڤێکن، بۆ نمونە: (گیلگامێش) Gilgamesh بەپێی داستانە ئەفسانەییەکە ـ کە ڕەگ‌وڕیشە و پێشینەی شومێریی هەیە ـ کوڕی ژنە خواوەندێک بوە بە ناوی “نینسون” Ninsun، باوکیشی مرۆڤێك بوە کە پاشایەک بوە باسی لە لیستی پاشا شومێریەکاندا هاتوە بە ناوی “لوگال-باندا” Lugalbanda، ئیتر کەسێتیی گیلگامێش بوەتە سەرچاوەیەکی بیرۆکە ئەفسانەییەکانی دوایی دەربارەی زەبەلاحەکانی ڕابردو کە وا بیریان لێ دەکرێتەوە نیوەمرۆڤ و نیوەخواوەند بون و یەکێک لە دایک و باوکیان خواوەند بوە. هەتاکو لە دەقی “کتێبی زەبەلاحەکان” ـدا ـ کە یەکێکە لە دەستنوسە دۆزراوەکانی (قومڕان) کە لە هەندێک گروپی یەهودی بەجێ ماوە و دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری سەدەی ٢ پ. ز.، ناوی “گیلگامێش” وەکو یەکێک لە زەبەلاحەکانی ڕۆژگاری کۆن دەبات، کە لە دەقەکەدا ناوەکەی بە پیتی عیبری بە شێوەی “گ‌ل‌گ‌م‌ش” هاتوە (دەستنوسی ٤ق٥٣٠ و ٤ق٥٣١)].

هەمو ئەو وێنە ساختانەی بۆ ئەو مرۆڤە زەبەلاحانە ساز دەکرێن لە جیهانی مەسیحیدا؛ هەمویان بۆ پاساودانی ئەو بیرۆکە ئەفسانەییەی تەوڕات ساز دەکرێن.

* ئینجا دوایی موسوڵمانی ساویلکەش قولاپەکە قوت دەدات و جارێکی ئەم وێنانە بۆ مەبەستێکی تر بەکار دەهێنێت: بۆ پاساودانی بیرۆکەیەک کە لە هەندێک “حەدیث” ـدا هاتوە کە دەڵێت: مرۆڤی یەکەم (ئادەم) ٦٠ باڵ بوە (هەر باڵ “ذراع” ێکی مرۆڤ نزیکەی ٥٠ سانتیمەترە، بەم پێیەش درێژیی ئادەم ٣٠ مەتر بوە!!)، ئینجا ئیتر مرۆڤەکان هەر بچوک بونەتەوە هەتا مرۆڤ بوەتە ئەم قەبارە و درێژیەی ئێستە هەیەتی!!
ئەمەش دەقی حەدیثەکەیە کە لە بوخارییشدا بەم شێوەیە هاتوە: “خلق الله آدم وطوله ستون ذراعا… فلم يزل الخلق ينقص حتى الآن”.
ئینجا دواتر لە کەلەپوری ئیسلامیدا بەم شێوەیە بیر لەوە کراوەتەوە کە ـ بۆ نمونە ـ قەومی (عاد) کە بەپێی قورئان گوایە ڕاستەوخۆ دوای “قەومی نوح” ـن و پێش ئیبراهیمن ـ کە ئەمەش هەڵەیەکی مێژوییە لە قورئاندا؛ ٥٠ باڵ “ذراع” بون، بەم پێیەش کەواتە هەر مرۆڤێکی “قەومی عاد” ٢٥ مەتر بوە!

ئینجا ئایینداری ئەم سەردەمە کە دەیەوێت دەست بەو بیرکردنەوە ئەفسانەییانەوە بگرێت، و دەشبینێت بەپێی زانستی نوێ و شوێنەوارناسی؛ هەرچی ئێسکەپەیکەری مرۆڤ دۆزراوەتەوە؛ درێژی و قەبارەیان لە درێژی و قەبارەی مرۆڤی ئێستەوە نزیکە [مەگەر هەندێک نمونەی دەگمەن کە یان بچوکتر بێت (ئێسکەپەیکەری مرۆڤێک بۆ خۆی قەزەم بێت)، یان کەمێک گەورەتر بێت (ئێسکەپەیکەری مرۆڤێک بۆ خۆی بە هۆی نەخۆشییەک یان تێکچونی هۆرمۆنی کەمێک زەبەلاح یان درێژ بێت)]؛ ئیتر ئایینداری تەقلیدی ناچار پەنا دەباتە بەر سازکردن و دروست‌کردنی ئەم وێنە ساختانە، لە ڕێگەی بەرنامەی ئاوێتەکردنی وێنەوە، وەکو (فۆتۆشۆپ)، بۆ ئەوەی ـ ئەگەر لە ڕێگەی پرۆپاگەندا و درۆکردنیشەوە بێت ـ کەمێکی تر چیرۆکە ئەفسانەییەکان لە مێشکی خەڵکدا بەردەوام بن، بەتایبەتی کە دەزانن خەڵکێکی زۆر هەن خۆش‌باوەڕن و باوەڕ بە هەر شتێک دەکەن کە لەگەڵ عەقڵ و بیرکردنەوەی خۆیاندا بگونجێت.

سرور

بابەتی هاوپۆل

بحران رویگردانی از کارگزارِ اصلی انقلاب / آناهیتا اردوان

سرمایه مالی- انحصاری با از رده خارج کردن سرمایه صنعتی- تجاری و چیرگی بر دهکدۀ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.